میدیا رەسمییەکانی ئێران بڵاویانکردەوە، تەقینەوەیەکی گەورە لە باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون لە شاری بەندەر عەباس لە باشوری ئەو وڵاتە رویدا و زیانی زۆری لێکەوتەوە.
بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردسات نیوز لە ئێران، تەقینەوەکە لە باڵەخانەیەکی 8 نهۆمیدا لە شەقامی "موعەلیم" روویداوە، بەهۆیەوە 2 نهۆمی باڵەخانەکە بە تەواوی رووخاون و زیانی زۆریش بە چەندین ئۆتۆمبێل و دوکانی دەوروبەری باڵەخانەکە گەیشتووە. تا ئێستا هۆکاری سەرەکی تەقینەوەکە بە نادیاری ماوەتەوە و لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن.
هاوکات لە رووداوێکی دیکەدا، لە شاری ئەهواز لە باشوری رۆژئاوای ئێران، بەهۆی لێچوونی غاز لە باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون لە گەڕەکی "کیانشەهر"، تەقینەوەیەک روویدا. بەپێی سەرچاوە پزیشکییەکان، لەو رووداوەدا 4 هاووڵاتی گیانیان لەدەستداوە و کەسێکی دیکەش بریندار بووە.
بەرپرسی رێکخراوی ئاگرکوژێنەوەی ئەهواز رایگەیاند، تیمەکانی فریاکەوتن و ئاگرکوژێنەوە دەستبەجێ گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و پرۆسەی لادانی داروپەردووی باڵەخانەکە بەردەوامە تا دڵنیابنەوە لەوەی هیچ کەسێکی دیکە لەژێر داروپەردوەکەدا نەماوە.