دادگای باڵای فیدڕاڵی عیراق بۆ تاوتوێكردنی چەند سكاڵایەك كۆدەبێتەوە كە بەشێكیان پەیوەندییان بە هەرێمی كوردستانەوە هەیە.

بڕیارە رۆژی سێشەممەی داهاتوو دادگای باڵای فیدڕاڵی عیراق كۆببێتەوە بۆ تاوتوێكردنی چەند سكاڵایەك، بەپێی خشتەی دانیشتەكانیش چوار سكاڵا پەیوەندییان بە هەرێمی كوردستانەوە هەیە، ئەوانیش لابردنی مەرجەكانی فرەژنی، یاسای باری كەسێتی كە لە پەرلەمانی كوردستان هەمواركراوەتەوە.

لەلایەکی دیکەوە، هەڵوەشاندنەوەی وەزارەتەكانی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراون و ئەوقاف كاروباری ئایینی هەرێم یەکێکی دیکەیە لە سکاڵاکان، کە بەبیانوی ئەوەی لە عیراق لەبری وەزارەتی شەهیدان دەزگای شەهیدان هەیە، لەبری وەزارەتی ئەوقافیش دیوانی وەقفی سوننە و شیعە هەیە.

هەر بەپێی خشتەی دانیشتنەكانی دادگای باڵای فیدراڵی، سكاڵایەكی تر تایبەتە بە رێنماییەكانی پێبژاردنی هاتوچۆ و رسوماتی مەرجی توندوتۆڵی، كە سكاڵاكە لەسەر سەرۆكی حكومەتی هەرێم و وەزیری ناوخۆ تۆماركراوە، لەو سكاڵایەدا داوا كراوە سەرپشككردنی وەزیری ناوخۆ بە زیادكردن یان كەمكردنەوەی رسومات و پێبژاردنی هاتوچۆ بە نادەستووری بناسێنرێت.