کۆنفرانسەکە ئەمڕۆ سێشەممە ١٥-١١-٢٠٢٣، لە کۆشکی بەغداد بەڕێوەچو، کە تێیدا وتاری سەرۆککۆمار لەلایەن د.عەلی شوکری سەرۆکی دەستەی راوێژکاران و شارەزایانەوە پێشکەشکرا و جەختیکردەوە لەسەر بایەخی بێوێنەی ئەو ھەڵبژاردنە ناوخۆییەی ئەمجارە، کە بە جێبەجێکردنی داواکاری دەستوریی دادەنرێت و بۆ ماوەی نزیکەی ١٠ ساڵ دەبێت ئەنجامنەدراوە، کە دوایین ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە ساڵی ٢٠١٣دا بەڕێوەچوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، بەشداریکردنی گشتی و دەستەبەرکردنی ئازادییە بنەڕەتییەکان لە گرنگترین بنەماکانی سەرکەوتنی ھەڵبژاردنن، ھەروەھا فراوانکردنی بەشداریکردنی گشتگیر و پراکتیزەکردنی مافە سیاسییەکان ھەنگاوی گرنگن، ھەروەھا باسی لەوەکرد، پرۆسەی ھەڵبژاردن یەکێکە لە دیارترین بنەماکانی دیموکراسی، کە لە عیراقی نوێی دیموکراسیدا بەدەستھاتوە و دەرفەت بە گەل دەدات ویستی خۆی دەرببڕێت و بڕیار بدات کێ نوێنەرایەتی بکات و بەدەنگ کێشە و ھیوا و خواستەکانیان بچێت.

د.عەلی شوکری ئاماژەیکرد بە گرنگی رۆڵی کەناڵەکانی راگەیاندن لە ھاندانی بەشداریی دەنگدەران، کە نابێت ئەو رۆڵە لە کۆی گشتی پرۆسەی ھەڵبژاردندا نادیدە بگیرێت، ھەروەھا جەختیکردەوە لەسەر رۆڵێکی دیکەی گرنگی راگەیاندن لە ھێنانەکایەی فەرھەنگی قبوڵکردنی ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان.

دەقی وتارەکەی سەرۆککۆمارە:

بەڕێزان، ئامادەبووان..
ئەم کاتەتان باش..

مانگی داھاتو روداوێکی گرنگ لە عیراقدا چاوەڕێمان دەکات، کە  ئەویش ھەڵبژاردنە و سازکردنی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانە بەدەر لە ھەرێم لە ١٨-١٢-٢٠٢٣، ئەم ھەڵبژاردنە پڕ بایەخە و دەرفەتێکی گرنگە کە پێویستی بە ھەڵوەستەی جدی ھەیە بۆ دەستەبەرکردنی مافی ھەڵبژاردن، ھەروەھا دەستەبەرکردنی بەشداری سیاسیی کاریگەر و پێکھێنانی حکومەتە خۆجێیە ھەڵبژێردراوەکانە، کە دەتوانێت پارێزگاکان بخاتەوە سەر رێچکەی خۆیان.

بایەخی ناوازەی ئەم ھەڵبژاردنە ناوخۆییانە بریتییە لە جێبەجێکردنی داواکاریی دەستوریی، کە بۆ ماوەی نزیکەی ١٠ ساڵە ساز نەکراوە، دوایین ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە ساڵی ٢٠١٣دا بو، ھەروەھا لە بەر رۆشنایی ئەو سەقامگیرییە سیاسی و ئەمنییەیە، کە وڵات لەئێستادا بەخۆیەوەدەبینێت.

ئێمە جەخت دەکەینەوە لەسەر مافە دەستورییەکانی ھاووڵاتیان لە پرۆسەی دەنگداندا، بەجۆرێک کە ھاووڵاتی بەتەنھا سەرچاوەی دەسەڵات بێت و  گرنگی بەشداریکردنی بەرفراوان لە ھەڵبژاردنەکانی داھاتودا زامن بکرێت.

لەکاتێکدا ھەوڵەکانی کۆمسیۆنی ھەڵبژاردن و کارمەندانی بەرزدەنرخێنین، داوا دەکەین ھەموو ھەوڵەکان بخرێنەگەڕ بۆ سازکردنی ھەڵبژاردنێکی پاک و شەفاف بە بەشدارییەکی فراوان، کە رەنگدانەوەی ویستی دەنگدەران بێت.

بەشداریکردنی گشتی و زامنکردنی ئازادییە بنەڕەتییەکان لە گرنگترین بنەماکانی سەرکەوتنی ئەم مافە و پتەوکردنی بەشداریی ھەمەلایەنە و پەیڕەوکردنی مافە سیاسییەکانە.

پرۆسەی ھەڵبژاردن یەکێکە لە فۆرمە دیارەکانی دیموکراسی، کە لە عیراقی نوێی دیموکراسیدا بەدیھاتوە و رێگا بە ھاووڵاتیان دەدات ویستی خۆی دەرببڕێت و نوێنەری ھەڵبژێرێت، کە بەدەنگ کێشە و ھیوا و خواستەکانیانەوە بچێت.

لێرەدا بایەخی کەناڵەکانی راگەیاندن لە ھاندانی بەشداریکردنی دەنگدەران دەردەکەوێت، کە ناکرێت رۆڵی راگەیاندن لە کۆی پرۆسەی ھەڵبژاردن جیابکرێتەوە. ھەروەک رۆڵێکی دیکەی گرنگی راگەیاندن لە بیر ناکەین لە چەسپاندنی رۆشنبیریی قبوڵکردنی ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان.

ئێمە ھەموو ئەو ھەوڵانە بەرزدەنرخێنین، کە کەناڵەکانی راگەیاندن و دەزگاکانی دیکەی میدیایی لە عیراقدا بە ئەنجامیان گەیاندوە، بەتایبەتی لە روماڵکردنی تەواوی پرۆسەکانی ھەڵبژاردنی رابردو، کە دوای روخانی رژێمی لەناوچو لە ساڵی ٢٠٠٣وە سازکراون، ھەروەھا جەختدەکەینەوە لەسەر رۆڵی گرنگی چاودێریی میدیایی لە کاتی پرۆسەی ھەڵبژاردنەکاندا، تا ببێتە یەکێک لە ئامرازە پێویستەکان کە بێگەردیی پرۆسەی ھەڵبژاردن بپارێزێت و بەشداریی ھێزە سیاسییەکان و کاندید و دەنگدەران و بەشدارە جیاجیاکان لە پرۆسەی ھەڵبژاردنەکاندا بەھێز دەکات، ئەم چاودێریکردنەش، بەشدارییەکی بەرچاوی ھەیە لە رێگریکردن لە خراپەکاریی و کاری نایاسایی.

لێرەدا پێویستە کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکان کاربکات بۆ بنیاتنانی پەیوەندییەکی پتەو لەسەر بنەمای پێشخستنی بەرژەوەندی نیشتمانی لەگەڵ کەناڵەکانی راگەیاندندا و ھەموو ئامرازێک بۆ گواستنەوەی زانیارییەکان بۆیان دابین بکات، چونکە کەناڵەکانی راگەیاندن ھاوپەیمان و ھاوبەشێکی گرنگن بۆ کۆمسیۆن، کۆمسیۆنیش دەبێت پشت بە ستراتیژیەتێکی میدیایی ببەستێت لەسەر بنەمای پەرەپێدانی پەیوەندی ھەمیشەیی و ئەرێنی لەگەڵ کەناڵەکانی راگەیاندندا.

رۆڵی میدیا لەسەرئاستی نێودەوڵەتی لە ھەڵبژاردندا بەشێوەیەکی بەرچاو پەرەی سەندوە و بوەتە ئەو فاکتەرەی، کە کاریگەرییەکی زۆری لەسەر ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان ھەیە، تا ئەو رادەیەی ھەندێک کەس لە ئەزموونی وڵاتانی دیموکراسی دیکەدا پێیانوایە رۆڵی میدیا گەیشتوەتە ئەو ئاستەی نوێنەرایەتی نیوەی ململانێی ھەڵبژاردنەکان دەکات و کاریگەرییەکی زۆری لەسەر ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان دەبێت.
لەم روانگەیەوە بانگھێشتی سەرۆکایەتی کۆمار ھاتوە بۆ سازکردنی ئەم کۆنفرانسە لەپێناو بیرخستنەوە و جەختکردنەوە لەسەر رۆڵی گرنگی میدیا لە پرۆسەی ھەڵبژاردنەکاندا.

دوبارە سڵاوی خوای گەورەتان لێ بێت..

پاشان دادوەر عومەر ئەحمەد سەرۆکی ئەنجومەنی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان وتەیەکی پێشکەشکرد و ئاماژەی بە رۆڵی گرنگ و پێشەنگی راگەیاندن دا لە پرۆسەی ھەڵبژاردن و بەشداریکردنی لە ھێنانەکایەی کۆمەڵگەیەکی ھۆشیار، کە بایەخ بە رۆشنبیریی ھەڵبژاردن بدات. ھەروەھا رونیکردەوە، کە کۆمسیۆن سورە لەسەر ئاگادارکردنەوەی کەناڵەکانی راگەیاندن لە وردەکاری کارەکانی بەوپێیەی ھاوبەشێکی سەرەکییە لە پرۆسەی ھەڵبژاردندا. بۆ ئەمەش چەند رێوشوێنێکی گرتۆتەبەر تا نزیک بێت و ئاگاداری سەرجەم قۆناغەکانی پرۆسەکە بێت لە ئامادەکاریی سەرەتاییەوە تا راگەیاندنی ئەنجامەکان و پەسندکردنی، سەرەڕای بەشداریکردنی راگەیاندن لەسەرجەم کۆنگرە و کۆنفرانس و وۆرکشۆپەکاندا.

دواتر گفتوگۆ لەبارەی ناوەڕۆکی کۆنفرانسەکە کرا، کە لەلایەن ژمارەیەک پسپۆرەوە لەبارەی رۆڵی راگەیاندن لە بەھێزکردنی ئەزمونی ھەڵبژاردندا خرانەڕو.

 جێی باسە لە کۆنفرانسەکەدا، جینین پلاسخارت نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتوەکان و ژمارەیەک لە لێپرسراوان و راوێژکاران و پسپۆڕانی راگەیاندن ئامادەبون.