ئەمڕۆ دادگای فیدراڵی عێراق لەسەر سکاڵایەکی جووتیارانی تۆپزاوا لەسەر زەوییەکانی کەرکوک کۆبووەوە، بڕیاربوو ھەڵوەشانەوەی بڕیاری رژێمی پێشوو لەبارەی کەرکوک تاوتوێ بکات، بەڵام سکاڵاکە بۆ ٢١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ دواخرا.
ھاوکات پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، دادگای فیدراڵی عێراق داوایکردووە لە دانیشتنی داھاتوودا بەڕێوەبەری کشتوکاڵی کەرکوک ئامادە بێت.
کەریم عەلیەوی، پەرلەمانتار لە چوارچێوەی ھەماھەنگی رایگەیاند، سەرجەم ھێزە سیاسییەکان چاوەڕێی راگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانن، تاکو بەزووترین کات دەستبکەن بە گفتوگۆ و دانوستان لەبارەی پێکھێنانی حکومەتە خۆجێییەکان لە پارێزگاکان.
وتیشی، چوارچێوەی ھەماھەنگی لە پارێزگاکانی باشوور و ناوەڕاست دووچاری ھیچ ئاستەنگێک نابێت لە پێکھێنانی حکومەت، چونکە خاوەنی زۆرینەیە، بەڵام بە پارێزگاکانی بەغداد و دیالە و کەرکوک و نەینەوا، پێویستی بە دانوستانە لەسەر پێکھێنانی حکومەتە خۆجێییەکان.
رۆژی ١٨ی ئەم مانگە ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە ١٥ پارێزگای عێراق بەڕێوەچوو، رۆژی ٢٠ی مانگیش کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکان ئەنجامی بەرایی ھەڵبژاردنەکەی بڵاوکردەوە، چاوەڕوانیش دەکرێت ئەم ھەفتەیە ئەنجامی کۆتایی بڵاوبکرێتەوە.
مایکڵ کوریلا، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، لەسەر فەرمانی جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا بەرەبەیانی ئەمڕۆ ھێرشیانکردووەتە سەر سێ پێگەی حزبوڵای عێراق لە سنوری شاری بابل، ئەوەش لە تۆڵەی برینداربوونی سێ سەربازی ئەمریکا کە ئێوارەی دوێنێ لە ھێرشێکدا بۆ سەر فڕۆکەخانەی ھەولێر برینداربوون.
وتیشی، ھێرشەکە ئامانجەکەی خۆی بە تەواوەتی پێکاوە و چەندین چەکداری حزبوڵاش کوژراون و ژمارەیەکی تریشیان برینداربوون.
بە پێی ئەو زانیارییانەی بڵاوکراونەتەوە، لە گەڕەکی حەی عامل لە شای بەغداد شەڕ لە نێوان گروپی سەرایا سەلام سەر بە موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر و گروپێکی حەشدی شەعبی روویداوە و تەقەی ھەڕەمەکی کراوە.
ھێزی پۆلیسی ئیتیحادی بۆ کۆنترۆڵکردنی رەوشەکە گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و دەروازە و رێگەکانیان بۆ سەر ناوچەکە داخست.
لە روبەڕوبوونەوەکەشدا دوو کەس برینداربوون، کە یەکێکیان مەدەنییە و ئەوەی دیکەیان ھێزی ئەمنییە.
بەیانی ئەمڕۆش، وەلید خەلیفە فەرماندەی ئۆپراسیۆنەکانی بەغداد رایگەیاند، رەوشی ئەمنی گەڕەکی حەی عامل لەژێر کۆنترۆڵدایە و ھیچ ئاڵۆزییەک بوونی نەماوە.
وەزارەتی پلاندانانی عێراق لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، مانگی ڕابردوو نرخی خۆراک بە ڕێژەی ٠.٨% دابەزیووە، نرخی سەوزەکانیش بەڕێژەی ٢.٩٪ دابەزیووە.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، نرخی میوەکان بەڕێژەی ٢.٢٪، نرخی زەیتیش بە ڕێژەی ١.٧٪ دابەزیوون.
ھاوکات وەزارەتی کشتوکاڵ ھەناردەکردنی شەش بەروبوومی ناوخۆیی بۆ وڵاتانی کەنداو راگەیاند، لەنێویاندا تەماتە، خەیار و شوتی و عەلەف.
زیندانی حوت دەکەوێتە شاری ناسریە، نزیکەی ٤٠ ھەزار دەستگیرکراوی تێدایە، گەورەترین زیندانی عێراقە لە دوای داخستنی زیندانی ئەبوغرێب.
سەرچاوە ئەمنییەکان لە ناو زیندانی ناسریە باس لەوە دەکەن، لە ترسی دروستبوونی پشێوی و ناڕەزایی جەماوەری، لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا سزای لەسێدارەدان بەسەر چەندین سزادراودا بە نھێنی جێبەجێکراوە.
دۆسیەی زیندانیانی عێراقی بەتایبەت ئەوانەی سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە، کە ژمارەیان لە ١٧ ھەزار کەس زیاترە، بە یەکێک لەو پرسە دیارانە دادەنرێت کە لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا مشتومڕێکی سیاسی و جەماوەری و میدیایی بەرفراوانی لەو وڵاتەدا بەدوای خۆیدا ھێناوە.
فەرحان فەرتوسی بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای بەندەرەکانی عێراق سەر بە وەزارەتی گواستنەوە لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، دوای گرژییەکانی دەریای سور رێگەی جێگرەوە بۆ گەیاندنی کاڵا لە رۆژئاواوە بۆ رۆژھەڵات بەندەرەکانی عێراقە.
لای خۆیەوە، محەممەد عەبدولحافز، کاپتنی ھێزی دەریایی عێراق ئاماژەی بەوەکرد، وڵاتانی جیھان بژاردەی تێپەڕبوونی کاڵاکانیان لە بەندەری تری ھەیە پاش ئەو کێشەی رووبەروویان بۆتەوە لە گواستنەوەی کاڵاکانیان لە ئەوروپاوە بۆ ئاسیا لەوانە دەتوانن کەلوپەلەکانیان بگەیەننە بەندەری مێرسین لە تورکیا، دواتر لە ڕێگەی دەروازەی ئیبراھیم خەلیلەوە لە ڕێگەی وشکانییەوە دەگوازرێنەوە، بۆ بەندەری ئوم قەسر، پاشان لە ڕێگەی دەریاوە بۆ وڵاتانی کەنداو، یاخود ھەر ولڕتێکی تر کە مەبەستیان بێت.
فەرماندەیی پۆلیسی بەغداد-کەرخ شەوی رابردوو لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، دوای رووداوێکی ئاگرکەوتنەوە لەماڵێکدا کە بەھۆیەوە ژنێک و سێ منداڵی تێدا سوتان و یەکێکیان بەھۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا، لێکۆڵینەوەیان لەرووداوەکە دەستپێکردووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، لەکاتی بەدواداچوون و کۆکردنەوەی زانیاری لەلایەن بەڕێوبەرایەتییەکەیانەوە سەبارەت بە ھۆکارەکانی ئاگرکەوتنەوەکە، دەرکەوتووە ئەو کەسەی ماڵەکەی سووتاندووە پیاوی ماڵەکەبووە.
بەوتەی پۆلیس، پیاوەکە بانگەشەی ئەوەیکردووە کە رووداوەکە قەزا و قەدەر بووە و بەھۆی گڕگرتنی ھیتەری کارەباییەوە روویداوە، بەڵام دوای لێکۆڵینەوە نەوت لە شوێنی رووداوەکە دۆزراوەتەوە و دەرکەوتوە کە پیاوەکە ھاوسەر و منداڵەکانی سوتاندووە.
باسی لەوەشکردووە، پیاوەکە دوای ھەڵھاتنی لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکراوە.
وەدیع حەنزەل سەرۆکی یەکێتی بانکە تایبەتەکانی عێراق رایگەیاند، سەردانەکەی چەند رۆژی رابردووی وەفدێکی عێراقی بۆ تورکیا ئەنجامی باشی ھەبووە کە یەکێکیان پێکھێنانی لیژنەیەکی ھاوبەش بووە بۆ سەرپەرشتیکردن و بەھێزکردنی ھاکاوکارییە بانکییەکان و پارەدارکردنی بازرگانی دەرەکی لەنێوان ھەردوو وڵاتدا.
وتیشی، بەغداد و ئەنقەرە گەیشتوونەتە رێککەوتنی کۆتایی بۆئەوەی لە ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانیاندا مامەڵە تەنھا بەدینار و لیرە بکەن نەک دۆلار کە لە چەند رۆژی داھاتوودا رێککەوتنە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و بۆ ئەو مەبەستەش کارئاسانی تەواو بۆ بازرگانانی ھەردوو وڵات بکرێت، کە ئەوەش کاریگەری زۆری لە بەرزبوونەوەی بەھای دینار دەبێت لە بەرامبەر دۆلار.
شەشەمین کۆبوونەوەی کۆمیتەی سیاسی ھاوبەشی نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و عێراق لە تاران بە سەرپەرشتی عەلی باغری کانی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ کاروباری سیاسی و محەمەد حسێن بەحر ئەلعلوم، جێگری وەزیری دەرەوەی عێراق بەڕێوەچوو .
لە کۆبوونەوەکەدا کە باس لە پەیوەندیەکانی ھەردوو وڵات کرا و جەختکرایەوە لەسەر جێبەجێکردنی خێرا و تەواوەتی ئەو رێکەوتنە سەربازی وسیاسی و بازرگانیانەی لە نێوان ھەردوو وڵاتدا ھەیە و بەردەوامی گفتوگۆکان لەو بارەیەوە.
راشیانگەیاند، ھەردوو وڵات لەسەر دۆسیەی فەلەستین کۆکن و ھەمیشە پشتوانیان ئەو وڵاتە دەبن.
عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی رۆژنامەوانیی کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق راگەیاند، لە سەرجەم ناوەندەکانی وردبینی لە پارێزگاکاندا کارەکانی ژماردنەوەی دەستیی بۆ دەنگەکان کۆتاییان ھاتووە.
وتیشی، ئەنجامی ژماردنەوەی دەستیی دەنگدانی گشتی و تایبەت، ٩٨% ھاوتای ئەنجامە راگەیەندراوەکانن و تەنھا ٢% یان ھاوتا نین، دوای راگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی دەنگدانیش پڕۆسەی تانەدان لە ئەنجامەکان دەستپێدەکات.
رۆژی ١٨ی ئەم مانگە ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق بەڕێوەچوو، رۆژی ٢٠ی مانگ کۆمیسیۆن ئەنجامی بەرایی دەنگدانی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، زیاتر لە شەش ملیۆن و ٥٩٨ ھەزار کەس بەشداریی دەنگدانیان کردووە.
د.لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق لە پەیامێکدا، گەرمترین پیرۆزبایی لە کریستیانەکانی عێراق و جیھان دەکات بەبۆنەی جەژنی لەدایکبوونی مەسیح و سەری ساڵی نوێی زاینییەوە، ھیوای ئاشتی و ئارامیش بۆ گەلانی عێراق و جیھان دەخوازێت.
ئەوەشی خستوەتەڕو، لەم دەرفەتەدا یادی قوربانیانی کارەساتی حەمدانیە دەکاتەوە، رۆحیان شاد و خودا سەبوری بە خێزانەکانیان ببەخشێت.
قاسم ئەعرەجی راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی عێراق لەکۆبوونەوەیدا لەگەڵ ژان کریستۆف، کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی فەڕەنسا لە بەغداد باسی لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان بەغداد و پاریس لەبواری سەربازی و روبەڕوبونەوەی قەیران و ئاستەنگییەکان کرد.
ئەوەشی خستوەتەڕوو، عێراق ئامانجی ئەوەیە و داواش دەکات کە کەمپی ھۆلی سوریا دابخرێت، چونکە مانەوەی دەیان ھەزار منداڵ و ژنی چەکدارانی داعش لەو کەمپەدا، مانای پێگەیشتنی نەوەیەکی نوێی داعشە لە داھاتووداو ئەوەش مەترسییە بۆسەر ئاسایشی ناوچەکە.
جینین پلاسخارت نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی یەکگرتووەکان لە عێراق لە دوایین پەیامی ساڵدا دەڵێت، لەگەڵ سەقامگیری سیاسی، عێراق دەرفەتێکی نایابی بۆ رەخساوە بۆ پێشکەوتنی خێراو گەشەسەندنی بەردەوامی خۆی.
دەشڵێت، دوای ساڵێک چەند ھەنگاوێکی گرنگ و دەستپێشخەرییەکی ئومێدبەخش لە عێراق سەریان ھەڵداوە، لە کاتێکدا وڵاتەکە لە دۆخێکی باشدایە بۆ قۆستنەوەی ئەو دەرفەتە زۆرانەی کە لەبەردەستیدایە، بەڵام ھێشتا ئەوە کارێکی ئاسان نابێت.
دوپاتیدەکاتەوە نەتەوە یەکگرتووەکان پابەندە بە پاڵپشتیکردنی عێراق بۆ چەسپاندنی دامەزراوە دیموکراسیەکان و پێشخستنی ئاشتی و گەشەپێدانی بەردەوام و مافی مرۆڤ بۆ ھەموو عێراقییەکان.
محەمەد بەلداوی سەرکردە لە چوارچێوەی ھەماھەنگی رایگەیاند، چوارچێوەکەیان لە دوو رۆژی رابردوودا دوو کۆبوونەوەی ئەنجامداوە و بڕیاریانداوە بە پێکھێنانی لیژنەیەکی تایبەت بۆ پێکھێنانی ئەنجومەنی پارێزگاکان و حکومەتە خۆجێییەکان.
وتیشی، لیژنەکە لە سەرکردەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگی پێکھاتووە و دوای راگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لەلایەن کۆمیسیۆنەوە، دەست بەکارەکانیان دەکەن، ھەروەھا دوای پێکھێنانی فراکسیۆنی چوارچێوەی ھەماھەنگی لە ئەنجومەنی پارێزگاکان، گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە سیاسییە براوەکان دەکەن و کار بۆ پێکھێنانی حکومەتە خۆجێییەکان دەکەن.
پارتەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگی، لە ھەڵبژلردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان بە کۆی گشتی ١٠١ کورسییان بەدەستھێناوە.