جومانە غەلای وتەبێژی کۆمیسیۆنەکە رایگەیاند، دوای کۆتاییھاتنی تۆمارکردنی ناوی کاندیدەکان، لەئێستادا زیاتر لە ٥ ھەزار کاندید تۆمارکراون و کۆی گشتی ئەو کەسانەی مافی دەنگدانیان ھەیە دەگاتە ٢٧ ملیۆن و ٨ ھەزار و ٤٧ دەنگدەر.
وتیشی، زیاتر لە ٥٠ ھاوپەیمانی سیاسی بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان تۆمارکراوە.
دوێنێ تۆمارکردنی ناوی کاندیدەکان بۆ ھەڵبژاردنە کۆتاییھات، کە یەکەمین ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانە لە ساڵی ٢٠١٣ەوە ئەنجام بدرێت.
لە ئامارەکەدا کە مانگی تەموز بە نمونە وەرگیراوە، پێنج ھەزار و ٨٠٨ حاڵەتی تەڵاقی لە سەرانسەری عێراق جگە لە ھەرێمی کوردستان تیادا تۆمار کراوە، ئاماژە بەوەشکراوە، رۆژانە ١٩٣ حاڵەتی جیابوونەوە تۆمار کراوە، بەو پێیەش لە ھەر سەعاتێکدا ھەشت خێزان لێک ھەڵوەشاونەتەوە.
بەرای شارەزایان و توێژەران ئامارەکە مایەی نیگەرانییە و زۆرینەشی دەگەڕێتەوە، بۆ خراپ بەکارھێنانی تۆرە کۆمەڵایەتییەکان و تەکنەلۆژیای نوێ. ھەروەک بەشێکیشیان دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی ھەستی بەرپرسیارێتی بەرامبەر بە خێزان.
عەبدولئەمیر شەمەری وەزیری ناوخۆی عێراق سەردانی ئوردنی کرد و دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری ناوخۆی ئەو وڵاتە راگەیاند، بەغداد و عومان خاڵ و بەرژوەندی ھاوبەشی زۆر لە نێوانیاندایە و پێویستیان بەوە لە ئاستێکی زۆر باڵا و لە سەرجەم بوارەکاندا پەیوەندی و ھەماھەنگییەکی بەھێز لە نێوانیاندا ھەبێت، بەتایبەتیش لە بواری ئەمنی و ئابووری و بازرگانیدا.
وتیشی، لە بوارە ئەمنییەکەدا لێکتێگەیشتنێکیان لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆی ئوردن ئیمزا کردووە، بە مەبەستی دروستکردنی ھەماھەنگییەکی زیاتر بۆ پاراستنی سنورەکان و بەرەنگاربوونەوەی ماددەی ھۆشبەر و ئاڵوگۆڕی و زانیاری ھەواڵگری و کارئاسانیکردن بۆ ھاووڵاتیانی ھەردوولا بە مەبەستی مانەوەیان لە ھەردوو وڵات.
ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێم رایگەیاندووە، لە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران لەگەڵ سەرجەم کۆمپانیاکانی نەوت کە گرێبەستیان لەگەڵ حکومەتی ھەرێمی کوردستان ھەیە کۆبوونەتەوە و باسیان لە دوایین سەردان و گفتوگۆکانی وەفدی حکومەتی ھەرێم بۆ بەغداد تێچووی بەرھەمھێنانی کۆمپانیاکانی نەوتیان کردووە.
وتیشی، ھەردوولا ھاوڕابوون لەسەر بەردەوامبوونی گفتۆگۆکان لە نێوان ھەرێم و عێراق بە مەبەستی دۆزینەوەی چارەسەر لە چوارچێوەی دەستور و یاسای بودجەدا و بەھەموو شێوەیەکیش بەرگری لە ماف و گرێبەستەکانی حکومەتی ھەرێم دەکەن.
فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی ھاوبەشدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، لەگەڵ ھاکان فیدان پرسی ھەناردەکردنەوەی نەوتیان لەرێگەی بەندەری جەیھان و بەردانەوەی ئاویان تاوتوێکردووە.
جەختیشیکردەوە، دەستور رێگەنادات ھیچ گروپێک خاکی عێراق بۆ ھێرشکردنەسەر وڵاتانی دراوسێ بەکاربھێنێت.
لای خۆیەوە، وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، پشتیوانی یەکێتی و سەروەری خاکی عێراق و حکومەتەکەی محەمەد شیاع سودانی دەکەن و داوا لەسەرجەم وڵاتانی ناوچەکە دەکەین پشتیوانی پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان بکەن.
وتیشی، قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان عێراق و تورکیا گەیشتووەتە ٢٥ ملیار دۆلار.
قاسم ئەعرەجی راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەدا، عێراق لە جەنگی بەرەنگاربوونەوەی چەکدارانی داعش سەرکەوتووبووە، بەڵام لەئێستادا لە جەنگێکی ھەواڵگیریدایە بۆ بەرقەرارکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە وڵاتدا و پاراستنی ئەو دەستکەوتانەی بەدەستھاتوون.
راشیگەیاند، عێراق ئەزموونی مەیدانی ھەیە لە بەرەنگاربوونەوەی چەکدارانی داعش، بەڵام پێویستە لە بە بەرەوپێشبردنی ھێزە ئەمنییەکانییەتی لە ڕووی ئەکادیمییەوە.
قاسم ئەعرەجی سەبارەت بە کەمپی ھۆلیش رایگەیاندووە، لەئێستادا عێراق لە رێگەی ھەماھەنگییە نێودەوڵەتییەکانەوە لە ھەوڵدایە بۆ داخستنی کەمپی ھۆل، بە مەبەستی دوورخستنەوەی مەترسییەکانی ئەو کەمپە لەسەر ناوچەکە.
دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، لە زنجیرە ئۆپراسیۆنەکانیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچییەکانی دراو و یاریکردن بە بەھای دراوەکان، ھەروەھا دوای دانپێدانانی دەستگیرکراوەکانی بەغداد، لەسەر بوونی گرووپی قاچاخچێیکردن بە دراو لە ھەرێمی کوردستان، بە ھەماھەنگی لەگەڵ حکومەتی ھەرێمی کوردستان، ١١ تۆمەتباریان لە شاری ھەولێر دەستگیرکرد.
دوای دابەزینی بەھای دینار بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی، ژمارەیەک کەس لە سەرانسەری عێراق، ناو بەناو لەسەر قاچاخچێیکردن بەدراو دەستگیردەکرێن.
دەستەی دەستپاکیی عێراق رایگەیاند، تۆمەتبارێکی بە ٤٢ ساڵ سزادا، کە ئەو تۆمەتبارە لە چوار ھەژماری بانکی و بەھاوکاری چەند تۆمەتبارێکی دیکە، بڕی ھەشت ملیار و ٩٨٥ ملیۆن دیناری بردووە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، تۆمەتبارەکە ھەڵھاتووە و بەپێی چوار مادەی یاسای سزادانی عێراق سزادراوە، لە ئێستاشدا بەپێی بڕیاری دادگا دەستبەسەر موڵک و ماڵە گواستراوە و نەگواستراوەکانیدا گیراوە.
نوسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، ھاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت لەکۆبوونەوەکەدا ھانی لیژنەی وەزاری تایبەت بە ئامادەکردنی یاسای نەوت و غازی داوە گفتوگۆکانیان تەواو بکەن، بە ئامانجی ئامادەکردنی رەشنوسی یاساکە لەگەڵ تیمە ھونەرییەکانی ھەردوو وەزارەتی نەوت و سامانە سروشتییەکانی ھەرێم.
باس لەوەشکراوە، ئامادەبوونی کۆبوونەوەکە کۆک بوون لەسەر ئەوەی وەزارەت و پارێزگاکان پابەندبن بە میکانیزمەکانی جێبەجێکردنی یاسای بودجە.
ھەر لەکۆبوونەوەکەدا تاوتوێی ئەنجامی سەردانەکەی وەفدی ئەمنی باڵا بەسەرۆکایەتی وەزیری بەرگری عێراق کرا بۆ ئەمریکا کراوە، جەختکراوەتەوە لەسەر پشتیوانی لە گفتوگۆکان لەگەڵ ئەمریکا بەئامانجی پتەوکردنی سەروەری وڵات.
پرسی ھەڵبژاردن تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەی ھاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت بووە و لەو بارەیەوە سوربوونی لەسەر ئەنجامدانی ھەڵبژاردنێکی پاک و شەفاف دوپاتکردووەتەوە، سەرباری تاوتوێکردنی رەشنوسی یەکەمی ھەمواری یاسای کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکان.
خەزعەلی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی عێراقیەی رەسمی ئاماژەی بەوەکرد، ھیچ ھێزێک ناتوانێت سەقامگیری عێراق تێکبدات و ئاڵوگۆڕی ھێزەکانی ئەمریکا لەمانگی داھاتودا رەنگە بەشێوەیەکی گەورە بێت و ٢٥٠٠ سەرباز دەگۆڕدرێن، ئەوەش بە ئاگاداری حکومەتی عێراقە و ھیچ سەربازێکی نوێ زیاد ناکرێت
خەزعەلی جەختیکردەوە عێراق دەتوانێت پارێزگاری لەخۆی بکات و ھێزی شەڕکەری ئەمریکی زیاتر رەوانەی سوریا دەکرێت، ئامانجەکەشی رانەگەیەنراوە کە بۆ دروستکردنی ھەرێمێکە لەسەر سنوری سوریا.
بەوتەی خەزعەلی، وەفدی ئەمنی عێراق پێش ئەوەی بچێتە واشنتن مەرجەکانی خۆی سەپاندووە و چونە دەرەوەی ھێزەکانی ئەمریکا شتێکی نەگۆڕە و ئەو بابەتە کۆتایی ھاتووە.
باسی لەوەشکردووە، یەکێک لە داواکارییەکانی وەفدی عێراق لە ئەمریکا ئەوەیە پرسی عێراق لە سوریا جیابکرێتەوە بەتایبەت لە پرسەکانی پەیوەندیدار بە مەترسی داعشەوە.
سەرچاوەیەک لە بانکی ناوەندیی عێراق بە کوردسات نیوزی راگەیاند، دوو ھەفتەیە بانکی ناوەندیی کار لەسەر پڕکردنەوەی خواستی ناوخۆیی بۆ دۆلار دەکات، لەپێناو ھاوسەنگکردنی بازاڕی دراو و گەڕانەوەی متمانە بۆ بەھای دینار.
راشیگەیاند، بانکی ناوەندیی عێراق لە مەزادی دۆلاری رۆژی سێشەممە زیاتر لە ١٩٨ ملیۆن دۆلاری فرۆشتووە کە زیاتر لە ١٢٧ ملیۆن دۆلاری بە حەواڵەبووە، ھەروەھا ٧١ ملیۆن دۆلاریش بەشێوەی کاشبووە، بۆپڕکردنەوە خواستی ناوخۆی بازاڕی دراوی عێراقی.
وتیشی، ئەو رێژەیە لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بەرێژەی ١٠٠٪ قبوڵکراوبووە.
خالید یەعقوبی، راوێژکاری ئەمنیی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، ھیچ جۆرە کۆکردنەوەیەکی ھێزەکانی ئەمریکا لە خاکی عێراق رووینەداوە، بەڵام ئەوەی ھەبووە ئاڵوگۆڕ بووە لەگەڵ ئەو یەکانەی ئەمریکا کە لە سوریان.
راوێژکارەکەی سودانی، بەشێک لە ناوەڕۆکی دانوستانەکانی ماوەی رابردووی بەغداد و واشنتۆنی ئاشکرا کرد و رایگەیاند، سەرکردایەتیی عێراق لە دانوستانەکاندا، پێداگیرییان لەسەر پاراستنی سەروەریی عێراق کردووەتەوە و ھەموو داواکارییەکانیان لە دانوستانەکاندا بەدەستھێناوە.
وتیشی، رێککەوتوون لەسەر پێکھێنانی لیژنەیەکی سەربازیی ھاوبەش بۆ بەرەنگاربوونەوەی ھەڕەشەکانی داعش.
راوێژکارەکەی سودانی باسی لەوەشکردووە، ھیچ بڕگەیەک یان کۆبوونەوەیەکی نھێنی لە دانوستانەکانیان لەگەڵ ئەمریکا نییە و سوپاسالاری پێشمەرگەش لەگەڵ ئەو وەفدە ئەمنییەدا بووە، کە سەردانی ئەمریکایان کردووە.
کۆمەڵەی پیشەسازیی خۆراک و خواردنەوەکان لە تورکیا رایگەیاند، لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا بە بەھای ١٢.٢٣ ملیار دۆلار خۆراک و بە بەھای ١٢.٤٦ پیشەسازیی خۆراکیان ھەناردەی وڵاتانی دەرەوە کردووە و ئاردیش لە پلەی یەکەمی ئەو ماددە خۆراکییانە بووە کە ھەناردەی کراون.
دەشڵێت لەماوەی ئەو شەش مانگەدا داھاتی ھەناردەی ئارد ٦٨٣ ملیۆن دۆلار بووەو دوای ئەویش رۆنی زەیت دێت کە لەو ماوەیەدا داھاتەکەی ٤٩٤ ملیۆن دۆلار بووە.
کۆمەڵەی پیشەسازیی خۆراک و خواردنەوەکان لە تورکیا ئاماژەی بەوەشکردووە، لەماوەی شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا عێراق لەسەر ئاستی وڵاتان گەورەترین کڕیاری ماددە خۆراکییەکان بووە لە تورکیا و لەو ماوەیەدا بە بەھای ١.٤ ملیار دۆلار خۆراکی لە تورکیا کڕیووە.
"عەلی عەباس شەفیعی" پارێزگاری شاری میھران رایگەیاند، تەواوی جموجوڵە بازرگانییەکان لە دەروازەی میھرانی سەر سنور لەگەڵ عێراق لەمڕۆوە تا ١١ی ئەیلول دادەخرێت، ئەوەش لەپێناو ئاسانکاری بۆ زیارەتکارانی چلەی ئیمام حسێن.
وتیشی، دەرگاکانی ھاتنە ناوەوە لە دەروازەی میھران بەرەو دەروازەی زرباتیە لە عێراق بۆ ٥ دەروازە زیادکراون و ھیچ ئاستەنگێک لەبەردەم زیارەتکاراندا نییە.
مستەفا کرعاوی، ئەندامی لیژنەی دارایی بە رۆژنامەی "سەباح"ی راگەیاند، لیژنەکەیان ھەوڵدەدات ھەفتەی داھاتوو میوانداری "عەلی عەلاق" پارێزگاری بانکی ناوەند بکات، بۆ تاوتوێکردنی دواکەوتنی دابەشکردنی پارەی دەستپێشخەری بۆ نیشتەجێبوون، کە لە ساڵی رابردوودا ئەو دەستپێشخەرییە راگەیەندرا وەک ھەنگاوێکی سەرەتایی بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی نیشتەجێبوون.
وتیشی، زۆرێک لەو ھاووڵاتیانەی کە پارەی پێویستیان نییە بۆ دروستکردنی خانووەکانیان، چاوەڕێی ئەو دەستپێشخەرییەن. بەشێک لە ھاووڵاتیانیش قەرزیان لە بانکەکان وەرگرتووە بەبێ سود بۆ کڕینی یەکەکانی نیشتەجێبوون.
"مستەفا کرعاوی" راشیگەیاند، پارەی ئەو دەستپێشخەرییە لەلایەن بانکی ناوەندییەوە پێشکەشی بانکەکان دەکرێت، لیژنەی داراییش دەیەوێت لێکۆڵینەوە لە ھۆکاری دواکەوتنی ناردنی ئەو پارانە بۆ بانکەکان بکات.