د. کامل دولەیمی بە نوێنەرایەتی سەرۆک کۆمار بەشداری لە کۆنفرانسی زانکۆی توراس سەبارەت بە بەرەنگاربوونەوەی توندڕەوی دەکات.

بە نوێنەرایەتی د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، د.کامل کەریم دولەیمی، ئەمڕۆ پێنجشەممە 10-4- 2025 بەشداریکرد لە چالاکییەکانی یەکەمین کۆنفرانسی زانستی کە لەلایەن زانکۆی توراس لە بەغداد بە ناونیشانی ' بەرەنگاربونەوەی توندڕەوی و پێشخستنی پێکەوەژیانی ئاشتیانە بەڕێوەچو'.

لە وتارێکدا کە بەناوی سەرۆک کۆمارەوە پێشکەشی کرد، د. دولەیمی سڵاوی سەرۆک کۆماری گەیاند و هیوای سەرکەوتنی بۆ کۆنفرانسەکە خواست و  پاڵپشتی سەرۆکایەتی کۆماری بۆ هەموو ئەو هەوڵانە دووپات کردەوە کە ئامانجیان چەسپاندنی کەلتوری ئاشتی کۆمەڵایەتییە، جەختیکردەوە کە سەرۆکایەتی کۆمار پێکەوەژیانی ئاشتیانە و سەقامگیری کۆمەڵایەتی کردۆتە ئامانجی قۆناغی داهاتوو.

سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی کۆمار لە وتارەکەیدا ئاماژەی بەوەدا کە عیراق دەستی کردوە بە پرۆسەی ئاشتی کۆمەڵایەتی کە لە دەرئەنجامی جەنگی تائیفی و تیرۆرەوە دروست بوە و بە متمانەوە بەرەو بنیاتنانی کۆمەڵێکی دادپەروەرانە هەنگاو دەنێت کە مافی هاووڵاتیانی خۆی دەستەبەر بکات، د. دولەیمی رایگەیاند، "دامەزراوە پەروەردەییەکان و زانکۆکان و ناوەندەکانی توێژینەوە بەرپرسیارێتییەکی گەورەیان لە ئەستۆدایە لە بنیاتنانی مرۆڤ و چاندنی بەهاکانی گفتوگۆ و رەتکردنەوەی توندوتیژی".

د. دولەیمی لە کۆتایی وتەکەیدا جەختیکردەوە لەسەر باوەڕی سەرۆکایەتی کۆمار کە ئاشتی کۆمەڵایەتی تەنها لە رێگەی گرتنەبەری رێوشوێنی ئەمنی بەدی نایەت، بەڵکو لە رێگەی چەسپاندنی کەلتووری نەتەوەیی لێبوردەیی کە هاندەری هاوبەشی راستەقینەیە  لە نێوان دەوڵەت و کۆمەڵدا، هیواشی خواست کە راسپاردەکانی کۆنفرانسەکە بگۆڕدرێن بۆ هەنگاوی کردەیی کە بەشدار بن لە بنیاتنانی عیراقێکی ئاسایش و دادپەروەر و ئاوەدان.