سوپای ئەڵمانیا لە تویتێکدا بڵاویکردەوە، بەیانی ئەمڕۆ ژمارەیەک چەکداری نەناسراو ھێرشیان کردووەتەسەر یەکێک لە دەرگاکانی چوونەژورەوەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی حامید کەرزای لە باکوری فڕۆکەخانەکە و بەھۆیەوە پاسەوانێکی ئەفغانی کوژراوە و سێ پاسەوانی تریش برینداربوون.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، ھێزەکانی ئەمریکا و ئەڵمانیا بەرپەرچی ھێرشەکەیان داوەتەوە و روبەڕوبونەوە روویداوە، بەڵام ھیچ ئاماژەیەک بە کوژران یا نەکوژرانی ھێرشبەران نەکراوە و تائێستاش ناسنامەیان دیار نییە.
پێشتریش بەرپرسێکی باڵای رێکخراوی ناتۆ رایگەیاندبوو، لە ئەنجامی ئاڵۆزییەکانی ناو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی کابوڵ، لانیکەم ٢٠ کەس کوژراون.
سوھەیل شاھین وتەبێژی بزوتنەوەی تاڵیبان رایگەیاند، ھێشتنەوەی ھێزەکانی ئەمریکا بۆ دوای ٣١ی ئاب ھێڵی سورە و دەبێت تا ئەو وادەیە تەواوی ھێزەکان بکشێنرێنەوە، ئەگەر نا ئەمریکا درێژە بە داگیرکاری دەدات و ربەڕووی سزا دەبێتەوە.
وتیشی، رەوشی ئەفغانستان پێویستی بە نیگەرانی نییە و ئەوانەی ھەڵدێن لە پێناو باشکردنی رەوشی ژیانیانە، چونکە ئەفغانستان وڵاتێکی ھەژارە و نزیکەی ٧٠%ی دانیشتووانەکەی لە ژێر ھێڵی ھەژارییەوەن.
ئەو ھۆشدارییەی تاڵیبان لە دوای وتارێکی بایدن ھات کە وتی، ئەولەویاتیان ئەوەیە تەواوی ئەمریکییەکان تا کۆتایی ئەم مانگە بگوازنەوە، بەڵام ئەگەر پێویست بکات رەنگە وادەکە درێژ بکەنەوە.
بایدن راشیگەیاند، تا ئێستا ١٢ ھەزار کەسیان لە فڕۆکەخانەی کابول گواستووەتەوە و ھەڵمەتەکانی گواستنەوەی خەڵکیش قورس و بە ئازارە.
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەوانییەکان، ژمارەیەک لە پسپۆڕان و زانایانی تەندروستی لە ئەمریکا و بەریتانیا بە ھاوبەشی سەرقاڵی بەرھەمھێنانی چارەسەرێکی نوێن بۆ پاراستنی مرۆڤ لە ڤایرۆسی کۆرۆنا بەتایبەتی بۆ ئەو کەسانەی بەرگری لەشیان لاوازە و بەقورسی تووشی کۆرۆنا دەبن.
ئاماژە بەوەشکراوە، چارەسەرەکە ناوی (ئەی زێد دی ٧٤٤٢)ەوە و لەئێستادا بەرھەمھێنراوە کە پێکھاتەیەکە لە دژە تەنەکان و لە قۆناغی یەکەمیشدا لەسەر پێنج ھەزار کەس تاقیدەکرێتەوە.
زانایان دەڵێن، بەپێی توێژینەوەکانیان ئەو چارەسەرە کاریگەرییەکی زۆری دەبێت بۆ پاراستنی مرۆڤ لە ڤایرۆسی کۆرۆنا.
خەلیل رەحمان حەقانی لێپرسراو لە بزوتنەوەی تاڵیبان رایگەیاند، بزوتنەوەکە بریاری لێبوردنی بۆ ئەشرەف غەنی سەرۆکی پێشووی ئەفغانستان و عومەر ساڵحی جێگری و سەرجەم لێپرسراوانی حکومەتی پێشوو دەرکردوە و ئەگەر بیانەوێت دەتوانن بگەرێنەوە ئەفغانستان و لە وڵاتەکە بەردەوامیی بە ژیان بدەن .
لەلایەکی تریشەوە وتەبێژی بزوتنەوەی تاڵیبان رایگەیاندوە ، ویلایەتی پەنجشیر کە تەنھا ویلایەتە تا ئێستا کۆنترۆڵیان نەکردبێت ، ئێستا لەلایەن چەکدارانی بزوتنەوەکەوە گەمارۆ دراوە و ھەوڵیش دەدەن لە رێی دانوستانەوە قەیرانی ئەو ویلایەتە چارەسەر بکەن.
سەعید خەتیب زادە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنفرانسی رۆژنامەوانی ھەفتانەیدا رایگەیاند، لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ دواین گۆڕانکاری و روداوەکانی ئەفغانستان دەکەن و پەیوەندییان لەگەڵ ھەموو لایەنەکانی ئەو وڵاتە ھەیە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئێران خوازیاری پێکھێنانی حکومەتێکی شەفاف و گشتگیرە لە ئەفغانستان و بۆ ئەو مەبەستەش، پێویستە لایەنەکان دان بەخۆیاندا بگرن و لە ناکۆکییەکانیان کەم بکەنەوە.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاشکراشیکرد، بڕیارە پێنج شەممەی داھاتوو وەزیری دەرەوەی پاکستان سەردانی تاران بکات و لەسەر رەوشی ئەفغانستان لەگەڵ بەرپرسانی ئێران کۆدەبێتەوە.
ئیلھام ئەحمەد سەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری ئەنجومەنی سوریای دیموکرات مەسەدە لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، ھێرشەکانی سوپای تورکیا و گروپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆن بۆ ناوچەکانی ئاگربەست کە روسیا و ئەمریکا سەرپەرشتی دەکەن، راگەیاندنی دەستپێکردنەوەی شەڕە بەرامبەر گەلانی باکوری سوریا.
جەختیشیکردووەتەوە، ھێرشەکانی تورکیا بەرامبەر ئەو گەلانەیە کە روبەڕوی تیرۆر و ستەم بونەتەوە، داوا لە سەرپەرشتیارانی ئاگربەستیش دەکات ئەرکی خۆیان بۆ راگرتنی ھێرشەکانی تورکیا جێبەجێ بکەن.
ئیبراھیم رەئیسی لە کۆبوونەوەی لەگەڵ توشیمیتسۆ مۆتەگی وەزیری دەرەوەی ژاپۆن لە تاران، رایگەیاند، پەرەپێدانی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ژاپۆن لە ھەموو بوارەکاندا، گرنگییەکی تایبەتی بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران ھەیە.
رەئیسی جەختیشیکردەوە، دواخستنی ئازادکردنی پارە بلۆکەکراوەکانی ئێران لە بانکەکانی ژاپۆن، ھیچ پاساوێک ھەڵناگرێت و پێویستە حکومەتی ئەو وڵاتە بەزوترین کات لەوبارەیەوە بڕیار بدات.
بەھۆی گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، نزیکەی سێ ملیار دۆلاری ئێران لە بانکەکانی ژاپۆن بلۆککراون کە بەشێکی زۆری داھاتی فرۆشتنی نەوتە.
بەرپرسێکی باڵای بزوتنەوەی تاڵیبان بە ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، دەستیان بە ھەوڵەکانیان کردووە بۆ داڕشتنی نەخشەڕێگەی حکومەتی داھاتووی ئەفغانستان و لە ئێستاشدا پسپۆڕە یاسایی و سیاسیی و ئایینییەکانی بزوتنەوەکە لە گفتوگۆدان بۆ ئەوەی لە چەند ھەفتەی داھاتوودا ئەو فەرمانڕەواییە دروست بکەن کە ئامانجیانە.
بەرپرسەکەی تاڵیبان ئاماژەی بەوەشکردووە، فەرمانڕەوایی وەک ئەو دیموکراسییەتە نییە کە وڵاتانی ڕۆژئاوا باسی دەکەن، بەڵام مافەکانی ھەمووان دەپارێزن.
عەبدولغەنی برادەر سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزوتنەوەی تاڵیبان گەیشتە شاری کابوڵ و ئامانجی سەردانەکەشی بۆ گفتوگۆکردنە لە بارەی پێکھێنانی کابینەی نوێی حکومەتی ئەفغانستان.
(لیندسی گراھام) گەورە سیناتۆری کۆمارییەکان لە کۆنگرێسی ئەمریکا ڕایگەیاند، پێویستە ئەمریکا سەرجەم ھاوڵاتیان و سەربازانی ئەمریکا لە ئەفغانستان ڕزگار بکەن بەو ئەفغانیانەشەوە کە ھاوکاری سوپای ئەمریکایان کردووە.
بە پێچەوانەوە بە پێی دەستوری ئەمریکا، پێویستە (جۆو بایدن) لە پۆستەکەی دووربخرێتەوە و باجی ئەو ھەڵە گەورەیە بدات کە لە ئەفغانستان کردی و وڵاتێکی خستە ژێر دەسەڵاتی بزوتنەوەی تاڵیبانەوە.
بە پێی دواین ڕاپرسیش، لە دوای بڕیاری کشانەوەی ئەمریکا لە ئەفغانستان، ئاستی پشتیوانی جەماوەری جۆو بایدن دابەزیووە.
سوپای تورکیا گوندی "کۆر حەسەن"ی لە ڕۆژئاوای گرێ سپیش بۆردوومانکردووە، تا ئێستاش زیانەکانی ئەو بۆردومانانە ئاشکرا نەکراون.