زیلینسکی سەردانی ئەمریکا دەکات و لەگەڵ بایدن کۆدەبێتەوە
ئایار
٢١ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٢
ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکراین لە تویتەر بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ بۆ بەھێزکردنی توانای ھێزەکانی وڵاتەکەی، سەردانی واشنتۆنی پایتەختی ئەمریکا دەکات و ژمارەیەک دیدار و کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا ئەنجام دەدات و لە بەردەم کۆنگرێسی ئەمریکاش وتار پێشکەش دەکات.
ئەو سەردانەی ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی بۆ واشنتۆن، یەکەمین سەردانی سەرۆکی ئۆکراینە بۆ دەرەوەی وڵاتەکەی لە دوای دەستپێکردنی ھێرشی سەربازیی روسیا بۆ سەر ئۆکراین، لەبارەی سەردانەکەوە کۆشکی سپیی ئەمریکا رایگەیاند، سەردانەکە لەسەر داوای رەسمی ئەمریکا بووە و بۆ دووپاتکردنەوەی پشتیووانیەکانی واشنتۆنە لە ئۆکراین و گەلی ئەو وڵاتە.
ھاوکات نانسی پیلۆسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا، پەیامی بۆ ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران ناردووە، کە بەھۆی وتاری زیلینسکی دەبێت سەرجەمیان لە کۆبوونەوەی ئێوارەی رۆژی چوارشەممەی ئەنجومەنەکە ئامادە بن.



