محەمەد شیاع سودانی لە راگەیەندراوێکدا، ھێزە ئەمنییەکانی کەرکوکی راسپارد رۆڵیان ھەبێت لە دەستەبەرکردنی ئاسایش لە پارێزگاکە و ھەر کەسێک دەستگیر بکەن کە چەک ھەڵدەگرێت.
سودانی داواشی لە ھێزە ئەمنییەکان کرد، قەدەغەی ھاتوچۆ لە کەرکوک جێبەجێ بکەن و ئەو ناوچانە بپشکنن کە گرژییان تێدایە، ھەروەھا داوای لە ھەموو ھێزە سیاسییەکان کرد، رۆڵیان ھەبێت لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی کەرکوک.
ھاوڕێ تۆفیق، راوێژکاری سەرۆککۆمار لە گەشتی ھەواڵەکانی کوردسات نیوز رایگەیاند، تورکیا و عێراق گەیشتونەتە قۆناغی پێشکەوتووی لێکتێگەیشتن لەسەر ئاستی باڵا لەسەر پرسی ئاو، ئەوەش یەکەمجارە لەماوەی دەیان ساڵدا کە لێکتێگەیشتنی نێوان ھەردوو وڵات بگاتە ئەو ئاستە.
دەشڵێت، ئەم دۆسیەیە گرێدراوی پرسی ئاسایش و ئارامییە و تورکیا لەپاڵ پرسی ئاو پرسی ئارامی و ئاسایشی ھێناوەتە ئاراوە.
ھاوڕێ تۆفیق جەختیکردەوە، عێراق لەبەردەم کێشەیەکی گەورەیی ژینگەیی ئابوری و دیموگرافی راستەقینەدایە، دەبێت بە شێوازی دیبلۆماسی لەگەڵ تورکیا و ئێران کێشەی بەردانەوەی ئاو چارەسەر بکات.
ئاژانسی رەسمی ھەواڵەکانی عێراق بڵاویکردووەتەوە، بەھۆی پێکدادانی دوو ئۆتۆمبێل لەسەر رێگەی سەرەکی نێوان قەزای سامەڕا و بەغداد لە نزیکەی قەزای دوجەیل لە سنووری پارێزگای سەڵاحەدین کە یەکێک لە ئۆتۆمبێلەکان پاسێکی گواستنەوەی زیارەتکاران بووە، ١٦ زیارەتکار گیانیانلەدەستداوە، ١٣ی تریش برینداربوون کە زۆرینەیان خەڵکی ئێرانن.
لەو بارەیەوە باسم عەوادی وتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاند، رۆژی شەممە بەردی بناغەی ھێڵەکە دادەنرێت کە ئامانج لە دروستکردنی گواستنەوەی گەشتیاران و زیارەتکارانە لە نێوان عێراق و کۆماری ئیسلامی ئێراندا.
راشیگەیاند، ئەو ھێڵە ئاسنییە بەشدارییەکی کاریگەر دەکات لە گواستنەوەی گەشتیاران و زیارەتکارانەوە لە وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاستەوە بۆ عێراق.
پرۆژەکە ماوەی چەند ساڵێکە ھەردوو حکومەتی عێراق و حکومەتی ئێران گفتوگۆی لە بارەوە دەکەن و دواجار لە کابینەکەی سودانیدا بریاری دروستکردنی درا.
موزیر کەروی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق لایەنە پەیوەندیدارەکانی راسپاردوە، بۆ پێداچوونەوە بە دۆسیەی ١٣ ھەزار خێزانی ئاوارە و گەرانەوەیان بۆ زێدی خۆیان، ئەوەشی راگەیاند، گەرانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچە رزگارکراوەکان لە پێشینەی کارەکانی حکومەتە بۆ کۆتاییھێنان بە دۆسیەی ئاوارە و پەنابەران.
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەران کە لە دیدارێکیاندا لەگەڵ سودانی بەڵێنی ئەوەیان وەرگرتوە کە دۆسیەی ئاوارەانی سەعدیەی سەربە پارێزگای دیالە یەکلایی بکەنەوە.
قاسم ئەعرەجی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق لە میانەی دیدارێکی پەیوەست بە چارەسەرکردنی کێشەی کەمی ئاو لە بەغداد رایگەیاندووە، حکومەت ھەوڵی زۆر دەدات بۆ کۆنترۆڵکردنی کەمی ئاو، ھۆشداریشیدا لە مەترسییەکانی دیاردەی کەمبوونەوەی ئاو.
ئەعرەجی داوای لە ھەموو لێپرسراوانی عێراق کرد، ھاوکاربن لە تێپەڕاندنی قەیرانەکەدا، داواشی لە ھاوڵاتیانی عێراق کرد مامەڵەی دروست لەگەڵ بەکارھێنان ئاو بکەن تا ئەو مەترسییەی رووی لە ھەموان کردوە کەم بکرێتەوە.
قەیرانی وشکبوونی دەریاچە و بەنداوەکانی عێراق بەھۆی گرتنەوەی سەرچاوەی ئاوی عێراق لەلایەن تورکیا و ئێرانەوە تا دێت دەرەنجامی مەترسیدارتری دەردەکەوێت، ژیانی ھاوڵاتیانی عێراقی رووبەرووی مەترسی کردووەتەوە.
دەقی پەیامەکەی سەرۆککۆماری عێراق...
شاعیری مەزن کەریم ئەلعێراقی کە بە چەندین کاری داھێنەرانەی کلتوور و ھونەری دەوڵەمەند کرد، ئەمڕۆ ماڵئاوایی لێکردین.
ھاوخەمی خۆمان بۆ خێزانی و دۆست و خۆشەویستانی دەردەبڕین.
خودای گەورە لێخۆشبێت و بەبەھەشتی بەرینی شاد بکات.
إنا للە وإنا الیە راجعون
عەبدولئەمیر شەمەری وەزیری ناوخۆی عێراق لە لێدوانێکدا لە کەربەلا رایگەیاند، رێگاکانی گەیشتن بە شاری کەربەلا قەرەباڵغییەکی زۆری زیارەتکارانیان لەسەرەو تائێستا لە رێگەی فڕۆکەخان و دەروازەکانەوە دوو ملیۆن و ٢٥٠ ھەزار زیارەتکاری بیانی گەیشتوونەتە عێراق.
ھاوکات سەرچاوەیەک لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ئاشکرایکرد، بۆ یەکەمجار ھەرێمی کوردستان بە ١٠٠ پاسی مۆدێرن بەشداریکردووە لە پلانی پێشوازیکردن و گواستنەوەی زیارەتکاران بۆ شاری کەربەلا.
وتیشی، بۆ پلانی ئەمساڵ ١٢٠٠ پاسی گەورە و ٢٠٠ پاسی بچوک بەکرێگیراون و لە پاڵ دوو ھەزار پاس و ئۆتۆمبێلی حکومی خراونەتە خزمەت پرۆسەی گواستنەوەی زیارەتکاران.
دادگای تاوانەکانی کەرخ لە بەغداد، لە دانیشتنێکدا بە ئامادەبوونی نوێنەری باڵیۆزخانەکانی ئەمریکا و ئێران، بە تۆمەتی کوشتنی (ستیڤن ئێدوارد)ی ئەمریکی، سزای زیندانیکردنی ھەتاھەتایی؛ بەسەر محەمەد عەلی رەزا ئەفسەر لە سوپای پاسدارانی ئێران و چوار ھاووڵاتیی عێراقیدا سەپاند.
رۆژی حەوتی مانگی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو، ھاووڵاتییەکی ئەمریکی بە ناوی (ستیڤن ئێدوارد)، کە ھاوکات مامۆستای زانکۆ بوو، لە ناوچەی کەڕادەی بەغداد کوژرا، کە ئەوکات گرووپی چەکداریی "سەرایا ئەھلل کەھف"، بەرپرسیارێتی کوشتنەکەیان لەئەستۆگرت.
باسم عەواد، وتەبێژی حکومەتی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، پێنج راوێژکاری محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیران لە کارەکانیان دوورخراونەتەوە، بەبێ ئەوەی ناوەکانیان ئاشکرابکات.
ئەوەشی خستەڕوو، ھۆکاری لەکارلادانی ئەو راوێژکارانە پەیوەندی بە خراپ بەکارھێنانی پۆست و دەسەڵاتەکانیانەوە ھەبووە، کە ھەوڵیانداوە دەسەڵاتەکانیان بۆ بەرژەوەندی کەسی بەکاربھێنن.
وتەبێژی حکومەتی عێراق ئاماژەی بەوەشدا، لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی کارنامەی حکومەتەکەی سودانی لە ئایندەیەکی نزیکدا، بەشێکی زۆر لە بەڕێوەبەرانی فەرمانگە حکومییەکان و بریکاری وەزارەتەکان لەکارەکانیان دووردەخرێنەوە و کەسانی نوێ لە شوێنیان دەستبەکاردەبن.
بە پێی راگەیەنراوێکی نوسینگەی سەرۆک وەزیران، محەمەد شیاع سودانی پێشوازی لە نوری مالکی کردووە و لە دیدارێکدا بەرەوپێشچوونەکانی جێبەجێکردنی کارنامەی حکومەت و رۆڵی دەزگاکان لە چاکسازی ئابوری و دەستەبەرکردنی داخوازییەکانی ھاووڵاتیان لەسەر ھەموو ئاست و بوارەکان گفتوگۆیان لەبارەوەکراوە.
ھەروەھا سودانی و مالکی تاوتوێی گرنگترین ئەو پرۆژەیاسایانەیان کردووە کە پێشکەش بە ئەنجومەنی نوێنەران کراون و پەلەکردن لەو دۆسیانەی پەیوەندییان بە پێداویستییە بنەڕەتییەکانی ھاووڵاتیانەوە جەختی لەسەرکراوەتەوە.
دوای بڕیاری دادگای فیدراڵی لەبارەی نادەستوریبونی ژمارەیەک بڕگەی یاسای ھەموارکراوی یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان، ئاماژەکان بۆ دواخستنی پرۆسەی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان زیاتربوون و ھەندێ لایەنی سیاسی پێشبینی دەکەن ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان بخرێتە پاڵ ھەڵبژاردنی پەرلەمان و پێکەوە ئەنجام بدرێن.
بەڵام کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق جەخت لە ئەنجامدانی پرۆسەکە لەوادەی خۆیدا لە ١٨ی کانونی یەکەمی ئەمساڵ دەکاتەوەو دەڵێت، بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی کاریگەری لەسەر بەڕێوەچوونی پرۆسەکە نابێت.
ھاوکات سەرکردەیەکی چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعەکان رایگەیاندوە، ھەندێ لایەنی سیاسی فشار دەکەن ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە بنەڕەتەوە ھەڵبوەشێننەوە یاخود دوای بخەن، بەڵام تەواوفوقی سیاسی ئەو بابەتەی یەکلاکردووەتەوەو وادەکە جێگیرەو ناتوانرێت بگۆڕدرێت.
وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، دوای بەدەستگەیشتنی زانیاری ورد بە دەزگای ھەواڵگری لەسەر ژن و پیاوێک لە بەغداد کە ھەوڵدەدەن منداڵە تازە لەدایکبووەکەیان بفرۆشن، دەستبەجێ مەفرزەکانی پۆلیسی نەھێشتنی تاوان لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونیان دەستپێکرد و سەرەنجام لە ئۆپراسیۆنێکی سەرکەوتوودا توانییان ئەو ژن و پیاوە دەستگیربکرێن.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، ژن و پیاوەکە دایک و باوکی راستەقینەی منداڵەکە بوون و لە لێکۆڵینەوەکاندا دانیان بە تاوانەکەیاندا ناوە، کە ھەوڵیانداوە منداڵەکە بە بڕی ٢٠ ملیۆن دینار بفرۆشن.
وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئاماژەی بەوەشداوە، رێوشوێنی یاسای بەرامبەر ئەو ژن و پیاوە گیراوەتەبەر و رەوانەی لایەنی پەیوەندیدار کراون.

لە دیدارەکەدا، سەرۆککۆماری عێراق رایگەیاند، پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوو وڵات پتەوە و کێشەکانی پەیوەست بە دۆخی ئاو دەتوانرێت چارەسەربکرێن، بەڵام پێویستیان بە بڕیاری جددی ھەیە تا کار بۆ جێبەجێکردنیان بکرێت. وتیشی، عێراق بە چڕی کاردەکات بۆ باشترکردنی بەڕێوەبردنی ئاو لە سەرانسەری وڵاتدا.
سەرۆککۆمار ئاماژەی بەوەشدا، عێراق لە ھەوڵی گەیشتن بە رێککەوتنە لەگەڵ تورکیا سەبارەت بە پشکی ئاو
لە کۆتایی دیدارەکەدا، نێردەی تایبەتی سەرۆکی تورکیا، ڕاپۆرتێکی وردی دەربارەی ئەو کار و پڕۆژانە پێشکەشکرد کە لایەنی تورکی دەتوانێت لە بواری ھاریکاری لەگەڵ عێراقدا ئەنجامی بدات لە دۆسییەی ئاو.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، محەممەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیران، بە تەلەفون لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسادا گفتوگۆی کردوە و ئامادەکارییەکان بۆ بەڕێوەچوونی کۆنفرانسی بەغداد-٢٠٢٣ و چالاککردنی ڕێککەوتنی ھاوبەشی ستراتیژی نێوان ھەردوو وڵاتیان تاووتوێ کردوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، سودانی و ماکرۆن پتەوکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و جێبەجێکردنی مەرجەکانی ڕێککەوتنی ھاوبەشی ستراتیژییان دووپات کردووەتەوە، ھەروەھا دواین پێشھاتەکانی پەیوەست بە ناوچەکەشیان تاووتوێ کردوە و باس لە سەردانەکەی سەرۆکی فەرەنساش بۆ بەغداد کراوە کە بریارە بەم نزیکانە ئەنجامی بدات.
پەیامنێری کوردسات نیوز لە بەغداد رایگەیاند، شەوی رابردوو عومەر بۆلات وەزیری بازرگانی تورکیا بە یاوەری وەفدێکی بازرگانان و وەبەرھێنەرانی تورکیا گەیشتووەتەوە عێراق و لەگەڵ محەمەد تەمیم وەزیری پلاندانان و یاریدەدەری سەرۆک وەزیران کۆبووەوە.
ئەوەشی خستەڕوو، ئامانج لە سەردانەکەی وەزیری بازرگانی تورکیا بۆ عێراق زیادکردنی ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانییە لەنێوان ھەردوو وڵات بۆ نزیکەی ٢٠ ملیار دۆلار.
پەیامنێری کوردسات نیوز وتیشی، ھەر لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بڕیارە ئەمڕۆ وەزیری بازرگانی تورکیا لەگەڵ ھەریەک لە د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عێراق و محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆببێتەوە و سبەینێش سەردانی ھەرێمی کوردستان بکات و لەگەڵ بەرپرسانی ھەرێم کۆببێتەوە.