تیمی راگەیاندنی كۆمیسیۆن رایگەیاند، بە هەموو شێوەیەك ئامادەن بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق.

عیماد جەمیل، سەرۆكی تیمی راگەیاندنی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عیراق رایگەیاند، وەك كۆمیسیۆن ماوەیەكی زۆرە دەستیانكردووە بە ئامادەكارییەكان بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەران.

دەشڵێت، كۆمیسیۆن خشتەی كاری خۆی داناوە و بەپێی ئەو خشتەكانی كارەكانی بەڕێوەدەبات و لە پرۆسەی هەڵبژاردنی داهاتوودا رێكاری نوێ دەگرنەبەر كە دواتر رایدەگەیەنن لە پێناو زامنكردنی پرۆسەكە بەشێوەیەكی پاك و بێگەرد.

هاوكات، كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عیراق رایگەیاند، بۆ ئەو كەسانەی كێشەی پەنجەمۆریان هەیە پشكنینی چاویان بۆ دادەنێن بۆ ئەوەی بتوانن بەشداری دەنگدان بكەن.

هەروەها جومانە غەلای وتەبێژی كۆمیسیۆن رایگەیاند، لە سەرەتای كردنەوەی بنكەكانیانەوە لە مانگی سێی ئەمساڵەوە تا ئێستا زیاتر لە 140 هەزار هاووڵاتی زانیاریەكانیان نوێكردووەتەوە و تائێستا نزیكەی 18 ملیۆن كارتی بایۆمێترییان دابەشكردووە.