محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند لە ساڵی نوێدا ئیرادەیان نوێ دەکەنەوە بۆ ئەوەی بیکەن بە ساڵێکی پڕ لە پێشکەوتن و کار و بەخشین و دەستکەوت و دورینەوەی بەرھەمەکەی.
ئاماژەی بەوەشکرد، حکومەت لە ساڵی نوێدا بەردەوامدەبێت لە کارەکانی خۆی کەئەویش دابینکردنی خزمەتگوزاری و چاکسازی جێبەجێکردنی خواستی ھاوڵاتیانە لە ھەر شوێنێکدابێت.
دەقی پەیامەکەی سەرۆککۆمار...
پیرۆزبایی لە ھەموو ڕۆڵەکانی گەلەکەمان دەکەین بەبۆنەی ھاتنی ساڵی نوێ و ھیوادارین ساڵێکی پڕ لە دەستکەوت بێت دوای ئەوەی کۆتاییمان بە ساڵی ٢٠٢٣ بە ئەنجامدانی ھەڵبژاردنە ناوخۆییەکان بەسەرکەوتوویی ھێنا، کە پاڵنەر دەبێت بۆ کارکردن بەرەو ھەماھەنگییەکی زیاتر بۆ بەرجەستەکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە پێناوی دابینکردنی زەمینەیەکی گونجاو بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریەکان و گەشەپێدانی ئابووری و ڕاکێشانی وەبەرھێنان دوای بەدەستھێنانی سەرکەوتنە گەورەکە بەسەر تیرۆردا.
پابەندبوون بە دەستوور و دەوڵەتی دامەزراوەکان و زاڵبوون بەسەر سەردەمی تاکڕەوی لەحوکمڕانیدا دەبێتە بناغەیەکی بەھێز بۆ بەدیھێنانی خۆشگوزەرانی و ئاشتی بۆ گەلەکەمان و یارمەتیدانی عێراق بۆ ئەوەی ڕۆڵی شایستەی خۆی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا ببینێت کە لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٣ دا ھەوڵێکی زۆرمان دا بۆ بەرجەستەکردنی لەڕێگەی بەشداریکردنێکی بەھێز لە کۆنفرانس و بۆنە نێودەوڵەتییەکان و سەردانە دەرەکییەکانماندا کە پردێکی پەیوەندیی لەگەڵ وڵات و گەلاندا بھێنینەدی بەمەبەستی ھاریکاری و گەشەپێدانی زیاتر لە کەرتەکانی عێراق وسود وەرگرتن لە ئەزمونی وڵاتان لەبونیادنانی دامەزراوەکان و چەسپاندنی سەقامگیری کۆمەڵایەتی و بنیاتنانی سیستمی پەیوەندییەکی نێودەوڵەتی گەشەسەندوو.
ھەروەھا داواکانمان دوبارە دەکەینەوە بۆ کۆتاییھێنان بە ھەموو جۆرەکانی توندوتیژی و ناکۆکی لە ناوچەکە و جیھان.
ھەمیشە ھیوا و ھەوڵەکانمان بۆ کۆتایی ھێنان بە ناخۆشی و ناسۆرییەکانی ھاوڵاتیانی فەلەستینیە لەغەزە بۆ ئەوەی بە تەواوی مافە ڕەواکانیان بەدەست بھێنن.
بە ھیوا و متمانەیەکی زۆرەوە پێشوازی لە ساڵی نوێ دەکەین.
ھیوای ئاشتی و خۆشگوزەرانی بۆ ھاوڵاتیانمان لە موسڵمانان و کریستیانەکان و ئایینە جیاوازەکانی دیکە دەخوازین.
د. لەتیف ڕەشید
سەرۆککۆمار
نوسینگەی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، سودانی رێنمایی دەکردووە و داوای لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە گۆڕەپانی ئاھەنگەکان لە ناوچەی کەرخی بەغداد لە شەوی سەری ساڵدا بە رووی ھاووڵاتییاندا بکرێتەوە.
ئاماژەی بەوەشکردوە، رێرەوەکانی ناوچەی سەوزیش رۆژی یەکشەممەوە و دووشەممەی داھاتوو بە بۆنەی ھاتنی سەری ساڵی نوێوە بکرێنەوە.
بەپێی ئامارەکان، ساڵانە نزیکەی پێنج ملیۆن گەشتیاری عێراقی کە دەکاتە ١٢٪ی دانیشتووانی عێراق بۆ گەشتکردن دەچنە وڵاتانی دیکە، لەمساڵیشدا ٢.٥ ملیۆنیان کە دەکاتە نزیکەی ٥٠٪ی گەشتیاران چونەتە وڵاتانی تورکیا و سوریا و ئێران، ئەوانەی تریش چونەتە وڵاتانی دیکە.
بەپێی ئامارەکانی باڵیۆزخانەی عێراق لە دیمەشق، لەسەرەتای ئەمساڵەوە تا رۆژی یەکی تشرینی دووەمی رابردوو زیاتر لە ٢٧٠ ھەزار گەشتیار سەردانی ناوچە جیاجیاکانی سوریایان کردووە و بۆ بەسەربردنی پشووەکانی سەری ساڵ و بەشداریکردن لە ئاھەنگەکان ژمارەی گەشتیارانی عێراقی لە سوریا گەیشتووەتە زیاتر لە ٣٢٠ ھەزار گەشتیار.
ھاوکات دەستەی ئاماری تورکیا دەڵێت، لەماوەی ١١ مانگی رابردووی ئەمساڵدا زیاتر لە ٩٨٧ ھەزار گەشتیار سەردانی شار و ناوچە گەشتیارییەکانی تورکیایان کردووە، ھەروەھا بۆ بەسەربردنی پشووەکانی سەری ساڵ و بەشداریکردن لە ئاھەنگەکان ژمارەی گەشتیارانی عێراقی گەیشتووەتە زیاتر لە یەک ملیۆن و ١٠٠ ھەزار کەس کە ئێستا لە تورکیان.
بەپێی ئەو زانیارییانەش کە حکومەتی ئێران بڵاویکردووەتەوە لەسەرتای ئەمساڵەوە تا کۆتایی مانگی رابردوو ٩٨٠ ھەزار گەشتیاری عێراقی سەردانی ئێرانیان کردووە و لەماوەی ئەم مانگەشدا تائێستا ژمارەکە گەیشتووەتە یەک ملیۆن و ٧٠ ھەزار کەس.
ئەلینا رۆمانۆسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئاژانسی ئەمریکا بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتی، لە رێگای بەرنامەی " عێراق پێکەوە" بڕی ٧٣ ملیۆن دۆلاری پێشکەشی عێراق کردووە، بۆ ھاوکاریکردنی وڵاتەکە، لە بنیادنانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ناوخۆیی عێراق و باشترکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان لە ناوچەکەدا.
ئەوەشی خستەڕوو، ئامانجی حکومەتی فیدڕاڵ پشتگیرکردنە لە بەشداریکردنی بنیادنانی کۆمەڵگە، ئەوەش بنەمای سەرەکی ھاوپەیمانی گشتگیری ئەمریکا و عێراقە.
فەرمانگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق پێشوازێکی لە وەفدێکی نوێنەرانی مامۆستایانی ھەرێم کرد و لە کۆبوونەوەکەدا، گوێبیستی داواکاری و کێشەکانیان بووە.
سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەکەدا، جەختیلەوەکردەوە، لەگەڵ لیژنەی دارایی لە ھەوڵەکانیان بەردەوامن بۆ ھەموارکردنەوەی یاسای بوودجە و جیاکردنەوەی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم لە پرسە داراییەکانی دیکەی نێوان عێراق و ھەرێم.
راشیگەیاند، حکومەتی فیدراڵ دژی ھیچ جوڵانەوەیەک نییە بۆ داواکردن و دەستەبەرکردنی مووچەی مامۆستایان لە ھەرێم و دڵنیابوون لە بەردەوامی و سەقامگیری و بەردەوامیش لە ھەوڵدان بۆ پاراستنی مافی گەلی عێراق بە یەکسانی.
ئەحمەد موسا، وتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق رایگەیاند، ئەنجومەنی وەزیران پێشنیازی گۆڕینی تۆڕەکانی کارەبای کردبوو و وەزارەت سودی لە ئەزمونی ھەرێمی کوردستان و وڵاتانی دراوسێ وەرگرتووە و کوالێتی، توانا و پێداویستیەکان ھەڵسەنگاندنی بۆ کراوە و یەکەمجاریش لە ١٠ ناوچە ئەزموون دەکرێن.
ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەو سیستمە رێژەی بەکارھێنانی کارەبا بەشێوەیەکی دروست و دابەشکردنی و کەمکردنەوەی بە فیڕۆدان دیاریدەکات و چەند سودێکی ھەیە لەوانەش، گەڕاندنەوەی کارەبای بە فیڕۆچوو بۆ تۆڕەکانی گشتی و دابینکردنی کارەبای ٢٤ سەعاتی و لەکارنەکەوتنی وێستگە و گۆڕەرەکان و کەمکردنەوەی بارگرانی لەسەر شانی ھاووڵاتییان لە رووی نرخەوە.
ھەریەک لە ھاوپەیمانییە عەرەبییەکانی کەرکوک، کە پێکھاتوون لە ھاوپەیمانی عەرەبی لە کەرکوک و ھاوپەیمانی سەرکردایەتی و ھاوپەیمانی عەرەبی، بڕیاریاندا بە پێکھێنانی فراکسیۆنێکی ھاوبەش بۆ ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بە ناوی " فراکسیۆنی یەکگرتووی عەرەبی".
ھاوپەیمانی عەرەبی لە کەرکوک خاوەنی سێ کورسی ئەنجومەنی پارێزگایە و ھاوپەیمانی سەرکردایەتیش خاوەنی دوو کورسی و ھاوپەیمانی عەرەبی خاوەنی یەک کورسییە، بەوپێیەش لەئێستادا فراکسیۆنە ھاوبەشەکەیان لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک خاوەنی شەش کورسییە.
بەپێی نوسراوێکی رەسمی دادگای ناسرییە کە رۆژی ٢٨ی کانوونی ٢٠٢٣ دەرچووە، تیایدا فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ئەحمەد نازم فارس کاندیدی دەرچووی ئەنجومەنی پارێزگای زیقار دەرچووە.
لە نوسراوەکەی دادگا روونکراوەتەوە، کاندیدە دەرچووەکە بەپێی ماددەی ٤٠٦ لە یاسای سزادان تۆمەتبارە بە کوشتنی کەسێک.
تۆمەتبار لە ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق کاندیدی لیستی ھاوپەیمانی نەبی بوو کە پێکھاتبوو، لە ھەشت لایەنی سیاسی و حزبەکەی قەیس خەز عەلی ئەمینداری گشتی عەسائیبی ئەھلی حەق کاندیدی کردبوو.
سوھەیب راوی پارێزگاری پێشووتری ئەنبار و یەکێک لە کەسایەتییە سیاسییەکانی ئێستای ئەو پارێزگایە، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، لە ئەنجامی دیدار و گفتوگۆکانی نێوان سەرۆک ھۆز و کەسایەتییە سیاسییەکانی پارێزگای ئەنبار گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی کە ھیچ کەس و لایەنێک بە نیازی دروستکردنی ھەرێمێک نییە لە ئەنبار، ئەو زانیاریانەشی بڵاوکراونەتەوە تەنھا قسەی بێ بەڵگە و ناڕاستی میدیاکانە و ھیچ بنەمایەکیان نییە.
وتیشی، ھەرچەندە یاسا و دەستووری ھەمیشەیی عێراق رێگەی بە ھەموو پارێزگاکان داوە بۆ دروستکردنی ھەرێم، بەڵام بابەتێکی لەو جۆرە لە ئەنبار بوونی نییە و تەنھا لایەنێک کە بۆئەو مەبەستە کاردەکات و دەیەوێت ئەنبار بکاتە ھەرێم، حزبی تەقەدومە کە محەمەد حەلبوسی سەرۆکایەتی دەکات.
ھاشم رکابی راوێژکاری راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، لێپرسراوانی ئەمریکا تووشی شۆک بوون، لەو رێکار و رێوشوێنە بە پەلانەی حکومەتی عێراق لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا گرتییەبەر لە پێناو سەقامگیری بەھای دراو.
وتیشی، ئەمریکا ھیچ جۆرە گەمارۆیەکی ئابووری نەخستووەتەسەر عێراق و بڵاوکردنەوەی زانیاری لەو جۆرەش، ھیچ بنەمایەکیان نییە و دوورن لە راستییەوە.
راوێژکارەکەی سودانی راشیگەیاند، لە داھاتوویەکی زۆر نزیکدا بەھای دینار دەگەڕێتەوە بۆ ئەو نرخە رەسمییەکەی بۆی دیاریکراوە کە بڕیارەکەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقە و بەھای ١٠٠ دۆلار دەبێتە ١٣٠ ھەزار دینار.
مستەفا کەرعاوی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، تائێستا ئەنجومەنی وەزیران خشتەی تایبەت بە بودجەی ساڵی ٢٠٢٤ رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران و لیژنەی دارایی نەکردووە بۆ پێداچوونەوە و رێکخستنەوەی کۆی داھات و خەرجییە گشتییەکان و دیاریکردنی بڕی کورتھێنان و دیاریکردنی نرخی پێشبینیکراوی نەوت.
وتیشی، چاوەڕوانن لە دوای کۆتایی ھاتنی پشووی وەرزی یاسادانان کە دەکەوێتە دوای سەری ساڵی نوێ، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق خشتەی تایبەت بە بودجەی ٢٠٢٤ رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران و لیژنەی دارایی بکات.
دوابەدوای ھۆشدارییەکانی نەسیف جاسم خەتابی پارێزگاری کەربەلا بە قەدەغەکردنی ئاھەنگەکانی سەری ساڵ لە پارێزگاکە، ئەمڕۆ شارەوانی کەربەلا تەواوی سەکۆی ئاھەنگەکان و دارە دەستکردە دانراوەکانی لە شەقام و شوێنە گشتییەکان ھەڵگرت کە بۆ ئاھەنگەکانی سەری ساڵ ئامادە کرابوون. بەوتەی پارێزگاری کەربەلا، دەبێت پیرۆزی و تایبەتمەندی شارەکە بپارێزرێت و تێکەڵ بە ھیچ بۆنەیەکی تر نەکرێت.
ئەوەش لەکاتێکدایە ساڵی ڕابردوو ھیچ ڕێگرییەک لە ئەنجامدانی ئاھەنگەکانی سەری ساڵ لە کەربەلا نەکراو ھاوشێوەی ناوچەکانی تری عێراق ئاھەنگ و خۆشی ھاوڵاتیان بەڕێوەچوو.
محەمەد شیاع سودانی لە وتارێکدا لە رۆژنامەی شەرقلئەوسەت دەڵێت، عێراقییەکان بە دڵێکی پڕ لە ئومێدەوە چاوەڕێی ساڵی نوێن، ھەربۆیە لە ٢٠٢٤دا عێراق لەسەر ڕێگایەکی ڕاست دەبێت.
سودانی ھۆشداری دەدات و دەڵێت، رێگە نادەن ھیچ لایەنێک وێنەی عێراق وەک وڵاتێک کە توانای پاراستنی نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکان و موڵک و ماڵی گشتی و تایبەتی نییە، نیشان بدات.
سەبارەت بە ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانیش دەڵێت، ئەنجامدانی ھەڵبژاردن لە کەرکوک دەستکەوتێکی گرنگە بۆ حکومەت و بە گەڕاندنەوەی پایەیەکی دەستوری گرنگی بنەمای لامەرکەزی ھەژمار دەکرێت.
فەرماندەیی پۆلیسی كەركوك لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، لەمەودوا هەر كەسێك رووخساری بە هەر شێوازێك بشارێتەوە، لەلایەن كارمەندەكانی پۆلیسی كەركوكەوە لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەكرێت و رێككاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.
ئەوەش لەكاتێكدایە، رۆژی پێنج شەممە لەناوبازاڕی شاری كەركوك لەلایەن دوو كەسی دەمامكدارەوە دەسترێژی گوللە لە دوو پۆلیسی مەدەنی كرا و سەرەنجام یەكێك لە پۆلیسەكان لە رووداوەكەدا گیانی لەدەستدا و ژنێكیش برینداربوو، تائێستاش هیچ كام لە تەقەكەرەكان دەستگیرنەكراون.
مستەفا گەرعاوی، ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەدا، تائێستا محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق ھیچ نووسراوێکی سەبارەت بە یاسای بوودجەی ساڵی ٢٠٢٤ بۆ ئەنجومەنی نوێنەران نەناردووە، بەڵام ھەموارکردنەوەی یاساکە پێشبینیکراوە، بە تایبەتی دوای ئەو گۆڕانکارییانەی لە بەرھەمھێنانی نەوت و کورتھێنانی بوودجەدا ھاتووەوە ئاراوە.
راشیگەیاند، پێویستە پێداچوونەوە بە پرسی داھات و کۆی گشتی خەرجییەکانی ناو یاسای بوودجە بکرێت، جگەلەوەش بەشێک لە ھێزە سیاسییەکان لەنێویشیاندا ھێزە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان داوای ھەموارکردنەوەی یاساکە دەکەن، بە تایبەتی بڕگەی خەرجی فعلی یاساکە.
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەران وتیشی، پێدەچێت دوای کۆتایی ھاتنی پشووی یاسادانان، رێوشوێنەکانی ھەموارکردنەوەی یاسای بوودجە دەستپێبکات.
لیژنەی دارایی: بەشێکی زۆر لە ھێزە سیاسییەکان داوای ھەموارکردنەوەی یاسای بوودجە دەکەن