باسم عەوادی، وتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاند، لە چوارچێوەی رێکارەکانی حکومەت لە لێکۆڵینەوە لە گەندەڵی و خراپی بەڕێوەبردن، لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەیان پێکھێناوە، کە ژمارەیەک پێشنیازی ئاڕاستەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق کردووە.
راشیگەیاند، لە چوارچێوەی ئەو پێشنیازانەدا کۆتاییان ھێناوە بە راسپاردنی محەمەد ھاشم لە بەڕێوەبردنی سندووقی ئاوەدانکردنەوەی ناوچە زیانلێکەوتووەکانی شەڕی داعش و سەعد فەیسەڵ ئەمین جبووری جێگەی دەگرێتەوە.
بە وتەی باسم عەوادی، حکومەتی عێراق بەرنامەیەکی گشتگیریی بۆ چاکسازیی لە بەڕێوەبردنی سندووقی ئاوەدانکردنەوەی ناوچە زیانلێکەوتووەکان ھەیە و فەرمانبەر و کاربەدەستە کەمتەرخەکان، بەھۆی بەھەدەردانی سامانی گشتی لە پۆستەکانیان دووردەخاتەوە.
وەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بە فەرمانی "ئەحمەد ئەسەدی" وەزیری کاروکاروباری کۆمەڵایەتی، مووچە بۆ رزگاربووانی ژێر دەستی تیرۆریستانی داعش تەرخان دەکرێت.
سەراب ئلیاس، بەڕێوەبەری گشتی رزگاربووانیش رایگەیاند، بڕینەوەی ئەو مووچەیە دوای تەواوبوونی رێکارە تەکنیکی و ئیدارییەکان بووە لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا و بەھۆی جەژنی قوربانەوە.
پێشتر ئەحمەد ئەسەدی، کاروکاروباری کۆمەڵایەتی رایگەیاندبوو، حکومەت نزیکەی ٢٥ ملیار دیناری بۆ بەڕێوەبەرایەتی رزگاربووان وەک مووچە تەرخان کردووە، کە مانگانە بڕی ٨٠٠ ھەزار دیناریان پێدەدرێت.
ئاماژەی بەوەشکردبوو، ھەزار و ٦٧٠ داواکارییان پێشکەش کراوە، بڕیارەکەش ٤٨٥ ژن و ٣٥٣ منداڵ دەگرێتەوە و ئەوانەی دیکەش لە جێبەجێکردندان.
سەرۆکایەتی کۆماری عێراق ئاماژەی بەوەکرد، بەپێی فەرمانی سەرۆککۆمار و بەدواداچوونی لەگەڵ ئەنجومەنی باڵای دادوەری و وەزارەتەکانی ناوخۆ و داد، وەزارەتی داد دەستی کردووە بە ئازادکردنی تاوانبار و دەستگیرکراوان بە شێوەیەکی بەردەوام.
دەشڵێت، بە بۆنەی جەژنی پیرۆزی قوربانەوە رایدەگەیەنن، لە ١/١ی ئەمساڵەوە تا١/٦، ژمارەی ئەو کەسانەی ئازادکراون گەیشتووەتە سێ ھەزار و ٤٦٩ کەس، ھەروەھا ژمارەی ئەو مێردمنداڵانەی لەو ماوەیەدا ئازادکراون گەیشتووەتە ٣١٣ سزادراو و ٤١٤ راگیراو.
سەرۆکایەتی کۆمار ئاماژەی بەوەکردووە، ئەو بڕیارە بە سەرپەرشتی و رێنمایی د. لەتیف رەشید سەرۆککۆمار و دوای زنجیرەیەک کۆبوونەوە لەگەڵ "فایەق زەیدان" سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری و وەزارەتەکانی داد و ناوخۆ و راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی دراون.
ئەوەشی خستەڕوو، رێککەوتن کراوە لەسەر پێکھێنانی سیستمێکی ئەلیکترۆنی ھاوبەش لە نێوان دەسەڵاتە پەیوەندیدارەکان بۆ بەدواداچوونی دۆسیەکانی تاوانباران، لەگەڵ ماوەی کۆتایی سزاکانیان، بۆ دڵنیابوون لە ئازادکردنیان لە کاتی دیاریکراودا بەبێ دواکەوتن.
سابت محەمەد، وەزیری بەرگریی عێراق رایگەیاند، لەسەر راسپاردەی سەرۆک وەزیرانی عێراق، نەخشەڕێگەیەک بۆ دەستبەکاربوونەوەی گرێبەستە ھەڵوەشاوەکان بۆ ریزەکانی سوپا رادەگەیەنن.
وتیشی، لەو چوارچێوەیەدا زیاتر لە ٣٧ ھەزار کەس، کە پێشتر گرێبەستەکانیان ھەڵوەشابووەوە بە دوو گرووپ دەگەڕێنەوە بۆ ریزەکانی سوپا.
گرێبەستی زۆربەی ئەم کەسانە لە نێوان ساڵانی ٢٠١٥ بۆ ٢٠١٨ بە ھۆکاری جیاواز، لەوانە ئامادەنەبوون و پابەندنەبوون بە کارکردن لە ریزەکانی سوپا ھەڵوەشاوەتەوە.
عەبدولزەھرە ھنداوی وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق رایگەیاندووە، کاری لە پێشینەی ئێستای حکومەتی عێراق و دامەزراوەکانی لە چوارچێوەی پرۆژەکانی وەبەرھێناندا ئەوەیە کە ھاوبەشییەکی بەھێز لە نێوانی ھەردوو کەرتی تایبەت و گشتی دروستبکرێت، بەشێوەیەک ھەردوولا بەشداربن لەسەرجەم ئەو پرۆژانەی حکومەتی عێراق بە مەبەستی جێبەجێکردن رایاندەگەیەنێت.
وتیشی، بودجەی وەبەرھێنان لە چوارچێوەی یاسای بودجەدا ٤٨ ترلیۆن دینارە و بەھۆیەوە کارکردن لە زیاتر لە ھەزار پرۆژەی راگیراو دەستپێدەکاتەوە، بەردەوامی کارکردنیش لە پرۆژە نوێیەکان گرەنتی دەکات کە ژمارەیان دەگاتە زیاتر لە حەوت ھەزار پرۆژە، کە ئەمەش دەبێتە ھۆی رەخساندنی ژمارەیەکی یەکجار زۆری ھەلی کار بۆ عێراقییەکان.
مەزھەر محەمەد ساڵح راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری دارایی رایگەیاند، بانکی ناوەندیی عێراق لە چوارچێوەی ستراتیژی گەشەپێدانی کەرتی دارایی و بانکیی لە پێناو بەھێزکردنی ئابووری عێراق، ناوەندی دارایی و کارەکانی دامەزراندوە کە ئامانجی سەرەکی ئەو ناوەندە کۆنترۆڵکردن و رێکخستنی فرۆشتن و ئاڵوگۆڕی کاغەزی دارایی حکومی و کەرتی تایبەت و چالاکییە دارایی و بانکییەکانە.
وتیشی، دامەزراندنی ئەو ناوەندی کاریگەری زۆر باشی تایبەت لەسەر رێکخستنەوەی ئاڵوگۆڕە دارییەکان، کۆنترۆڵکردن، رێکخستنی کەرتی باجی حکومیش دەگرێتەوە بۆئەوەی بانکی ناوەندیی ئاگاداری ھەموو کاروبار و چالاکییە داراییەکان بێت لە عێراقدا.
مستەفا سەنەد، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەداوە، لە دەسەڵاتی دادوەری عێراق سێ سکاڵا دژی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق تۆمارکراوە، کە پەیوەندییان بە زیادبوونی نائاسایی داھاتەکەی، دۆسیەی گەندەڵییەکانی قوتابخانەی ئەبو رغیف، دزی سەدەوە و ژمارەیەک بابەتی دیکەوە ھەیە، بەڵام تاکو ئێستا ھیچ یەکێک لەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی کراوە بەسەریدا ساغنەبوونەتەوە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، سەرەڕای ئەوەی لەئێستادا کازمی لە دەرەوەی عێراقە، لە ئایندەیەکی نزیکدا تۆمەتەکان بەسەریدا ساغدەبێتەوە و فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەردەچێت و لەسەر سەرجەم ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی کراوە دادگایی دەکرێت.
ئەمەش لەکاتێکدایە، بەبڕیاری دەسەڵاتی دادوەری عێراق لێکۆڵینەوە لە سەروەت و سامانی مستەفا کازمی دەستیپێکردووە.
مستەفا کەرعاوی، ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەداوە، دوای جەژنی قوربان رێنماییەکانی یاسای بودجە رادەگەیەندرێن و دوابەدوای ئەوەش راستەوخۆ شایستە داراییەکانی وەزارەت و پرۆژەکان خەرجدەکرێن، بەوەش قۆناغی ئاوەدانکردنەوە و بەگەڕخستنەوەی پرۆژە تەواونەکراوەکان لە عێراق دەستپێدەکات.
وتیشی، دیوانی چاودێری دارایی لە نزیکەوە چاودێری خەرجکردنی شایستە داراییەکان دەکات و رێککاری یاسایی بەرامبەر ھەر لایەنێک دەگرێتەبەر، کە لە گەندەڵی و بەھەدەردانی سامانی دەوڵەتەوە تێوەبگلێت.
بڕیارە رۆژی یەکشەممەی داھاتوو یاسای بودجە لە رۆژنامەی وەقائیعی عێراقی بڵاوبکرێتەوە و دوای ئەوەش بەچەند رۆژێک رێنماییەکانی یاسای بودجە بڵاوبکرێنەوە.
عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان رایگەیاندووە، ئامادەکاری تەواویان بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکاکان کردووە و لە مانگی تەممووزەوە دەستدەکەن بە تۆمارکردنی ناوی ھاوپەیمانێتی و پارت و کاندیدەکان بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان، جگەلەوەش لەم ھەڵبژاردنەدا، پشت بە ئامێرێکی نوێی دەنگدان دەبەستن.
راشیگەیاندووە، لە ئامێرە نوێیەکەی دەنگداندا دەنگدەر پێویستە لیست و کاندید ھەڵببژێرێت، ھەروەھا بەشێوەیەکە ئەگەر دەنگدەر بەس لیست ھەڵبژێرێت و کاندید دیاری نەکات ئەوا دەنگەکەی دەچێت بۆ لیستەکە، بەڵام ئەگەر کاندید ھەڵبژێرێت و لیست دیارینەکات، ئەوا دەنگەکەی ھەژمارناکرێت.
سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان وتیشی، لە پارێزگاکاندا ١٥ ناوەندی ژماردنەوەی دەستی دەنگەکان و وردبینیکردن دادەنرێن، لەگەڵئەوەشدا بەسود بینین لە ئامێرە نوێیەکانی دەنگدان، دەتواندرێت لەماوەی ٢٤ سەعات ئەنجامەکان رابگەیەندرێت.
رۆژی ٢٠ی ئەم مانگە، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رۆژی ١٨ی کانوونی یەکەمی ئەمساڵی بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان دیاریکرد.
مستەفا کەرعاوی ئەندامی لیژنەی دارایی رایگەیاند، یاسای نەوت و غاز و یاساکانی تر بابەتی گفتوگۆی پەرلەمانتارانن و خواستێکی زۆر لە ئەنجومەنی نوێنەران ھەیە بۆ تێپەڕاندنی یاسای نەوت و غاز لە قۆناغی داھاتوودا، بەڵام یاسای لێبوردنی گشتی بابەتێکی سیاسییەو پێویست دەکات بەوردی لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت بەر لەوەی دەستبکرێت بە رێکارەکانی پەسەندکردنی.
وتیشی، ئەنجومەنی نوێنەران تاوتوێی چەند یاسایەکی تری گرنگ دەکات لەوانە یاسای خاوەنپێداویستییە تایبەتەکان و یاسای تایبەت بە رێککەوتنە دەرەکییەکان، جگەلەوەش چەندین پرۆژە یاسای تر کەلە وەرزی یەکەم و دووەمی یاسادانان رەوانەی حکومەت کراونەتەوە چاوەڕوان دەکرێت جارێکی تری ئاراستەی ئەنجومەنی نوێنەران بکرێنەوە، بەڵام لە ئێستادا گرنگرین پرۆژە یاساکان کە گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت یاسای نەوت و غاز و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکانە.
حەیدەر حەنوون سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی عێراق، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند، دوو حاڵەتی گەورەی گەندەڵییان ئاشکرا کردووە و لە یەکێکیاندا لە فەرمانگەیەکی سەربە وەزارەتی بازرگانیی عێراق، ١٥ ملیار دیناریان لە کۆی ٦٩ ملیار دینار گەڕاندووەتەوە بۆ گەنجینەی دەوڵەت، کە خراوەتەسەر ھەژمارێکی بانکیی لە یەکێک لە بانکە ئەھلییەکان و کاری وەبەرھێنانی پێوەکراوە.
وتیشی، لە دۆسیەی دووەمدا، زیاتر لە ٤٠ ملیار دیناریان بۆ گەنجینەی دەوڵەت گەڕاندووەتەوە و تۆمەتباری دۆسیەکەش ئەفسەرێکی سوپای عێراقە و رەوانەی دادگا کراوە.
نوسینگەی سەرۆکی ھاوپەیمانێتیی دەوڵەتی یاسا بڵاویکردەوە، نوری مالیکی لەگەڵ ئێلینا رۆمانۆڤسکی باڵیۆزی ئەمریکا لە بەغداد کۆبووەتەوە و گفتوگۆیان لەبارەی رەوشی سیاسی و ئەمنیی عێراق و ناوچەکە کردووە.
لە کۆبوونەوەکەدا مالیکی ئاماژەی بەوەکرد، دوای پەسەندکردنی بودجە، عێراق پڕۆسەی ئاوەدانی و بنیادنان بەخۆیەوە دەبینێت، لەبارەی رەوشی سیاسییشەوە وتی، پێویستیان بە ھەوڵی ھەموو لایەکە لەپێناو سەقامگیریی سیاسی و ئابووریی عێراق.
لە بەرامبەردا باڵیۆزی ئەمریکا، پابەندیی وڵاتەکە بۆ گەل و حکومەتی عێراق دووپاتکردەوە و ستایشی رۆڵی مالیکیی کرد، لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی عێراق و ئەمریکا.
مەناف عەبدولمنعەم بەڕێوەبەری گشتی ھێڵی فڕۆکەوانی عێراق رایگەیاند، یەکێک لە پرۆژەکانی پەرەپێدانی ھێڵی ئاسمانی عێراقی بریتییە لە گرێبەستی حکومەت لەگەڵ کۆمپانیای بۆینگی ئەمریکی بۆ کڕینی ٢٦ فڕۆکە مۆدێرن کە ١٠یان لە پۆلێنی فڕۆکەی خەونەکانن.
رونیشیکردەوە، لەماوەی پێنج ساڵدا فڕۆکەکان دەگەنە عێراق و دەستدەکرێت بە کردنەوەی ھێڵی نوێ بۆ روماڵکردنی جیھان، یەکێک لەو پرۆژانەش لە ئێستادا کاری لەسەر دەکرێت کردنەوەی ھێڵی مەسقەت، جاکارتا، مالیزیا و چینە.
بەڕێوەبەری گشتی ھێڵی فڕۆکەوانی عێراق راشیگەیاند، لەسەر راسپاردەی سەرۆکوەزیران نرخی تکتی گەشتکردن بۆ ھاووڵاتیانی عێراقی بەتایبەت بۆ خانەنشینان و نەخۆش و بریندارانی حەشدی شەعبی داشکێنراوە، لە داھاتووشدا دوای کردنەوەی ھێڵی نوێ داشکاندنی تر دەکەن.
موعین کازمی، ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاندووە، پێدەچێت ئەم ھەفتەیە یاخود سەرەتای ھەفتەی داھاتوو سەرۆککۆمار پرۆژەیاسای بودجە پەسەند بکات و جێبەجێکردنی بودجە بکەوێتە مانگی داھاتوو، دوای ئەوەش حکومەت دەتوانێت پارەی تەرخانکراو بۆ پرۆژەکان خەرجبکات و ھاووڵاتیان لە قۆناغی داھاتوودا ھەست بە گۆڕانکاری گەورە دەکەن.
ھەروەھا باسم عەوادی وتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاندووە، سەرۆک وەزیران پێشوازی لە پەسەندکردنی بودجە کردووە ئەوەش ئاماژەیەکە لەوەی حکومەت قەناعەتی بە پەسەندکردنی بودجە ھەیە و بەشێوەی گشتی پارێزگاری لە فەلسەفەی بودجە کراوە و تێبینییەکی زۆری لەسەر نییە.
ئەو سەرچاوەیە بە میدیا عێراقییەکانی وتووە، لایەنە شیعییەکانی نێو چوارچێوەی ھەماھەنگی بە دوو لیستی سەربەخۆ یان دوو ھاوپەیمانی، یاخود ھاوپەیمانێتییەک کە ژمارەیەک کوتلە لەخۆبگرێت دەچنە نێو ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، بەپێی ئاماژە سەرەتاییەکان ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتی نوری مالکی و رێکخراوی بەدر بە سەرۆکایەتی ھادی عامری ھەریەکەیان سەرۆکایەتی یەکێک لە لیست و ھاوپەیمانێتییەکان دەکات، جگەلەوەش زانیارییەکان باس لە دووبارە دروستکردنەوەی لیستی شەھیدی میحراب دەکەن لەلایەن رەوتی حیکمە و ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی و رێکخراوی بەدر، بۆ ئەو مەبەستەش ھادی عامری سەرۆکی رێکخراوی بەدر رەزامەندی پیشانداوە بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان بگەڕێتەوە نێو رەوتی شەھیدی میحراب بە سەرۆکایەتی عەمار حەکیم.
ئەلینا رومانوسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق لە تویتەر بڵاویکردووەتەوە، لەنێو وەفدەکەدا "دانا سترولیس" جێگری یاریدەدەری وەزیری بەرگری بۆ کاروباری خۆرھەڵاتی ناوەڕاست ھەیە و لە بەغداد لەگەڵ لێپرسراوانی حکومەتی عێراق کۆبوونەوە ئەنجام دەدات.
ھەروەھا لەگەڵ رۆژنامەنووسانی عێراق باس لە گرنگی ھاوبەشی و ھاوپەیمانی ئەمریکا و عێراق دەکات، بۆ گرەنتیکردنی ئەمنییەت و سەقامگیری و سەروەری عێراق.
ھەر بەپێی زانیارییەکان، بڕیارە ئەو وەفدەی پنتاگۆن سەردانی ھەرێمی کوردستانیش بکات و لەگەڵ لێپرسراوانی باڵای ھەرێم کۆببێتەوە.