دوای بڕیای بایكۆتی فراكسیۆنە كوردستانییەكان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، بڕیاردرا بەپارێزگابونی هەڵەبجە لە ئەنجومەنی نوێنەران بخرێتە دەنگدانەوە.

سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە راگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە، رۆژی دووشەممە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق كۆدەبێتەوە و بەپێی كارنامەكە، یەكەمین بڕگەی دانیشتنەكە تایبەتە بە دەنگدان بە پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە.

ئەوەش لە كاتێكدایە سەرجەم فراكسیۆنە كوردستانییەكانی ئەنجومەنی نوێنەران بایكۆتی دانیشتەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانیان كرد و رایانگەیاند، بەو مەرجە دەچنە دانیشتەكانەوە كە دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای بە پارێزگابونی هەڵەبجە بخرێتە بەرنامەی كاری دانیشتن. چونكە پێشتر خوێندنەوەی یەكەم و دووەم بۆ پڕۆژەیاساكە كراوە و بۆ تەنیا ئەوە ماوە دەنگی لەسەر بدرێت.