بە پێی راگەیەنراوێکی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق، وەزیری کشتوکاڵ ڕەزامەندی دەربڕیوە ڕێگە بدرێت بە ھاوردەکردنی ئەو بەروبومانەی لە ناوخۆدا کەمبونەتەوە، وەک"تەماتە و پەتاتە و باینجان و خەیار"لە ھەموو دەروازە سنوورییەکان.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردوە، ئەو بڕیارە لە ئەنجامی کەمبوونەوەی بەرھەمی ناوخۆیی و رێگرتنە لە بەرزبونەوەی نرخەکانیان، ھەروەھا بەھۆی ئەوەی لە مانگی رەمەزاندا خواستێکی زۆریان لەسەرە و پێویستیەکی سەرەکی رۆژانەی ھاووڵاتیانە.
سەرچاوەکانی ھەواڵ رایانگەیاند، سەردانەکەی حەلبوسی بۆ لای سەدر لە نەجەف لە چەند سەعاتی داھاتوودا ئەنجام دەدرێت و پێشبینی دەکرێت "حەلبوسی" کشانەوەی ھاوپەیمانی "سەروەری" لە ھاوپەیمانی سێ قۆڵی بە "سەدر" رابگەیەنێت، ئەوەش بەھۆی ناکۆکییەکانی لەگەڵ "حاکم زاملی" جێگری یەکەمی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە.
ھاوکات "مورتەزا ساعدی" ئەندامی ھاوپەیمانی فەتح لەسەر ئەو سەردانە وتویەتی، "حەلبوسی" بۆ گۆڕینی "حاکم زاملی" دەچێتە لای "سەدر"، ئەوەش ئاماژەیەکە بۆ ئەوەی ھاوپەیمانی سێ قۆڵی کاتییە و ئەو کێشانەی لە نێو ئەو ھاوپەیمانییە ھەیە بەھۆی دەستکەوتی تاکە کەسییەوەیە.
دەستەی نەزاھە لە عێراق لە بەیاننامەیەکدا دەڵێت، دوای ووردبینکردن لە باج و ڕسوماتی دەستەی گومرگی، تواندراوە بڕی زیاتر لە دوو ملیار دینار لە کۆمپانیاکان وەربگیرێتەوە، کە ئەو ڕسوماتانە لە ئەستۆی ژمارەیەک کۆمپانیا مابوون و نەدرابوون.
ئاماژەی بەوەشکردووە، بە پێی ڕاپۆرتێکی فەرمانگەی چاودێری ئەو بڕ پارەیەی کە وەک ڕسومات و باج ھیشتا لای ھەندێ لە کۆمپانیاکان ماوە و نەدراوە (٤٠) ملیار دینارە.
لە دیدارێکدا گفتوگۆ لە بارەی دوا پێشھاتەکانی عیراق و پڕۆسەی پێکھێنانی حکومەتی نوێ کرا و سەید عەمار حەکیم ڕۆڵی یەکێتی و بە تایبەتی سەرۆک مام جەلالی لە کۆکردنەوەی لایەنەکان و چارەسەرکردنی چەقبەستوویی سیاسی بەرز نرخاند.
"عەلی ڕازی" وتەبێژی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق ڕایگەیاند، ئاگاداری ئەو رێککەوتنە نین کە ھەرێم لەگەڵ کۆمپانیای "پاوەرچاینا"ی چینی ئیمزای کردووە، بۆ دروستکردنی چوار بەنداو لە ھەرێمی کوردستان، ئەوەش کاریگەری نەرێنی لەسەر چۆنیەتی بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی ئاو دەبێت لە سەرانسەری عێراقدا.
ڕاشیگەیاندووە، دروستکردنی ئەو بەنداوانە مەترسییەکان لەسەر ھەردوو ڕووباری دیجلە و فورات زیاتر دەکات، لەبەرئەوە داوا دەکات بەنداوەکانی ھەرێم بە ھەمان ئاڕاستە بن لەگەڵ پلانی ستراتیژی ئاو کە تا ساڵی ٢٠٣٥ دانراوە.
ئەوەش لە کاتێکدایە، حکومەتی ھەرێم لە ١٦ی ئاداری ڕابردوو لێکتێگەیشتنی لەگەڵ کۆمپانیایەکی چینی ئیمزاکرد، بۆ دروستکردنی بەنداوی دەڵگە لە پشدەر و خێوەتە لە سلێمانی و مەنداوە لە ھەولێر و بەنداوی باکرمان لە دھۆک.
میدیاکانی عێراق بڵاویانکردووەتەوە، نوسینگەی "کازمی" ھەوڵدەدات دانوستانەکان لە نێوان سعودیە و ئێران لە "بەغداد" دەستپێبکەنەوە، کە تا ئێستا ٤ خولی دانوستانەکان بەڕێوەچوون و ھەردوولاش گفتوگۆکانیان بە ئەرێنی وەسفکردووە.
"سەعید خەتیب زادە" وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێرانیش ڕایگەیاندبوو، دانوستانەکان پێویستیان بە ئەجێندای ڕوون ھەیە و تاران ئامادەی دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانە لەگەڵ ڕیاز.
خولی پێنجەمی دانوستانەکانیش لەلایەن ئێرانەوە ڕاگیراوە، ئەوەش بەھۆی ئەوەی لێپرسراوانی سعودیە دەیان بڕیاری لەسێدارەدانیان جێبەجێکرد، کە بڕیارەکە ھاووڵاتی شیعە و ٧ یەمەنی سەر بە حوسییەکانی گرتووەتەوە.
د. فیران موسەوی بەڕێوەبەری بەش بەرگریی لە وەزارەتی تەندروستیی عێراق ڕایگەیاند، ھۆشداری دەدەن لە کەمکردنەوەی ڕێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بە تایبەتی لە ئێستادا کە جۆرێکی تری گۆڕاوی ڤایرۆسەکە بە ناوی "دەلتاکرۆن" سەریھەڵداوە.
وتیشی، لە ئێستا دەرمانی چارەسەرکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ژێر لێکۆڵینەوەدایە و لە ئەگەری پەسەندکردنی و وەرگرتنی ڕەزامەندی بۆ بەکارھێنانی، وەزارەتی تەندروستیی ھەوڵی کڕینی ئەو دەرمانە لە ھەردوو کۆمپانیای فایزەر و مۆدێرنا دەدات.
لەبارەی ڤاکسینی کۆرۆناشەوە ڕایگەیاند، بەھۆی کەمبوونەوەی ئامارەکانی کۆرۆنا ئاستی پێشوازی ھاووڵاتیان لە وەرگرتنی ڤاکسین زۆر کەم بووەتەوە، بەڵام تا ئێستا نزیکەی ١٠ ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار کەس ڤاکسینیان وەرگرتووە.
ڕێکخراوی "یونسێف"ی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان بڵاویکردووەتەوە، ٥١٩ منداڵ لە ماوەی ٥ ساڵی ڕابردوودا لە عێراق گیانیان لە دەستداوە یاخود کەم ئەندام بوون بەھۆی پاشماوەی جەنگ و بۆمب و تەقینەوەکانەوە، کە ٨٠٪ی ئەو منداڵانە لە ڕەگەزی نێر بوون.
یونسێف داواشی لە حکومەتی عێراق و کۆمەکبەخشان کردووە، ھەڵمەتی ھۆشیارکردنەوە زیاتر بکەن بۆ ئەوەی چیتر منداڵان و کەسانی تر نەبنە قوربانی پاشماوەکانی جەنگ، چونکە عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی زۆرترین ڕووبەری پیسبووی بە پاشماوەی جەنگ و مین و بۆمبی چێندراو ھەیە.
(تورکی جەمالی) ئەندامی کوتلەی سادیقون لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق وتی ، سەرۆکی ئەنجومەنەکە ھیچ ڕۆڵێکی ڕاستەقینەی نەماوە، بەڵکو لایەنێکی سیاسی دیاریکراو بە تەواوی دەستی بەسەر کاری ئەنجومەنەکەدا گرتووە و ھەژمونی کردووە بەسەر خودی محەمەد حەلبوسیشدا.
ئەو ئەندامەی کوتلەی سادیقون، بێ ئەوەی ناوی ھیچ لایەنێک بھێنێت جەختیکردەوە، ئێستا حەلبوسی کۆنترۆڵی ئیدارەدانی ئەنجومەنی نوێنەرانی لەدەست دەرچووە و ناتوانێت کاروبارەکانی وەک پێویست بەڕێوە بەرێت، بەڵکو ھەموو ڕۆڵەکە بۆ لایەنێکی دیاریکراو قۆرغ کراوە.
"عەمار حەکیم" لە چاوپێکەتنێکدا جەختیکردەوە، ھەر لایەنێک حکومەت پێکبھێنێت بەشداری تێدا ناکەن، تەنانەت ئەگەر چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعەکانیش بێت، راشیگەیاند، مانەوەیان لە ناو چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعەکان بۆ پاراستنی ھاوسەنگی و گەورەترین کوتلەیە، ھەر دەستپێشخەری و پێشنیازێکیش کە دەیخەنەڕوو، بۆ بەرژەوەندی گەلی عێراق و پێکھێنانی حکومەتێکی ھاوسەنگە.
"عەمار حەکیم" باسی لەوەشکرد، ھاوپەیمانی سێ قۆڵی گرنگی بە پێکھێنانی حکومەت دەدەن، بەڵام لە رابردوودا پێکەوە روبەڕووی ململانێکان نەبوونەتەوە و ئەگەر حکومەتیش پێبکھێنن ھەر لەسەرەتاوە روبەڕووی کێشە دەبنەوە.
وتیشی، تا ئێستا لایەنە سیاسییەکان و گەلی عێراق پلان و پڕۆگرامی ھاوپەیمانی سێ قۆڵی بۆ ئیدارەدانی دەوڵەت نازانن، جەختیشیکردەوە، ھەر حکومەتێک بەبێ چوارچێوەی ھەماھەنگی یاخود رەوتی سەدر پێکبێت، ناتوانێت سەقامگیری بەدیبھێنێت.
کۆمپانیای فڕۆکەوانی کۆماری ئیسلامی ئێران (ھۆما)، لە راگەیەندراوێکدا دوایین رێنماییەکانی لەبارەی گەشتکردن بۆ عێراق بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئەو گەشتیارانەی تەمەنیان لەسەرو ١٢ ساڵە، تەنھا بە مەرجی وەرگرتنی ڤاکسینەکانی جۆری (فایزەر و مۆدێرنا و ئەسترازینیکا و جۆنسۆن و سینۆفارم و سینۆڤاک) ، دەتوانن سەردانی عێراق بکەن و ١٤ رۆژیش بەسەر وەرگرتنی ڤاکسینەکە تێپەڕبوبێت.
ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو گەشتیارانەی ڤاکسینیان وەرنەگرتووە، دەبێت پشکنینی کۆرۆنایان کردبێت و ٧٢ سەعات بەسەر پشکنینەکە تێپەڕنەبوبێت.
لە راگەیەندراوەکەی کۆمپانیای ھۆمادا ھیچ ئاماژەیەک بە ڤاکسینەکانی دروستکراوی ئێران نەکراوە کە تا ئێستا، کامیان مۆڵەتی بەکارھێنانیان لەلایەن رێکخراوی تەندروستی جیھانییەوە وەرنەگرتووە.
سەرچاوەیەک لە دادگای فیدراڵی عێراق بە کوردسات نیوزی راگەیاند، ئەمڕۆ دووشەممە دادگای فیدڕاڵیی سەبارەت بەو سکاڵایانە کۆدەبێتەوە کە داوا دەکەن بەھای دیناری عێراقی بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکی بەرزبکرێتەوە و بگەڕێندرێتەوە بۆ بەھای پێشووی کە ١٠٠ دۆلار بەرامبەر ١٢٠ ھەزار دینار بوو.
لە دانیشتنی یەکەمدا کە رۆژی ٨ی ئادار بەڕێوەچوو، دادگای فیدراڵی سەرەڕای بانگھێشتکردنی وەزیری دارایی و پارێزگاری بانکی ناوەندی، داوای لە شارەزایانی بواری ئابووری کرد سەرنج و تێبینییەکانیان لەبارەی لێکەوتەکانی بەرزکردنەوە یان مانەوەی بەھای ئێستای دینار بەرامبەر دۆلار بخەنەڕوو. ڕۆژی ١٤ی ئاداریش دادگای فیدڕاڵی لەسەر ئەو پرسە کۆبووەوە، بەڵام بڕیاریدا کۆبوونەوەکە بۆ ئەمڕۆ دوابخات.
"روبا فەلاح" ئەندامی تیمی راگەیاندنی وەزارەتی تەندروستی عێراق رایگەیاند، ژمارەی توشبووانی کۆرۆنا لە رۆژێکدا بۆ ١٠٠ حاڵەت دابەزیوە، ئەوەش بە مانای ئەوە دێت کە شەپۆلی چوارەمی کۆرۆنا لە عێراق کۆتاییھاتووە، بەڵام کەمبوونەوەی ژمارەی توشبووان بە مانای کۆتایھاتنی مەترسییەکانی ئەو ڤایرۆسە نایەت.
"روبا فەلاح" وتیشی، رێژەی وەرگرانی دۆزی یەکەمی ڤاکسینی کۆرۆنا گەیشتۆتە زیاتر لە ٢٥٪، بەڵام ئەوانەی دۆزی دووەمیان وەرگرتووە ١٧٪ی تێنەپەڕاندووە و ئەوەش رێژەیەکی کەمە، زۆرینەی ئەو توشبووانەشی تۆمار دەکرێن ئەوانەن کە ڤاکسینیان وەرنەگرتووە.
"عارف حەمامی" سەرکردە لە چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعەکان ئاشکرایکرد، دەستیانکردووە بە دانوستان و پێکھێنانی لیژنەکان لەگەڵ تەواوی ھێزە سیاسییەکان، بە ھێزە سیاسییەکانی نێو ھاوپەیمانی سێ قۆڵیشەوە، لە سەروو ھەموویانەوە رەوتی سەدر.
"عارف حەمامی" وتیشی، ئامانجی سەرەکی گفتوگۆکانیان کۆتاییھێنانە بە بنبەستی سیاسی و خێراکردنی پێکھێنانی حکومەتی نوێی عێراق، ئاماژەی بەوەشکرد، کەشێکی باش لە دانوستانەکاندا ھەیە لەگەڵ لایەنەکان و رەنگە لە رۆژانی داھاتوودا قەیرانی سیاسی عێراق بەرەو چارەسەر ھەنگاو بنێت.