ئەنجومەنی سوریای دیموکرات راگەیەنراوێکی لەبارەی کۆبوونەوەی سێ قۆڵی وەزیرانی بەرگری تورکیا و سوریا و روسیا لە مۆسکۆ بڵاوکردەوە و رایگەیاند، بە گومانەوە لە کۆبوونەوەکە دەڕوانن و بە توندترین شێوە ئیدانەی ھەر ھەوڵێک دەکەن خوێنڕشتنی سورییەکان بکاتە قوربانی ھەڵبژاردنی حکومەتی دادوگەشەپێدان بۆ پشتیوانی حکومەتی سەرکوتکاری دیمەشق.

جەختیشی کردووەتەوە، ئەو قۆناغە ھەستیارەی پرۆژەی ئازادیخوازانی سوریا بۆ بەدیھێنانی ئازادی و شکۆمەندی و دیموکراسی پێیدا گوزەر دەکات وادەخوازێت شانبەشانی یەکتر ھەموو ئەو ناکۆکییانە تێپەڕێنن کە دوژمنانی گەلی سوریا ھەوڵی قوڵکردنەوە و ئاڵۆزکردنیان دەدەن.

دەشڵێت، وەک ئەنجومەنی سوریای دیموکرات دەستی ھاوکاری و ھەماھەنگی بۆ ھاووڵاتیەکی ئازادیخواز درێژدەکەن کە داھاتووی سوریا و ئازادی گەلەکەی کردووەتە کاری لە پێشینە و  داواش لە ھێزە ئۆپۆزسیۆنە شۆڕشگێڕەکان دەکات لە رووی سەرکوتکاران و فرشیارانی خوێنی سوریییەکان بۆ بەرژەوەندییەکانیان بوەستنەوە و شکست بەو ھاوپەیمانێتییە بھێنن.