بە بڕیاری دادگای فیدڕاڵی، پێدانی موچەی خانەنشینی ١١ وەزیری پێشوی عێراق رادەگیرێت، چونکە موچەی ئەو وەزیرانە پێشێلکاریە لە یاسای خانەنشینی و بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی ساڵی ٢٠١٥.
سکاڵاکە ماوەی ساڵێکە لە لایەن "محەمەد شیاع سودانی" سەرۆک وەزیرانی عێراق و وەزیری دارایی و دەستەی خانەنشینی نیشتمانی عێراق تۆمارکراوە رایانگەیاندوە بە پێی یاسایی ئەنجومەنی وەزیران تایبەت بە خانەنیشان دەبێت ئەو کەسانەی خانەنشین دەکرێت و پلەی تایبەت وەردەگرێت دەبێت ١٥ ساڵ خزمەتیان ھەبێت و تەمەنیان لە ٥٠ ساڵ کەمتر نەبێت.
کەریم سەید، وتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی عێراق، رایگەیاند، ئەمڕۆ بەبەشداری زیاتر لە ١٣ ملیۆن خوێندکار ، ساڵی خوێدنی ٢٠٢٣-٢٠٢٤، لە کەرکوک و ١٤ پارێزگای تری عێراق دەستیپێکرد.
وتیشی، وەزارەتی پەروەردە کاری لەسەر قۆناغی یەکەمی چاپەکردنی پڕۆگرامەکانی خوێندن کرد و کاریش لەسەر دەستپێکردنی قۆناغی دووەمی چاپکردنی پڕۆگرامەکان دەکات و بەشێوەی قۆناغ بە قۆناغ، پڕۆگرامەکان بەسەر خوێندنگەکان دابەش دەکات.
ھاوکات د.ئیبراھیم نامس جبوری وەزیری پەروەردەی عێراق، لە راگەیەندراوێکدا، بەبۆنەی دەستپێکردنەوەی ساڵی خوێندن، پیرۆزبایی لە خوێندکاران و مامۆستایان کرد، راشیگەیاند، ساڵی رابردوو رووبەڕووی کۆمەڵێک ئاستەنگ بوونەوە، بەڵام بە ھەوڵی خوێندکاران و مامۆستایان ئەو ئاستەنگانەیان تێپەڕاند.
قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، رایگەیاند، لەسەر راسپاردەی فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکان، ئەمڕۆ بە سەرۆکایەتیی وەفدێکی ئەمنی، سەردانی تاران دەکات.
راشیگەیاند، وەفدەکە بۆ تەواوکردنی جێبەجێکردنی رێککەوتنە ئەمنییەکەی نێوان عێراق و ئێران، سەردانی تاران دەکات.
رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی ھەرێم و چەند بەرپرسێکی دیکەی ئەمنی ھەرێم ئەندامی ئەو وەفدەی عێراقن کە سەردانی ئێران دەکەن.
مانگی نیسانی ئەمساڵ، عێراق و ئێران رێککەوتنێکی ئەمنییان ئیمزا کرد، کە بەشێکی تایبەتە بە چەکداماڵین و دروستکردنی کەمپ بۆ ئەو حزبانەی رۆژھەڵاتی کوردستان، کە لە ھەرێمی کوردستانن، ئێران ١٩ مانگی رابردووی بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە دیاریکرد، ھەفتەی رابردووش وەفدێکی ئەمنیی ئێران بۆ ھەڵسەنگاندن بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە، سەردانی ھەرێمی کوردستانی کرد.
لە ١ی ١٠ی ساڵی ٢٠١٩، خۆپیشاندان دژی نەبوونی خزمەتگوزاری و زۆربوونی رێژەی بێکاری و دژی دەسەڵاتداران و پڕۆسەی سیاسی لە بەغداد و شارەکانی باشور و ناوەڕاستی عێراق دەستیپێکرد و فراوانتر بوو.
خۆپیشاندانەکان توندوتیژی لێکەوتەوە و نزیکەی ٨٠٠ خۆپیشاندەر کوژران و زیاتر لە ٢٥ ھەزاریش برینداربوون، تا ئێستاش ھیچ کەس و لایەنێک لەسەر کوشتنی خۆپیشاندەران سزا نەدراوە.
"ھادی سەلامی" ئەندامی سەربەخۆی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، دوای چوار ساڵ لەو خۆپیشاندانە، ھیچ گۆڕانکارییەک لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و کێبڕکێی لایەنەکان بۆ ھەژموونی دەسەڵات نەگۆڕاوە.
وتیشی، حزبە گەورەکان ترسی زۆریان ھەیە لە سەرھەڵدانەوەی ناڕەزاییەکان و بۆ ئەو مەبەستەش ترس بڵاودەکەنەوە، ھەروەھا لێپێچینەوە لەو رۆژنامەنووس و چالاکوانانە دەکەن کە دژ بە حکومەت و وەزارەت و ئەنجومەنی نوێنەران قسە دەکەن.
"غەزنفەر بەتیخ" ئەندامی ھاوپەیمانی فەتح رایگەیاند، گۆڕانکارییە وزارییەکان لە ئەولەویاتی کارەکانی "محەمەد شیاع سودانی" سەرۆک وەزیرانی عێراقن.
وتیشی، بەر لە کۆتایی ئەمساڵ سێ وەزیر دەگۆڕدرێن چونکە ھەڵسەنگاندنەکان بۆ کارەکانیان باش نەبووە و لە نێویشیاندا "ھیام یاسری" وەزیری پەیوەندییەکان ھەیە، گۆڕانکارییەکانی دیکەش دەخرێنە قۆناغی دووەمەوە.
"غەزنفەر بەتیخ" راشیگەیاند، وەزارەتەکانی سەرچاوە ئاوییەکان و پیشەسازی ھیچ کار و چالاکییەکان نەبووە، بەڵام وەزارەتەکانی ناوخۆ و بەرگری و خوێندنی باڵا و تەندروستی کاری باشیان ئەنجامداوە.
جەختیشی کردەوە لەوەی، گۆڕانکاری لە وەزارەتە سەرەکییەکان ناکرێن، بەڵام رەنگە لە قۆناغی داھاتوودا گۆڕانکاری بیانگرێتەوە، چونکە چەندین تێبینی لەسەر وەزارەتی نەوت ھەیە و پێویستە کارەکانی باشتر بکات.
"ئیخڵاس دلێمی" ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، ئەمڕۆ بانگھێشتی سەرجەم پارێزگارەکانیان کردووە و تا ئێستا پارێزگاکان ھیچ پارەیەکیان لە بودجەوە وەرنەگرتووە، چونکە پڕۆژەکان بە قۆناغی ئاڵۆزدا تێدەپەڕن و دەبێت بچنە وەزارەتی پلاندانان و پەسەند بکرێن و پاشان رەوانەی دەستەی ھەماھەنگی پارێزگاکان بکرێت.
وتیشی، تا ئێستا بودجە جێبەجێنەکراوە ئەگەرچی لە مانگی حوزەیرانەوە دەنگی لەسەردرا، ھەردوو وەزارەتی پلاندانان و داراییش بەرپرسن لە پارەدارکردنی پڕۆژەکان.
"ئیخڵاس دلیمی" وتیشی، سبەینێ لیژنەی دارایی بانگھێشتی وەزیری پلاندانان و وەزیری دارایی دەکات، بۆ زانینی ھۆکارەکانی دواکەوتنی جێبەجێکردنی بودجە و پارەدارکردنی پڕۆژەی پارێزگاکان.
وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، مانگی رابردوو ١٠٣ ملیۆن و ١٤٣ ھەزار و ١٩٩ بەرمیل نەوتیان ھەناردە کردووە و داھاتەکەی گەیشتووەتە نۆ ملیار و ٤٩٤ ملیۆن دۆلار.
راشیگەیاند، لە کێڵگە نەوتییەکانی ناوەڕاست و باشوری عێراقەوە ١٠٢ ملیۆن و ٢٢٠ ھەزار و ٤٤١ بەرمیل نەوت ھەناردە کراوە، نرخی یەک بەرمیل نەوتیش لەو مانگەدا ٩٢.٠٥ دۆلار بووە.
بەپێی راگەیەندراوێکی وەزارەتەکەی ئەسیر غرێری وەزیری بازرگانی عێراق رایگەیاندووە، لە بەرنامەی کاری حکومەتدا گرنگییەکی زۆر بە ھاندانی ھەناردەکردن دەدات و دەیەوێت ھەماھەنگییەکی و پەیوەندییەکی تەواو لەنێوان کەرتی حکومی و یەکێتییە پیشەسازی و بازرگانییەکان ھەبێت لە پێناو زیاتر پشتیوانیکردنی بەرھەم و بەروبوومی نیشتیمانی و ھەناردەکردنیان بۆ وڵاتانی دەرەوە.
ئاماژەی بەوەشکردوە، وەزیری بازرگانی عێراق باسی لەوە کردووە تیمێکی وزاری پێکدەھێنێت بۆئەوەی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی ھەرێمی کوردستان گفتوگۆ بکەن، لە پێناوی یەکخستنی شێواز و میکانیزمەکانی ھاوردە و ھەناردەکردن لە نێوان عێراق و ھەرێمی کوردستاندا.

بەپێی راگەیەندراوێکی نووسینگەکەی، محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق سەپەرشتی کۆبوونەوەیەکی کردووە بە ئامادەبوونی وەزیری نەوت لەبارەی بەدواداچوونی پلان و پرۆژەکانی تایبەت بە گەشەپێدانی زیاتری کەرتی نەوت لە عێراق و گفتوگۆ لەسەر ھەموو پرۆژانە کراوە کە تایبەتن بە وەبەرھێنان لە بواری نەوت، غاز، گەشەپێدانی زیاتری پاڵاوگەکان و سیستمی ھەناردەکردن لەگەڵ زیادکردنی ئاستی بەرھەمێنان لە لایەن وەزارەتی نەوتی عێراقەوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەو کۆبوونەوەیەدا داوای کردووە ئەوەی پێویستە بۆ گەشەپێدانی کەرتی نەوت جێبەجێ بکرێت و سەرجەم ئەو پرۆژانەشی کارکردن تیایاندا بەردەوامە بۆ فراوانکردن و چاککردنەوەی بەندەرەکانی نەوت لە عێراق بەکەمترین ماوە تەواو بکرێن.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، "عەبدولقادر ئورال ئوغلو" وەزیری گواستنەوەی تورکیا سەردانی بەغدادی کرد و لەگەڵ سودانی کۆبووەتەوە.
سودانیش جەختی کردووەتەوە لەوەی، رێگەی گەشەپێدان یەکێکە لە پڕۆژە گرنگ و ستراتیژییەکان و جێبەجێکردنی پەیوەندییە ھاوبەشەکانی نێوان عێراق و تورکیا و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە پتەو دەکات. راشیگەیاند، ئەو پڕۆژەیە باشترین و کورتترین رێڕەو دەبێت لەڕووی گواستنەوەو ترانزێت و بەستنەوەی خۆرھەڵاتی ناوەڕاست بە کیشوەری ئەوروپاوە.
وەزیری گواستنەوەی تورکیاش رایگەیاند، وڵاتەکەی جدییە بۆ بەشداریکردنی کارا لەو پڕۆژەیە.
لە میانی راگەیاندنی ھاوپەیمانێتییەکەدا، قەیس خەزعەلی سەرۆکی عەسائیبی ئەھلی حەق رایگەیاند، گەلی عێراق بەرگەی زۆر نەھامەتی گرتوە، بۆیە دەبێت ھەموو ئەو خزمەتەی کەشایەنیەتی بە دڵسۆزی پێشکەشی بکەن و دووپاتی کردەوە کە دروستکردنی ھاوپەمانێتییەکەیان تەنیا قسەکردن نییە و بە واقیعی کارنامەکەیان جێبەجێ دەکەن.
ھاوکات ھادی عامری سەرۆکی رێکخراوی بەدر رایگەیاند، “ئامانجەکانی ھاوپەیمانی بونیادی دەنێین تەنیا بەدەستھێنانی ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان نییە، بەڵکو بۆ خزمەتکردنی خەڵکە.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرگری شارستانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، لە ساڵی ٢٠٢٠_دا ٢٩ ھەزار و ٦٠٠، لە ساڵی ٢٠٢١ زیاتر لە ٣١ ھەزار ، لە ساڵی ٢٠٢٢ نزیکەی ٣٢ ھەزار و لەم ساڵیشدا تائێستا ١٩ ھەزار روداوی ئاگرکەوتنەوە تۆمارکراوە و ئەو ئامارەش رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە لە شارەکانی ھەرێمی کوردستان ناگرێتەوە.
راشیگەیاندووە، رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە لە عێراق لەو ساڵانەی دیاریکراون لە فەرمانگە حکومییەکان، کۆگا بازرگانییەکان، نەخۆشخانە و یەکەکانی نیشتەجێبوون و زەوییە کشتوکاڵییەکان رویانداوە و جگە لە زیانە مادییەکانیان، سەدان کەسیش بەھۆی ئەو ئاگرکەوتنەوانە گیانیانلەدەستداوە و برینداربوون.
نوری مالیکی ئاھەنگێکی ھاوپەیمانێتییەکەیدا، وتارێکی پێشکەشکرد و رایگەیاند، ھەموو ئەو گرەوانەی لەسەر دواخستنی وادەی ھەڵبژاردن و کەمی رێژەی بەشداریکردن دەکرێن، گرەوی شکستخواردوون و ھۆشیاریی خەڵک، شکست بە پلانی دواخستنی ھەڵبژاردن دەھێنێت، چونکە ھەرکەسێک بیەوێت واقیع بگۆڕێت، دەبێت بەشداریی ھەڵبژاردن بکات.
مالیکی وتیشی، ھەرکەسێک باسی دواخستنی ھەڵبژاردنەکان بکات، بێ ئاگایە لەوەی ھەڵبژاردن مافێکی دەستووری و جەماوەرییە و پەکخستنی ھەڵبژاردنەکانیش تێکدانی یەکێک لە پایەکانی دیموکراسیە.
بڕیاروایە رۆژی ١٨ی مانگی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ، ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە ١٥ پارێزگای عێراق (جگەلە پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان) بەڕێوەبچێت، کە ماوەی ١٠ ساڵە ئەو ھەڵبژاردنە لە عێراق ئەنجامنەدراوە، لە ماوەی رابردووشدا باس لە ئەگەری دواخستنی ھەڵبژاردنەکە دەکرا.
عەلی عەلاق، پارێزگاری بانکی ناوەندی ئاماژەی بەوەدا، بانکی ناوەندی رۆژانە ئەو دۆلارەی دەیخاتە بازاڕەوە ٪٩٠ بۆ حەواڵەی وڵاتانی دەرەوەیە و ٪١٠شی بۆ پێداویستییەکانی ناوخۆی عێراقە.
ئەوەشی خستەڕوو، ئەو دۆلارەی رۆژانە دەخرێتە بازاڕەکانی ناوخۆی عێراقەوە، دەتوانێت خواستی ناوخۆ بە زیادەوە دابین بکات، سەرەڕای ئەوەی ھەندێک لایەن بە رێگەی نایاسایی زیاتر لە پشکی خۆیان وەردەگرن.
پارێزگاری بانکی ناوەندی راشیگەیاند، ٪٣٠ی داھاتی نەوت ناگەڕێتەوە بانکی ناوەندی و وەزارەتی دارایی ئەو داھاتە بەکاردەھێنێت بۆ دانەوەی قەرزی وڵاتانی دەرەوە.
سەرۆککۆمار لە سەردانەکەیدا بۆ حەمدانییە سەردانی ئەو کەنیسەی کرد کە پرسەی قوربانیەکانی رووداوی حەمدانییەی لێیە، لە نزیکەوە سەرەخۆشی خۆی ئاڕاستەی کەسوکاری قوربانیان کردو رایگەیاند ھەموو جیھان خەمبارە بۆ ئەو رووداوە.
سەرۆککۆمار وتیشی، ئامادەی ھەموو ھاوکارییەکین بۆ بریندارانی ئەو کارەساتە، ھەمیشە پشتیوانی مەسیحیەکانی عێراق دەبێت لە ھەر شوێنێک بن.
کەسوکاری قوربانیەکان داوایان لەسەرۆک کۆمارکرد کە خۆی لە نزیکەوە چاودێری لێکۆڵینەوەکان سەبارەت بە رووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی ھۆڵێکی بوک گواستنەوە لە قەزای حەمدانییە بکات.
سەرۆککۆماری عێراق دوای رووداوەکەی حەمدانییە لە راگەیەنراوێکدا داوای لە ھێزە ئەمنییەکان و لایەنی پەیوەندی دار کرد دەستبەجێ لێکۆڵینەوە لەو رووداوە دەستپێبکەن و کەسانی کەمتەرخەم بدرێنە دادگا.