رێبەری رەوتی نیشتمانیی شیعە، داوای خۆپیشاندانی ملیۆنی لە رۆژی هەینی داهاتوو لە سەرتاسەری عیراق دەكات "دژی هێرشەكانی ئیسرائیل و ئەمریكا  بۆ سەر غەززە".

موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی نیشتمانی شیعە لە راگەیەنراوێكدا داوایكرد هەینی داهاتوو خۆپیشاندانی ملیۆنی لە سەرتاسەری عیراق بكرێت لە دژی "هێرشەكانی ئەمریكا و ئیسرائیل بۆ سەر غەززە و خەڵكی فەڵەستین".

داواش دەكات، خۆپیشاندانە ملیۆنییەكە مەدەنییانە بەڕێوەبچێت و تیایدا هەردوو "ئاڵای ئەمریكا و ئیسرائیل بسوتێنرێت"، ئاڵای فەلەستینیش بەرزبكرێتەوە.

هەروەها، سەدر لە نووسراوەكەدا، بەشداربووانی خۆپیشاندانەكەی سەرپشك كردووە لەوەی كە بە جلوبەرگی ئاساییەوە بەشداری خۆپیشاندانەكە بكەن یاخود بە كفنەوە.

ئەوەش لەكاتێكدایە، لە چەند مانگی رابردوودا چەند جارێك لەسەر بانگەوازی موقتەدا سەدر، خۆپیشاندانی ملیۆنی لە بەغداد و چەند پارێزگایەكی تری عیراق بەڕێوەچووە، بۆ ئیدانەكردنی هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە و پشتیوانیكردنی گەلی فەڵەستین.