سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت "کۆتایی بە ئێران هاتووە" و ئاشکرای کرد، سوپای وڵاتەکەی لە رێگەی ئەرکێکی نهێنییەوە لە گەروی هورمز، زیاتر لە 100 ملیۆن بەرمیل نەوتی بەسەلامەتی گەیاندووەتە بازاڕەکانی جیهان.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، سوپای ئەمریکا ئەرکێکی نهێنی بۆ پاراستنی کەشتییە بازرگانییەکان لە گەروی هورمز سەرکەوتووانە جێبەجێکردووە و جەختیشیکردەوە، ئەمریکا کۆنترۆڵی گەروەکەی کردووە، نەک ئێران.
لە پەیامێکدا کە بڵاویکردووەتەوە، ترەمپ ئاماژەی بەوە کردووە، مانگی رابردوو فەرمانی بە سوپای ئەمریکا کردووە ئەرکێکی نهێنی بۆ پشتیوانیکردنی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان و کەشتییە بازرگانییەکانی تر لە گەروی هورمز ئەنجام بدەن.
ترەمپ خۆشحاڵی خۆی بۆ سەرکەوتنی ئەرکەکە دەربڕیوە و رایگەیاندووە: "لە دەرەنجامی ئەم هەوڵەدا، زیاتر لە 100 ملیۆن بەرمیل نەوت گەیشتووەتە بازاڕە کراوەکان و زیاتر لە 200 کەشتی بازرگانیش بە سەلامەتی بە گەروەکەدا تێپەڕیون."
سەبارەت بە هەژموونی وڵاتەکەی لە ناوچەکە، سەرۆکی ئەمریکا هێرشی توندی کردە سەر ئێران و رایگەیاند: "ئەم سەرکەوتنە گەورەیە بەهۆی ئەوەیە کە ئەمریکا کۆنترۆڵی گەروی هورمزی کردووە، نەک ئێران."
دۆناڵد ترەمپ رەوشی ئێرانی بە شکستخواردوو وەسف کرد و وتی: "سوپای ئێران تێکشکاوە و ئابورییەکەیان لەدەستچووە، هەموو شتێک بۆ ئێران کۆتایی هاتووە."