دیکارلۆس بڕاون، تۆمەتباری کوشتنی پەنابەرێکی گەنجی ئۆکراینی بە ناوی ئیرینا زاروتسکا، بۆ یەکەمجار لە زیندانەوە قسەی کرد و لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ خوشکەکەی، پاساوی تاوانەکەی ئاشکرا کرد. ئەم روداوە کاردانەوەی بەرفراوانی لێکەوتەوە و پرسیاری جددی لەسەر کەمتەرخەمیی سیستەمی دادوەری و تەندروستیی دەروونی لە ئەمریکا دروست کردووە.
دیکارلۆس بڕاونی تەمەن 34 ساڵ، کە تۆمەتبارە بە کوشتنی ئیرینا زاروتسکای تەمەن 23 ساڵ، لە گفتوگۆیەکی تەلەفۆنیی تۆمارکراودا لەگەڵ خوشکەکەی، کە رۆژنامەی "دەیلی مەیل" بڵاوی کردووەتەوە، ئاماژەی بەوە داوە کە بەهۆی نەخۆشیی شیزۆفرینیاوە (دووکەرتبوونی کەسایەتی) باوەڕی وابووە "ماددەیەکی نامۆ" لە مێشکیدا چێنراوە و کۆنترۆڵی کردووە.
خوشکی تۆمەتبارەکە، ترەیسی، دوای سەردانکردنی لە زیندان ئاشکرای کرد کە براکەی پێی وتووە هۆکاری هێرشکردنە سەر ئیرینا ئەوە بووە کە "پێیوابووە مێشکی دەخوێنێتەوە."بڕاون لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا دەڵێت: "دەستم بریندار بوو کاتێک چەقۆم لێدا. یەک وشەم پێ نەوت. ترسناکە، وانییە؟ بۆچی کەسێک بێ هیچ هۆکارێک چەقۆ لە کەسێکی تر دەدات؟"
کورتەی روداوەکە:
ئیرینا زاروتسکا، کە لە ساڵی2022 بۆ هەڵاتن لە جەنگی روسیا پەنای بۆ ئەمریکا هێنابوو، لە 22ی ئابی رابردوو لەناو شەمەندەفەرێکی هێڵی ئاسن لە شاری شارلۆت، بەبێ هیچ هۆکارێکی دیار و بەبێ هیچ ئاشنایەتییەکی پێشوەختە، لەلایەن بڕاونەوە هێرشی کرایە سەر. گرتە ڤیدیۆییەکانی کامێرای چاودێری نیشانی دەدەن کە بڕاون لە پشتی ئیریناوە دانیشتووە و دوای چەند خولەکێک، بە چەقۆیەکی گیرفان هێرش دەکاتە سەری و چەند جارێک لە ملی دەدات.
مێژووی تۆمەتبار و کەمتەرخەمیی سیستەم:
دیکارلۆس بڕاون خاوەنی رابردوویەکی پڕ لە تاوانە و بەپێی تۆمارەکان، پێشتر 14 جار دەستگیر کراوە بە تۆمەتی جۆراوجۆر وەک دزیی چەکدارانە و هەڕەشەکردن. سەرەڕای ئەوەی نەخۆشیی شیزۆفرینیای هەبووە و چەندین جار بەهۆی کێشەی دەروونییەوە پەیوەندیی بە پۆلیسەوە کردووە، بەڵام سیستەمی دادوەری و تەندروستیی دەروونی نەیانتوانیوە رێگری لەم کارەساتە بکەن. خوشکەکەی دەڵێت: "من لۆمەی دەوڵەت دەکەم چونکە پشتیان تێکرد. ئەو مەترسی بوو بۆ سەر خۆی و کۆمەڵگە."
کاردانەوەکان:
ئەم روداوە بووەتە جێی مشتومڕێکی گەورەی سیاسی و کۆمەڵایەتی. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، داوای سزای لەسێدارەدانی بۆ تۆمەتبارەکە کردووە و بە "شێت" وەسفی کردووە. لە بەرامبەردا، رەخنەگران ئاماژە بەوە دەکەن کە کەیسی لەم شێوەیە دەرئەنجامی "سیاسەتە شکستخواردووەکانی نەرمی نواندنە بەرانبەر تاوان."
وەزارەتی دادی ئەمریکا تۆمەتی فیدراڵی ئاراستەی بڕاون کردووە کە "کوشتنە لەناو سیستەمی گواستنەوەی گشتیدا"، کە سزاکەی دەگاتە زیندانی هەتاهەتایی یان لەسێدارەدان.
خێزانی ئیرینا:
خێزانی ئیرینا زاروتسکا لە راگەیەندراوێکدا رایانگەیاندووە کە کچەکەیان "هونەرمەندێکی بەهرەمەند و خاوەن رۆحێکی زیندوو" بووە. هەرچەندە باڵیۆزخانەی ئۆکراین پێشنیاری گەڕاندنەوەی تەرمەکەیانی کردبوو، بەڵام خێزانەکەی وتوویانە: "نا، ئەو ئەمریکای خۆشدەویست. لێرە بەخاکی دەسپێرین."