بەکارھێنانی تیکتۆک لە ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا قەدەغەکرا
٢٨ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٢
بەڕێوەبەری کارگێڕیی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا، پەیامێکی ئاڕاستەی ھەموو ئەندام و فەرمانبەرانی ئەنجومەنەکە کرد و ئاماژەی بەوەکرد، بڕیاریانداوە بەھۆی بەرزیی ئاستی مەترسییەکانی بەھۆی چەند دۆسیەیەکی ئەمنییەوە، بەکارھێنانی تیکتۆک قەدەغە دەکرێت و پێویستە ئەپڵیکەیشنەکە لە ئامێر و تەلەفۆنی سەرجەم ئەندام و فەرمانبەرانی ئەنجومەنی نوێنەران بسڕێتەوە، ھاوکات ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران پێشنیازیانکردووە، بەکارھێنانی لە سەرتاسەری ئەمریکا قەدەغە بکرێت.
قەدەغەکردنی بەکارھێنانی تیکتۆک کە ئەپڵیکەیشنێکی چینییە، دوای زنجیرەیەک لە ھەوڵی حکومەتی فیدڕاڵیی ئەمریکا بۆ قەدەغەکردنی لە ئامێرە حکومییەکان دێت، پێشتریش دۆناڵد ترامپ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا ھەوڵی کڕینەوەی کۆمپانیای خاوەنداری تیکتۆکیدا.