رێکخراوی تەندروستی جیھانی بە ئامانجی وەرگرتنی زانیاری زیاتر سەبارەت بە ھەڵکشانی ئامارەکانی کۆرۆنا لە چین لەگەڵ لێپرسراوانی تەندروستی ئەو وڵاتە کۆبوونەوەو جارێکی تر داوایانکرد بە شێوەیەکی رێکخراو بەشدارییان پێبکەن لە داتاکانی پەیوەست بە رەوشی کۆرۆنا.
ھەروەھا لێپرسراوانی تەندروستی جیھانی داوایان لە لێپرسراوانی چین کرد زانیارییان پێبدەن لە بارەی ئەنجامدانی ھەڵمەتەکانی کوتان بەتایبەت ئەو کەسانەی زۆرترین مەترسییان لەسەرەو تەمەنیان لەسەرو ٦٠ ساڵەوەیە.
رۆژی چوارشەممەی رابردوو پاپا فرانسیس پاپای ڤاتیکان لە دانیشتنی گشتی ھەفتانە داوای لە ئامادەبوان کرد نوێژی تایبەت بۆ پاپا بندیکتۆس بکەن لەبەرئەوەی گیرۆدەی نەخۆشییەکی سەخت بووە.
پاپا بندیکتۆس لە ساڵی ١٩٢٧ لە ئەڵمانیا لەدایکبوەو لە ١٩ی نیسانی ٢٠٠٥ دوای دوو رۆژ لە کۆچی دوایی پاپا یوحەنا پۆلس بە پێی پێوەرەکانی ڤاتیکان وەک بەتەمەنترین قەشە بووە پاپای ڤاتیکان، لە ساڵی ٢٠١٣ بەھۆی تێکچوونی باری تەندروستی دەستی لەکارکێشایەوە و پاپا فرانسیش شوێنی گرتۆتەوە,
رێکخراوە تایبەتمەندەکانی بواری رۆژنامەگەری ئاشکرایانکردووە، لە ساڵی ٢٠٢٢ پێشێلکاری ئاشکرا دژ بە رۆژنامەنوسان تۆمارکراوە کە زیاتر سروشتێکی توندوتیژی وەرگرتوە، وەک تیرۆری رۆژنامەنوسان و دەستگیرکردنی ژمارەیەکی زۆریان، جگەلە ھەڕەشە و ترساندن کە بۆتە مامەڵەیەکی بەرنامە بۆ دارێژراو نەک حاڵەتی کەسی .
ئاماژەیان بەوەشکردووە، رۆژھەڵاتی ناوەراست گۆڕەپانێکی فراوان بووە بۆ پەیڕەوکردنی پێشێلکارییەکان دژ بە رۆژنامەنوسان بەدیاریکراویش وڵاتانی عەرەبی کە خوارەوەی ریزبەندییەکەیان گرتووە لە پێوەرەکانی پەیوەست بە ئازادی رۆژنامەگەری.
بە پێی دواین راپۆرتی لیژنەی پاراستنی رۆژنامەنوسان، لە ساڵی ٢٠٢٢دا ٣٦٣ رۆژنامەنوس لە جیھاندا دەستگیرکراون، کە بەرزترین رێژەیە بەدرێژایی ٣٠ ساڵی رابردوو، ئەوەش ئاماژەیەکی روونە بۆ رادەی پەنابردنی حکومەتەکانی جیھان بۆ کپکردنی روماڵی رۆژنامەوانی و راپێچکردنیان بۆ لێپرسینەوە.
رێکخراوی ھەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردووە، فەرشاد ئەحمەدی کە ھاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی دێھلۆڕانە لەلایەن دادگای شۆڕشی تارانەوە بە تۆمەتی خۆپیشاندان و تێکدانی ئاسایشی گشتی، سزای دوو ساڵ زیندانیکردن و پێنج ساڵ زیندانیکردنی ھەڵپەسێردراوی بەسەردا سەپێندراوە و تەنھا ١٠ رۆژیش دیاریکراوە بۆ ئەوەی پارێزەرەکانی لە دادگای تێھەڵچوونەوە تانە لە سزاکە بدەن.
راشیگەیاندووە، پێشتر فەرشاد ئەحمەدی لە گرتووخانەی ئێڤین لە تاران ماوەیەکی زۆر لە ژووری تاکەکەسی بووە و لە ھەموو مافە سەرەتاییەکانی بێبەشکراوە.
ھەوەرھا فەرشاد یەکێکە لە بەندکراوانی سیاسیی پێشوو و لە ساڵی ٢٠١٧دا لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەرکراوە و بۆ بەندیخانەی ئەھواز گواسترابووەوە.
روانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، پەلامارەکە لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە ئەنجامدراوە بە بۆمبی چێندراو، کە سێ ئۆتۆمبێلی گواستنەوەی کرێکارانی لە کێڵگەی نەوتی تەییم لە پارێزگای دێرەزوور لە باکوری خۆرھەڵاتی سوریا کردووەتە ئامانج، ھەروەھا بە چەکی سوک و مامناوەند تەقەیان بە ئاڕاستەی ئۆتۆمبێلەکان کردووە.
وەزارەتی نەوت و سامانە سروشتییەکانی سوریاش پەلامارە تیرۆریستییەکەی پشتراست کردەوە و رایگەیاند، ئەو ئۆتۆمبێلانەی کراونەتە ئامانج سەر بە کۆمپانیای فوراتن بۆ نەوت.
بەپێی ئامارەکانی روانگەی سوریاش بۆ مافەکانی مرۆڤ، لە پەلامارەکەدا ١٢ کرێکار کوژراون و دووانی تریش برینداربوون، لە کاتێکیشدایە کە پەلامارەکانی داعش بۆ سەر چەندین ناوچەی باکور و خۆرھەڵاتی سوریا زیادیکردووەتەوە.
ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکراین رایگەیاند، لەسەرەتای دەستپێکردنی ھێرشەکانەوە بۆ سەر وڵاتەکەی، یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی روسیا کەرتی وزە و کارەبای ئۆکراین بووە و لە ماوەی چەند مانگی رابردووشدا لە رێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و بۆردومانەکانەوە نزیکەی تەواوی سەرچاوەکانی وزە و کارەبای ئۆکراینی کردووەتە ئامانج و زۆربەیان بە تەواوی لەناوچوون و بەھۆیانەوە لەئێستادا زۆربەی شار و ناوچەکانی ئۆکراین بێکارەبان.
وتیشی، ٣ ھەزار و ٣٩٢ سەربازی ئۆکراینی کە لەلایەن سوپای روسیاوە دەستگیرکراون لەگەڵ ١٥ ھەزار ھاووڵاتی مەدەنی لەو ناوچانەی لەلایەن روسیاوە داگیرکراون تائێستا بێسەروشوێنن و ھیچ زانیارییەک لەسەریان نییە و چارەنووسیان نادیارە.
کاسرین کۆلۆنا وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا پەیوەندێکی تەلەفۆنی لەگەڵ مەولود چاوشئۆغلۆ وەزیری دەرەوەی تورکیا ئەنجامدا و رایگەیاند، رێوشوێن و رێکاری زیاتر گیراوەتەبەر بۆ پاراستنی سەلامەتی و ئەمنییەتی رەوەندی کوردی کە لە فەڕەنسا دەژین.
جەحتیشیکردەوە لە پاراستنی بارەگا دیبلۆماسییەکانی تورکیا لە سەرانسەری فەڕەنسا.
ئەو لێدوانەی وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا لە دوای ئەوە دێت کە ژمارەیەک کەسایەتی سیاسی و چالاکوان لە نامەیەکدا کە لە رۆژنامەی لۆمۆندی فەرەنسی بڵاوکراوەتەوە رایانگەیاند، بەبێ دەستەبەرکردنی دادپەروەری راستەقینە و ئازادی، رەوەندی کوردی لە فەرەنسا و ئەوروپا ھەرگیز ھەست بە دڵنیایی ناکات.
دووپاتیشیانکردووەتەوە، گەلی کورد گەورەترین نەتەوەی بێدەوڵەتە لە جیھاندا کە ژمارەیان ٤٠ ملیۆن کەسە لە دوای جەنگی یەکەمی جیھانییەوە خاکەکەیان داگیرکراوە.
حەسەن کۆچەر لە لێدوانێکیدا لەسەر کۆبوونەوەکەی وەزیرانی بەرگری سوریا و تورکیا و روسیا ھۆشداریدایە دیمەشق، کە بە ھاوکاریکردنی تورکیا دژی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری ھەڵەیەکی مێژوویی دەکات و سوریا دەخاتە تونێڵێکی تاریکەوە.
حەسەن کۆچەر وتیشی، تورکیا ئامانجی داگیرکردنی خاکی سوریایە لەسەر حسابی خەڵکی باکور و خۆرھەڵاتی سوریا و رێککەوتنی ئەم دواییەیان بە نێوەندگیری روسیا، دەبێتە ھۆی دابەشبوونی سوریا.
حەسەن کۆچەر داواشی لە ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی و روسیا کرد بەشدار نەبن لە کۆمەڵکوژی تورکیا دژی ناوچەکە، بەڵکو چارەسەری قەیرانی سوریا لە جێبەجێکردنی سیستەمێکی لامەرکەزیدایە، کە بەرھەمە سروشتییەکانی بە شێوەیەکی دادپەروەرانە بەسەر خەڵکەکەیدا دابەشبکرێت، سەرچاوەکانی ژێر زەوی باکور و خۆرھەڵاتی سوریاش بۆ ھەموو سورییەکانە، ھەروەھا داواشی لە حکومەتی دیمەشق کرد لەگەڵ خەڵکی ناوچەکە بگەنە رێککەوتن.
بەشێک لە میدیاکانی تورکیا بڵاویانکردەوە، لەکاتی گۆڕینی بوتڵی غازی خواردنگەکە بوتڵێکی غاز تەقیووەتەوە و بەھۆیەوە حەوت کەس گیانیان لەدەستدا و چوار کەسی تریش بریندار بوون.
حسێن ئاکسۆی پارێزگاری ئایدن رایگەیاند، برینی بەشێک لە بریندارەکان سەختە و تەندروستی یەکێکیان ناجێگیرە.
لەبارەی رووداوەکەیشەوە وتی، ھێشتا روون نەبووەتەوە ھۆکاری تەقینەوەکە چییە، بەڵام لێکۆڵینەوەکانیان دەستیان پێکردووە.
ھەروەھا بەھۆی رووداوەکەوە ئاگر لە خواردنگەکە کەوتووەتەوە و زیان بە باڵەخانەکە گەیشتووە و کەسێکیش بەھۆی رووداوەکە دەستگیرکراوە.
ئەنجومەنی سوریای دیموکرات راگەیەنراوێکی لەبارەی کۆبوونەوەی سێ قۆڵی وەزیرانی بەرگری تورکیا و سوریا و روسیا لە مۆسکۆ بڵاوکردەوە و رایگەیاند، بە گومانەوە لە کۆبوونەوەکە دەڕوانن و بە توندترین شێوە ئیدانەی ھەر ھەوڵێک دەکەن خوێنڕشتنی سورییەکان بکاتە قوربانی ھەڵبژاردنی حکومەتی دادوگەشەپێدان بۆ پشتیوانی حکومەتی سەرکوتکاری دیمەشق.
جەختیشی کردووەتەوە، ئەو قۆناغە ھەستیارەی پرۆژەی ئازادیخوازانی سوریا بۆ بەدیھێنانی ئازادی و شکۆمەندی و دیموکراسی پێیدا گوزەر دەکات وادەخوازێت شانبەشانی یەکتر ھەموو ئەو ناکۆکییانە تێپەڕێنن کە دوژمنانی گەلی سوریا ھەوڵی قوڵکردنەوە و ئاڵۆزکردنیان دەدەن.
دەشڵێت، وەک ئەنجومەنی سوریای دیموکرات دەستی ھاوکاری و ھەماھەنگی بۆ ھاووڵاتیەکی ئازادیخواز درێژدەکەن کە داھاتووی سوریا و ئازادی گەلەکەی کردووەتە کاری لە پێشینە و داواش لە ھێزە ئۆپۆزسیۆنە شۆڕشگێڕەکان دەکات لە رووی سەرکوتکاران و فرشیارانی خوێنی سوریییەکان بۆ بەرژەوەندییەکانیان بوەستنەوە و شکست بەو ھاوپەیمانێتییە بھێنن.
خڵوسی ئاکار وەزیری بەرگریی تورکیا رایگەیاند، دوای پێشھاتە ئەرێنییەکانی ئەم قۆناغە و کۆبوونەوەی وەزیرانی بەرگری و سەرۆکانی دەزگای ھەواڵگریی تورکیا و سوریا، ئەگەری کۆبوونەوەی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا و بەشار ئەسەد سەرۆکی سوریا ھەیە، بەڵام بەو مەرجەی بارودۆخەکە گوونجاو بێت.
لە ماوەی رابردوودا سەرۆک کۆماری تورکیا داوای کۆبوونەوەی لە سەرۆکی سوریا کرد، بەڵام حکومەتی سوریا ئەو داوایەی رەتکردەوە، بەڵام رۆژی چوارشەممەی رابردوو وەزیرانی بەرگری و سەرۆکانی دەزگای ھەواڵگریی تورکیا و سوریا، بە ئامادەبوونی وەزیری بەرگریی روسیا لە مۆسکۆ دوای ١١ ساڵ لە قەیرانی سوریا کۆبوونەوە.
ڤلادیمیر پوتن سەرۆکی روسیا و شی جینگ پینگ سەرۆکی چین لە رێگەی پەیوەندییەکی ڤیدیۆیەوە قسەیانکرد و سەرۆکی روسیا رایگەیاند، وڵاتەکەی ئەمساڵ یەکێکبووە لە ھەناردەکارە سەرەکییەکانی نەوت بۆ چین و دووەم وڵاتیش بووە، کە زۆرترین غازی سروشتی بۆ ئەو وڵاتە ھەناردە کردبێت.
راشیگەیاند، روسیا بەردەوامدەبێت لە ھاریکارییکردنی چین لە رووی سەربازییەوە، وتیشی، رەنگە بەھاری ساڵی ٢٠٢٣، سەرۆکی چین سەردانی مۆسکۆ بکات.
ھاوکات سەرۆکی چین ئاماژەی بەوەشکرد، ھاوبەشییەکانیان لەگەڵ روسیا بەشێوەیەکی فراوان بەرەوپێشچوون، جەختیشیکردەوە، کە چین بەردەوامدەبێت لە ھاریکارییکردنی روسیا لە رووی ئابووری و بازرگانییەوە، ئامادەیشی بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی پەیوەندییە سیاسییەکانی ھەردوو وڵات دەربڕی.
ئاژانسی ھرانای تایبەت بە مافەکانی مرۆڤ سەبارەت بە دوایین ئاماری قوربانیانی خۆپیشاندانەکانی ئێران بڵاویکردەوە، تائێستا ٥٠٨ خۆپیشاندەر گیانیان لەدەستداوە، کە لەنێویاندا ٩٦ منداڵ ھەیە.
ھاوکات پێگەی ئێران ئینتەرناشناڵ لە راپۆرتێکدا بڵاویکردووەتەوە، سوپای پاسداران ھەڕەشە لە رۆژنامەنووسان دەکات سەبارەت بە بڵاوکردنەوەی بیروڕاکانیان لەسەر خۆپیشاندەران و رەوشی دەستگیرکراوان و چاوپێکەوتن لەگەڵ کەسوکارەکانیان.
راشیگەیاندووە، لەچەند رۆژی رابردوودا سوپای پاسداران ھەڵیکوتاوەتە سەر ماڵی ژمارەیەک رۆژنامەنووس و دەستیگرتووە بەسەر کەلوپەل و ئامێرە ئەلکترۆنییەکانیاندا.
بەپێی ئامارێکی سەندیکای رۆژنامەنووسانی ئێرانیش، تائێستا نزیکەی ٧٠ رۆژنامەنووس دەستگیرکراون و تەنھا نیوەیان بە کەفالەت ئازادکراون.
فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، رۆژی ٢٧ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢ لە ناوچەی بۆدرومی سەر بە شاری مۆغەڵا ٣٤ کۆچبەر دەستگیرکراون کە بەنیازبوون بپەڕنەوە بۆ دوورگەکانی یۆنان.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، لە ھەمان رۆژ لە ناوچەی چەشمێی سەربە شاری ئەزمیر و لە ناوچەی ئایڤاچەکی شاری چەنەکاڵێ و لە ناوچەی کوشاداسێی سەربە شاری ئایدن، ١٣٩ کۆچبەر لە چەند کاتێکی جیا لە دەریادا ڕزگارکراون کە لەلایەن یۆنانەوە دیپۆرت کرابوونەوە.
فیدانت باتل جێگری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، نیگەرانن لە بڕیاری دادگای تورکیا بۆ سەپاندنی زیندانی ھەتا ھەتایی بەسەر "عوسمان کاڤالا" چونکە لەگەڵ مافەکانی مرۆڤ و سەروەری یاسادا یەکناگرێتەوە.
وتیشی، جارێکی تر داوا لە تورکیا دەکەنەوە عوسمان کاڤالا ئازادبکەن و رێوشوێنەکانیان لەگەڵ یاساکانی دادگای ئەوروپا بۆ مافی مرۆڤ یەکبگرێتەوە، ھەروەھا داوای ئازادکردنی سەرجەم زیندانیانی تر دەکەن، کە بێ تاوان دەستگیرکراون.
ئەو لێپرسراوە ئەمریکییە وتیشی، گەلی تورکیا مافی خۆیەتی بەبێ ترس لە سزا، بیروبۆچوونەکانی دەربڕێت و ئازادییە سەرەتاییەکانی پەیڕەو بکات.
عوسمان کاڤالا بازرگانە و چالاکوانی بواری کاری خێرخوازییە، بە نەیاری رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا دادەنرێت، دوای دەستگیرکردنی لە ساڵی ٢٠١٧، لە ساڵی ٢٠٢٠ ئازاد کرا، بەڵام پێش ئەوەی بگاتە ماڵەوە جارێکی تر دەستگیرکرایەوە.
لە دوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ وەزیرانی بەرگری سوریا و روسیا، خلوسی ئاکار وەزیری بەرگری تورکیا رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا گرەنتیکردنی سەقامگیری رەوشی سوریا و ناوچەکە بە گشتی تاوتوێ کراوە.
جەختیشیکردەوە لەوەی، تورکیا رێز لە سەروەری خاکی وڵاتانی دراوسێی دەگرێت، بە تایبەت سوریا و عێراق، ئامانجیشیان رەوینەوەی مەترسییە ئەمنییەکانە لەسەر ئاسایشی نیشتمانی تورکیا، ھەروەھا ھەوڵی زیاتر دەدەن بۆ رێگریکردن لە کۆچ لە سوریاوە بۆ تورکیا.
خلوسی ئاکار وتیشی، لەگەڵ ھاوتا سورییەکەی رێککەوتوون بۆ بەردەوامیدان بە کۆبوونەوە سێ قۆڵییەکانیان، بەردەوامیش دەبن لە پێشکەشکردنی ھاوکارییەکانیان.
لە دوای سەرھەڵدانی قەیرانی سوریا لە ساڵی ٢٠١١، بۆ یەکەمجار دوێنێ وەزیرانی بەرگری تورکیا و سوریا بە ئامادەبوونی وەزیری بەرگری روسیا لە مۆسکۆ کۆبوونەوە و رایانگەیاند کۆبوونەوەکەیان ئەرێنی بووە.