عەبدولئەمیر شەمەری،وەزیری ناوخۆی عێراق و"ئەحمەد وەحیدی"وەزیری ناوخۆی ئێران لە دەروازی سنووریی زەرباتییە لە پارێزگای واست لە باشووری عێراق کۆبونەوە.
عەبدولئەمیر شەمەری لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئامانج لە سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی ئێران بەرزکردنەوەی ئاستی ھەماھەنگیی و ھاوکارییە بەتایبەت لە کۆنترۆڵکردنی سنووری نێودەوڵەتیی.
وتیشی، رێککەوتوون لەسەر ھەماھەنگیی بۆ ئاڵوگۆڕی زانیاریی لەنێوان ھەردوولا و کردنەوەی بنکەی سنووریی ھاوبەش لەنێوانیان بەمەبەستی کۆنتڕۆڵکردنی ھاتوچۆی زیارەتکارانی شیعە بۆ شوێنە ئایینیەکان.
جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، لە رۆژی یەکشەممەوە لە ١٥ پارێزگای عێراق دەست بە پڕۆسەی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران دەکەن و کارمەندانی کۆمیسیۆن لە رۆژانی پشووشدا کاردەکەن بۆ تەواوکردنی پڕۆسەکە.
بە وتەی جومانە غەلای، نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران، تۆماری بایۆمەتری و زیادکردن و سڕینەوە و گواستنەوە و راستکردنەوە لەخۆدەگرێت، ھەروەھا زیادکردنی ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە لەدایکبووی ساڵی ٢٠٠٥ن و گەیشتوونەتە تەمەنی یاسایی بۆ دەنگدان.
عەبدولزەھرە ھنداوی وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق رایگەیاند، روپێوی ئابووری و کۆمەڵایەتی لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق بە ھەرێمی کوردستانیشەوە، لەم مانگی تەممووزە دەستپێدەکات، کە ئاستەکانی ھەژاری و بێکاری پارێزگاکان دیاریدەکات.
وتیشی، روپێویەکە چەندین زانیاری لەسەر تەندروستی، پەروەردە، نیشتەجێبوون و داھات و خەرجی خێزانەکانی عێراق لەخۆدەگرێت.
عەبدولزەھرە ھنداوی ئاماژەی بەوەشکرد، تێکڕای بێکاری لە عێراق بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە و رەنگە ئێستا لە خوار ١٤٪_ەوە بێت.
فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغداد لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، بەھۆی گرفتێکی تەکنیکییەوە بۆ ماوەیەک کارەبای تەواوب فڕۆکەخانەکە پچڕاوە.
وتیشی، لەکاتی پچڕانی کارەبادا، کاریان بە مۆلیدەکانیان کردووە و ھیچ دواکەوتنێک لە کاتی گەشتەکەکان بەھۆی پچڕانی کارەباوە رووینەداوە.
دوای چەند سەعاتێک لە پچڕانی کارەبای فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغداد، وەزارەتی کارەبای عێراق راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و گەڕانەوەی کارەبای فڕۆکەخانەکەی راگەیاند.
وەزارەتی کارەبا راشیگەیاند، کارەکانی ھەڵکەندی چاڵێک بۆ یەکێک لە پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون، زیانی بە کێبڵی فیدەرەکان گەیاندووە و ئەمەش بووە ھۆی پچڕانی کارەبا لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغداد بۆ چەند سەعاتێک.
فەرمانگەی لێکۆڵینەوە لە دەستەی دەستپاکی رایگەیاند، لە نەجەف ئەندامانێکی تۆڕەکەیان دەستگیرکردووە کە ھەستاوە بە سپیکردنەوەی پارە و گواستنەوەی پارە بۆ دەرەوە بە ناوی ژمارەیەک ھاووڵاتییەوە بەبێ ئەوەی خۆیان ئاگاداربن.
وتیشی، تۆڕەکە لە رێگەی کۆمپانیایەکی ئاڵوگۆڕی دراو ٦٨ ملیۆن دۆلاری بۆ دەرەوە گواستووەتەوە، کۆمپانیاکەش بەناوی ھاووڵاتییەکەوە بووە بەبێ ئەوەی خۆیان ئاگای لێبێت.
فەرمانگەی لێکۆڵینەوەی دەستەی دەستپاکی ئاماژەی بەوەکردووە، ئەو ھاووڵاتییە دوای سەردانی فەرمانگەی باجی نەجەف تووشی شۆک بووە کاتێک پێیان وتووە کۆی ئەو باجەی لەسەریەتی ١٣ ملیار دینارە لە دەرئەنجامی ئەوەی تۆڕەکە ناوەکەیان بەکارھێناوە بۆ گواستنەوەی پارە.
رونیشیکردەوە، تۆڕەکە لە ساڵی ٢٠١٢وە دەستی بەکاری سپیکردنەوەی پارە کردووەو فێڵی لە چەندین ھاووڵاتی تریش کردووە.
بە گوێرەی نوسراوێکی بانکی ناوەندی کە ئاراستەی بانکە حکومی و ئەھلیە مۆڵەت پێدراوەکان کراوە، پشکی مانگانەی دۆلار بۆ گەشتکردنی ھاووڵاتیان لە رێگەی دەروازە ئاسمانی و وشکانییەکانەوە لە رۆژی یەکشەممەی داھاتووەوە زیاددەکرێت بۆ سێ ھەزار دۆلار، بە مەرجێک داواکارییەکە لە رێگەی سەکۆی ئەلکترۆنییەوە تۆمار بکرێت.
پێشتر پشکی مانگانەی دۆلار بۆ ئەو ھاووڵاتیانەی دەیانویست گەشتی دەرەوە بکەن ١٠ ھەزار دۆلار بووە ، دواتر دابەزێنرا بۆ دوو ھەزار دۆلار، لە ئێستاشدا بەرێژەی ھەزار دۆلار زیاد کراوە.
لە نوسراوێکی تردا کە ئاراستەی نوسینگەکانی ئاڵوگۆڕی دراو پلەی ( بی) کراوە، بانکی ناوەندی بڕیاریداوە لە رۆژی یەکشەممەوە پشکی ھەفتانەی نوسینگەکانی ئاڵوگۆڕی دراو زیاد بکات بۆ ٧٥٠ھەزار دۆلار، ئامانج لە بڕیارەکەش بەدیھێنانی سەقامگیری بەھای فرۆش و بەدیھێنانی ئەو خواستە زۆرەیە کە لەسەر دراوی بیانی ھەیە لە بازاڕەکاندا.
ئەسیرغەریری، وەزیری بازرگانی عێراق رایگەیاند، ئامادەکارییەکان بەردەوامن بۆ دابینکردنی سەبەتەی خۆراک و ئارد، دڵنیاییشی دایە ھاووڵاتیان بڕێکی باشی ماددە خۆراکییەکان لە کۆگاکانیاندا ھەیە.
وتیشی، ھەفتەی داھاتوو دابەشکردنی سەبەتەی شەشەمی خۆراک دەستپێدەکات، جەختیشیکردەوە، ھیچ ماددەیەکی خۆراکی بەسەرچوویان نییە و تاقیگەی پێشکەوتوویان ھەیە بۆ پشکنینی ماددە خۆراکییەکان.
وەزیری بازرگانی عێراق راشیگەیاند، پەیڕەوکردنی سیستمی کۆبوونی خۆراک سیستمێکی کلاسیکییە و تەواوبوونی کۆبوونی ئەلکترۆنی رەنگدانەوەی ئەرێنی لەسەر ماددە خۆراکییەکان دەبێت.
ئەندامێکی دیاری رەوتی سەدر کە ناوەکەی ئاشکرا نەکراوە بە "عەرەبی جەدید"ی راگەیاندووە، رێبەری سەدر بەجدی تاوتوێی بەشداریکردن لە ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان دەکات، کە بڕیارە کۆتایی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت، ئەوەش لەپێناو ئەوەی رێگری لەچوارچێوەی ھەماھەنگی بکات بۆ کۆنترۆڵکردنی حکومەتە ناوخۆییەکان لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشوری عێراق.
ئەو ئەندامە ئاماژەی بەوەشکردووە، رووداوی سوتاندنی قورئانی پیرۆز لەلایەن پەنابەرێکی عێراقییەوە لە سوید و رێکخستنی خۆپیشاندان دژی ئەو رووداوە لەلایەن لایەنگرانی سەدرەوە، ھاندەرە بۆ گەڕانەوەیان، بە تایبەت کە وەزیرەکەی سەدریش چالاکییەکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە دەستپێکردووەتەوە.
لەلایەکی دیکەوە، سیاسییەکی دیار لە رەوتی حیکمە بە رۆژنامەکەی وتووە، گەڕانەوەی سەدر بڕیارێکە پێشتر دراوە، بەڵام چاوەڕێی کاتی گونجاو بوون و رووداوی سوتاندنی قورئانیش ئەو دەرفەتەی رەخساندووە.
ھاوکات "عائد ھیلالی" ئەندامی ھاوپەیمانی چوارچێوەی ھەماھەنگیش ئەوەی خستووەتەڕوو، گەڕانەوەی رەوتی سەدر پێشبینیکراوە بۆ ھەمووان و پێشوازیشی لێکرد.
سائر سەبری حسێن، بەڕێوەبەری بەشی پەتاکان لە فەرمانگەی ڤێتێرنەری سەر بە وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق رایگەیاند، تا رۆژی یەکشەممەی رابردوو، ٢٨٩ حاڵەتی توشبوون و ٤١ حاڵەتی گیانلەدەستدان تۆمارکراوە بە رێژەی ١٤%.
وتیشی، پارێزگای زیقار بە ٧٣ حاڵەتی تووشبوون و ١٠ حاڵەتی گیانلەدەستدان، پلەی یەکەمی لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە گرتووە و کەمترین رێژەی تووشبوونیش لە پارێزگای ئەنبارە کە سێ حاڵەتە، پارێزگای سلێمانیش تاکە پارێزگای عێراقە ھیچ حاڵەتی ڤایرۆسەکەی تێدا تۆمارنەکراوە.
دەستەی کەشناسی لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، رۆژی پێنجشەممە تەواوی وڵات ساماڵ دەبێت و لە ناوچەکانی ناوەراست و باشور پلەکانی گەرما بەراورد بە رۆژانی رابردوو کەمێک بەرزدەبنەوە، لە ناوچەکانی باشوریش پلەکانی گەرما ھاوشێوەی رۆژی رابردوو دەبن.
راشیگەیاندووە، بەرزترین پلەکانی گەرما لە پارێزگای بەسرە دەبێت و دەگاتە ٥٠ پلەی سیلیزی.
سەبارەت بە کەشوھەوای رۆژی ھەینی، دەستەی کەشناسی پێشبینیکردووە، لە ناوچەکانی ناوەراست و باشور پلەکانی گەرما بەراورد بە رۆژی پێنجشەممە بەرزدەبنەوە، بەڵام لە ناوچەکانی باکور پلەکانی گەرما ھاوشێوەی رۆژانی رابردوو دەبێت.
لە دیدارەکەدا سەرۆککۆمار، جەختی لە پێویستی بەردەوامی داڕشتنی یاسا گرنگەکان و پیادەکردنی دیالۆگ بۆ چارەسەرکردنی کێشە ھەڵپەسێردراوەکان و پاراستنی سەقامگیری ئەمنی و پەرەپێدانی ئابووری لە وڵاتدا کردەوە، لە پێناوی بەدەستھێنانی گەشەپێدانی گشتگیر و پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاری بۆ ھاونیشتمانیان.
لە لای خۆیەوە، ئەلسامەڕائی، سوپاسی و پێزانینی خۆی بۆ سەرۆککۆمار و پێشنیارە بەنرخەکانی دەربڕی بە مەبەستی بەرزکردنەوەی واقیعی عێراق لەسەر ئاستە جۆراوجۆرەکاندا و جەختیشی لە ھەوڵە بەردەوامەکانی ھاوپەیمانی ئەلعەزم کردەوە بۆ بەھێزکردنی یەکێتیی نیشتمانی و گەیشتن بە لێکتێگەیشتنی ھاوبەش لەگەڵ ھەموو لایەنەکاندا.
جەبار عەودە، سەرکردە لە چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعەکان رایگەیاند، دامەزراوەکانی دەوڵەتی عێراق و وەزارەتی دەرەوە کۆبوونەوەی چڕیان لەگەڵ باڵیۆزخانەی سوید لە بەغداد ئەنجامداوە، لەپێناو گەڕانەوەی ئەو پەنابەرە عێراقییەی لە سوید قورئانی پیرۆزی سوتاند و کاردانەوەی فراوانی لێکەوتەوە و شەرمەزاری بۆ سوید دروستکرد.
وتیشی، فشاری نێودەوڵەتی زۆر ھەیە بۆ گەڕانەوەی ئەو پەنابەرە بۆ عێراق و پێدەچێت رێکارە یاساییەکانی گەڕانەوەی لە مانگی ئەیلولی داھاتوو دەستپێدەکات و رادەستی دادگاکانی عێراق دەکرێتەوە، ھەروەھا ھەشت تۆمەتی جیاوازی ئاڕاستە دەکرێت.
ئەو پەنابەر عێراقییە ناوی "سەلوان مۆمیکا" بوو، کە ھەفتەیەک لەمەوبەر لە ستۆکھۆڵمی پایتەختی سوید قورئانی پیرۆزی سوتاند و توڕەیی و نیگەرانی گەورەی لێکەوتەوە.
سەرچاوەیەکی حکومی ئاشکرایکردووە، محەمەد شیاع سودانی چەند گۆڕانکارییەکی کردووە لە دەزگا ئەمنییەکاندا، لەوانە کۆتاییھێناوە بە ئەرکی حەمید شەتری وەک بریکاری دەزگای ھەواڵگری نیشتمانی و ئەبو عەلی بەسری کردووەتە سەرۆکی دەزگاکە.
ھەروەھا ئەرکی فالح عیساوی وەک بریکاری دووەمی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی کۆتاییپێھێناوە و موسەنا عوبێدی کراوەتە شوێنگرەوەی.
بە وتەی سەرچاوەکە، سەرۆکوەزیران ئەرکی ماجد دلێمی لە دەزگای ھەواڵگری کۆتاییپێھێناوە و وەقاس محەمەد کراوەتە شوێنگرەوەی، جگە لەوەش ئەرکی فالح یونس لە بریکاری ئیداری دەزگای ئاسایشی نیشتمانی کۆتایی پێھێنراوە و موسەنا ئەرزوقی خراوەتە شوێنی.
یەکێکی دیکە لە گۆڕانکارییەکان بریتییە لە راسپاردنی ئەحمەد سلێمان داود بۆ بریکاری ئەمنی دەزگاکە، سەباح نوری ئەمین_یش کراوەتە بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی ھونەری دەزگاکە.
سەرچاوەکە رونیشیکردەوە، ھەریەکە حەمید شەتری و ماجد دلێمی گوزراونەتەوە بۆ راوێژکارێتی ئاسایشی نیشتمانی.
ھاشم ساڵحی، ئەندامی لیژنەی کشتوکاڵی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، تورکیا دۆسیەی ئاو لە دژی عێراق بەکاردەھێنێت و بە رەسمی جەنگی گرتنەوەی ئاوی راگەیاندووە.
ئەوەشی خستەڕوو، جگە لەوەی گرتنەوەی ئاوی دیجلە و فوڕات لەلایەن تورکیاوە لە عێراق تاوانێکی نێودەوڵەتییە کارەساتی مرۆییشی لە وڵاتەکەدا لێدەکەوێتەوە.
ئەو ئەندامی لیژنەی کشتوکاڵ وتیشی، پێویستە حکومەتی فیدراڵ ئابووری تورکیا وەک کارتی فشار دژی ئەو وڵاتە بەکاربھێنێت، تا پشکی عێراق لە ئاو زیاتربکات.
د.لەتیف رەشید سەرۆککۆماری عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بە توندی ئیدانەی ھێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر فەڵەستین دەکات و ھاوسۆزی بۆ خانەوادەی قوربانیانی ھێرشەکان دەردەبڕێت، ھەروەھا ھیوای چاکبوونەوەی خێرا بۆ بریندارەکانیش دەخوازێت.
ئەوەشی خستەڕوو، کۆماری عێراق پابەندە بە بڕیارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و پشتیوانی لە ھەموو رێگەیەکی ئاشتیانە دەکات بۆ دابینکردنی داواکارییەکانی گەلی فەڵەستین، داواش لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات پابەندبوونی خۆی بەو بڕیارانە دەرببڕێت و ئاشتی و سەقامگیری بۆ رۆژھەڵاتی ناوەڕاست دەگەڕێنێتەوە.
سەرۆککۆماری عێراق داواش لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات، ھاوکاری مرۆیی بگەییەنە کەمپی جنین بۆ ھاوکاریکردنی زیانلێکەوتووانی ھێرشەکانی ئیسرائیل و دەشڵێت، پێویستە بە زووترین کات وڵاتان رێگەیەکی سیاسی بۆ راگرتنی ھێرشەکانی سەر ئیسرائیل بدۆزنەوە، کە ئەمەش تەنھا بە داننانە بە مافەکانی گەلی فەڵەستین.
رۆژی سێی تەمووز ئیسرائیل ھێرسی ئاسمانی بۆسەر کەمپی جنین لە فەڵەستین دەستپێکرد و تیایدا جگە لەوەی بە سەدان کەس ئاوارەبوون، نزیکەی ١٣ کەس کوژراو و زیاتر لە _٥٠ی دیکەش برینداربوون.
ئەنتۆنی گولیلمی، وتەبێژی دەزگای خزمەتگوزاری نھێنی ئەمریکا لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەدا، ماددەیەکی سپی لە بەشی رۆژئاوای کۆشکی سپی دۆزراوەتەوە و لە پشکنینەکاندا دەرکەوتووە کە کۆکاینە.
ئەوەشی خستەڕوو، جۆری ماددە ھۆشبەرەکە لە جۆرە مەترسیدارەکان نییە و لەئێستاشدا لێکۆڵینەوەکان لە کۆشکی سپی دەستیپێکردووە.
وتەبێژی دەزگای خزمەتگوزاری نھێنی ئەمریکا وتیشی، رەنگە بە مەبەستی بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەی زیاتر بۆ ماددە ھۆشبەرەکە، کۆشکی سپی بۆ ماوەیەکی کاتی چۆڵ بکرێت.