وەزیری دەرەوەی میسر: ئیدارەی راگوزەری غەززە لەلایەن 15 كەسایەتی فەڵەستینییەوە بەڕێوەدەبرێت
لاوان
١٢ی ئابی ٢٠٢٥
بڕیارە لە ئەگەری گەیشتنە ئاگربەستی غەززە، ئیدارەیەكی راگوزەر بۆ بەڕێوەبردنی كەرتی غەززە لە قۆناغی دوای جەنگ پێكبهێنرێت و وەزیری دەرەوەی میسریش دەڵێت، ئەو ئیدارەیە لەلایەن 15 كەسایەتی فەڵەستینی ئەكادیمییەوە لەژێر سەرپەرشتی دەسەڵاتدارانی فەلەستین بەڕێوەدەبرێت.
بەدر عەبدولعاتی، وەزیری دەرەوەی میسر لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەدا، ئەو ئیدارە راگوزەرەی بڕیارە لەدوای قۆناغی جەنگ بۆ غەززە پێكبهێنرێت، لەلایەن 15 كەسایەتی فەڵەستینی ئەكادیمییەوە بەڕێوەدەبرێت.ئەوەشی خستەڕو، ئیدارەكە لەژێرچاودێری دەسەڵاتدارانی فەڵەستین كەرتی غەززە بۆ ماوەی شەش مانگ بەڕێوەدەبات.
وەزیری دەرەوەی میسر ئاماژەی بەوەشدا، بەهەماهەنگی لەگەڵ قەتەر و ئەمریكا هەوڵەكانیان چڕكردووەتەوە بۆ نێوەندگیركردنی ئیسرائیل و حەماس و گەیشتنە ئاگربەستی غەززە، لەئێستاشدا هەوڵەكانیان چڕكردووەتەوە بۆ گەیشتنە ئاگربەستێكی 60 رۆژی لە غەززە، كە تێیدا هاوكارییە مرۆییەكان بگەیەنرێتە غەززە و ژمارەیەك بارمتەش ئازادبكرێن.
ئەوەش لەكاتێكدایە، ئیسرائیل پێشنیازی ئیدارەی راگوزەری بۆ قۆناغی دوای جەنگ لە غەززە رەتكردووەتەوە، كە رۆژی 9ی ئاب، لوتكەی عەرەبی لە قاهیرەی پایتەختی میسڕ پێشنیازیكرد.