رۆژنامەی واڵ ستریتی جۆرناڵی ئەمریکی بڵاویکردووەتەوە، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا دوای بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە بۆی دەرکەوتووە، ژمارەیەک بانک لە عێراق تێوەگلاون لە مامەڵەی نایاسایی و سپیکردنەوەی پارە لەگەڵ وڵاتی ئێران، بەوھۆیەشەوە سزای بەسەر ١٤ بانکی عێراق سەپاندووە.
رۆژنامەکە لە زاری چەند بەرپرسێکی ئەمریکییەوە رایگەیاندووە، مەترسی سەرەکی سەپاندنی سزا بەسەر عێراقدا پەیوەندی بە ئێرانەوە ھەیە و ئەو کەس و لایەنانەی سزادراون لە عێراق، بەشێوەیەک لە شێوەکان پەیوەندییان لەگەڵ ئێران ھەبووە.
بەپێی زانیارییەکانی رۆژنامەکە، لەنێوان ئەو بانکانەی سزادراون چەند بانکێکی ئیسلامی ھەیە و ئەوەش وایکردووە، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بە ھەماھەنگی لەگەڵ بانکی ناوەندی عێراق، چاودێرییەکانی بۆ سەر ئەو جۆرە بانکانە زیاتر بکات.
زەینەب موسەوی، ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە تویتێکدا بڵاویکردەوە، گفتوگۆ و دانووستانەکانیان لەگەڵ لایەنەکان بەردەوامە بۆ پەسەندکردنی پرۆژەیاسای نەوت و غاز لە ئەنجومەنی نوێنەران.
ئەوەشی خستەڕوو، وابڕیارە ئەنجومەنی نوێنەران لە وەرزی یاسادانانی ئێستایدا، خوێندنەوەی یەکەم و دووەم بۆ پرۆژەیاسای نەوت و غاز دەکات و بە زۆرینەی دەنگ پەسەندی دەکات.
ئەو ئەندامەی لیژنەی نەوت و غاز وتیشی، بە پەسەندکردنی پرۆژەیاسای نەوت و غاز، نەخشەڕێگایەکی نوێ بۆ کەرتی نەوت لە عێراق دەکێشرێت.
ئەحمەد سەحاف وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، پارچە شوێنەوارێکی سەردەمی ئاشوورییەکان کە مێژووییەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی حەوتەمی پێش زایین، لەلایەن سویسراوە رادەستی عێراق کراوەتەوە، کە بریتییە لە تابلۆیەکی لە گەچ دروستکرا و ئەسپێک و عەرەبانەیەک کە سێ کەسی ھەڵگرتووە و بەدارخورما دەورە دراوە لەسەری نەخشێنراوە.
وتیشی، درێژی پارچە شوێنەوارەکە ٦٤ سانتیمەترە، بەرزییەکەی ٤١ سانتیمەتر، پانیەکەی نۆ سانتیمەترە و لەسەر بنکەیەکی کانزایی دانراوە.
د. لەتیف رەشید سەرۆککۆماری عێراق لە ١٨ی حوزەیرانی رابردوو پارچە شوێنەوارێکی سەردەمی ئاشوورییەکانی لە ئیتاڵیا وەرگرتەوە، لە شەشی ئایاری رابردووش شەش ھەزار ھەزار پارچە شوێنەواری عێراق لە بەریتانیا وەرگیرایەوە.
نوری مالیکی سەرۆکی ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا سەبارەت بە پەیوەندییەکانی حزبی دەعوە لەگەڵ رەوتی سەدر ئاماژەی بەوەکرد، پارتی دەعوە موقتەدا سەدری نیگەران نەکردووە تاکو دووربکەوێتەوە لە سیاسەت، بەڵکو پارتەکە دەستی ئاشتەوای بۆ درێژکردووە تا پەیوەندییەکانی نێوانیان ئاسایی بکاتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا حزبەکەی و سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی دیکە دژی گەڕانەوەی سەدر بۆ سیاسەت نین.
ھەروەھا مالیکی لەسەر لەکارخستنی حەلبوسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران ئاماژەی بەوەدا، ئەو پرسە تایبەتە بە لایەنە سوننییەکان و دەبێت لەنێو خۆیاندا بە زۆرینەی دەنگ یەکلایی بکەنەوە، شیعەش پشتگیری لە بڕیاری کۆتاییان دەکات.
سەبارەت بە بەرزبوونەوەی بەھای دۆلار، مالیکی دەڵێت، لە سەردەمی حکومەتەکەی مستەفا کازمی دابەزینی نرخی دینار بەرامبەر دۆلار دەستیپێکرد و تا سزاکانی ئەمریکا لەسەر ئێران بمێنێت، نرخی دۆلار لە عێراق سەقامگیری بەخۆیەوە نابینێت.
ئەحمەد شرمانی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوەکردوە، رەشنوسی مووچەی بنەڕەتی فەرمانبەران لە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانە و چاوەڕێ دەکرێت بەمزوانە رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران بکرێت، پەرلەمانتارانیش یەکلاییکردنەوەی ئەو پڕۆژەیە بە گرنگ دەزانن چونکە ھۆکارێکە بۆ دادپەوەری کۆمەڵایەتی.
باسی لەوەشکردوە، ئەو یاسایانەی تایبەتن بە وزە و ئاو لە وەرزی نوێی یاساداناندا کاری لەپێشینە دەبن، بەتایبەتیش بانگھێشتکردنی وەزیرانی پەیوەندیدار بە رێککەوتنی غاز بەرامبەر نەوت لەنێوان بەغداد و تاران.
لە وەرزی پێشوی یاساداناندا، ئەنجومەنی نوێنەران یاسای خانەنشینی و چاودێری کۆمەڵایەتی پەسەند کرد کە داواکارییەکی سەرەکی کرێکاران بوو، ئەحمەد شرمانی دەڵێت، لەم وەرزەشدا کار بۆ دەرچواندنی یاسای نەوت و غاز دەکەن کە رۆڵێکی سەرەکی دەبێت لە بەھێزکردنی بنەمای دادپەروەری کۆمەڵایەتی.
لە دوای کۆبوونەوەیەک، مالکی لە راگەیەندراوێکی حزبەکەیدا رایگەیاند، ھەڵوێستیان لەسەر مەرجەعیەتی باڵای دینی روونە، بە تایبەتی مەرجەعیەتی شەھیدانی سەدر، سەرسوڕمانیشیان دەربڕی لەبارەی وروژاندنی پرسی سوکایەتیکردن بە شەھید سەدری دووەم لەم کاتەدا.
لە راگەیەندراوەکەدا، حزبی دەعوە داوای لە رەوتی سەدر کردووە، بەڵگەیان پێشکەش بکات سەبارەت بەوەی سوکایەتی بە "محەمەد سادق سەدر" کراوە، بۆ ئەوەی رێکاری گونجاو بگرنەبەر و بەبێ بەڵگە ھیچ شتێک ناکەن.
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەشیان خستەڕوو، ھێرش کردنە سەر نوسینگەکانی حزب و پێگە و بارەگاکان، پاساوی یاسایی و سیاسی و شەرعی نییە، تواناشیان ھەیە بەرگری لە خۆیان بکەن و پارێزگاری لە نوسینگەکانیان بکەن لە ھەر پێشێلکارییەک، بەڵام داواش لە ھێزە ئەمنییەکانی حکومەت دەکەن، بە بەرپرسیارێتی خۆیان ھەستن بۆ پاراستنی ئاسایش و سەروەت و سامانی گشتی و تایبەت.
ئەو راگەیەندراوە دوای ئەوە ھات، لایەنگرانی رەوتی سەدر بارەگاکانی حزبی دەعوەی ئیسلامییان لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشوری عێراق داخست، ئەوەش بەھۆی نیگەرانییان لەسەر سوکایەتی کردن بە محەمەد محەمەد سادق سەدر.
د.لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق لە توتێکدا رایگەیاند، گەرمترین پیرۆزبایی ئاڕاستەی رۆڵەکانی گەل لە سابئەی مەندائی دەکات، بەبۆنەی ھاتنی سەری ساڵی نوێی مەندائییەکانەوە. ھیواخوازە ساڵێکی پڕ خێر و سەرکەوتن بێت بۆیان.
راشیگەیاند، وڵاتەکەمان چاوەڕێی ئەوەیە کە ھەمووان پێکەوە ھاوکار بین لە بنیاتنانەوە و نۆژەنکردنەوە و بەرقەرارکردنی ئاشتی لە عێراقی ھەمووان.
ئاژانسی "مھر"ی ئێرانی بڵاویکردەوە، لە کۆبوونەوەکەدا ھەردوولا پتەوکردنی پەیوەندییە دۆستانەکان و ھەماھەنگی نێوان بەغداد و تارانیان تاوتوێ کردووە، بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانیش کە لە بەرژەوەندی ھەردوو وڵات بێت، باسکراون.
ھەر لە کۆبوونەوەکەدا، پرسی پاراستنی سنورەکانی نێوان عێراق و ئێران و ھەماھەنگییەکان لە روبەڕوبوونەوەی تیرۆر، گفتوگۆیان لەبارەوە کراوە.
بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی نیویۆرک تایمز، حکومەتی عێراق ھەوڵدەدات کۆنترۆڵی ئەو بابەتانە بکات کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاودەکرێنەوە، ئەوەش لەڕێی ھەڕەشەی زیندانیکردن و دەستگیرکردن و بێزارکردن لەڕێی ئینتەرنێت لەسەر چەند کەسایەتییەک کە بە کاریگەر لە سۆشیاڵ میدیا دادەنرێن.
بەپێی راپۆرتەکە، ئامانج لەو رێکارەی حکومەتی عێراق بۆ رێگریکردنە لە ھەر ھەوڵێک بۆ ئەنجامدان و ئاڕاستەکردنی خەڵک بۆ خۆپیشاندان، ھاوشێوەی خۆپیشاندانەکەی چوار ساڵی رابردوو کە لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠١٩ سەریھەڵدا.
لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، لە چەند مانگی رابردوودا دادگای عێراق چەند کەسێکی بەکارھێنەری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی دەستگیرکردووە، کە کەسایەتی کاریگەرن و تۆمەتی پێشێلکردنی ئاکاری گشتییان دراوەتەپاڵ.
ئەو پڕۆژە یاسایانەی خوێندنەوەیان بۆ کرا پێکھاتوون لە پرۆژە یاسای پەسەندکردنی رێککەوتنی ھەڵگری ڤیزە لەسەر ئەو کەسانەی خاوەن پاسیۆتی دیپلۆماتین لە نێوان عێراق و قوبروس و یاسای کۆلێژی فرۆکەوانی سوپا و پرۆژەی یاسای رووبەربوونەوەی تیرۆر.
دوا بەدوای خوێندنەوە بۆ ئەو پرۆژەیاسانە، دانیشتنەکەی ئەنجومەنی نوێنەران ھەڵگیرا بۆ رۆژی پێنج شەممە و بریارە خوێندنەوە بۆ چەند پرۆژەیاسایەکی تر بکرێت.
سەرچاوەیەک بە ئاژانسی رەسمی ھەواڵی عێراقی راگەیاند، محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاریداوە بەشداری ھەڵبژاردنی داھاتووی پارێزگاکان نەکات.
ئەوەشی خستەڕوو، سودانی دەیەوێت زیاتر گرنگی بە جێبەجێکردنی کارنامەی کابینەکەی بدات دوور لە ھەموو چالاکییەکی سیاسی.
عادل جەمیل سەرۆکی تیمی رۆژنامەوانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق ئاماژەی بەوەدا، کۆمسیۆن پێویستی بە بڕی ٣٤٥ ملیار دینار ھەیە بۆ بەڕێوەبردنی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق و حکومەتی فیدراڵ ئەو بڕە پارەیە بە چەند قۆناغێک بۆ کۆمسیۆن دابین دەکات.
ئەوەشی خستەڕوو، تائێستا حکومەت ١٥٠ ملیار دیناری بۆ کۆمسیۆن دابینکردووە، بەوەش کۆمسیۆن دەستیکردووە بە نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران و تۆمارکردنی کاندیدان.
سەرۆکی تیمی رۆژنامەوانی کۆمسیۆن وتیشی، ئەو بڕە پارەیەی کەماوە، بڕیارە دوای بڵاوکردنەوەی رێنماییەکانی جێبەجێکردنی یاسای بوودجە بۆ کۆمسیۆن دابینبکرێت.
باسم عەوادی لە بارەی سەردانەکەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ سوریا رایگەیاند، عێراق بەدوای دەروازەی نوێدا دەگەڕێت بۆ ھەناردەکردنی نەوت، پێشبینیشی کرد، عێراق لەگەڵ سوریادا گفتوگۆ بکات بۆ بوژاندنەوەی بۆری نەوتی عێراق - بەندەری بانیاس کە دەچێتەوە سەر دەریای ناوەراست.
وتیشی، لەگەڵ باشبوونی رەوشی سوریا، کار لەسەر ھەناردەکردنی نەوت لە رێگەی ئەو بەندەرەی سوریاوە دەکرێت کە دەتوانن بەو رێگەیە بە خێرایی نەوت بگەیەننە کڕیارەکانیان.
وتەبێژی حکومەتی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، سوریا بەندەری زۆر گەورە و ناسراوی لەسەر دەریای ناوەڕاست ھەیە، ھەربۆیە ئەگەر سوریا رازی ببێت کە بەشداریی لە نەخشەڕێگای گەشەپێدان بکات لە رێگەی سێگۆشەی عێراق-سوریا-تورکیا، سەرچاوەی دارایی گەورە دەستەبەردەبێت.
محەمەد نوری، ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، حکومەت سکاڵایەکی پێشکەشی دادگای فیدڕاڵی کرد و تانەی لە ١٢ ماددەی یاسای بودجەدا، کە تایبەتن بە گرێبەستەکان و دامەزراندن و قەرەبووکردنەوە و بڕینەوەی مووچە.
بە وتەی ئەو پەرلەمانتارە، ئەوە قۆناغی یەکەمی تانەکانی حکومەتە و پێشبینی دەکەن، حکومەت کۆمەڵێک تانەی تر لە یاسای بودجە بدات.
وتیشی، بیانووی حکومەت بۆ تانەدان لە یاسای بودجە ئەوەیە، ژمارەیەک ماددەی یاساکە، لە رەشنووسی پڕۆژە یاسای بودجەدا نەبوون، کاتێک لەلایەن حکومەتەوە ئاڕاستەی ئەنجومەنی نوێنەران کرا، ھەروەھا زیادکردن و دەستکاریی ھەندێک بەند کراوە، کە لایەنی داراییان ھەیە و پێچەوانەی کارنامەی حکومەتن.
سبەینێ دادگای فیدڕاڵیی عێراق کۆدەبێتەوە و یەکێک لەو بابەتانەی تاوتوێی دەکات، سکاڵایەکی زیاد جەبار سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیە لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، کە سکاڵای لەسەر "سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان" و "سەرۆکی کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی ھەرێم" تۆمار کردووە.
لە سکاڵاکەدا زیاد جەبار داوا دەکات، بەھۆی کۆتاییھاتنی ماوەکەی،"ئەنجومەنی کۆمیسیارانی ھەرێم" بە نایاسایی دابنرێت و ئەندامێتی ئەندامەکانی ھەڵبوەشێنێتەوە.
ھەروەھا بڕیاروایە رۆژی ١٨ی ئەم مانگە، دادگای فیدڕاڵیی عێراق لەبارەی سکاڵایەکی تری زیاد جەبار لەسەر سەرۆکی ھەرێم و سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان کۆببێتەوە، کە داوایکردووە ماددەکانی (١ و ٩ و ١٥ و ٢٢ و ٣٦)ی یاسای ھەڵبژاردنی ھەرێم بە نادەستووری بناسێنرێت.
ھەمان رۆژ دادگای فیدڕاڵی، گفتوگۆ لەبارەی سکاڵایەکی ئامانج نەجیب شەمعوون ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەکات، کە سکاڵای لەسەر "سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان" تۆمار کردووە و داوای کردووە، ماددەی ٣٦ی یاسای ھەڵبژاردنەکانی ھەرێم بە نادەستووری بناسێنێت، کە تایبەتە بە کورسیی کۆتای پێھاتەکانی کلدوئاشووری و تورکمان و ئەرمەنییەکانی ھەرێم، ھەروەھا داوای کردووە، ماددەی نۆی یاسای ھەڵبژاردنەکانی ھەرێم بە نادەستووری بناسێنێت، کە ھەرێمی وەک یەک بازنەی ھەڵبژاردن دیاریکردووە.
دیلان غەفور، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەران بە کوردسات نیوزی راگەیاند، بەتوندی دژی ئەو گۆڕانکارییانە دەوەستنەوە کە لە کۆمپانیای نەوتی باکور دەکرێن، بەجۆرێک بەبێ ڕەچاوکردنی ھاوسەنگیی نێوان پێکھاتەکان حەوت سەرۆک بەشی کۆمپانیاکە گۆڕدراون.
وتیشی، گۆڕانکارییەکان لەلایەن یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای نەوتی باکور ئەنجام دراون کە بەھۆی سەرپێچییەوە داواکراوە ببەخشرێت لە پۆستەکەی.
پەرلەمانتارەکەی یەکێتی دەڵێت، لە ڕێی وەزارەتی نەوتی عێراقەوە کار دەکەن بۆ ھەڵوەشانەوەی بەپەلەی گۆڕانکارییەکان و گەڕاندنەوەی ھاوسەنگیی نێوان پێکھاتەکان لە دابەشکردنی پۆستەکاندا.