فەرماندەی ھێزە ئەمنییەکانی پارێزگای بەسرە ئاشکرایکردووە، دوای بەدواداچوون و کۆکردنەوەی زانیاری ھەواڵگری ورد لەبارەی بازرگانێکی ماددە ھۆشبەرەکان و وەرگرتنی فەرمانی دادوەر، ھێزێکی ئەمنی ھەوڵیدا لە یەکێک لە گەڕەکەکانی بەسرە، بازرگانێکی ماددەی ھۆشبەر دەستگیر بکات، بەڵام کەسی دواکراو روبەڕوی ھێزە ئەمنیەکان بووەوەو دواتر بە برینداری دەستگیرکرا.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو بازرگانەی ماددەی ھۆشبەر ماتۆڕسکیلێکی پێبووە و بە دەمانچە روبەڕوی ھێزە ئەمنییەکان بووەتەوە و لەکاتی دەستگیرکردنیشیدا ١٥٠ کیلۆ ماددەی ھۆشبەری پێبووە لە جۆری کریستاڵ.
بەھرام عەین ئیلاھی وەزیری تەندروستی ئێران لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ ساڵح حەسناوی وەزیری تەندروستی عێراق لە بەغداد رایگەیاند، لە ئێران ٩٩٪ـی پێداویستی پزیشکی و دەرمان بەرھەم دەھێنرێت و دەتوانن لەو بەرھەمانەش ھەموو جۆرە ھاوکارییەکی عێراق بکەن لە بواری دەرمان و پێداویستی پزیشیکیدا و ھەردوولاش تیمێکی تەندروستی ھاوبەش بۆ باشتررێکخستن و جێبەجێکردنی رێککەوتنەکان پێکدەھێنن.
وتیشی، لە چوارچێوەی رێککەوتنەکانی نێوان تاران و بەغداد لە بواری تەندروستیدا، لەچەند رۆژی داھاتوودا کاروانی یەکەمی دەرمان و پێداویستی پزیشکی بۆ عێراق دەنێرن کە لە چەندین جۆر دەرمان و پێداویستی پزیشکی پێکدێت.
حەکیم لە رۆژی جیھانی نەھێشتنی نەخوێندەواری راگەیەنراوێکی بڵاوکردوەتەوە و داوا دەکات، ھەڵمەتێکی نیشتمانی گشتگیر رابگەیەنرێت بۆ کەمکردنەوەی رێژەی نەھێشتنی نەخوێندنەواری لە کۆمەڵگەی عێراق بە تایبەت لە گوندەکان و ھەنگاوی کرداری پتەو بنرێت بۆ دەربازکردنی وڵات لە لێکەوتەکانی دیاردەکە.
ھەروەھا حەکیم داوا دەکات رۆشنبیری زانست و زانیاری لە نێو چینەکانی کۆمەڵگە بڵاوبکرێتەوە، ئاسۆی ھەماھەنگی نێوان دامەزراوەکان فراوانبکرێت بۆ سنوردارکردنی شوێنەوارەکانی نەخوێندەواری.
تورکی عەتەبی، سەرکردە لە چوارچێوەی ھەماھەنگی ئاماژەی بەوەدا، لە چەند رۆژی داھاتوودا سەرۆک وەزیرانی عێراق سەردانی کەرکوک دەکات، لەسەر ئەو گرژی و ئاڵۆزییەی ھەفتەی رابردوو لەو شارە دروستبوو.
ئەوەشی خستەڕوو، سودانی لە سەردانەکەیدا بۆ کەرکوک سێ پرسی گرنگ تاوتوێدەکات، ئەوانیش جەختکردنەوە لە دەسەڵاتی یاسا و سەپاندنی شکۆمەندی دەوڵەت لەو شارە و پاراستنی خوێنی سەرجەم پێکھاتەکان، لەگەڵ جەختکردنەوە لە گرتنەبەری رێوشوێنی یاسایی بەرامبەر بە ھەر ھەوڵێک بۆ تێکدانی سەقامگیری کەرکوک.
ئەو سەرکردەیەی چوارچێوەی ھەماھەنگی وتیشی، ھەموو لایەنە سیاسییەکان پشتیوانی لە ھەوڵەکانی سودانی دەکەن بۆ چارەسەرکردنی دۆسیەی کەرکوک، بەوپێیەی دۆسییەکی ئاڵۆز و درێژخایەنە و پێویستی بە رێگریکردن لە دەستێوەردانی دەرەکی ھەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ناو شارەکە.
پێگەی " میدڵ ئیست ئای" کە بارەگاکەی لە بەریتانیایە بڵاویکردووەتەوە، تورکیا لەسەر راگرتنی ھەناردەی نەوتی کوردستان لە دادگای کۆڵۆمبیا لە ویلایەتی واشنتن دی سی ئەمریکا سکاڵای دژی حکومەتی عێراق تۆمارکردووە و داوای ٩٥٦ ملیۆن دۆلار قەرەبوو لە عێراق دەکات.
بەپێی بڕیارەکەی دادگای ناوبژیوانی پاریس تورکیا دەبێت نزیکەی ٢.٦ ملیار دۆلار قەرەبوو بداتە عێراق لەسەر ھەناردەی نەوتی کوردستان و چەند گرێبەستێک کە نزیکەی ٣٠ ساڵ لەمەوبەر لەنێوان ھەردوو وڵات ئەنجامدراوە، تورکیاش پێی وایە ئەو بڕیارە نادادپەروەرانەیە و دەبوو دادگا لە بەرژەوەندی تورکیا بڕیار بدات نەک عێراق.
پارێزەرانی تورکیا عێراق تۆمەتباردەکەن بەوەی دادگاکانی ئەمریکا وەک ئامڕازێک بۆ سکاڵاکانی دژی تورکیا بەرکاردەھێنێت، بۆیە بڕیاریانداوە ئەمجارە ئەوانیش لە دادگاکانی ئەمریکاوە سکاڵا دژی عێراق تۆماربکەن و داوای قەرەبوو بکەن.
بەپێی راگەیەندراوێکی دادگای باڵای فیدراڵی، محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی دامەزراندنی راوێژکار لە ئەنجومەنی نوێنەران، سکاڵایەکی لەسەر محەمەد حەلبوسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران تۆمارکردووە.
لە سکاڵاکەیدا سودانی داوا دەکات بە سەلەماندنی نادەستوریی بوون و ھەڵوەشاندنەوەی ماددەی (یەک، سێیەم) و یاسای رێکخستنی کاری راوێژکاران کە تێیدا ھاتووە (دامەزراندنی راوێژکار لە ئەنجوومەنی نوێنەران بە مەرسومێکی کۆماری بە ڕەزامەندی ئەنجومەنی نوێنەران دەبێت لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنەکە بۆ دامەزراندنی راوێژکارەکە).
ئاماژە بەوەشکراوە، بەشی دووەمی سکاڵاکەی سودانی بەھەمان شێوە تایبەتە بە سەلماندنی نادەستوریی بوون و ھەڵوەشاندنەوەی ماددەی بڕگەی (پێنجەم)ی ھەمان ماددە، بە مەرجێک ئەم یاسایە دامەزراندنی راوێژکار پەسەند بکات کە پێش کارپێکردن و دەرچوونی مەرسومی کۆماری یان فەرمانی پەرلەمانیی یان دیوانی دامەزراون، لەگەڵ رەچاوکردنی بڕگەی یەکەمی ئەم ماددەیە بە گوێرەی دەستوور و یاسا لە یاسای رێکخستنی کاری راوێژکاران ژمارە سێی ساڵی ٢٠٢٢.
بەگوێرەی خشتەی کۆبوونەوەکانی دادگای فیدڕاڵی، رۆژی ١٠ـی ئەیلول دادگاکە لەبارەی سکاڵایەک کۆدەبێتەوە کە لەسەر سەرۆک حکومەتی ھەرێم و وەزیری دارایی ھەرێم تۆمارکراوە و تیایدا داواکراوە بڕیاری ژمارە ٥٦ـی ساڵی ٢٠١٥ی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێم بڕیاری راگرتنی پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی ھەرێم بە نادەستوری لە قەڵەم بدرێت، چونکە بەھۆیەوە مافی فەرمانبەران پێشێلکراوە.
رۆژی ١٤ـی ئاب، دادگای فیدڕاڵی لەسەر ھەمان سکاڵا کۆبووەوە، بەڵام بڕیاردانی لەسەر سکاڵاکە بۆ ١٠ـی ئەیلول دواخست.
نوسینگەی راگەیاندنی وزەی ئەمریکا لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، ھەناردەی نەوتی خاوی عێراق و بەرھەمەکانی بۆ ئەمەریکا لە ماوەی شەش مانگی ئەمساڵدا، گەیشتووەتە ٦٤ ملیۆن و ٧٣٧ ھەزار بەرمیل، کە بەراورد بە ھەمان ماوەی ساڵی رابردوو بە ڕێژەی ٣٣.٥٪ زیادیکردووە ، کە لەوکاتەدا تەنھا ٤٨ ملیۆن و ٤٥٩ ھەزار بەرمیل نەوت ھەناردەی ئەمریکا کراوە، کە ئەو رێژەیەش بە بەراورد بە ھەمان ماوەی ساڵی ٢٠٢١ بە ڕێژەی ١٣٩٪ زیاتر بووە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، بەرزترین ڕێژەی ھەناردەکردنی نەوت بۆ ئەمریکا لە ماوەی شەش مانگی رابردوودا لە مانگی شوباتدا بووە کە گەیشتووەتە ١٢ ملیۆن و ١٦٨ ھەزار بەرمیل، کەمترین ڕێژەی ھەناردەکردنی نەوتیش لە مانگی حوزەیراندا بووە کە گەیشتووەتە نۆ ملیۆن و ٣٣٠ ھەزار بەرمیل.
عێراق نزیکەی ١٠٪ی ھەناردەی نەوتی خۆی ساڵانە بۆ ئەمریکا ھەناردە دەکات، ھەروەھا لەو ١٠ وڵاتەش ھەژماردەکرێت کە نەوت ھەناردەی ئەمریکا دەکەن، شانبەشانی کەنەدا و مەکسیک و سعودیە.
جەبار عودە سەرکردە لە چوارچێوەی ھەماھەنگی لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیران بە بەردەوامی لەگەڵ بەرپرسانی ئەمنی و ئیداری کەرکوک لە پەیوەندیدایە و ژمارەیەک فەرمانی دەرکردووە کە ھاوکاربوون بۆ ئاساییبوونەوەی دۆخی شارەکە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، چاوەڕێدەکرێت لە زووترین کاتدا سودانی سەردانی کەرکوک بکات و لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان کۆببێتەوە، چاوەڕێشدەکرێت لەو کۆبوونەوەیەدا ژمارەیەک بڕیاری گرنگ بدرێن کە تایبەتن بە گرفتی ئەمنی و سیاسیی لە پارێزگاکەدا.
سەرکردەکەی چوارچێوەی ھەماھەنگی ئاشکراشیدەکات، کە لە سەردانەکەی سودانی بۆ کەرکوک کار بۆ راگەیاندنی نەخشەڕێگایەکی نیشتمانی دەکرێت بۆ کۆتاییھێنان بە قەیرانەکانی پارێزگاکە.
ماوەی ٢٠ رۆژە لە ناوخۆ و دەرەوەی عێراق، زیارەتکارانی شیعە بەردەوام روو لە کەربەلا دەکەن بۆ بەشداریکردن لە چلەی ئیمام حسێن و تەنھا لە وڵاتی ئێرانەوە چوار ملیۆن زیارەتکار ھاتوونەتە عێراق کە بەراورد بە ساڵی رابردوو رێژەکە لەسەدا ١٢ زیادی کردووە.
فەرماندەی پۆلیسی ئێران رایگەیاند، لە دەروازە سنورییەکانەوە چوار ملیۆن زیارەتکار چوونەتە عێراق و دوو ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار زیارەتکاریان گەڕاونەتەوە.
ھەروەھا دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنی عێراق رایگەیاند، لە ماوەی نێوان ١٥ی ئاب بۆ ٣ی ئەیلول، ٢٥٧ ھەزار زیارەتکار بە ١٨٥٠ گەشتی ئاسمانی ھاتوونەتە فڕۆکەخانەکانی بەغداد و بەسرە و نەجەف.
لای خۆشییەوە، سەرۆک وەزیرانی عێراق بەدواداچوونی بۆ پلانی پێشوازیکردنی زیارەتکاران کرد و ستایشی ھەوڵی وەزارەتەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی کرد بۆ سەرخستنی پلانی چلە و رایگەیاند، چلە جوانترین نمونەیی بەخشندەیی پیشاندا.
د. لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی ھەواڵی چینی (شینخوا) ئاماژەی بەوەکرد، عێراق پێویستی پشتیوانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانە، لەوانەش کۆمپانیا چینییەکان لە بوارەکانی بیناسازی، ژێرخانی ئابوری، کارەبا، ئاو، وزە و خزمەتگوزارییەکانی دیکە.
باسی لەوەشکردووە، پشتیوانیی لە نزیکبوونەوەی نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و عەرەبستانی سعودیە دەکات و ستایشی ڕۆڵی چین و عێراقیشی دەکات لەو بوارەدا، چونکە باوەڕیوایە ھەماھەنگی و ھاریکاری نێوان وڵاتان باشتر خزمەت بە مرۆڤایەتی دەکات.
سەرۆک کۆماری عێراق ئەوەشی خستووەتەڕوو، پشتیوانی لە ھەموو ئەو پڕۆژانە دەکات کە بۆ پەرەپێدانی ژینگە پێشنیازکراون، چونکە گۆڕانکارییە گەورەکانی ژینگە، کاریگەری لەسەر تەندروستی مرۆڤ و نەوەکانی داھاتوو دەبێت.
نەوزاد شیخ کامیل بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی لە ھەرێم بە کوردسات نیوزی راگەیاند، دوای زیاتر لە ساڵێک دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق ئەو سکاڵایەی رەتکردەوە کە لە دژیان تۆمارکرابوو بۆ رادەستکردنەوەی پارەی بەشەخۆراک لە نێوان ساڵەکانی ٢٠٠٤ بۆ ٢٠٢١.
راشیگەیاند، وەزارەتی بازرگانی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٤_ەوە پارەی بۆ بەڵێندەرەکانی گواستنەوەی بەشەخۆراکی مانگانەی ھەرێم نەناردووە و لە پارەی پاشەخۆراک ئەو پارەیەیان دابینکردووە بۆیە سکاڵاکە رەتکرایەوە.
لە دوای زیاتر لە ساڵێک لە تۆمارکردنی ئەو سکاڵایە رۆژی دووشەممە، دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق، کۆتا دانیشتی خۆی لە بارەی ئەو سکاڵایەوە ئەنجامداو بڕیاری کۆتاییدا و لە بەرژەوەندی ھەرێم یەکلایکردەوە.
دادگای فیدڕاڵی عێراق سکاڵایەکی تاوتوێکرد کە لەسەر رێککەوتنی دەریایی نێوان عێراق و کوەیت تۆمارکرابوو، تیایدا سنورە ئاویی و ھەرێمییەکانی نێوان ھەردوو وڵات دیاریکرابوون.
دادگای فیدڕاڵی ناوەڕۆکی رێککەوتنەکەی ھەڵوەشاندەوە و رایگەیاند، بەگوێرەی بڕگەی چوار لە ماددەی ٦١ دەستور دەبێت ھەموو رێککەوتنە نێودەوڵەتییەکانی عێراق، بە دەنگدانی دوو لەسەر سێی ئەنجومەنی نوێنەران پەسەندبکرێن، ئەوکات کاریان پێدەکرێت.
رێککەوتنە ئاوییەکەی عێراق و کوەیت تایبەتبوو بە پابەندبوونی ھەردوو وڵات، بە بڕیاری ژمارە ٨٣٣ی ئەنجومەنی ئاسایشی نیودەوڵەتی کە تیایدا بەگوێرەی لێکتێگەیشتنێکی ھاوبەش لە ساڵی ١٩٦٣ ھەردوو وڵات سنوورە ئاوییەکانی نێوانیان دیاریکردبوو.
لە دوای چەندین دانیشتن و دواخستنی بریارە ئەمڕۆ، دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق، دانیشتنی کۆتایی خۆی ئەنجامبدات و بڕیاری کۆتایی بدات لە بارەی گەڕاندنەوەی پارەی نزیکەی ١٨ ساڵی بەشە خۆراکی مانگانە بۆ بەغداد کە لە ھاوڵاتیانی ھەرێمی کوردستانیان وەرگیراوە.
سکاڵاکە لەلایەن بەڕێوەبەری کۆمپانیای گشتیی بازرگانیی خۆراکی حکومەتی فیدراڵیی عێراق دژی وەزیری بازرگانیی ھەرێمی کوردستان تۆمارکراوە، تایبەت بە رادەستنەکردنی پارەی بەشەخۆراک لەنێوان ١ی کانونی دووەمی ٢٠٠٤ تا ٣٠ی ئەیلوولی ٢٠٢١.
سکاڵایەی یەکەم لە لەلایەن زیاد جەبار، پەرلەمانتاری خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان و ئامانج نەجیب شەمعون، سەرۆکی فراکسیۆنی رافیدەین لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لە دژی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، سەرۆکی ھەرێم و سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان تۆمارکراوە. داوادەکەن دادگا ماددەکانی"١، ٩، ١٥، ٢٢، ٣٦"ـی یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارە یەکی ساڵی ١٩٩٢ـی ھەموارکراو بە نادەستووری بناسێنێت، سکاڵاکە لە دانیشتنی رۆژی ٦ ئاب دواخراوە.
سکاڵایەکی دیکە کە ھەر لە لەلایەن ئامانج نەجیب شەمعون تۆمارکراوە، لە دژی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و داوادەکات دادگا بڕیاری نادەستووریبوونی یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارە یەکی ساڵی ١٩٩٢ و ھەموارەکانی بەتەواوەتی بدات.
ھەریەک لە سکاڵاکانی تریش، دژی سەرۆکی حکومەتی ھەرێم و ئەنجومەنی پارێزگاکان و وەزیری پیشەسازی ھەرێم، ھەمواکردنەوەی ھەندێک لە یاساکانی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراون.
محەمەد شیاع سودانی لە راگەیەندراوێکدا، ھێزە ئەمنییەکانی کەرکوکی راسپارد رۆڵیان ھەبێت لە دەستەبەرکردنی ئاسایش لە پارێزگاکە و ھەر کەسێک دەستگیر بکەن کە چەک ھەڵدەگرێت.
سودانی داواشی لە ھێزە ئەمنییەکان کرد، قەدەغەی ھاتوچۆ لە کەرکوک جێبەجێ بکەن و ئەو ناوچانە بپشکنن کە گرژییان تێدایە، ھەروەھا داوای لە ھەموو ھێزە سیاسییەکان کرد، رۆڵیان ھەبێت لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی کەرکوک.