نەتەوە یەكگرتوەكان: زیاتر لە 100 منداڵ لە غەززە بەهۆی برسێتییەوە گیانیان لەدەستداوە
هەساو ئەمیر
١٢ی ئابی ٢٠٢٥
بەپێی دوایین راپۆرتی نەتەوە یەكگرتووەكان، 300 هەزار منداڵی غەززە لە رەوشێكی خراپ و نەبوونی خۆراكدان و تائێستاش زیاتر لە 100 منداڵ بەهۆی برسێتییەوە گیانیان لەدەستداوە.
نەتەوە یەكگرتووەكان راپۆرتێكی نوێی لەبارەی رەوشی منداڵان لە كەرتی غەززە بڵاوكردەوە و ئاماژەی بەوەكردووە، برسێتی لە غەززە گەیشتووەتە لوتكە و تەواوی دانیشتووانی ئەو شارە بەدەست برسێتی و نەبوونی خۆراكەوە دەناڵێنن.
دەشڵێت، سێ بەشی خەڵكی غەززە ماوەی نێوان ژەمەكانیان لەبری چەند سەعاتێك چەند رۆژێكە و بۆماوەی چەند رۆژێكیش لەسەریەك نان ناخۆن چونكە خۆراكیان دەستناكەوێت.
نەتەوە یەكگرتووەكان لە راپۆرتەكەیدا رایگەیاندووە، رەوشی منداڵان لە غەززە لە ئاستێكی مەترسیداردایە و ژمارەی ئەو منداڵانەشی تائێستا بەهۆی برسێتییەوە گیانیان لەدەستداوە 100 منداڵی تیپەڕاندووە و 300 هەزار منداڵیش هەر لە غەززە لە رەوشێكی زۆر خراپدان و بەدەست نەبوونی خۆراكەوە دەناڵێنن.
لە راپۆرتەكەی نەتەوە یەكگرتووەكاندا هاتووە، بڕی پێویستی خۆراك بۆ غەززە مانگانە دەگاتە 62 تۆن، بەڵام رێگەنادرێت بڕی پێویست بگاتە ناو ئەو كەرتە و ژیانی منداڵان و دانیشتووانی غەززە لە مەترسی بەدخۆراكی و گیانلەدەستدان رزگار بكرێت.