هاوسەرۆكی دەم پارتی رایدەگەیەنێت، نا دیموكراسیی بوون رەگی كێشەكانی پرسی كوردە لە توركیا و تەنها بەرێكاری دیموكراسی و ئاشتیانەش دەتوانرێت كۆتایی بە ناكۆكی نیو سەدە بهێنرێت.

گوڵستان كلچ هاوسەرۆكی دەم پارتی لەبارەی كۆبوونەوەی سێیەمی كۆمسیۆنی پشتیوانی و برایەتی و دیموكراسی لە پەرلەمانی توركیا رایگەیاند، پرسی كورد یەكێكە لە سەرەكیترین كێشەكانی توركیا كە بووەتە هۆی نزیكەی 50 ساڵ ململانێ و ناكۆكی، وتیشی، یەكێك لە كێشە ریشەییەكان نەبوونی دیموكراسییە لە وڵاتدا، تاكە رێگەی چارەسەریش بریتییە لە دانوستان و گفتوگۆ و گرتنەبەری رێكاری دیموكراسی و ئاشتیانە.

لەو چوارچێوەیەشدا، پارتی گەلی كۆماری (جەهەپە) پاكێجێكی 29 مادەیی لەژێرناوی "بە دیموكراسیكردن" پێشكەشی كۆمیسیۆنەكە كرد، چاوەڕوانیش دەكرێت پارتی داد و گەشەپێدان (ئاكەپە)ش پاكێجێكی هاوشێوە پێشكەش بكات.

نوعمان كورموڵتوش سەرۆكی پەرلەمان و سەرۆكی كۆمیسیۆنەكەش ئاماژەی بەوە كرد، كارەكانی كۆمیسیۆنەكە بەباشی بەڕێوەدەچن و گەورەترین خواستیشیان ئەوەیە هەنگاوەكان بە رێبازێكی هاوبەش و یەكگرتوو بەدی بهێنرێت.