وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، چەندین جار لە گفتوگۆ و دانوستانەکانیان لەگەڵ عێراق بەتایبەتیش لێپرسراوانی بانکی ناوەندیی ئەو وڵاتە پێیان وتوون پێویستە رێکار و رێوشوێنی توند بگیرێتەبەر بەرامبەر ئەو ھەموو کەس و بانکانەی بە شێوەیەکی خراپ مامەڵە لەگەڵ دۆلار دەکەن بەتایبەت بە قاچاخبردنی بۆ دەرەوەی عێراق.
ئاماژەی بەوەشکردووە، سەرەڕای گفتوگۆ و سەپاندنی سزاش بەسەر چەند بانکێکی بازرگانی عێراقدا، بەڵام تائێستاش ھەندێک بانک بەشێوەیەکی مەترسیدار و خراپ مامەڵە لەگەڵ دۆلار دەکەن و ئەگەر بانکی ناوەندیی عێراق رێکار و رێوشوێنی توندیان لەدژ نەگرێتەبەر، سزای نوێی ئەمریکای بەدواوە دەبێت.
فازیل غەراوی سەرۆکی سەنتەری ستراتیژی مافەکانی مرۆڤ لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، ئاوارەکانی سوریا لە ناوچە سنورییەکانی دھۆک و موسڵ و ئەنبارەوە نارەسمی دێنە ناو عێراق و لە ئێستادا ٢٦٠ ھەزار ئاوارەی سوری بوونیان ھەیە کە زۆرینەیان لە کەمپەکاندان و ئەوانی تریش لە شارەکاندا نیشتەجێبوون.
وتیشی، سەرەڕای ئەوەی عێراق پەیوەندی نەکردووە بە رێککەوتنی پەنابەرانی ساڵی ١٩٥١، لەگەڵ ئەوەشدا لە رووە مرۆییەکەوە مامەڵە لەگەڵ دۆسیەکەدا دەکات و بە درێژایی ٩ ساڵی رابردوو بەردەوامبووە لە پێشکەشکردنی ھاوکاری و بەرنامەی خۆراک بە ئاوارەکان.
بەگوێرەی خشتەی کۆبوونەوەکانی دادگای فیدڕاڵی، رۆژی ١٠ـی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ، دادگاکە لەبارەی سکاڵایەک کۆدەبێتەوە کە لەسەر سەرۆکی حکومەت و وەزیری دارایی ھەرێم تۆمارکراون.
سکاڵاکار لە سکاڵاکەیدا دەڵێت، رێنماییەکانی حکومەتی ھەرێم تایبەت بە شێواز و بڕی دانانی باج لەسەر نەخۆشخانە ئەھلییەکان پێچەوانەی یاسان، بۆیە داوای لە دادگای فیدڕاڵی کردووە رێنماییەکان بە نادەستوری لە قەڵەم بدات.
بەگوێرەی رێنمایەکەی حکومەتی ھەرێم، رێژەی ٥٪ باج دەچێتە سەر پسووڵەی ئەو خزمەتگوزارییانەی لە نەخۆشخانە ئەھلییەکان پێشکەشدەکرێن، ئەو باجەش ناچێتە سەر بەکاربەر و خەڵک، بەڵکو لە نەخۆشخانەکان وەردەگیرێت لە پای خزمەتگوزارییەکانی وەکو نەشتەرگەری، پشکنین و مانەوە، بەڵام ناچێتە سەر نەخۆش.
ئاژانسی ھەواڵی رۆیتەرز لە زاری لێپرسراوێکی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکاوە بڵاوی کردووەتەوە، پێویستە بانکی ناوەندی عێراق چارەسەری مەترسییە بەردەوامەکانی خراپ بەکارھێنانی دۆلار لە بانکە بازرگانییەکانی عێراق بکات، بۆ ئەوەی ڕێوشوێن و سزای نوێ نەگیرێتەبەر کە کەرتی دارایی عێراق لەسەر بنەمای خۆدزینەوە لە رێکارەکان دەکاتە ئامانج.
ئەو لێپرسراوەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا کە نەیویستووە ناوی ئاشکرابکرێت دووپاتیکردووەتەوە ھێشتا بانکی دیکەی عێراقی ھەن کە مەترسین بۆ سەر عێراق و دەبێت چارەسەر بکرێن.
ئەوەش لە کاتێکدایە کە لە مانگی تەمموزی ڕابردوودا، ئەمریکا سزای ١٤ بانکی عێراقی دا بە تۆمەتی ئەوەی کە ئەو بانکانە بە نایاسایی مامەڵەیان بە دۆلارەوە کردبوو.
وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، کێشەی دواکەوتنی دەرھێنانی پاسپۆرت چارەسەر دەبێت و بڕێکی زۆر لە دەفتەری پاسپۆرت گەیشتووە و دەست بە چاپکردنی دەکرێت.
راشیگەیاند، پلانیان ھەیە لە ھەفتەی داھاتووەوە، دەفتەری پاسپۆرت لە جۆری "A"، بەسەر پارێزگاکاندا دابەش بکەن و پڕۆسەکەش بەردەوامدەبێت تاکو سەرجەم ئەو پاسپۆرتانەی لە چاوەڕوانیدان چاپدەکرێن.
ھاوکات لیوا نەشئەت خەفاجی، بەڕێوەبەری گشتیی رەگەزنامە و پاسپۆرت و نشینگەی عێراق رایگەیاند، ئەمساڵ گۆڕانکاریی جۆری لە پڕۆسەی دەرھێنانی پاسپۆرتدا روودەدات، ناوەڕاستی مانگی داھاتووش کێشەی دەرھێنانی پاسپۆرت چارەسەر دەبێت.
وتیشی، نوسینگەی پاسپۆرتی ئەلیکترۆنیان لە کوەیت و ئوردن و لوبنان و قەتەر کردووەتەوە و وەفدێکیان بۆ ھەمان مەبەست چووەتە تورکیا و لەچەند رۆژی داھاتووشدا وەفدێک دەچێتە مالیزیا و ئیمارات و سعودیە.
محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، ئەمڕۆ پێنجشەممە، پێشوازییان لە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و وەفدی یاوەرییان کرد و جەختیان لەسەر پێویستی دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ کێشە یاسایی و داراییەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی ھەرێم کردەوە، بەگوێرەی دەستوور و یاسا."
ئاماژەی بەوەشکرد، حکومەت جددیە لە دۆزینەوەی رێگەچارەی ریشەیی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ھەرێمی کوردستان، ھەروەھا کاردەکات بۆ دڵنیابوون لە ژیانێکی شایستە بۆ ھاوڵاتیانی عێراقی، بە ھاوڵاتیانی ھەرێمەوە، ھیچ کێشەیەکی یاسایی و کارگێڕی کاریگەرییان لەسەر نەبێت.
ئاژانسی ھاوار نیوز بڵاویکردەوە، ١٧٤ خێزانی عێراقی، کە ژمارەیان ٦٥٣ کەسە، کەمپی ھۆیان لە رۆژئاوای کوردستان بەجێھێشت و دەگەڕێندرێنەوە بۆ عێراق.
بڕیاروایە ئەو خێزانە عێراقییانە کە کەسوکار و منداڵانی داعشن، بگەڕێندرێنەوە بۆ عێراق و لە کەمپی جەدعە لە نزیک موسڵ نیشەجێ بکرێن.
کەمپی ھۆل نزیکەی ٥٥ ھەزار کەسی تێدایە کە زۆرینەیان عێراقیین، تائێستاش عێراق نزیکەی سێ ھەزار ھاووڵاتیی وڵاتەکەی لە کەمپی ھۆڵەوە گەڕاندووەتەوە بۆ کەمپی جەدعە لە نزیک موسڵ.
بەگوێرەی بڕیارێکی کارگێڕی کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکان، ھەریەک لە لێپرسراوی بەشەکانی یاسایی، دارایی، راگەیاندن و پەیوەندییەکان و لێپرسراوی بەشی تەکنەلۆژیا لەگەڵ حەوت پۆستی دیکەی یاریدەدەری لێپرسراو لە پۆستەکانیان دورخراونەتەوە.
لە بڕیارەکەدا ھاتووە، لەگەڵ نزیکبوونەوەی بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردن کە پێویست دەکات کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکان بەتەواوی خۆی بۆ پرۆسەکە ئامادە بکات، بڕیاری ئەو گۆڕانکاریانە دراوە بڕیارەکانیش ھۆکارێکن بۆ سەرخستنی ئامادەکارییەکانی تایبەت بە ھەڵبژاردن و باشترکردنی کاروبارەکانی کۆمسیۆنەکە.
جواد ئوجی وەزیری نەوتی ئێران رایگەیاند، لەگەڵ عێراق گەیشتوونەتە رێککەوتنی نوێ لە بواری ھەناردەکردنی غاز و بەرھەمھێنانی غاز لە کیڵگەکانی ئێران لەگەڵ رێکخستنی خزمەتگوزارییە ھونەری و ئەندازیارییەکان لەو بوارانەدا و لیژنەیەکی ھاوبەشی پسپۆڕیش پێکدەھێنن بۆ کارکردن لە کێڵگە نەوتی و عازییە ھاوبەشەکانی نێوانیان.
وتیشی، ئاستی بەرھەمھێنانی غاز لە ئێران رۆژ لە دوای رۆژ زیاتر گەشە دەکات و لە ئێستادا لە کۆی ٥٢ کێڵگەی غاز لە خۆرئاوای ناوچەی کاروون، لە ٢١ کێڵگەیان غاز بەرھەم دەھێنرێت و تا کۆتایی ئەمساڵیش ھەر ٥٢ کێڵگەکەی ئەو ناوچەیە دەکەونە کار و غاز بەرھەم دەھێنن.
بەپێی راگەیەندراوێکی نووسینگەی، محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بەغداد لەگەڵ وەفدێکی ئەمریکا بە سەرۆکایەتی ئەلیزابێس رۆزنبێرگ یاریدەدەری وەزیری گەنجینەی ئەو وڵاتە کۆبووەتەوە و باسیان لە پرسە داراییەکانی نێوانیان کردوە بەتایبەتیش رێوشوێنەکانی حکومەتی عێراق بۆ چاکسازی لە بواری دارایی و بانکەکان و سودانیش وتوویەتی، ئەو چاکسازییە جگە لەوەی سودی زۆری بۆ بواری ئابووری دەبێت، ھۆکارێکی سەرەکیشە بۆ رێگکرتن لە سپیکردنەوەی پارە.
نووسینگەی راگەیاندنی بانکی ناوەندیی عێراقیش ئاماژەی بەوە کردووە، وەفدەکەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لەگەڵ عەلی عەلاق پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق کۆبووەوە و تەوەری سەرەکی گفتوگۆکانی نێوانیشیان چۆنێتی رێگریکردن بووە لە سپیکردنەوەی پارە و سەرچاوە داراییەکانی تیرۆر.
ئاژانسی رەسمی ئەڵمانیا رایگەیاندووە، لێپرسراوانی باڵای حکومەت بە ھەماھەنگی لەگەڵ پەرلەمانی ئەڵمانیا سەرقاڵی لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونن بە مەبەستی درێژکردنەوەی ئەرکی ھێزەکانی لە عێراق بۆ ساڵێکی تر لەگەڵ رەوانەکردنی ٥٠٠ سەربازی تریش بۆ عێراق بە مەبەستی بەشداریکردن لە ئۆپراسیۆنەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی و زیاتر ھاوکاریکردنی سوپا و ھێزە ئەمنییەکانی عێراق.
ئاماژەیان بەوەشکردووە، پرسی درێژکردنەوەی ئەرکی ھێزەکانی ئەڵمانیا لە عێراق تارادەیەکی زۆر یەکلایی بووەتەوە کە درێژ دەکرێتەوە، بەڵام ئەوەی ماوەو ھێشتا بە تەواوی رەزامەندی لەسەر نەدراوە و یەکلایی نەبووەتەوە و حکومەت و پەرلەمانی ئەڵمانیا بە وردی بە دواداچوونی بۆ دەکەن.

ئەلینا رۆمانۆسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویکردەوە، ئیلزابێز روزنبێرگ یاریدەدەری وەزیری گەنجینەی ئەمریکا گەیشتووەتە عێراق و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حکومەتی فیدراڵ و بانکی ناوەندی کۆدەبێتەوە.
ئەوەشی خستەڕوو، کۆبوونەوەکانی نێوان وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لەگەڵ بەرپرسانی عێراق، تایبەت دەبێت بە پرسی سپیکردنەوەی پارە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و چاکسازی لە سیستەمی بانکی، کە رۆڵی دەبێت لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و بەرەوپێشبردنی کەرتی وەبەرھێنان لە عێراق.
جەمال کۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەران رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەی لیژنەی دارایی و وەفدی حکومەتی فیدڕاڵ بۆ دانوستان لەگەڵ ھەرێم بۆیان دەرکەوتووە کە ناکۆکی گەورە لەسەر داھاتی نەوتی، خەرجی بەرھەمھێنان و گواستنەوەی نەوت، داھاتی نانەوتی، داھاتی دەروازەی رەسمییەکان و داھاتی دەروازە نارەسمییەکان ھەیە و یەکلاییکردنەوەشیان پێویستی بە بڕیاری سیاسی ھەیە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، بەغداد داوای داھاتی ھەموو دەروازەکان لە ھەرێم دەکات و حکومەتی ھەرێمیش دەڵێت لە کوردستان دەروازەی رەسمیی و نارەسمیی ھەیە و بەغداد دانی بە دەروازە نارەسمییەکاندا نەناوە، کەچی داوای داھاتەکەیان دەکات.
لای خۆیانەوە ئەندامانی لیژنەی دارایی دەڵێن، دەیانەوێت چارەسەرێکی گونجاو بدۆزرێتەوە تا ھەرێم بتوانێت مووچەی فەرمانبەرانی بۆ مانگەکانی داھاتوو خەرجبکات و حکومەتی ھەرێمیش بتوانێت پابەندی ئەرکەکانی سەرشانی بێت.
بە پێی خشتەی دانیشتنەکانی دادگای فیدراڵی، لە دانیشتنی ئەمڕۆی دادگادا سکاڵایەکی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیران لەسەر محەمەد حەلبوسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران تاوتوێدەکرێت کە تایبەتن بە حەوت ماددە و بڕگەی یاسای بودجە.
سکاڵاکانی سودانی تایبەتن بە بڕگە و ماددەکانی دوو، ١٤ و ٦٤ ی یاسای بودجە و داوایکردووە ھەڵبوەشێنرێنەوە و بە نادەستوری دابنرێن.
بەشیک لەو بڕگە و ماددانە تایبەتن بە سەرپششککردنی پارێزگارەکان بۆ تەرخانکردنی پارە بۆ ئەو پڕۆژانەی بودجەکانیان دەگاتە شەش ترلیۆن دینار، لەگەڵ پڕۆژەکانی قەزا و ناحیەکان، دامەزراندنی زیاتر لە ٣٧ ھەزار پۆلیس بەپێی ژمارەی دانیشتووان، تەرخانکردنی ١٠٠ ملیار دینار بۆ زیادەی موچەی کارمەندانی دەستەی حەشدی شەعبی.
موجاھد محەمەد شافی، بەڕێوبەری گشتی وەزارەتی بازرگانی عێراق لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، بە بڕیاری محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق،لە کۆبوونەوەی کۆمپانیای گشتی بازرگانی کەرەستەی بیناسازی بڕیاردراوە، کەرەستە بیناسازییەکان بە شێوەی قیستی مانگانە بە بێ ھیچ زیادەیەک بە ھەموو فەرمانبەرانی حکومەت و خانەنیشان و ئەو کەسانەی چاودێری کۆمەڵایەتی دەیانگرێتەوە بفرۆشرێت.
راشیگەیاند، دەبێت ئاسانکاری بکرێت بۆ سەرجەم فەرمانبەران لە کڕینی ھەموو جۆرە کەرەستەیەکی بیناسازیدا.