وتیشی، ئەو کۆچبەرانە پێکھاتوون لە ٨ ژن و ٤ منداڵ و ٢٥ پیاو، لە ئێستادا ڕەوشی تەندروستیان جێگیرە و گواستراونەتەوە بۆ دوورگەی کۆس لە یۆنان.
مەحمود ئەحمەدی نەژاد سەرۆکی پێشووتری ئێران لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفیزیۆنیدا وتی، عێراق کارێکی برایانەی دەستپێکردووە و بە ھیوان ھەوڵەکانی بەغداد بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان تاران و ڕیاز سەرکەوتوو بن، چونکە کۆتاییھێنان بە کێشەکان لەگەڵ سعودیە لە ئێستادا زۆر پێویستە.
وتیشی، پێویستە کێشەکانیان لەگەڵ ئەمریکاش کۆتایی بێت و بۆ ئەمەش پێویستە ھەردوولا ڕێزی یەکتر بگرن و دەستوەردان لە کاروباری یەکتردا نەکەن. وتیشی، پێویستە ئێرانیش ھەڵسوکەوتەکانی بگۆڕێت.
چەند پسپۆڕێکی بواری ئەمنی لە لێدوانێکیاندا بە تۆڕی فۆکس نیوزیان ڕاگەیاندووە، لە ٢٠ ساڵی ڕابردوودا ھێندەی ئێستا ڕێکخراوی قاعیدە مەترسی نەبووە لەسەر ئاسایشی ئەمریکا.
دەشڵێن، جێھیشتنی ئەفغانستان بەو خێراییەی ئێستا، مەترسییەکان زیاتر دەکەن و ڕێگە بۆ ھێرشی تیرۆریستی خۆش دەکەن.
ئەم ھۆشدارییە دوای ئەوە ھات، بزوتنەوەی تاڵیبان جەختدەکاتەوە، بە ھیچ جۆرێک نابنە ھەڕەشە و مەترسی بۆ سەر وڵاتانی جیھان و جۆو بایدن سەرۆکی ئەمریکاش دەڵێت، تاڵیبان ھێرش بکاتە سەر ھێزەکانیان بە توندی وەڵامیان دەدەنەوە.
ڕادیۆی ئاسیای ئازاد بڵاویکردەوە، دەسەڵاتدارانی کۆریای باکور ھاوڵاتییانی وڵاتەکەیان ئاگادار کردووەتەوە کە بە ھیچ جۆرێک نابێت قسە لەسەر کێش و جەستەی کیم جۆنگ ئون سەرۆکی وڵات بکەن و قسەکردن لە بارەی تەندروستی سەرۆک بە ھەموو شێوەیەک قەدەغەیە.
دوای ئەوەی دەنگۆی تێکچوونی تەندروستی کیم بڵاوبووەوە و وا ڕاگەیەندرا کێشی دابەزیوە، میدیاکانی کۆریای باکور بڵاویانکردەوە، سەرۆک بەھۆی بڵاوبوونەوەی برسیەتییەوە و لە پێناو خەڵکەکەیدا خواردنی کەمکردووەتەوە و تەندروستیشی زۆر باشە.
ئەمینە ئۆسێ وتەبێژی ھاوسەرۆکایەتی خۆبەڕێوەبەری باکور و خۆرھەڵاتی سوریا ڕایگەیاند، تورکیا بە بەرچاوی ھەموو جیھانەوە لە دژی ڕۆئاڤای کوردستان ھەموو جورە ھێرشێک ئەنجام دەدات، داواشی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک ھەڵویستی ھەبێت.
حیشمەت غەنی ئەحمەدزادە برای ئەشرەف غەنی، سەرۆکی ھەڵاتووی ئەفغانستان بەیعەتی بە بزوتنەوەی تاڵیبان دا و پەیوەستبوونی خۆی بە بزوتنەوەکەوە راگەیاند، تاڵیبانیش ڤیدیۆی بەیعەتدانەکەی بڵاوکردەوە.
بەپێی زانیارییەکان بەیعەتەکەی ئەو برایەی ئەشرەف غەنی، دوای چاوپێکەوتنیکی بووە لەگەڵ خەلیل رەحمان حەقانی بەرپرسی دابینکردنی سەرچاوە داراییەکانی پرۆسە سەربازییەکانی تاڵیبان.
حەقانی پێشتریش لەگەڵ حامید کارزای سەرۆکی پێشووتری ئەفغانستان کۆبووەوە.
رێکخراوی منداڵانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان یونسێف رایگەیاند، لە ماوەی چەند رۆژی داھاتوودا زیاتر لە چوار ملیۆن لوبنانی روبەڕووی بێئاوی دەبنەوە و ھۆکاری سەرەکی بێئاویش قەیرانی سەختی نەبوونی سوتەمەنییە کە چەند مانگێکە ئەو وڵاتەی گرتووەتەوە.
لوبنان لە ھاوینی ٢٠١٩وە روبەڕووی قەیرانێکی سەختی دارایی بووەتەوە و تەقینەوەکەی بەندەری بەیروتیش قەیرانەکەی قوڵتر کردەوە، دراوی لوبنانیش ٩٠٪ی بەھاکەی لەدەستداوە و پێکنەھێنانی حکومەتیش ئەو وڵاتەی خستووەتە بەردەم مەترسی ھەرەسھێنانەوە.
(ئاری جەلال) سەرۆکی دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران ڕایگەیاند: لەمساڵدا ٣٥ ھەزار عێراقی داوای مافی پەنابەرییان لە وڵاتانی ئەوروپا کردووە، کە لەو ڕێژەیەش زیاتر لە ٧٠٪ی خەڵکی ھەرێمی کوردستانن.
سەرۆکی دەزگای لوتکە ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە، زۆرینەی ئەوانەی لە ھەرێمی کوردستانەوە کۆچ دەکەن لە چینی گەنجانن و ھۆکارەکەشی خراپی گوزەران و نەبوونی خزمەتگوزاری و بێکارییە.
دەشلێت" دەیان گەنجی ھەرێمی کوردستان، لە تورکیا و یۆنان و لیتوانیا زیندانی کراون یان بێسەروشوێن بوون.
بیسمیلا محەمەدی وەزیری بەرگری ئەفغانستان لە تویتەر ڕایگەیاند، ھێزە بەرگرییە میلییەکان ھەر سێ ناوچەی بەلحیسار و دەسەڵاح و بەنوی سەر بە ویلایەتی بەغلانیان لە ژێر دەستی چەکدارەکانی تاڵیبان دەرھێناوە. ئاماژەی بەوەش کردووە، تا ئێستا ڕووبەڕووبوونەوە بەردەوامە.
بە پێی زانیاریی بەشێک لە میدیا ئەفغانییەکانیش خەڵکی ناوچەی ئەندرابی بەغلان ڕووبەڕووی چەکدارانی تاڵیبان بوونەتەوە و حەوت کەسیان لێ کوشتوون و ١٣ی تریشیان لێ بەدیل گرتوون.
ڕۆژی ١٢ی ئەم مانگە لافاوێکی بەھێز چەند پارێزگایەکی تورکیای گرتەوە و چەند ڕۆژێک بەردەوام بوو، سەرۆکایەتی بەڕێوەبردنی کارەسات و ڕەوشە لەناکاوەکان لە تورکیا ڕایگەیاند، ژمارەی قوربانیانی لافاوەکەی ڕۆژئاوای دەریای ڕەش لە تورکیا گەیشتووەتە ٨١ کەس و ٣٤ کەسیش بێسەروشوێنن.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، ئەو کەسانەی بەھۆی لافاوەکە گیانیان لە دەستداوە ٧٠ کەسیان لە پارێزگای کاسامۆنو و ١٠یان لە پارێزگای سینۆپ و کەسێکیشیان لە پارێزگای بارتنن.
جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا وتی، بە تاڵیبانیان ڕاگەیاندووە ھەر ھێرشێکیان بکەنە سەر بە توندی وەڵامیان دەدەنەوە و وتیشی، ئامانجی ئەمریکا لە ئەفغانستان لەناوبردنی قاعیدە و ئوسامە بن لادن بووە.
بایدن باسی لەوەش کرد، لە ١٤ی ئابەوە ١٣ ھەزار کەسیان لە کابوڵ بردووەتەوە دەرەوە، گواستنەوەی ئەمریکییەکان و ئەو ئەفغانییانەشی ھەڕەشەیان لەسەرە بەردەوامەوە و لەم بارەیەشەوە قسەیەکان لەگەڵ تاڵیبان کردووە، تاڵیبانیش تاکو ئێستا ڕێگری لە گواستنەوەی ھیچ ئەمریکییەک نەکردووە.