عراقچی: داوای ئاگربەستمان نەکردووە و هیچ شتێک لەسەر مێزی گفتوگۆ نەماوە
محەمەد رزگار
١٥ی ئازاری ٢٠٢٦
وەزیری دەرەوەی ئیران دەڵێت: هیچ هۆکارێک بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ ئەمریکا نابینن و تا ئەو کاتەی پێویست بێت بەرگری لە خۆیان دەکەن.
عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی 'سی بی ئێس' رایگەیاند، وڵاتەکەی داوای ئاگربەست یان دانوستانی لە ئەمریکا کردبێت، ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ بانگەشەکانی دۆناڵد ترەمپ کە دەڵێت ئێران دەیەوێت رێککەوتن بکات.
وتیشی، ئەوان هەرگیز داوای ئاگربەستیان نەکردووە و داوای گفتوگۆشیان نەکردووە. دەشڵێت؛ حکومەتی ئێران هیچ هۆکارێک نابینێت بۆ گفتوگۆ لەگەڵ واشنتۆن.
وەزیری دەرەوەی ئێران ئاشکرایکرد، پێش دەستپێکردنی هێرشەکان، ئێران ئامادەیی نیشاندابوو "یۆرانیۆمی پیتێنراو" کەم بکاتەوە وەک سازشێکی گەورە بۆ سەلماندنی ئەوەی چەکی ئەتۆمی ناوێت، بەڵام جەختی کردەوە کە "ئێستا هیچ شتێک لەسەر مێزی گفتوگۆ نەماوە" و ئەو پێشنیارە کۆتایی هاتووە.
عراقچی ئاماژەی بەوەکرد، وڵاتەکەی بەهێزە و "تا ئەو کاتەی پێویست بێت بەرگری لە خۆمان دەکەین"، تا ئەو ساتەی ترەمپ دەگاتە ئەو بڕوایەی کە ئەم جەنگە نایاساییە و هیچ سەرکەوتنێکی تێدا نییە.
راشیگەیاند، ستیڤ ویتکۆف و جارید کوشنەر سەرقاڵی گفتوگۆ بوون لەگەڵ ئێران، بەڵام ئەمریکا لە ناوەندی گفتوگۆکاندا هێرشی کردە سەریان، بۆیە دەڵێت: "هیچ ئەزموونێکی باشمان لەگەڵ ئەمریکییەکان نییە."



