فەھد جبوری، سەرکردە لە رەوتی حیکمە بە سەرۆکایەتی "عەمار حەکیم" رایگەیاند، ئەو گۆڕانکارییانەی سودانی دەیکات چەندین لێپرسراوی حکومەتەکەی دەگرێتەوە، چونکە بەشێکیان سەرکەوتوو نەبوون و پێشتر تاقیکراونەتەوە.
وتیشی، بەپێی دیوانی چاودێری دارایی ئەو لێپرسراوانە متمانەپێکراو نین و ناکرێت پارەی زۆر لەژێر دەستی ئەو کەسانەدا بێت.
ئەو ئەندامەی رەوتی حیکمە راشیگەیاند، ئەوەی سودانی دەیکات ھەنگاوێکی ئەرێنییە، چونکە ھەڵبژاردنی کەسانی پاک و متمانەپێکراو گرەنتی سەرکەوتنی حکومەتەکەی دەکات.
ریچارد عەبدولنور، نێردەی تایبەتی بانکی نێودەوڵەتی لە عێراق لە کۆنگرەی ئاو و سەرچاوەکانی ئاو لە زانکۆی ئەمریکی لە عێراق رایگەیاند، بانکی نێودەوڵەتی سێ ملیۆن دۆلار تەرخان دەکات بۆ پشتیوانیکردن لە جێبەجێکردنی ستراتیژییەتی ئاو لە عێراق و بەکارھێنانی بۆ بونیادنانی سیستمێکی نوێی ئاودێری و پاراستنی ئاسایشی بەنداوەکان و رێگرتن لە مەترسییەکانی دووبارەبوونەوەی کارەساتەکەی لیبیا، کە گومانی دووبارەبوونەوەی لە عێراقدا دەکرێت.
وتیشی،بەکارھێنانیشی بۆ مەبەستی گرتنەبەری رێکاری پێویستە بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوھەوا.
سەعد مەتڵەبی، ئەندامی دەوڵەتی یاسا رایگەیاند، سەرباری ھەوڵەکان بۆ دواخستنی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان، بەڵام ھەڵبژاردنەکە لەکاتی خۆیدا بەڕێوەدەچێت و دواناخرێت.
وتیشی، لایەنێک ھەیە دەیەوێت ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەکە بۆ کاتێکی تر دوابخات، بەڵام بڕیاری سیاسی دراوە و سەرکردە سیاسییەکانیش ھەڵوێستی خۆیان لەبارەیەوە راگەیاندووە.
ئەو ئەندامەی دەوڵەتی یاسا وتیشی، ھەڵبژاردنەکە لە پارێزگای کەرکوکیش بەڕێوەدەچێت و رێگەنادەن ھیچ ئاستەنگێک دروست بکرێت، کۆمیسیۆنی سەربەخۆی باڵای ھەڵبژاردنەکانیش تاقیکردنەوەی ئەزموونی لەسەر بەڕێوەچوونی پڕۆسەکە ئەنجام دەدات.
ئیڤان فایەق، وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، سەردانی لیژنەی پلاندانانی ستراتیژی و خزمەتگوزاریی فیدڕاڵیی ئەنجومەنی نوێنەرانی کرد و گفتوگۆیان کرد لەبارەی پلانی داھاتووی وەزارەت لەبارەی ئاوارەکان و گەڕاندنەوەیان بۆ ناوچەکانیان.
لە کۆبوونەوەکەدا وەزیری کۆچ رایگەیاند، بە ھەماھەنگیی لەگەڵ لایەنە پەیوەندارەکانی ھەرێمی کوردستان، ئامادەکاریی تەواویان کردووە بۆ داخستنی سەرجەم کەمپی ئاوارەکان لە ھەرێمی کوردستان، ئەوەش لە رێگەی پلانی گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانی خۆیان.
بە پێی ئامارەکانی وەزارەتی کۆچ، ٢٦ کەمپی ئاوارەکان لە دھۆک و ھەولێر و سلێمانی ھەن و نزیکەی ٣٦ ھەزار خێزانی ئاوارەیان تێدایە.
سەعد عەواد توبی، ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، رایگەیاند، لیژنەکەیان ئامادەکاریی دەکات بۆ بانگھێشتکردنی نوێنەری وەزیرانی دارایی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق، بۆ بارەگای لیژنەکەیان لە ئەنجومەنی نوێنەران.
وتیشی، ئامانجی ئەو بانگھێشتکردنە گفتوگۆکردنە لەبارەی ناردنی پارە بۆ ھەرێمی کوردستان بۆ مانگەکانی کۆتایی ئەمساڵ.
راشیگەیاند، ئەو پارەیەی لە شەش یان ھەشت مانگی رابردوودا لە بەغدادەوە رەوانەی ھەرێمی کوردستان کراوە، پاکتاو دەکرێت و لە پشکی ھەرێمی کوردستان دەبڕێت.
زەینەب جیاشی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاندووە، یاداشتێکیان بە ئیمزای ١٧٤ پەرلەمانتارەوە ئاراستەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق کردووە بە مەبەستی پشتیوانیکردن لە بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵی لەبارەی نادەستووریبوون و ھەڵوەشاندنەوەی رێککەوتنی خور عەبدوڵا لەگەڵ کوەیت کە تایبەتە بە رێکخستنی جموجۆڵ و رێڕەوە دەریاییەکان و لە ساڵی ٢٠١٣ لەلایەن ئەنجومەنی ئومەی کوەیت و ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە پەسەندکراوە.
لەچەند ھەفتەی رابردوودا دادگای باڵای فیدراڵی عێراق رایگەیاند، رێککەوتنی خور عەبدوڵا بۆ رێکخستنی جموجۆڵی دەریایی لە رێڕەوە ئاوییەکانی نێوان عێراق و کوەیت نادەستووریە و پێچەوانەی بڕگەی چوارەمی ماددەی (٦١)ی دەستوورە کە باس لەوە دەکات پەسەندکردنی رێککەوتن و پەیماننامەی نێودەوڵەتی پێویستی بە دەنگی زۆرینەی دوو لەسەر سێی پەرلەمانتارانە، بەڵام ئەو رێککەوتنە ئەو رێژەیەی دەنگی پەرلەمانتارانی بەدەستنەھێناوە.
بە پێی نوسراوێکی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی، دادگای تاوانەکان لە رەسافە، بڕیاریداوە بە بێتاوانی "عەبدوڵا یاسر سەبعاوی" زڕبرای سەدام حسێن و"تارق خەڵەف نزال"کە تۆمەتبارکرا بوون بە بەشداریکردن لە کۆمەڵکوژیی "سپایکەر".
بەپێی نوسراوەکەی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی، دادگای تاوانەکان لە رەسەفە، لەبەر نەبوونی بەڵگەی پێویست بڕیاری ئازادکردنی ئەو دوو کەسەی دەرکردووە، ھەروەھا بەپێی ماددەکانی یاسایی تیرۆر بڕیاریداوە بە ھەڵوەشاندنەوەی ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەیان کراوە.
لە ڕۆژی ١٢ی حوزەیرانی ٢٠١٤، نزیکەی ھەزار و ٧٠٠ خوێندکار لە سەربازگەی سپایکەر لە شاری تکریتی ناوەندی پارێزگای سەڵاحەدین لەلایەن ژمارەیەک چەکدارەوە کۆمەڵکوژکران.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، لە چەند ھەفتەی کەمی داھاتوودا محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق بە سەردانێکی رەسمی و بەسەرۆکایەتی وەفدێکی باڵا سەردانی روسیا دەکات و تەوەری سەرەکی سەردانەکەش گەشەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوولایە بەتایبەتیش لە ھەردوو بواری سیاسی و ئابووری.
لە بەرامبەریشدا سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی روسیا سەردانەکەی سودانی بۆ مۆسکۆ پشتڕاستکردووەتەوە و رایگەیاندووە، ئامادەکاری تەواو بۆ ئەو سەردانە دەکەن و دەیانەوێت بە باشی بەڕێوەبچێت و ئەنجامی باشیشی ھەبێت کە بڕیارە سەردانەکە لە چەند ھەفتەی داھاتوودا ئەنجام بدرێت.
بەپێی راگەیەندراوێکی نووسینگەکەی، محمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە نیویۆرک، لەگەڵ ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبووەتەوە و تەوەری سەرەکی گفتوگۆکانیشیان گۆڕانکارییەکانی کەشوھەوا و کاریگەرییەکانی لەسەر عێراق بووە.
ئاماژە بەوەشکراوە، لە کۆبوونەوەکەدا سودانی بە پێویستی زانیوە ھەماھەنگییان لەگەڵ رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ھەبێت، لەپێناو بەرەنگاربوونەوەی ھەژاریی و دۆزینەوەی چارەسەر بۆ وشکەساڵی و بە بیابانبوون و کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانیان.
نووسینگەی سودانی راشیگەیاندووە، دوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سکرتێری گشتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆتایی بە سەردانەکەی بۆ نیویۆرک ھێنا.
عەبادی لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا سەبارەت بە کێشەکان لەگەڵ ھەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەدا، دەبێت لەسەر بنەمای یەک عێراق و یەک بەرژەوەندی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان مامەڵە بکرێت، پێویستە واز لە بەخشین لە بەرامبەر وەرگرتن بھێندرێت، چونکە مافی خەڵک سازشی لەسەر دەکرێت نەک مافی حزبەکان.
وتیشی، بەشێک لە لایەنەکان ھاووڵاتیانی ھەرێم لە مافەکانیان بێبەش دەکەن بۆ رازیکردنی دەنگدەرانی.
سەبارەت بە موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدریش وتی، سەدر رێڕەوێکی بۆ خۆی دیاری کردووەو روئیای بۆ چاکسازی رەوشی ناوخۆی وڵات ھەیە، بەڵام بەتەنھا ناتوانێت ئەو کارە بکات. ئاشکرای کرد کە، ئیدارەدانی پڕۆسەی سیاسی بەبێ سەدر ئەستەمە، بەڵام ھیچ بوارێکی بۆ لێکتێگەیشتن نەھێشتەوە و ئەندامەکانی لە ئەنجومەنی نوێنەران کشاندەوە.
ئەحمەد ئەسەدی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، نزیکەی ٨٠٠ ھەزار بۆ یەک ملیۆن کرێکاری بیانی لە عێراق ھەن، بە پێی ھەڵسەنگاندنەکان مانگانە ٨٠٠ ملیۆن دۆلار بۆ مووچە و کرێکانیان خەرجدەکرێت.
وتیشی، ئەگەر ھەر کرێکارێکی بیانی ٥٠٠ دۆلاریش وەربگرێت، ئەوا بڕەکە لەوە زیاتر دەبێت، چونکە بەشێک لە کرێکارە بیانییەکان مووچەکانیان لە مانگێکدا دەگاتە ١٠ ھەزار دۆلار.
"سودانی" لە لوتکەی ئامانجەکانی گەشەپێدان لە نیویۆرک رایگەیاند، پابەندن بە ئامانجەکانیان سەرباری ئەو ئاستەنگانی لەبواری گەشەپێداندا روبەڕووی دەبنەوە.
وتیشی، عێراق چەندین رێکاری نیشتمانی گرتووەتەبەر بۆ چاکسازی ژێرخانی ئابوری و فراوانکردنی تۆڕی ئاو و بەکارھێنانی تەکنیکی نوێ بۆ ئاودێری و نوێکردنەوەی کەناڵە ئاوییەکان، بەشێک لەو ئاستەنگانەشی روبەڕووی دەبنەوە پەیوەندی بەو زیانە داراییانەوە ھەیە کە لە جەنگی تیرۆریستانی داعش بەریانکەوتووە.
"سودانی" جەختیشی کردەوە لەوەی، ئەولەویات دەدەن بە دابینکردنی پارە بۆ روبەڕوبوونەوەی گۆڕانکارییە کەشوھەواییەکان، چونکە عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی زۆرترین کاریگەری لەسەر دروستبووە.
ھەروەھا وتیشی، وەبەرھێنان لە غاز دەکەن، بۆ بەرھەمھێنانی وزەی پاک، بۆ ئەوەی تا ساڵی ٢٠٣٠ بگەنە ئاستی سفر لە بەھەدەردان و سوتانی غازدا.
هەرێم كەمال ئاغا سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە كوردسات نیوزی راگەیاند، لە سۆنگەی بەرپرسیارێتی و بەدواداچوونەكانی د.لەتیف رەشید، سەرۆككۆماری عێراق لەسەر ئەو پرسانەی كە پەیوەستە بە هەرێمی كوردستان و ناوچە دابڕاوەكان، ئەمڕۆ لەگەڵ سەرجەم فراكسیۆنە كوردستانییەكانی ئەنجومەنی نوێنەران كۆدەبێتەوە.
وتیشی، لە كۆبوونەوەكەدا چەندین پرسی گرنگ و گۆڕانكارییە سیاسییەكان و پێشهاتەكان تاوتوێ دەكرێن، بەتایبەت پرسی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە و ناردنی پشكی هەرێم.
ئەو كۆبوونەوەیە لە كاتێكدایە كە رۆژی سێشەممە بۆ سێیەمجار، دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە دواخرا و بڕیارە ڕۆژی پێنجشەممە دانیشتنەكە ئەنجام بدرێت، ئەگەرچی تائێستا كارنامەی ئەو دانیشتنەش بڵاونەكراوەتەوە، بەڵام فراكسیۆنە كوردستانییەكان بڕیاریانداوە ئەگەر لە دانیشتنی سبەینێدا، ڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە نەخرێتە بڕگەی یەكەمی دانیشتنەكەوە بایكۆت دەكەن.
شێخ موس ئەحمەد، بەرپرسی فەرمانگەی ئاوارە و پەنابەران لە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری لە رۆژئاوای کوردستان راگەیاند، لە دوای ئەوەی ھەفتەی رابردوو ١٧٤ خێزانی دیکەی عێراقی کەمپی ھۆلیان بەجێھێشت و گەڕانەوە عێراق، لەئێستادا ژمارەیەک خێزانی دیکە کە ژمارەیان ٧٠ خێزانی عێراقیە ئامادەکراون و رێکارە یاساییەکانیان بۆ تەواوکراوە و لەچەند رۆژی داھاتوودا دەگەڕێنەوە و لە کەمپی جدعە لە باشوری شاری موسڵ جێگیردەکرێن.
راشیگەیاند، ئەوان بەردەوامن لە ھەوڵەکانیان بۆ چۆڵکردنی تەواوەتی ئەو کەمپە لە زووترین کاتدا، ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو کارەیان بە ھەماھەنگی لەگەڵ حکومەتی عێراق و ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی ئەنجام دەدەن.
بە پێی ئامارەکان حکومەتی عێراق، تائێستا پێنج ھەزار و ٥٦٠ ھاووڵاتی عێراقی کە زۆرینەیان ژن و منداڵن لە کەمپی ھۆلەوە گەڕێندراونەتەوە بۆ کەمپی جدعە لە موسڵ.
بە پێی داتا و زانیارییەکانی وەزارەتی دارایی عێراق، داھاتی مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ تا مانگی تەمموز گەیشتووەتە زیاتر لە ٦٥ ترلیۆن و ١٩٥ ملیار دینار، لەو بڕەش زیاتر لە ٦٢ ترلیۆن و ٢٥٩ ملیار دیناری داھاتی نەوتی بووە کە ٩٥%ی بودجەی گشتی پێکدەھێنێت، داھاتە نانەوتییەکانی ئەو حەوت مانگەش گەیشتووەتە زیاتر لە دوو ترلیۆن و ٩٣٥ ملیار دینار.
شارەزایەکی ئابوریش بە ناوی "محەمەد حوسنی" لە لێدوانێکی رۆژنامەوانی رایگەیاندووە، داھاتە نانەوتییەکان بەرەوپێش ناچێت، تا ئەوکاتەی عێراق بەرھەمی ناوخۆیی و پیشەسازی و کشتوکاڵی نەبێت، ئابوری عێراقیش لاوازە و لە داھاتی نانەوتی پشت بە باج و گومرگ دەبەستێت.
محەمەد حەلبوسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لەئێستادا عێراق روبەڕووی قەیرانێکی گەورەی گۆڕانکارییەکانی کەشوھەوا و کەم ئاوی و وشکەساڵی بووەتەوە، بەتایبەتیش لەکاتێکدا کە وڵاتانی دراوسێش پابەندی بنەمای دراوسێیەتی نین بۆ دابینکردنی بەشەئاوی عێراق و بەردانەوەی سەرچاوەکانی ئاو لە وڵاتەکانیانەوە بۆ عێراق.
وتیشی، عێراق پێویستی بە دروستکردنی چەندین بەنداو و کۆگای نوێ و گەورەی ئاو ھەیە بۆئەوەی زۆرترین کۆ بکاتەوە، چونکە لە ساڵی ١٩٨٥ەوە تائێستا ھیچ بەنداوێک دروستنەکراوە و پێویستە فشاریش لەسەر وڵاتانی دراوسێ دروستبکرێت بۆئەوەی بەشەئاوی عێراق بە تەواوی بەربدەنەوە.