دوای ئەوەی کۆریای باکور ١٠ مووشەکی ھەڵداو یەکێک لە مووشەکەکان بەدووری ٦٠ کیلۆمەتر لە کەناراوەکانی کۆریای باشور کەوتەخوارەوە، سوپای کۆریای باشور رایگەیاند، لە مانۆڕێکدا سێ مووشەکی زەوی بە ئاسمانی لە دەریاوە و لە نزیک سنوری جیاکەرەوەی باکور ھەڵداوە.
رونیشیکردەوە، مانۆڕەکە دەرخستنی ئامادەباشی سیئۆلە بۆ وەڵامدانەوەی ھەر شەڕانگێزییەک.
"شون فریزەر" وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی کەنەدا رایگەیاند، بەردەوام دەبن لە سیاسەتی پێشوازیکردن لە پەنابەران بۆ ساڵانی ٢٠٢٣ بۆ ٢٠٢٥ و ھەوڵی راکێشانی یەک ملیۆن و ٤٥٠ ھەزار پەنابەر دەدەن، کە ٤٦٥ ھەزاریان مافی پەنابەری ھەمیشەییان لە ساڵی ٢٠٢٣ پێدەدرێت و ٤٨٥ ھەزاریان لە ساڵی ٢٠٢٤ و ٥٠٠ ھەزاریش لە ساڵی ٢٠٢٥ مافی مانەوەی ھەمیشەییان پێدەدرێت.
وەزیری کۆچی کەنەدا رایگەیاند، رێژەی پیری و خانەنشینی لە وڵاتەکە زۆر زیادیکردووە و دەستی کار کەمبووەتەوە، بۆیە پێویستیان بە پەنابەری زیاترە بۆ پڕکردنەوەی ھێزی کار و ھاوسەنگ کردنەوەی دانیشتووان.
زۆرینەی ئەو پەنابەرانەی دەگەنە کەنەدا، لە وڵاتانی ئاسیا و ئەفریقاوەن، بەپێی ئامارە رەسمییەکانی حکومەتی وڵاتەکەش، ٢٣%ی دانیشتووانی کەنەدا پەنابەرن.
پێشبینیشدەکرێت لە ماوەی دوو دەیەی داھاتوودا پەنابەران ٢٩% بۆ ٣٤%ی دانیشتووانی کەنەدا پێکبھێنن، ئەگەر سیاسەتی کۆچ بەو شێوەیە بەردەوام بێت.
کۆبوونەوەکە لەسەر داواکاری ئەمریکایە و تێیدا دوایین پێشھاتەکانی خۆپیشاندانەکان و ئاماری کوژراوان و رفاندن و دەستگیرکردن و پێشێلکاری و توندوتیژییەکان تاوتوێدەکرێن.
بەپێی ئاماری رێکخراوەکان، تاێستا نزیکەی ٣٠٠ کەس لە خۆپیشاندانەکانی ئێران و شارەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان کوژراون و ھەزاران کەسیش دەستگیرکراون.
(رۆبەرت جینریک) وەزیری کۆچی بەریتانیا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی (بی بی سی) رایگەیاند، لەئێستاوە بەدوای توندترین بژاردەدا دەگەڕێن تاکو بیانکە یاسا بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆچی نایاسایی، ھەر کۆچبەرێکیش بەھۆکاری ئابوری روو لە وڵاتەکەیان دەکات دیپۆرتی دەکەنەوە تاکو کەسانی تریش سڵ بکەنەوە لە رووکردنە بەریتانیا.
وتیشی، ناکرێت وڵاتەکەیان وەک فاکتەرێکی سەرنجراکێش بمێنێتەوە بۆ ئەو کەسانەی بەھۆکاری ئابوری کۆچ دەکەن.
بەپێی داتاکانی حکومەتی بەریتانیا لەمساڵدا ٤٠ ھەزار کۆچبەر بە بەلەمی بچوک لە رێگەی کەناڵی ئینگلیزەوە پەڕیونەتەوە بۆ وڵاتەکەیان.
سەبارەت بەو داتایەش سویلا براڤرمان وەزیری ناوخۆی بەریتانیا لێشاوی کۆچبەرانی بۆ کەناراوەکانی باشوری ئینگلتەرا بە داگیرکاری ناوبرد. وتیشی، رۆژانە حکومەت ٧.٨ ملیۆن دۆلار بۆ داڵدەدانی کۆچبەران خەرجدەکات.
ئەمە چوارەمین جارە کە جەزائیر میوانداری ئەو لوتکەیە بکات و ١٧ سەرکردەی وڵاتانی عەرەبی بەشداری تێدا دەکەن و لەژێر ناونیشانی "یەکگرتنەوە" بەڕێوەدەچێت.
ھاوکات لە یەکەم سەردانی رەسمیدا بۆ دەرەوەی وڵات، د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عێراق بە یاوەری وەفدێک گەیشتە جەزائیر و لە فڕۆکەخانەی "بومدین" لەلایەن عەبدولمەجید تەبون سەرۆک کۆماری جەزائیر و ئەحمەد ئەبوغەیت ئەمینداری گشتی کۆمکاری عەرەبی پێشوازی لێکرا.
بڕیاریشە ئەمڕۆ سەرۆک کۆماری عێراق وتارێک لەبارەی کۆی پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی ناوچەیی و نێودەوڵەتی پێشکەش بکات و ئاماژە بە پلان و بەرنامەکانی حکومەتی نوێی عێراق بکات.
٣١مین لوتکەی وڵاتانی عەرەبی بڕیاربوو لە ساڵی ٢٠٢٠ ببەسترێت، بەڵام بەھۆی پەتای کۆرۆناوە دواخراوە.
گرنگترین ترەوەرەکانیش بریتی دەبن لە کێشەی فەڵەستین و قەیرانەکانی سوریا و یەمەن و لیبیا و لێکەوتەکانی جەنگی روسیا و ئۆکراین و قەیرانی وزە، ھەروەھا دەستوەردانەکانی تورکیا و ئێران و چاکسازی لە کۆمکاری عەرەبی.
"پوتن" پەیامێکی ئاڕاستەی سەرکردە بەشداربووەکان لە لوتکەی کۆمکاری عەرەبی لە جەزائیر کرد و رایگەیاند، جیھان روبەڕووی گۆڕانکاری سیاسی و ئابوری گرنگ بووەتەوە، دروستکردنی سیستمێکی فرە جەمسەریش لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، لەسەر بنەمای یەکسانی و دادپەروەری و رێزگرتن لە بەرژەوەندییە گشتییەکان دەبێت.
پوتن جەختیشیکردەوە، لە گرنگی رۆڵی وڵاتانی عەرەبی و وڵاتانی خۆرھەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا، کە نیوەی ژمارەی دانیشتووانەکانیان نیو ملیار کەس دەبێت، ئەوەش رۆڵی گەورەی لە گۆڕانکاری جیھان ھەیە.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، سزاکان ئەو کەسایەتی و دامەزراوە ئەمریکییەکانە دەگرێتەوە کە تۆمەتبارن بە (مامەڵەکردن دژ بە مافەکانی مرۆڤ، دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی ئێران، ھاندانی کردەی توندوتیژی و کردەی تیرۆریستی لە ئێران.
لە سزاکاندا جگە لە کەسایەتییە پلە باڵاکانی وەک (مایکل کوریلا) فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا، (گریگۆری گیلۆت) جێگری فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا و (والی ئادێیمۆ) جێگری وەزیری گەنجینەی ئەمریکا و (ئیسکات دسۆرمیکس) فەرماندەی بنکەی ئاسمانی ئەمریکا لە ھەولێر و ھێزی نۆیەمی ئاسمانی و دەزگای ھەواڵگری "CIA"ی ئەمریکا و پاسەوانی نیشتمانیی خراونەتە لیستی سزاکانەوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، پێدانی ڤیزا لەو کەسانە قەدەغەدەکرێت کە ناویان لە لیستی سزاکاندا ھاتووە، ھەروەھا دەستبەسەر موڵک و سامانی داراییاندا دەگیرێت و ھەژمارە بانکییەکانیان بلۆک دەکرێت.
لاڤرۆڤ لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوەکرد، ئامادەیی روسیا و سەرۆکەکەی بۆ ئەنجامدانی دانوستان سەبارەت بە ئۆکراین نەگۆڕاوە و ھەمیشە ئامادەن گوێ لە ھاوبەشە رۆژئاواییەکانیان بگرن بە ئامانجی نەھێشتنی ئاڵۆزییەکان، لەبەرئەوە ئەگەر پێشنیازی گونجاویان ئاراستە بکرێت کە لەسەر بنەمای ھاوسەنگی و رێزگرتن لە بەرژەوەندییەکانی ھەردوولا بێت و بەئامانجی دۆزینەوەی چارەسەری مامناوەند و بەدیھێنانی ھاوسەنگی بێت لەنێوان بەرژەوەندی سەرجەم وڵاتان بەدڵنیایی لەگەڵی دەبن.
لەبەرامبەردا وەزارەتی دەرەوەی ئۆکراین رایگەیاند، مەرجی وڵاتەکەی بۆ دانوستان لەگەڵ روسیا ئەوەیە ئەو وڵاتە ھێزەکانی بکشێنێتەوە بۆ سنوری ساڵی ١٩٩١.
میدیاکانی ھندستان بڵاویانکردوەتەوە، بەھۆی رووخانی پردە ھەڵواسراوەکەی شاری موربی لە ھندستان، زیاتر لە ١٤٠ کەس گیانیانلەدەستداوە و سەدان کەسیش تائێستا بێسەروشوێنن و زۆربەی ئەو کەسانەشی گیانیانلەدەستداوە ژن و منداڵن.
ئاماژە بەوەشکراوە، دوای چەند مانگێک لە نۆژەنکردنەوەی پردەکە، لەکاتی ئاھەنگی دووبارەکردنەوەی پردەکەدا ئەو رووداوە رویداوە و بەپێی زانیارییەکانیش لەو کاتەدا نزیکەی ٥٠٠ کەس لەسەر پردەکە بوون کە ژمارەیەکی زۆر ژن و منداڵیان تێدا بووە و تائێستاش تەنھا ٨٠ کەس رزگارکراون.
پردی ھەڵواسراوی موربی لە ھندستان مێژووی دروستکردنەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی فەرمانڕەوایی بەریتانییەکان لەو وڵاتە کە ٢٣٣ مەتر بەرزە و درێژییەکەشی ھەزار و ٥٠٠ مەترە.
کۆبوونەوەکە تایبەتە بەو تۆمەتانەی روسیا ئاڕاستەی ئۆکراینی کردووە سەبارەت بە بەکارھێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر کەشتییەکانیان لە دەریای رەش.
پێشتر وەزارەتی بەرگری روسیا رایگەیاندبوو، ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی ئۆکراین کە ناوچەی کریمای بۆردومان کردووە، ناوچەی ئارامی کردووەتە ئامانج کە تایبەتە بە ھەناردەکردنی دانەوێڵە.
راشیگەیاند، بەپێی بەدواداچوونەکانیان، پارچەی کەنەدی لە دروستکردنی درۆنەکان بەکارھاتووە و ھێرشەکەش لەلایەن ھێزەکانی ئۆکراین بە فەرمانی راوێژکاران و شارەزایانی بەریتانیا ئەنجامدراوە.
پێشتریش ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دووجار کۆبوونەوەی لەسەر درۆنی ئێرانی کردووە کە لەلایەن روسیاوە لە ئۆکراین بەکاردەھێندرێن.
میدیاکانی بەریتانیا بڵاویانکردووەتەوە، ھاووڵاتییەکی ئەو وڵاتە لە شاری دوفەر کە دەکەوێتە کەناراوەکانی باشووری بەریتانیا، بە بۆمبی ئاگرین ھێرشیکردووەتە سەر کەمپێکی پەنابەران و بەھۆی تەقینەوەی بۆمبەکانیشەوە ئاگر لە کەمپە کەوتووەتەوە، بەڵام بە زوویی کۆنترۆڵکراوە و زیانەکانیشی تەنھا برینداربوونی کەسێک بووە بە سوکی.
ئاماژەیان بەوەشکردووە، ئەو ھاووڵاتییە بەریتانییە دوای ئەنجامدانی ھێرشەکە، ھەڵاتووە و ھێزەکانی پۆلیسیش ھەوڵی زۆریانداوە دەستگیری بکەن، بەڵام خۆی گەیاندووەتە بەنزینخانەیەکی نزیک رووداوەکە و لەوێ خۆی کووشتووە.
سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، دوای چاودێرێکردنێکی ورد، ھێزەکانیان لە ئاوەکانی کەنداو دەستییان بەسەر کەشتییەکدا گرتووە کە ١١ ملیۆن لیتر سوتەمەنی ھەڵگرتبوو و دڵنیاشبوونەتەوە کە ئەو نەوت بەشێوەیەکی نایاسایی ھێنراوە و تیمی کەشتییەکەش دەستبەسەرکراون و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت.
میدیاکانی ئێرانیش بڵاویانکردووە، تائێستا سوپای پاسداران ھیچ زانیارییەکی لەسەر خاوەندارێتی کەشتییەکە بڵاونەکردووەتەوە، باسی لەوەشنەکردووە ئەو نەوتە لە کوێوە ھێنراوە و بەنیازبوون بۆ کۆی بەرن.
سەرچاوە ئەمنییەکان رایانگەیاندووە، ئەم بەیانییە دەنگی نزیکەی پێنج تەقینەوە لە کیێڤی پایتەختی ئۆکراین و ناوچەکانی تر بیستراوە.
دوای ئەوەش سوپای ئۆکراین بڵاویکردەوە، روسیا بە ٥٠ مووشەکی کروز بۆردومانی خاکی ئۆکراینی کردووە.
"ڤیتالی کلیچکو" سەرۆکی شارەوانی کیێڤ رایگەیاند، بەھۆی بۆردومانەکانی روسیاوە بەشێکی کێیڤی پایتەخت و چەندین شار و شارۆچکەی تر لە ئاو و کارەبا بێبەش بوون.
سەرۆکایەتی ئۆکراینیش رایگەیاند، روسیا ھێرشی چڕ دەکاتە سەر دامەزراوەکانی وزە و داوای لە دانیشتووان کرد لە پەناگە و حەشارگەکاندا بمێننەوە، تا ئەو کاتەی مەترسی نامبَنێت.
وەزارەتی بەرگری بەریتانیاش بڵاویکردەوە، روسیا ھەزاران سەربازی یەدەگی لە ھێڵی پێشەوەی جەنگ لە ئۆکراین جێگیرکردووە.
رۆژی سێ شەممە دەنگدەرانی ئیسرائیل روو لە سندوقەکانی دەنگدان دەکەن بۆ ھەڵبژاردنی ١٢٠ ئەندامی کنێست، لە ساڵی ٢٠١٩ ەوە ئەوە پێنجەم ھەڵبژاردنە لەو وڵاتە بەڕێوەدەچێت و لە چوار ھەڵبژاردنی رابردوودا ھیچ ھێزێک نەیتوانیوە زۆرینەی کورسییەکان بباتەوە ، بە پێی راپرسییەکانیش، لەم ھەڵبژاردنەدا بەرەی بنیامین ناتانیاھۆ سەرۆکی پارتی لیکۆد و رکابەرەکانیشی ناتوانن زۆرینە مسۆگەر بکەن و ھەریەکەکەیان ٦٠ کورسی کنێست بەدەستدەھێنێت.
لەوتەیەکیشدا ناتانیاھۆ ھەڕەشەی ھەڵوەشاندنەوەی رێککەوتنی دیاریکردنی سنوری نێوان وڵاتەکەی و لوبنانی کرد، ئەگەر لە ھەڵبژاردنەکەدا سەرکەوتن بەدەستبھێنێت .
وتیشی، چۆن مامەڵەی لەگەڵ رێککەوتنامەی ئۆسلۆ کردوە بەو جۆرەش مامەڵە لەگەڵ رێککەوتنەکەی لوبنان دەکات و رێککەوتنەکەی بە خۆبەدەستەوەدانێکی تر ناوبرد.
فەرمانگەی فریاکەوتنی کۆریای باشوور بڵاویکردەوە، لە ئاھەنگێکی ھاڵۆوین لە شاری سیۆلی پایتەخت، دەیان ھەزار کەس بەشداریان کردووە، ئەوەش بووەتە ھۆی دروستبوونی قەرەباڵغی و پاڵەپەستۆوەیەکی زۆر، کە بەھۆیەوە لانی کەم ١٤٦ کەس گیانیان لەدەستداوە و دەیان کەسی تریش بریندار بوون و ئامارەکانیش سات بە سات لە بەرزبوونەوەدان.
یۆن سوک سەرۆکی کۆریای باشوور، راگەیەندراوێکی لەبارەی رووداوەکەوە بڵاویکردەوە و داوای لە تیمە پزیشکی و فریاگوزارییەکان کرد، بە ھانای بریندارەکانەوە بچن و نەخۆشخانەکانیش ھەموو ئامادەکارییەک بۆ وەرگرتن و چارەسەرکردنی بریندارەکان بکەن.