مەزھەر محەمەد ساڵح، راوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەکرد، چین و ھیندستان پلانی ئەوەیان ھەیە لە دوو دەیەی داھاتوودا کۆنتڕۆڵی بازارەکانی ئاسیا و جیھان بکەن، بۆ ئەو مەبەستەش زۆر پێویستییان بە نەوت دەبێت و زۆرترین نەوتی عێراقیش بۆ ئەو دوو وڵاتە دەڕوات.
ئەوەشی خستوەتەڕو، لەلایەکی دیکەشەوە شەڕی روسیا و ئۆکراین وایکردووە وڵاتانی جیھان چیتر نەوت و غازی روسیا نەکڕن، بۆیە تا شەڕی ئەو دوو وڵاتە بەردەوام بێت نرخی نەوت لە ٧٧ دۆلار زیاتر دانابەزێت.
راوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق باوەڕیشی وایە ئەو دوو ھۆکارە وادەکەن لە دوو ساڵی داھاتوودا نرخی بەرمیلێک نەوت لە نێوان ٧٧ بۆ ٨٧ دۆلار مامەڵەی پێوەبکرێت.
ھادی عامری سەرۆکی ھاوپەیمانی فەتح کە بەشێکە لە چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعەکان رایگەیاندووە، لەئێستادا ژمارەی ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق بە دوو ھەزار و ٥٠٠ سەرباز مەزەندە دەکرێن و لەچەند ناوچەیەکی جیاجیا جێگیرکراون، بە تایبەتیش لەناو دامەزراوە سەربازییەکانی بەغداد و ناوچەکانی باکور.
لە بارەی داھاتەکانی عێراقیشەوە، ھادی عامری ئاماژەی بەوەکردووە، نەنگییەکی گەورەیە بۆ عێراق کە تەنھا فەرمانبەرێکی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا کۆنترۆڵی داھاتەکانی بکات و مامەڵەی پێوە بکات، داواش لە حکومەتی عێراق کردووە پارێزگاری سەربەخۆیی ئابورییەکەی بکات.
لێپرسراوێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کە ناوەکەی ئاشکرا نەکردووە بە کەناڵی "حورە"ی راگەیاند، ئیدارەی جۆ بایدن بەردەوام دەبێت لە جێبەجێکردنی سەرجەم سزا سەپێندراوەکانی سەر ئێران.
وتیشی، سیاسەتیان بەرامبەر ئێران وەک خۆیەتی و ئێران دەتوانێت داھاتی فرۆشی وزەی لە عێراق لەپێناو مامەڵەی مرۆیی وەربگرێت، چونکە ھەموو جۆرە مامەڵەکانی دیکە لەژێر سزادان.
جەختیشیکردەوە لەوەی، ئەمریکا پشتیوانی تەواوی ھەوڵەکانی عێراق دەکات بۆ بەدەستھێنانی سەربەخۆیی لە وزەدا، دانوستانیشیان لەگەڵ عێراقییەکان ھەیە سەبارەت بە سزاکانی سەر ئێران، ناشھێڵن سزاکانیان بۆ سەر ئەو وڵاتە زیانی بۆ سەر عێراق ھەبێت.
لێپرسراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دڵنیاییشیدا لەوەی، ھەر پڕوپاگەندەیەک سەبارەت بەوەی سزاکانی ئەمریکا لەسەر ئێران رێگرە لە ھەناردەی غاز بۆ عێراق، دوورە لە راستییەوە.
وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، لە چوارچێوەی ھەڵمەتی نیشتیمانی بۆ بەرنگاربوونەوەی ماددەی ھۆشبەر، دوای کۆکردنەوەی زیانیاری ورد و فەرمانی دادوەر بۆ دەستگیرکردنیان، ھێزێکی تایبەتی وەزارەتی ناوخۆ لە ناوچەیەکی سەر بە پارێزگای موسەننا مەترسیدارترین تۆڕی نێودەوڵەتی بازرگانیکردن بە ماددەی ھۆشبەر دەستگیراون کە لە سێ کەس پێکھاتبوون.
راشیگەیاندووە، لەکاتی دەستگیکردنی تۆڕەکەدا دەستیش بەسەر دوو ملیۆن حەبی ھۆشبەردا گیراوە لە جۆری کپتاگۆن، لەئێستاشدا بەپێی حوکمەکانی ماددەی ٢٧ی ماددە ھۆشبەرەکان راگیراون و لایەنە پەیوەندیدارەکان لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکەن.
لە رۆژی ١٤ی تەمووزی ساڵی ١٩٥٨ بە سەرۆکایەتی عەبدولکەریم قاسم و عەبدولسەلام عارف شۆڕشێک بەرپاکرا کە بە کودەتاش ناودەبرێت و بەھۆیەوە فەیسەڵی دووەم پاشای عێراق کە تەمەنی ٢٣ ساڵ بوو و عەبدول ئیلاە کە جێنشین بوو لەگەڵ نوری سەعید سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتەی عێراق کوژران و کۆتایی بە دەسەڵاتی پاشایەتی لە عێراق ھێنرا و کۆماری عێراق دامەزرێندرا.
ئەو شۆڕشەش لەساڵی ١٩٦٣ کودەتایەکی دیکەی بەدوادا ھات و لە رۆژی ٩ی شوباتی ١٩٦٣ عەبدولکەریم قاسم لەسێدارەدرا و کۆتایی بە دەسەڵاتەکەی ھێنرا.
دەستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران بڕیاریداوە سبەینێ، یەکەم دانیشتنی وەرزی دووەمی یاسادانان بەڕێوەبچێت، بەپێی کارنامەی کۆبوونەوەکە خوێندنەوەی یەکەم بۆ حەوت پڕۆژەیاسا دەکرێت. ھەروەھا رۆژی دوو شەممەش خوێندنەوە یەکەم بۆ پێنج پڕۆژەیاسا دەکرێت، بەڵام دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای بە پارێزگابوونی ھەڵەبجە نەخراوەتە بەرنامەی کاری کۆبوونەوەکان.
سەبارەت بەو بابەتە چرۆ حەمەشەریف، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەران بە کوردسات نیوزی راگەیاند، لە ٨ی ئایاری رابردووەوە بە نوسراوی رەسمی داوای لە سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران کردووە، دوای پشووەکان و دەستپێکردنەوەی کۆبوونەوەکان، پڕۆژەیاسای بە پارێزگابوونی ھەڵەبجە بخرێتە بەرنامەی کارەوە.
وتیشی، بەدواداچوون بۆ ئەو بابەتە دەکەن و ھەوڵەکان چڕدەکەنەوە بۆ ئەوەی ھەفتەی داھاتوو ئەو بابەتە بخرێتە بەرنامەی کار و دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی ھەڵەبجە بدرێت.
راگەیاندنی سەرۆکایەتی وەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەلایەن رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیاوە پێگەیشتووە و تیایدا گفتوگۆ لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوو وڵات کراوە.
لە پەیەوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، سودانی جەختی لەوەکردووەتەوە، عێراق لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و ئیقلیمی لە ھەوڵی بەھێزکردنی پەیوەندییەکانییەتی لەگەڵ وڵاتان بۆ بەرەوپێشبردنی پڕۆژەی گەشەپێدان، ھەروەھا لە ھەوڵدایە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئاستەنگییەکان و بەرقەرارکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکە.
لەبەرامبەردا، ئەردۆغان پشتگیری خۆی بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوو وڵات دەربڕی و ئامادەیی تورکیای نیشاندا، بۆ بەشداریکردن لە پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدانی عێراق، کە خزمەت بە گەلی ھەردوو وڵات و ناوچەکە بە گشتی دەکات.
پرۆژەی رێگەی گەشەپێدانی عێراق، پڕۆژەیەکی ھێڵی ئاسنینە، کە بەندەری فاوی بەسڕە لە عێراق بە تورکیا و وڵاتانی ئەوروپاوە دەبەستێتەوە و ئامانج لێی بەرەوپێشبردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانییە لە رێگەیی وشکانییەوە و رۆڵی گرنگی دەبێت بۆ بەھێزکردنی ژێرخانی ئابوری عێراق.
زیاد عەلی وەزیری کارەبای عێراق رایگەیاند، رێژەی بەرھەمھێنانی وزە بۆ ٢٣ ھەزار و ٥٠٩ مێگاوات بەرزبووەتەوە، ئەوەش دوای دەستپێکردنەوەی بەشێکی ھاوردەی غاز و وتیشی، چاوەڕێی زیادبوونەوەی رێژەی ھاوردەکردنی غازن و لەگەڵ زیادبوونی رێژەی ھاوردەکردنی غاز، سەعاتەکانی پێدانی کارەبا بە ھاووڵاتیان زیاد دەبن.
راشیگەیاند، ئەو گرێبەستانەی لەگەڵ کۆمپانیای تۆتاڵ و ئەلبێلا کراون، نزیکەی دوو ھەزار مێگاوات کارەبا دابین دەکەن.
ئەو لێدوانەی وەزیری کارەبا لەکاتێکدایە، چەند رۆژی رابردوو بەھۆی راوەستانی ھاوردەی غاز لە ئێرانەوە، سەعاتەکانی پێدانی کارەبای نیشتمانی لە عێراق کەمبوونەوە، حکومەتی عێراقیش بڕیاریدا لە بەرامبەر ھاوردەکردنیی غاز لە ئێرانەوە، نەوتی رەش و نەوتی خاو ھەناردەی ئێران بکات.
سودانی لەمیانی سەردانی بۆ ئەمیندارێتی بەغداد رایگەیاند، ئاسانکردنی رێوشوێنەکان لە فەرمانگەکانی دەوڵەت دەبێتە مایەی نەھێشتنی زۆرێک لە حاڵەتەکانی گەندەڵی کە لە رێگەی بەرکەوتنی راستەوخۆ لەگەڵ ھاووڵاتیان روو دەدەن.
وتیشی، ٩٠٪ی پرۆسەی مۆڵەتپێدانی باڵەخانەکان گەندەڵی و ئاستەنگی کارکردنی تێدایە و جەختیکردەوە لەسەر کارکردن بۆ بەرپەرچدانەوەی گەندەڵکاران و مشەخۆران.
بەوتەی سودانی کەسانێک وەک بەڵێندەرو بەبێ ھیچ راسپاردنێکی یاسای لە شەقامەکان کرێی وەستان لە ھاووڵاتیان وەردەگرن .
کۆشکی سپی لە راگەیەندراوێکدا لە پێگەی رەسمی خۆی بڵاویکردەوە، ئەو رێککەوتنە گەورەیە کە بەشداری کۆمپانیا ھەرێمی و ئەمریکییەکان لەخۆدەگرێت، ھەنگاوێکە بۆ گەیشتن بە ئاستی خودبژێوی لە بواری وزەدا لە عێراق و ھەروەھا بەدیھێنانی ئامانجە کەشوھەواییەکان.
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو، لەگەڵ کۆتاییھاتنی پڕۆژەکە، عێراقییەکان سودمەند دەبن لە زیادبوونی کارەبا و کەمبوونەوەی مەترسییە تەندروستییەکانی پەیوەست بە سوتانی غازەوە.
ئەمریکا جەختیشیکردەوە لەوەی، پشتیوانی ھەموو ھەوڵەکانی عێراق دەکات بۆ ھەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی وزە و بەردەوام دەبێت لەکارکردن لەگەڵ "محەمەد شیاع سودانی" سەرۆک وەزیرانی عێراق و حکومەتەکەی، بۆ دڵنیاییدان لەوەی سەرچاوە سروشتییە بەردەستەکان لە عێراق، بخرێتە بەرژەوەندی گەل و پێداویستییەکانیان پڕبکاتەوە.
دووشەممەی رابردوو، عێراق و کۆمپانیای تۆتاڵ ئینێرجی فەڕەنسی رێککەوتنێکی وزەیان بە بەھای ٢٧ ملیار دۆلار ئیمزاکرد، بۆ زیادکردنی بەرھەمھێنانی نەوت و کارەبا لە چوار پڕۆژەی نەوت و غاز و سەرچاوەکانی وزەی نوێ.
فەرمانگەی بەرەنگاربوونەوەی ماددەی ھۆشبەر لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئاماژەی بەوەکرد، لە چوارچێوەی ھەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی ماددەی ھۆشبەر، ھێزەکانیان لەچەند سەعاتی رابردوودا دوای دەستگیرکردنی گروپێک بازرگانی ماددەی ھۆشبەر لە ئەنبار و دەستگرتن بەسەر ٢٠٠ ھەزار حەبی ماددەی ھۆشبەری کریستاڵ. دواتریش لە بەغداد و ھەولێر ژمارەیەکی دیکەی بازرگانی ماددەی ھۆشبەر دەستگیرکراون و دەستگیرکراوە بەسەسەر سێ کیلۆماددەی ھۆشبەری جۆری کریستاڵ.
ھەروەھا لە پاریزگاکانی کوت و کەرکوکیش لە دوو ھەڵمەتی ھێزە ئەمنییەکاندا ژمارەیەک بازرگانی ماددەی ھۆشبەر دەستگیرکران و دەستگیرا بەسەر دوو کیلۆ ماددەی ھۆشبەری جۆری کریستاڵ.
لە کۆبوونەوەکەدا د.لەتیف رەشید ئاماژەی بەوەدا، پێویستە لیژنەکە نوێنەرانی سەرجەم پارێزگاکان لەخۆبگرێت و بەپێویستیشی زانی چەندین ھەنگاوی سەرەتایی بنرێت و لەڕێگەی ئەنجامدانی سیمینار و وۆرکشۆپەوە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی ھۆشیاری و دامەزراندنی ژێرخانێکی تایبەت بە چارەسەرکردنی بەکارھێنەرانی ماددە ھۆشبەرەکان، پشتیوانییان لێبکرێت.
سەرۆککۆمار ئاماژەی بە پێویستی بنیادنانی کلتورێکی جددی کرد لەڕێگەی میدیاوە، ھەروەھا باسی لە داواکردنی دامەزراندنی سندوقی بەرەنگاربوونەوەی ماددە ھۆشبەرەکان و چارەسەرکردنیانی کرد، لەڕێی پڕۆژەیاسای ژمارە ٥٠ی ساڵی ٢٠١٧، کە کار بۆ پڕکردنەوەی زۆرێک لە کەموکوڕییەکانی یاساکە کراوە و سەرۆکایەتی کۆمار ئاڕاستەی ئەنجومەنی نوێنەرانی کردووە، ھەروەھا گرنگی پەسەندکردنی راسپاردە راستەقینەکانی روونکردەوە بۆ چارەسەرکردنی پرسێکی بەردەوام کە پێویستی بە ھەڵوێستەیەکی جددی ھەیە بە کۆنترۆڵکردنی سنورەکان و رێگریکردن لە بازرگانیکردن بە ماددە ھۆشبەرەکان و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی.
ئەندامانی لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی ماددە ھۆشبەرەکانیش ئاماژەیان بەوە کرد، کاریانکردووە بۆ دامەزراندنی داتابەیسێک و تاکە لیژنەی تایبەتن بە ماددە ھۆشبەرەکان لە نێو پەرلەمانە عەرەبیەکاندا .راشیانگەیاند، کاردەکرێت بۆ دامەزراندنی چەندین کلینیک لە ھەموو پارێزگاکاندا، بۆ چارەسەرکردنی بەکارھێنەرانی ماددەی ھۆشبەر.
دەقی روونکردنەوە...
بەشێک لە میدیاکان ھەواڵێکیان بڵاوکردوەتەوە لەبارەی ھەڵوەشاندنەوەی مەرسومی کۆماریی ژمارە (١٤٧)ی ساڵی ٢٠١٣ بۆ کەسایەتیەکی ئایینی دیاریکراو ، لێرەدا ئاماژە بەوە دەکەین کە پێشتر دوو مەرسومی کۆماریی بۆ دوو کەسایەتی ئایینی لە ھەمان قۆناغدا دەرکراون و ئەوانیش ھەروەھا نوێ نەکرانەوە چونکە ھیچ بنەمایەکی دەستورییان نەبووە، وەک چۆن ھیچ مەرسومێکی کۆماریی نییە بۆ دامەزراندنی چونکە تەنیا مەرسومی کۆماری بۆ فەرمانبەران لە دامەزراوە و سەرۆکایەتی و وەزارەتەکان و ئۆرگانە حکومییەکان دەردەچێت.
ھیچ دامەزراوەیەکی ئایینی بە دامەزراوەی دەوڵەت دانانرێت و ئەو کەسایەتی ئایینیەش فەرمانبەری دەوڵەت نیە بۆ ئەوەی مەرسومێکی دامەزراندنی بۆ دەربکرێت.
لێرەوە جارێکی تر دووپاتی دەکەینەوە کە ھەڵوەشاندنەوەی مەرسومی کۆماریی ژمارە (١٤٧) بە مەبەستی ڕاستکردنەوەی دۆخێکی دەستوری بووە، بەبێ گوێدانە ھەر ڕەچاوکردنێک لەو بارەیەوە.
نووسینگەی سەرۆک کۆمار
سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ وەزیرانی کارەبا و نەوت و ژمارەیەک لە کارمەندە پێشکەوتووەکانی ھەردوو وەزارەت و ژمارەیەک راوێژکار کۆبووەوە و گفتوگۆیان لەبارەی سەرھەڵدانی قەیرانی کارەبا کرد.
نوسینگەی راگەیاندنی سودانی ئاماژەی بەوەکرد، لە کۆبوونەکەدا گفتوگۆکراوە لەبارەی دۆزینەوەی چارەسەری جێگرەوە و خێرا بۆ روبەڕوبوونەوەی ئەو قەیرانەی، بەھۆی پچڕانی ھاوردەکردنی غاز لە ئێران دروستووە.
لە کۆبوونەکەدا سودانی رایگەیاند، بەھۆی سزاکانی ئەمریکا لەسەر ئێران، بەکارھێنانی غازی ئێران بۆ بەرھەمھێنانی کارەبا لە عێراق، بۆ زیاتر لە نیوە دابەزیووە، وتیشی، کار لەسەر دۆزینەوەی جێگرەوە و چارەسەری خێرا دەکەن و ھەوڵی کڕینی غاز لە تورکمانستان و قەتەر دەدەن.
دادگای فیدڕاڵی رۆژی ١٦ی تەمموز لەسەر سکاڵایەک کۆدەبێتەوە کە لەلایەن زیاد جەبار سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراوە و تیایدا داواکراوە دادگاکە ئەنجومەنی کۆمسیارانی کۆمسیۆنی ھەڵبژاردن و راپرسی ھەرێم بە نادەستوری دابنێت و کۆتایی بە ئەندامیەتییان بھێنێت، چونکە ماوەی یاساییان بەسەرچووە.
سکاڵای دووەم و سێیەمیش کە لەلایەن زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان و ئامانج نەجیب شەمعون ئەندامی فراکسیۆنی رافیدەین لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی تۆمارکراوە، تیایدا داواکراوە دادگای فیدڕاڵی ماددەکانی ١ و ٩ و ١٥ و ٢٢ و ٣٦ لە یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە نادەستوری دابنێت کە پەیوەندیدارن بە کورسی کۆتاکان و دانانی ھەرێم بە یەک بازنەی ھەڵبژاردن.
دادگای فیدڕاڵی بڕیاریداوە رۆژی ١٨ـی تەمموز لەسەر ئەو دوو سکاڵاش کۆببێتەوە و بڕیاری خۆی لەبارەیانەوە بدات، ئەگەریش دادگاکە ئەو مادانەی یاسای ھەڵبژاردن بەنادەستوری لەقەڵەم بدات، تا دەرچوونی یاسایەکی تازە ھەرێم ناتوانێت ھەڵبژاردن ئەنجام بدات.
خالید ئیسماعیل بەرێوەبەری گشتی کۆمپانیای پیشەسازی دانەوێڵە لە وەزارەتی بازرگانی عێراق رایگەیاند، بری پێویست لە گەنم لە بەردەستدایە و دەتوانرێت پێداویستی ھاوڵاتیان بۆ ئارد دەستەبەر بکرێت.
وتیشی لەم ساڵدا نۆ بەشە ئارد دابەش دەکرێت، لەکاتێکدا ساڵی رابردوو حەوت بەشە ئارد دابەشکراو لە ئێستاشدا دەستکراوە بە دابەشکردنی پێنجەم بەشە ئاردی ئەمساڵ.