سۆمۆ لە راگەیەنراوێکدا ئاشکرای کردووە، بەپێی پرۆژەی یاسای بودجە و ئەو رێککەوتنە سیاسییەی لە نێوان بەغداد و ھەولێر کراوە، دەبێت رۆژانەی ھەرێمی کوردستان لانی کەم رۆژانە ٤٠٠ ھەزار بەرمیل نەوت رادەستی حکومەتی ناوەندی بکات، داھاتەکەشی لە بانکی ناوەندی عێراقی دادەنرێت و مانگانە حکومەتی عێراق بودجەی ھەرێم دابین دەکات.
رۆژی ٢٠ی ئەم مانگە وەفدی حکومەتی کوردستان ئەنجامی کۆبوونەوەکانی لە بەغداد ئاشکراکرد و رایگەیاند، لە ٢٥ی حوزیرانەوە رۆژانە ٥٠ بۆ ٦٠ ھەزار بەرمیل نەوتیان رادەستی حکومەتی فیدراڵ کردووە، لە کۆنوسی کۆتاییشدا وەزارەتی نەوتی عێراق ئەوەی چەسپاندووە.
عەبدولئەمیر شەمەری وەزیری ناوخۆی عێراق لە نوسراوێکدا رێگەی بە ئەفسەران و ئەندامی ھێزە ئەمنییەکانی سەر بە وەزارەتەکەی داوە بۆئەوەی چەک ھەڵبگرن و بۆ پارێزگاریکردن لە خۆیان بەکاری بھێنن لە کاتی ھەر ھێرش و ھەڵکوتانەسەرێک.
ھەر بە پێی نووسراوەکە رێگە بە ئەفسەران و ئەندامانی ھێزە ئەمنییەکان نادرێت، وێنە بە چەکەکانیانەوە بگرن و بڵاوی بکەنەوە، چونکە پێویستە چەک ھەڵگرتن بە نھێنیبێت.
غەریری لە رێورەسمی کۆتایی ھاتنی وەرزی بە بازاڕکردنی دانەوێڵە بۆ ساڵی ٢٠٢٣ و گەیشتن بە خۆبژێوی رایگەیاند، وەزارەتی بازرگانی توانیویەتی گەورەترین بڕی گەنم لە مێژووی عێراقدا عەمبار بکات، بەھەماھەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان رێگرییان کرد لە قاچاخچێتی گەنم.
وتیشی، بەھۆی پلانەکانی حکومەت و بەکارھێنانی ئامێری ئامێری پێشکەوتوو بۆ کشتوکاڵ و ئاودێری و گرتنەبەری رێکاری تر بۆ پاڵپشتی فراوانکردنی رووبەری زەوی کشتوکاڵی، پێشبینی دەکرێت ساڵی داھاتوو بازدانێکی جۆری لە بەرھەم و جۆرەکەی بەخۆیەوە ببینێت.
دەستەی کەشناسی لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، ئەمرۆ شەممە پلەکانی گەرما ھاوشێوەی رۆژی ھەینی دەبێت، پلەکانی گەرما لە بەغداد و دیوانییە ٤٧ پلە و لە سلێمانی و دھۆک ٤٣ پلە ، سەڵاحەدین و ئەنبار و کەرکوک و بابل ٤٦ پلە، کەربەلا و نەجەف و ناسریە و موسەنا دیالە ٤٨ پلە دەبێت و لە پارێزگای بەسرەش دەگاتە ٥٠ پلەی سیلیزی.
راشیگەیاندوە، بۆ رۆژانی یەکشەممە و دوو شەممە پلەکانی گەرما لە ناوچەکانی باکور و ناوەراست ھاوشێوەی رۆژانی رابردوو دەبێت، بەڵام لە ناوچەکانی باشور کەمێک پلەکانی گەرما بەرز دەبنەوە.
بۆ رۆژی سێشەممەش پلەکانی گەرما ھاوشێوەی رۆژانی رابردوو دەبێت، بەڵام رۆژی چوارشەممە لە تەواوی ناوچەکانی وڵات کەمێک پلەکانی گەرما بەرز دەبنەوە.
نوسینگەی سەرۆککۆمار لە راگەیەنراوێکدا ئیدانەی پەلامارە قێزەونەکان بۆ سەر قورئانی پیرۆز و سوکایەتی بە ھەستی موسوڵمانان دەکات و داوا لە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و حکومەتەکانی رۆژئاوا دەکات رەفتارەکانی ھاندان و بڵاوکردنەوەی رق لە ژێر ھەر پاساوێکدا بێت رابگرن.
داواش لە ھاووڵاتیان و ھێزە سیاسییەکان و چالاکییە ئاینی و کۆمەڵایەتییەکان دەکات ھۆشیاربن و رانەکێشرێن بۆ پیلانی ئاژەوەگێڕیی کە کەسان و لایەنی کینە لە دڵ لە رۆژئاوا یاساکانیان دەقۆزنەوە بۆ جێبەجێکردنی ئامانجە گوماناوییەکانیان دژ بە عێراق و عێراقییەکان.
راشیگەیاندووە، زنجیرەی رووداوەکان ئاماژەن بۆ ئەوەی بە ئەنقەست و بە دیاریکراوی سوکایەتی بە عێراقییەکان دەکرێت تاکو دەریخەن وڵاتەکەیان نا ئارامە بۆ نێردە بیانییەکان و ھانیان بدەن بەرەو رێکاری دیبلۆماسی کە عێراقییەکان زیانی تێدا بکەن لە ناوخۆ و دەرەوە.
نوسینگەی سەرۆککۆمار دووپاتیشیدەکاتەوە، مافی ھاووڵاتیان و ھێزە سیاسییەکانە لە عێراق گوزارشت لە توڕەیی و نیگەرانی خۆیان بکەن لەبەرامبەر ھەر دەستدرێژی و پێشێلکارییەک بۆ سەر ئاینەکەیان بەڵام نەبێتە مایەی زیانگەیاندن بە دەوڵەت و گەلەکەیان و ھاووڵاتیان لە دەرەوە بێبەش بکات لە خزمە تگوزارییە دیبلۆماسییەکان و پەیوەندییان لەگەڵ نیشتمانی دایک.
عەبدولئەمیر شەمەری، وەزیری ناوخۆی عێراق سەردانی ھێزەکانی پاراستنی یاسای کرد و ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە مامەڵەیەکی باش لەگەڵ خۆپیشاندەران بکرێت بەجۆرێک مافی خۆپیشاندان پارێزراوبێت، لە ھەمانکاتیشدا پێویستە خۆپیشاندانەکان پابەندبن بە پاراستنی موڵکی گشتی و تایبەت.
بڕیارەکانی وەزیری ناوخۆ دوای ئەوەھات، دوێنێ لە بەغداد خۆپیشاندەران ھێرشیانکردەسەر باڵیۆزخانەی سوید و بەشێکی باڵەخانەکەیان سوتاند، بەوھۆیەش پەیوەندییەکانی عێراق و سوید گرژییان بەخۆوە بینی و حکومەتەکەی سودانی تۆمەتبارکرا بە نەپاراستنی دامەزراوە دیپلۆماسییەکان.
وەزارەتی دەرەوەی سوید لە راگەیەنراوێکدا دەڵێت، لە ئەمڕۆ ھەینییەوە باڵیۆزخانەی سوید لە بەغداد، بەشێوەیەکی کاتی لە ستۆکھۆڵمەوە کارەکانی خۆی ئەنجام دەدات، ھۆکاری بڕیارەکەش بۆ دۆخی ئەمنی عێراق دەگەڕێتەوە.
دوێنێ حکومەتی سوید مۆڵەتیدا بە خۆپیشاندان و بێڕێزیکردن بە قورئانی پیرۆز لەبەردەم باڵیۆزخانەی عێراق لە وڵاتەکەی، بەھۆیەوە خۆپیشاندان لەبەردەم باڵیۆزخانەی سوید لە بەغداد دەستپێکرد و خۆپیشاندەران چوونە ناو باڵیۆزخانەکە و بەشێکیان سووتاند.
وەزارەتی دەرەوەی سوید دەڵێت، روداوی ھێرشکردنەسەر باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە بەغداد، پێشێلکردنێکی ترسناکە و پێویست بوو حکومەتی عێراق بەرپرسیاریەتی پاراستنی کارمەندان و دامەزراوە دیپلۆماسییەکان لەئەستۆبگرێت.
تورکی عتێبی سەرکردەی چوارچێوەی ھەماھەنگی رایگەیاندوە، دەرکردنی باڵیۆزی سوید و داخستنی باڵیۆزخانەکەیان بە پێی ناوەرۆکی رێککەوتنی نێودەوڵەتی بووە، کە رێگە دەدات بە وڵاتی میواندار رێوشوێن لەبەرامبەر ھەر سەرپێچی و پێشێلکارییەکی مەترسیدار بگرێتەبەر .
ئاماژەی بەوەشکرد، عێراق ھۆشداری دابوو لە ئەگەری بێڕێزی بە قورئانی پیرۆز و ئاڵاکەی راستەوخۆ پەیوەندییە دیبلۆماسییەکانی دەپچڕێنێت.
بەوتەی ئەو سەرکردەیەی شیعە، دوو پێوانەیی سوید لە مامەڵەکردن و پشتیوانیکردنی بێڕێزی بە قورئانی پیرۆز، کەرتە گرنگەکان و وەبەرھێنان بە بەھای حەوت ملیار دۆلار لە بازاڕەکانی عێراق لە دەستدەدات، بەدووریشی زانی بە داھاتوویەکی نزیکدا کۆمپانیاکانی بگەڕێنەوە.

وتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، سەرۆکایەتی کۆمار لە لێدوانەکانی "ماتیو میلەر" وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا نیگەرانە، سەبارەت بە کشانەوەی مەرسومی کۆماری ژمارە ١٤٧ی ساڵی ٢٠١٣، کە تایبەتە بە کاردینال لویس رافائیل ساکۆ و رایگەیاند، باڵیۆزی ئەمریکا لە بەغداد لەسەر ئەو بابەتە بانگھێشت دەکەنەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوە روونکراوەتەوە، کشانەوەی ئەو مەرسومە زیان بە پێگەی ئاینی و یاسایی کاردیناڵ لویس ساکۆ ناگەیەنێت و رێز و پێزانینی لە سەرۆکایەتی کۆمار ھەیە، بەوپێیەی پاتریاکی کلدانییە لە عێراق و جیھان.
لە روانگەی دەستوریشەوە، سەرۆک کۆمار ناتوانێت سەرۆکی مەزھەبێک کە شوێنکەوتووانی ھەڵیانبژاردووە دیاری بکات یان دووربخاتەوە، ھەروەھا ناتوانێت ئەولەویات بدات بە لایەنێک لە دژی لایەنێکی دیکە، چونکە ئەگەر نوسینگەی سەرۆک کۆمار دەستوەردان لەو بابەتانەدا بکات مەترسیدارە.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشدراوە، سەرۆک کۆمار ھەمیشە رێزی لە مەسیحییەکانی عێراق گرتووە و بەرگری لە مافەکانیان کردووە و ھەڕەشە و لێدوانی توند دژی کڵێسا و ھەر مەزھەبێکی دیکە لە وڵاتەکە رەتدەکاتەوە. کشانەوەی مەرسومەکەش بۆ راستکردنەوەی دۆخێکی دەستورییە، تۆمەتبارکردنی سەرۆکایەتی کۆمار و حکومەتی عێراق بە ھێرشکردنە سەر ئازادی ئاینی و زیانگەیاندن بە پێکھاتەی مەسیحی، زیان بە بناغەی وڵات و ئەو ھەنگاوانە دەگەیەنێت کە لە بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی لێبوردە و یەکساندا بەدەیھاتوون.
جەختیش کراوەتەوە لەوەی، "د.لەتیف رەشید" سەرۆک کۆماری عێراق پابەندە بە پاراستن و بەرز راگرتنی دەستوری عێراق و بە یەکسانی مامەڵەکردن لەگەڵ ھەموو عێراقییەکان، بێ گوێدانە نەتەوە و بیروباوەڕ و ئاینەکان.
بە پێی راگەیەنراوی ھاوپەیمانێتییەکە، بە دەنگدانی پێشوەختەی ئەندامان، ئوسامە نوجێفی بە ئەمینداری گشتی و سابت عەباسی بە سەرۆکی ھاوپەیمانێتییەکە دیاریکراون، دیارترین ئەو کەسایەتیانەشی لەنێو ھاوپەیمانێتییەکەدان بریتین لە ئوسامە نوجێفی و جەمال کەربولی و رافع عیساوی و سابت عەباسی و ژمارەیەکی دیکەی سونە. ھەریەکە لە محەمەد حەلبوسی سەرۆکی ھاوپەیمانی تەقەدووم و خەمیس خەنجەر سەرۆکی ھاوپەیمانی عەزم بەشدارییان پێنەکراوە.
ئوسامە نوجێفی لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، ئامانجی ھاوپەیمانێتیەکەیان بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و گەندەڵییە بە تایبەت لەو پارێزگایانەی روبەروی پەراوێزخستن و بردنی سامانەکانیان بوونەتەوە.
عەلی تەمیمی، پسپۆڕی یاسایی دەڵێت، پرۆژەیاسای نەوت و غاز لە ٥٣ ماددە پێکھاتووە کە دامەزراندنی ئەنجومەنی فیدراڵی نەوت بە سەرۆکایەتی سەرۆک وەزیران و ئەندامێتی وەزیرانی نەوت و دارایی و پارێزگاری بانکی ناوەندی و نوێنەری ھەرێم و پارێزگا بەرھەمھێنەرەکانی نەوت لەخۆدەگرێت.
وتیشی، ئیمزاکردنی گرێبەستەکانی نەوت لەلایەن وەزارەتی نەوتەوە دەبێت دوای رەزامەندی ئەنجومەنی فیدراڵی نەوت و ئەگەر ئەنجومەنەکە لە ماوەی ٣ مانگدا رەزامەندی نەدات گرێبەستەکە بە ھەڵوەشاوە دادەنرێت.
بەوتەی ئەو شارەزایە، لە پرۆژەیاساکەدا ھاتووە، پێداچوونەوە بە گرێبەستە نەوتییەکاندا دەکرێت و بەپێی یاسا ھەمواردەکرێنەوە.
رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی رایگەیاندووە، حکومەتی عێراق دوو پڕۆژە یاسای خستووەتەوە بەردەم ئەنجومەنی نوێنەران، کە بە پەسەندکردنیان ئازای رادەربڕین و گردبوونەوەی ئاشتییانە زۆر بەرتەسک دەبێتەوە.
"بیسان فەقێ" لێپرسراوی ھەڵمەتە ھەرێمییەکان تایبەت بە عێراق و یەمەن لە رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی رایگەیاند، دەبێت حکومەتی عێراق دەستبەجێ ئەو پڕۆژەیاسایانە بکشێنێتەوە و ئەنجومەنی نوێنەرانیش ھیچ یاسایەک تێنەپەڕێنێت کە کۆت و بەند دەخاتە سەر مافی عێراقییەکان بەبێ پاساو، چونکە گەلی عێراق مافی خۆیەتی رەخنە و بیروڕای ھەبێت و خۆپیشاندانی ئاشتییانە بکات، بەبێ ترس لە زیندانی و غەرامەکردن.
پێشنیازکردنی ئەو دوو پڕۆژەیاسایە ھاوکاتە لەگەڵ ئەو ھەڵمەتەی حکومەتی عێراق کە ئەو کەسانە بە ئامانج دەگرێت کە رەخنە لە کەسایەتییەکانی حکومەت دەگرن، ھەروەھا ھاوکاتە لەگەڵ ھەڵمەتێکی وەزارەتی ناوخۆ بۆ سنوردارکردنی ئەو بابەتانەی لەڕێی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بڵاودەکرێنەوە. بەپێی یەکێک لە پڕۆژەیاساکان، تۆمەتبار روبەڕوی سزای زیندانی ھەتاھەتایی و غەرامە بە بڕی ٥٠ ملیۆن دیناری عێراقی دەبێتەوە.
سەرچاوەیەک لە حکومەتی خۆجێی بەسڕە ڕایگەیاند، سەرجەم فەرمانگەکانی پارێزگاکە سبەینێ لە پشوودا دەبن جگە لە کەرتی تەندروستی و ئاسایش.
ئەوەشی خستەڕوو، بڕیاری راگەیاندنی پشوو بەھۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرمایە بۆ سەروو ٥٠ پلەی سەدی.
بە پێی ئامارەکانی کەشناسی جیھانی لە ٢٤ سەعاتی ڕابردوودا لە کۆی ١٥ ناوچەی جیھان کە بەرزترین پلەی گەرمایان تێدا تۆمارکراوە ٧ ناوچەیان دەکەونە عێراق و پارێزگای بەسڕەش بە تۆمارکردنی ٥٠ پلەی سەدی لە دوای شاری ئەحسائی سعودیە دووەھەم گەرمترین شاری جیھانە.
ئەحمەد ئەسەدی وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی عێراق رایگەیاندوە، پلان و رێکارەکانی بیمەی کۆمەڵایەتی تایبەت بە کەمدەرامەتان و گواستنەوەی بۆ بازاڕی کار لە رێگەی پێدانی قەرەزەوە، کاریگەری زۆری لەسەر کەمبوونەوەی رێژەی ھەژاری دروستکردووە و حکومەتی عێراقیش لە یاسای بودجەی ٢٠٢٣دا بڕی ٤٠٠ ملیار دیناری تەرخانکردووە بۆ پێدانی قەرز بە کەمدەرامەتان بۆئەوەی ببنە خاوەنی پرۆژەی خۆیان ئەوەش ھێندەی تر کاریگەری لەسەر کەمبوونەوەی ھەژار دەبێت.
وتیشی، بەپێی دواین ئاماری رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، حکومەتی عێراق بەھۆی پلان و رێکارەکانییەوە رێژەی ھەژاری ٢٠ پلە کەمبووەتەوە، لە پلەی ٨٦ و گەیشتووەتە پلەی ٦٦ و بەردەوامیش دەبن لە جێبەجێکردنی پلانەکانیان بۆئەوەی کەمترین رێژەی ھەژاری لە عێراق ھەبێت.
فواد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ھاوتا سویدییەکەی توبیاس بیلستروم، لەسەر ھەڕەشەکانی دووبارە سوتاندنەوەی قورئانی پیرۆز لە سوید ھۆشداری دەدات و دەڵێت، دووبارەبوونەوەی ئەو کارە نیشانەیە بۆ ئاژاوەگێڕی و توندڕەوی.
وتیشی، پێویستە حکومەتی سوید سوتاندنی قورئانی پیرۆز و بێڕێزیکردن بەرامبەر بە ئایینی ئیسلام قەدەغەبکات.
وەزیری دەرەوەی عێراق راشیگەیاند، پێویستە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی ھەڵوێست ھەبێت، بۆ قەدەغەکردنی بێڕێزیکردن بەرامبەر بە ئاینەکان.
عەممار خەڵەف جێگری پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، تائێستاش ٩٦٪ی کۆی داھاتی عێراق پشت بە فرۆشتنی نەوت دەبەستێت و لەماوەی رابردووشدا بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیھانی کاریگەری زۆری لە سەر بەرزبوونەوەی کۆی داھات و یەدەگی دراوی بیانی عێراق ھەبووە، بەھۆی ئەوەشەوە دەرفەتێکی گەورە لە بەردەم گەشەپێدانی ئابووری عێراق دروستبووە.
وتیشی، لە بەرامبەر بەرزبوونەوەی کۆی داھات و یەدەگی دراوی بیانی عێراق گەیشتووەتە ١١٣ ملیار دۆلار، قەرزە ناوخۆییەکانیش گەیشتوونەتە ٤٧ ملیار دۆلار کە ئەوەش کێشەی بۆ حکومەتی عێراق دروستکردووە، چونکە بەشێکی زۆریان وادەی دانەوەیان دیاریکراوە و ئەو وادەیەش نزیکبووەتەوە.