محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەکرد، بەپێی رێککەوتنەکە، عێراق پابەند دەبێت بە دانەوەی شایستە داراییەکانی ئێران، کە بەھۆی سزاکانی ئەمریکاوە نەتواندراوە بدرێتەوە.
وتیشی، رێککەوتنەکەی نێوان عێراق و ئێران کۆتایی بە قەیرانی غاز دەھێنێت و ئاستی ھەناردەی غازی ئێرانی بۆ وڵات دەگەڕێنێتەوە ئاستی پێشووی، کە ١٠ ملیۆن پێ سێ جایە لە رۆژێکدا.
جومانە غلای، وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، لە پێش ھەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٢١ەوە زیاتر لە ملیۆنێک و ٣٠٠ ھەزار کارتی بایۆمەتری لە بنکەکانی تۆمارکردن تەواوبووە و تائێستا ھاوڵاتییان وەریاننەگرتووەتەوە.
ئەوەشی خستەڕوو، لە ١٥ پارێزگاکەی عێراق، جگە لە ھەرێمی کوردستان زیاتر لە سێ ملیۆن دەنگدەر ھەیە، کە بەکارتی دەنگدانی کورت خایەن لە ھەڵبژاردنەکان دەنگیانداوە و کارتی بایۆمەتریان نییە، پێویستە ئەو دەنگدەرانە سەردانی بنکەکان بۆ دەرھێنانی کارتی بایۆمەتری.
وتەبێژی کۆمسیۆن باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان وتیشی، بەپێی یاسای ھەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پارێزگاکانی، لە ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان، دەنگدان بە کارتی بایۆمەتری کراوەتە مەرجی بەشداریکردن لە ھەڵبژاردنەکە.
ھاتف ساعدی، ئەندامی لیژنەی کارەبا و وزەی ئەنجومەنی نوێنەران لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەدا، حکومەتەکانی پێشووی عێراق، بە ئاستی پێویست وەبەرھێنانیان لە کەرتی کارەبادا نەکردووە و ئەوەش بووەتە ھۆی ئەوەی لەئێستادا وڵاتەکە بە قەیرانی سەختی نەبوونی کارەبا تێپەڕدەبێت.
ئەوەشی خستەڕوو، تاکەرێگەچارە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی کارەبا، ئەوەیە عێراق پشت بە غازی ناوخۆ ببەستێت لەبری غازی وڵاتان بۆ دابینکردنی کارەبا، بەڵام ھیچ ئیرادەیەکی سیاسی نییە بۆ چارەسەرکردنی ئەو قەیرانە.
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەران وتیشی، لە ئەگەری بەردەوامبوونی قەیرانی کارەبا، گەلی عێراق مافی خۆیەتی خۆپیشاندان دژی نەبوونی کارەبا دەستپێبکات، ئەوەش تێکچوونی دۆخی سەقامگیری وڵاتی لێدەکەوێتەوە.
حەیان عەبدولغەیانی، وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، رێککەوتنەکانی نێوان وەزارەتی نەوتی عێراق و کۆمپانیای تۆتاڵ دەبێتە ھۆی بەرەوپێشبردنی زیاتری کەرتی نەوت و گاز و کارەبا لە عێراق و لە بەرژەوەندیی ھاوڵاتییانە.
ئەوەشی خستەڕوو، لەدوای رێکەوتنەکەکان پیشەسازی نەوت و گاز لەعێراق زیاتر بەرەوپێش دەچێت.
گرێبەستەکان تایبەتن بە گواستنەوەی ئاوی دەریا بۆ کێڵگە نەوتییەکان، وەبەرھێنان لە غازی کێڵگە نەوتییەکانی پارێزگای بەسڕە، بەرزکردنەوەی ئاستی بەرھەمھێنانی و بەرەوپێشبردنی کێڵگە نەوتییەکانی ئەرتاوی لەگەڵ جێبەجێکردنی پرۆژەیەکی بەرھەمھێنانی کارەبا بە تیشکی خۆر، کە توانای بەرھەمھێنانی یەک گێگا واتی ھەبێت .
د.لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق لە راگەیەندراوێکدا بەبۆنەی پێنجەمین ساڵیادی رزگارکردنی موسڵ ئاماژەی بەوەدا، لە رۆژی ئازاکردنی مووسڵدا، ئاھەنگ دەگێڕن بۆ قارەمانێتی ئەو کەسانەی لەپێناو لەناوبردنی چەکدارانی داعش لە مووسڵ خوێنی خۆیان بەخشی و سەرکەوتنیان بەدەستھێنا.
راشیگەیاند، قوربانییە گەورەکانی شەھیدانی ھێزە ئەمنییەکان، بە ھێزی پێشمەرگەوە پیرۆز رادەگرن و پێزانینی خۆیان دەردەبڕن بۆ رۆڵی گەورەی مەرجەعیەتی باڵای ئایینی و فەتواکانیان بۆ ئازادکردنی مووسڵ.
سەرۆککۆماری عێراق دەڵێت پشتگیرییەکانی وڵاتانی ھاوپەیمان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە ئازادکردنی مووسڵ لەبیرناکەن، کە ھاوکارییان پێشکەشی ھێزەکانی عێراق دەکرد، دەشڵێت، لە رۆژی سەرکەوتندا، دەبێت بەشێوەیەک کار لەسەر یەکڕیزی نیشتمانی بکرێت، فرەڕەنگی نیشتمانی ببێتە فاکتەری ھێز بۆ گەلی عێراق لە ھەلومەرجێکدا، کە خواستەکان تێیدا یەکدەگرن و ھەستی نیشتمانی بەھێزتر دەبێت لەبەرانبەر دووبەرەکیدا .
ئاماژەی بەوەشدا، باشترین شتێک کە دەکرێت پێشکەشی شەھیدانی ئازادکردنی مووسڵ بکرێت، لە کاتێکدا کە عێراق لە ڕەوشێکی ئاسایش و ئارامیدا دەژین، کارکردنە بە ئیرادەیەکی یەکگرتوو لە پێناو بەردەوامبوون لە بونیادنانی دەوڵەتێکی دیموکراسی، کە بەڕێزە لەلای ڕۆڵەکانی و تۆکمەیە بەڕووی دوژمناندا.
مەزھەر محەمەد، راوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە چاوپێککەوتنێکدا لەگەڵ کوردسات نیوز ئاماژەی بە پشکی ھەرێم لە بودجەی فیدڕاڵ و رێنماییەکانی تایبەت بە یاسای بودجە کرد و وتی، لەئێستادا وەزارەتی دارایی سەرقاڵی ئامادەکردنی رێنماییەکانە بۆ چۆنیەتی جێبەجێکردنی بودجە.
سەبارەت بە پشکی ھەرێمی کوردستانیش، راوێژکارەکەی سودانی دڵنیایی دایە ھاوڵاتیان و فەرمانبەرانی ھەرێم و وتی، حکومەتی فیدڕاڵ مانگانە بودجە و موچەی ھەرێمی کوردستان دەنێرێت.
ئەو بەرپرسەی حکومەتی عێراق جەختی لەوشکردەوە کە لە یاسای بودجەدا ستراتیژییەتێک بۆ برەودان بە وەبەرھێنان، کەمکردنەوەی ھەژاری و رەخساندنی ھەلیکار دانراوە، ئامانجی حکومەتیش ئەوەیە لەو رێگەیەوە سەرچاوەکانی داھاتی دەوڵەت فرەجۆر بکات.
ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق بە نوسراوی رەسمی داوا لە وەزارەتی دەرەوە دەکات، کە لەرێگەی دیپلۆماسییەوە کار بکات بۆ گەڕاندنەوە سەلوان مۆمیکا ئەو پەنابەرەی لە دوو ھەفتەی رابردوودا لە وڵاتی سوید قورئانی سوتاند.
ھاوکات ئەنجومەنی باڵای دادوەری داواش لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەکات، لە زوترین کاتدا لە رێوشوێنەکان ئاگادارییان بکاتەوە بۆ گەڕاندنەوەی ئەو پەنابەرە.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، محەمەد شیاع سودانی پێشوازی کرد لە محەمەد حەلبوسی و باسیان لە جێبەجێکردنی کارنامەی حکومەت و کارکردن لەسەر داواکارییەکانی ھاووڵاتیان کرد.
ھەر لە کۆبوونەوەکەدا باس لە گرنگی یەکگرتن و پێکەوەکارکردنی دەسەڵاتەکانی جێبەجێکردن و یاسادانان کرا، لەپێناو تەواوکردنی لایەنی یاسادانان و چاودێریکردن، لای خۆشیەوە محەمەد حەلبوسی پشتیووانی لە گۆڕانکارییەکانی حکومەت لە فەرماندە ئەمنی و ئیدارییەکان کرد، ھەروەھا پشتیووانیی ھەنگاوەکانی حکومەتی کرد، بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی.
عون زیاب، وەزیری سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق رایگەیاند، وەزارەتەکەی بە نیازە بە سوود بینین لە تەکنەلۆژیای درۆن شوێن بۆ دروستکردنی ٢٠ بەنداو لە ناوچە بیابانییەکانی عێراق دیاریبکات، کە ئەمەش یەکەم جارە لەسەر ئاستی عێراق بەم شێوازە شوێن بۆ بەنداو دیاریدەکرێت.
ئەوەشی خستەڕوو، پرۆژەکە بە گوژمەی زیاتر لە ٢٠ ملیار دینار جێبەجێدەکرێت و یەکێکە لە پرۆژە ستراتیژییەکانی وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکان، کە تیایدا پێشکەوتووترین ئامێری سەردەم بەکاردەھێندرێت.
وەزیری سەرچاوە ئاوییەکان راشیگەیاند، ئامانج لە دروستکردنی بەنداوەکان گلدانەوەی ئاو و بەرەنگاربوونەوەی وشکەساڵییە لەوڵاتدا، بە تایبەتی لەئێستادا، کە بەشێکی زۆر لە دەریاچەکانی عێراق وشکبوون، بڕیاریشە دوای جێبەجێکردنی یاسای بوودجە پرۆژەکە بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
رۆژنامەکە لەزاری چەند سەرچاوەیەکی ئاسایشی نیشتیمانی عێراق و حەشدی شەعبییەوە بڵاویکردەوە، بێسەروشوێنکردنی ئەو توێژەرە لە بەغداد بۆ فشاردروستکردنە لەسەر ئیسرائیل تا لەگەڵ تاران دەست بە گفتوگۆ بکات بەمەبەستی ئاڵوگۆڕپێکردنی لەگەڵ ھاوڵاتییەکی تری ئێران کە لە تەلئەبیب دەستبەسەرکراوە.
ئەوەشی خستوەتەڕو، لەئێستادا ئەو ھاوڵاتییە لەسەر داوای ئێران، لەلایەن گروپی حزبوڵای عێراقەوە دەستبەسەرکراوە و ھەندێک سەرچاوەش دەڵێن گوازراوەتەوە بۆ تاران.
لەبارەی گریمانەی ئاڵوگۆڕپێکردنیشی لەلایەن ئێرانەوە، رۆژنامەکە باسی لەوەکردوە، بە نێوەندگیری روسەکان لەئێستادا گفتوگۆ ھەیە تاوەکو ئەو توێژەرە ئیسرائیلی-روسییە لەگەڵ یوسف شەھبازی، ھاوڵاتی دەستبەسەکراوی ئێران ئاڵوگۆڕی پێبکرێت، کە ناوەڕاستی مانگی حوزەیران ئیسرائیل لە ناو ئێرانەوە رفاندی و تۆمەتباریکرد بە ئەنجامدانی ھێرش دژی ئیسرائیلییەکان لە قوبرس.
دادگای باڵای فیدراڵی عێراق لە نووسراوێکدا بڵاویکردەوە، دادگا بە سەرۆکایەتی دادوەر جاسم عەبود و ئامادەبوونی دەستەی دادوەری، تایبەت بەو سکاڵایە کۆبووەتەوە، کە لەلایەن ژمارەیەک بازرگانەوە لەسەر سێ سەرۆکایەتیەکە تۆمارکرابوو، لەبارەی نا دەستووریبوونی ماددەی ١٤ی یاسای ھاوردەکردن، دروستکردن و فرۆشتنی خواردنەوە کحلوییەکان.
ئەوەسی خستەڕوو، لە دانیشتنەکەدا بە پشت بەستن بە ماددەی ٩٤ی دەستوور بڕیاردرا، قەدەغەکردنی ھاوردەکردن، دروستکردن و فرۆشتنی خواردنەوە کحولییەکان دەستوورییە و ئەو سکاڵاکەش کە دژی تۆمارکراوە لەلایەن دادگاکەوە رەتکرایەوە.
داود سلێمان، بەڕێوەبەری رێکارەکان و راھێنان لە کۆمسیۆنی سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق بە رۆژنامەی سەباحی فەرمی راگەیاند، لە ھەڵبژاردنی ١٨-١٢-٢٠٢٣ سێ تایبەتمەندی نوێیان داناوە، لەوانەش کراوەتە مەرج کە دەبێت ھاوڵاتی کارتی بایۆمەتری دەنگدانی پێ بێت.
ئەوەشی خستوەتەڕو، تایبەتمەندییەکی تریش ئەوەیە کە ئەو کەسانەی دانیشتووی پارێزگایەکن بەڵام بۆ کارکردن چوونەتە پارێزگایەکی دیکە، دەتوانن لە نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران داوای گۆڕینی شوێنی دەنگدان بکەن و پێویست ناکات بۆ دەنگدان بگەڕێنەوە پارێزگاکەی خۆیان.
بەڕێوەبەری رێکارەکان و راھێنانی کۆمسیۆن دەڵێت، تایبەتمەندی سێیەمیش ئەوەیە بەستەری یەکلاییکردنەوە و بەراوردکردنی داتاکان بەئەلیکترۆنی کراوە و ئەو راپۆرتەی لە دەزگای جیاکردنەوەی دەنگەکانەوە دەردەچێت، دوور دەبێت لە ھەموو جۆرە دەستوەردانێکی مرۆڤ.
یەحیا ئال ئیسحاق، سەرۆکی ژوری بازرگانی ئێران-عێراق دەڵێت، ئێستا ھەموو وڵاتانی جیھان دەیانەوێت کۆتایی بە ھەژموونی دۆلاری ئەمریکی بھێنن، لەو چوارچێوەیەشدا حکومەتی ئێران پلانی ئەوەی ھەیە ھەموو ئاڵوگۆڕی بازرگانی خۆی لەگەڵ عێراق بکات بە دیناری عێراقی.
ئەوەشی خستوەتەڕو، ئەگەر ئاڵوگۆڕی بازرگانی بە دراوی نیشتیمانی ھەردوو وڵات بێت پەیوەندییە بازرگانییەکان زیاتر گەشە دەکەن، جگەلەوەش ھاتنی ملیۆنان گەشتیار بۆ ھەردوو وڵات ھاوکاردەبێت لە خەرجکردنی ئەو پارەیەی دێتە خەزێنەی بەغداد و تاران.
سەرۆکی ژوری بازرگانی ئێران-عێراق پێی وایە ئەو ھەنگاوە ھەردوو وڵات لە فشارەکانی ئەمریکاش رزگار دەکات و ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانیش زیاتر دەکات.
مەزھەر محەمەد ساڵح راوێژکاری دارایی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاندوە، ھەرچەندە سەرۆکایەتی کۆمار یاسای بودجەی پەسەند کردووە و لە رۆژنامەی وەقائیعی رەسمیش بڵاوکراوەتەوە، بەڵام تا ئێستا بڕگە و ماددەیەکی یاساکە نەخراوەتە بواری جێبەجێکردنەوە و ھیچ بڕە پارەیەکیش بەپێی یاسای بودجە خەرج نەکراوە.
وتیشی، ھۆکاری جێبەجێ نەکردنی یاسای بودجە دەرنەکردنی رێنماییەکانی تایبەت بە جێبەجێکردنی یاساکەیە لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە کە چاوەڕوان دەکرێت لەم چەند رۆژەدا دەریان بکات و یاساکە بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
وەزارەتی تەندروستی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، ساڵح حەسناوی وەزیری تەندروستی عێراق لە سەردانەکەیدا بۆ ئێران لەگەڵ بەھرام عەین ئیلاھی وەزیری تەندروستی ئێران کۆبووەتەوە و لێکتێگەیشتنێکی ھاوبەشیان لە بواری ھاوکاری تەندروستی و دەرماندا ئیمزا کردووە.
راشیگەیاندووە، بەشێکی لێکتێگەیشتنەکە ئاڵوگۆڕی توانا و ئەزموونی زانستیی پزیشکیی و لێکنزیک کردنەوەی پیشەسازی دەرمان و جێبەجێکردنی پرۆژە تەندروستییەکان لە خۆدەگرێت.
سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران رایگەیاند، سبەینێ وەرزی دووەمی یاسادانان دەستپێدەکاتەوە و لیژنەکان کۆبوونەوەکانیان دەستپێدەکەنەوە، ناوەڕاستی ئەم مانگەش ئەنجومەنی نوێنەران کۆدەبێتەوە.
لای خۆیەوە، "د.نەرمین مەعروف"ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەران بە کوردسات نیوزی راگەیاند، سبەینێ کۆبونەوەی لیژنەکانی ئەنجومەنی نوێنەران دەستپێدەکاتەوە، بۆ ئاماداکاری بۆ دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەران کە بڕیارە ١٥ی ئەم مانگە بەڕێوەبچێت.