ڕووسیا و ئێران: ھێرشەکانی ئیسڕائیل بۆ سەر سوریا قبوڵ ناکەین
کوردسات نیوز
١١ی حوزەیرانی ٢٠٢٢
حسێن ئەمیر عەبدوڵاھیان وەزیری دەرەوەی ئێران لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ فەیسەڵ میقداد ھاوتا سورییەکەی، ئیدانەی ھێرشەکانی سوپای ئیسڕائیلی بۆ سەر خاکی سوریا کرد و ڕایگەیاند، ئەو ھێرشانە پێشێلکردنی ئاشکرای سەروەری خاکی سوریا و بنەما مرۆییەکان و یاسا نێودەوڵەتییەکانە. جەختیشیکردەوە، ئێران ھەمیشە پشتیوانی گەل و حکومەتی سوریا بووە و بەردەوامیش دەبێت.
ماریا زاخارۆڤا وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیاش ڕایگەیاند، ھێرشەکانی ئیسڕائیل بۆ سەر خاکی سوریا مەترسی بۆ گەشتە ئاسمانییە نێودەوڵەتییەکان دروست دەکەن و مایەی قبوڵکردن نییە، داواشی لە ئیسڕائیل کرد بە زووترین کات کۆتایی بەو ھێرشانە بھێنێت.