لیژنەی دارایی دەنگ لەسەر ماددە و بڕگەکانی پرۆژەیاسای بودجە دەدات
کوردسات نیوز
٢١ی ئایاری ٢٠٢٣
د.نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە کوردسات نیوزی راگەیاند، کارەکانی ئێستای لیژنەی دارایی لەسەر پرۆژەیاسای بودجە گەیشتووەتە دەنگدان لەسەر بڕگە و ماددەکانی پرۆژەیاساکە و بەشێکی زۆریشیان تەواوکراون، تەنھا ھەندێ بیرۆکە و پێشنیاز ماون زیادبکرێن و پێشبینیش دەکەن بۆ کۆتایی ئەم ھەفتەیە رەشنووسی کۆتایی پرۆژەیاسای بودجە ئامادەبێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، ماددەکانی ١٢ و ١٣ و ١٤ کە پەیوەندییان بە ھەرێمی کوردستانەوە ھەیە، ماددەی ١٢ دەنگی لەسەر دراوە، بەڵام بڕگەکانی ھەردوو ماددەی ١٣ و ١٤ بەشێکیان تەواوبوون و بەشێکیشیان بۆچوونی جیاوازیان لەسەرە و دەیانەوێت دوای تەواوکردنی ئەو دوو ماددەیە و پێش ئەوەی دەنگی لەسەر بدەن، جارێکی تر بۆچوونی ھەردوو حکومەتی ھەرێم و عێراقی لەسەر وەربگرن، چونکە وەک لیژنەی دارایی نایانەوێت کارێک بکەن پێچەوانەی رێککەوتنەکەی ھەرێم و بەغداد بێت.