پارتی دیموکراتی گەلان ھەدەپە رایگەیاند، دۆسیەی داخستنی پارتەکەیان بە پاساوی سیاسی کراوەتەوە و بە دەستوەردانی سیاسییش بەڕێوەدەچێت و داواکارییەکانیان بۆ دواخستنی دۆسیەی داخستنی پارتەکەیان بۆ دوای ھەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆکایەتیی تورکیا، بە پاساوی جیاجیا لەلایەن دادگای دەستوورییەوە رەتکراوەتەوە.
ھەدەپە راشیگەیاند، لەبەرامبەر رەتکردنەوەی داواکارییەکانیان، پارتەکەیان بەشداری لە دانیشتنی مافی بەرگریی لەخۆکردنی زارەکی ناکات، کە بڕیاروایە رۆژی ١١ی ئەم مانگە بەڕێوەبچێت.
رۆژی ٢٢ی مانگی رابردوو، دادگای دەستووریی تورکیا، داواکاری ھەدەپەی بۆ دواخستنی دۆسیەی داخستنی پارتەکە بۆ دوای ھەڵبژاردنەکانی ١٤ی مانگی ئایار رەتکردەوە.
رێکخراوی بەھاناوەچوونی ئیسرائیل بڵاویکردەوە، بەھۆی پارچەی مووشەکەکانەوە گەنجێکی تەمەن ١٩ ساڵ برینداربووە و دوو ژنی تریش لەکاتی ھەڵھاتن و گەڕان بەدوای پەناگەدا برینداربوون.
ھاوکات حکومەتی ئیسرائیل حزبوڵای لوبنانی تۆمەتبارکرد بە ئەنجامدانی ھێرشەکە و ھێزی ئاسمانی وڵاتەکەی خستە حاڵەتی ئامادەباشییەوە و دەسەڵاتی فڕۆکەخانەکانیش بواری ئاسمانی لە حەیفاوە تا سنوری لوبنان لەبەردەم گەشتی فڕۆکە مەدەنییەکاندا داخست.
تەلەفزیۆنی لوبنان بڵاویکردەوە، تۆپھاوێژەکانی ئیسرائیلی بەتۆپی قورس تۆپبارانی شارۆچکەکانی قەلیلە و مەعلیەی سەر بە قەزای سور لە باشوری لوبنان کردووە.
ھێرشە مووشەکییەکە لە دوای پشێوییەکانی مزگەوتی ئەقسا دێت کە لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانی ئیسرائیلەوە پەلاماری نوێژخوێنان دراو دەیان نوێژخوێن بریندارکران و نزیکەی ٤٠٠ی تریش دەستگیرکران.
ھاشم سەفیەدین سەرۆکی ئەنجومەنی جێبەجێکاری حزبوڵای لوبنان رایگەیاند، ھەوڵەکانی ئیسرائیل بۆ پەلاماردانی مزگەوتی ئەقسا ناوچەکە دەسوتێنێت و ئەقسا تەنھا نییە و ملیۆنان موسوڵمان پشتیوانی دەکەن.
ڤێدانت پاتێل، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند، پێشوازی لە رێککەوتنی نێوان حکومەتی فیدڕاڵیی عێراق و حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەکەن، لەسەر ھەناردەکردنی نەوت لە رێگەی بۆری عێراق-تورکیا _وە.
ڤێدانت پاتێل، رێککەوتنەکەی بە ئەنجامی ھەوڵی سەرکردەکانی عێراق بۆ پێشخستنی بەرژەوەندی و پێویستییەکانی ھاووڵاتیان ناوبرد.
رۆژی سێشەممە حکومەتی ھەرێمی کوردستان و عێراق، لەسەر دەستپێکردنەوەی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێم لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە رێککەوتن
ترەمپ چەند سەعاتێک دوای چوونی بۆ بەردەم دادگای تاوانەکانی مانھاتن لە نیویۆرک، لە ھاوینەھەواری مارالاگۆ لە ویلایەتی فلۆریدا قسەی بۆ لایەنگرانی کرد و رایگەیاند، لە ھەموو ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی کراوە بێتاوانە و ھەرگیز بە بیریدا نەھاتووە شتێکی لەو جۆرە لە ئەمریکا رووبدات. وتیشی، تەنھا تاوانێک ئەنجامی دابێت ئەوە بووە بێ ترس، روبەروی ئەو کەسانە بووەتەوە کە ھەوڵی وێرانکردنی نەتەوەکەیان داوە.
ترەمپ رەخنەشی لە ئەلڤین براگ داواکاری گشتی نیویۆرک گرت، کە تۆمەتی تاوانکاری روبەروکردووەتەوە و پێیوابوو لەلایەن دیموکراتەکانەوە دووچاری لێکۆڵینەوەی ساختە ھاتووە.
ترەمپ دوای تۆمەتبارکردنی بە پێدانی بەرتیل بە ئەکتەرێکی فیلمە پۆڕنەکان، رۆژی سێشەممە لە بەردەم دادگای تاوانەکانی مانھاتن لە نیویۆرک ئامادەبوو، دواتریش بەبێ ھیچ مەرج و چاودێرییەکی دادوەری دادگاکەی جێھێشت و سەرجەم تۆمەتەکانیشی رەتکردەوە.
میدیاکانی ئێران و سعودیە، لە زاری چەند سەرچاوەیەکی دیبلۆماسییەوە بڵاویانکردووەتەوە، "فەیسەڵ بن فەرحان" وەزیری دەرەوەی سعودیە و "حسێن ئەمیر عەبدوڵاھیان" وەزیری دەرەوەی ئێران، رۆژی پێنجشەممە لە "بەیجینگ" کۆدەبنەوە.
ئەو کۆبوونەوەیەش لەچوارچێوەی ھەوڵەکانە بۆ کاراکردنی رێککەوتنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و سعودیە، کە مانگی رابردوو راگەیەندرا. ھەروەھا کردنەوەی کونسوڵخانەکانیش تاوتوێ دەکرێن.
ئەو کۆبوونەوەیە لە بەیجینگ، دوای سێ پەیوەندی تەلەفۆنی لەنێوان وەزیرانی دەرەوەی سعودیە و ئێران دێت، کە تێیدا تاوتوێی ھەنگاوەکانی داھاتوویی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان کردووە.
بە نێوەندگیری چین، ئێران و سعودیە رێککەوتنیان کرد لەسەر دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکانیان کە ماوەی حەوت ساڵە پچڕا بوو، لە ١٠ی ئاداری رابردووشدا ھەردوو وڵات رایانگەیاند، رێککەوتنەکە لە ماوەی ٦٠ رۆژدا جێبەجێدەکرێت.
وەزارەتی بەرگری ئەمریکا رایگەیاند، وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لە پێشکەشکردنی ھاوکاری سەربازی بە ئۆکراین لەپێناو پڕکردنەوەی پێداویستییە ھەنوکەییەکانی لە گۆڕەپانی جەنگ و ھاوکارییە ئەمنییە دوورخایەنەکان.
وتیشی، وڵاتەکەی بڕیاریداوە بە بەھای دوو ملیار و ٦٠٠ ملیۆن دۆلاری دیکە ھاوکاری سەربازی پێشکەش بە ئۆکراین بکات کە ھاوکارییەکانیش خۆی دەبینێتەوە لە مووشەکی ( ھیمارس) و کەرەستەی سەربازی سیستمەکانی بەرگری ( پاتریۆت و ناسامس) و مووشەکی دژە قەڵغان.
لەلایەکی ترەوە، بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا سەبارەت بە دواین پێشھاتەکانی جەنگ لە ئۆکراین رایگەیاند، روبەروبوونەوەکان لە قۆناغێکی گرنگدایە و شەڕ لە رۆژھەڵات بەردەوامە، بەڵام ھیچ گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ لە کۆنترۆڵکردنی خاکی ئۆکراین بەمدواییانە رووینەداوە و سەنگەرەکانی پێشەوەی بەرگریی بە رێژەیی جێگیرن.
ئاژانسی ھەواڵی تەسنیمی نزیک لە سوپای پاسداران بڵاویکردەوە، شەوی رابردوو فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان لە کۆمەڵگەی ئەمیرولمۆئمنینی سەر بە وەزارەتی بەرگری ئێران لە ئەسفەھان نزیکبووەتەوە و بەنیازبووە ھێرش بکاتەسەر ناوەندەکە، بەڵام لەلایەن سیستمی بەگری ناوەندەکە بەرپەرچی ھێرشەکە دراوەتەوە و فڕۆکەکە کەوتووەتەخوارەوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، ھێرشەکە ھیچ زیانێکی نەبووە و پوچەڵکراوەتەوە.
پێشتر و ٩ی کانونی دووەمی ئەمساڵیش سێ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ھێرشیانکردە سەر ناوەندێکی وەزارەتی بەرگری ئێران لە ئەسفەھان، دواتر وەزارەتی بەرگری ئێران رایگەیاند، ھێرشێکی زیانێکی ماددی کەمی ھەبووە و ھەر سێ فڕۆکەکەشیان خستووەتەخوارەوە.
عەلی خامنەیی، لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای وڵاتەکەی لە تاران رایگەیاند، زۆرێک لەوانەی باڵاپۆشن نین درک بە ھاندان و رێکخستنەکانی دوژمن و دەزگا سیخوڕییەکان ناکەن و ئەگەر بزانن کێن ئەوانەی لە پشت بەرەنگاربوونەوەی سەرپۆشکردن و باڵاپۆشییەوەن، ئەو کارە ناکەن، جەختی لەوەشکردەوە، باڵاپۆشی پابەندبوونێکی ئایینی و یاساییە، نەک بڕیارێکی حکومی، بۆیە پێشێلکردنی ھەم لەبواری ئاینییەوە و ھەمیش لە بواری سیاسییەوە، کارێکی حەرامە.
رێبەری ئێران ئاماژەی بەوەشکرد، دوژمنانیان پیلانگێڕیان بەرامبەر وڵاتەکەی ئەنجامداوە بۆیە دەبێت ئەوانیش بە پلان کار بکەن و نابێت رێگە بە کاری نایاسایی بدەن.
"ینس ستۆڵتنبێرگ" ئەمینداری گشتی ناتۆ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی لە برۆکسل رایگەیاند، بە رەسمی فینلەندا دەبێتە ئەندامی ناتۆ و خێراترین بە ئەندامبوونە لە مێژووی ھاوچەرخی ھاوپەیمانییەکەدا، کە وڵاتێک بەو ماوە کەمە ئەندامێتی قبوڵ بکرێت.
بە ئەندامبوونی فینلەندا ھاوکاتە لەگەڵ یادی ٧٤ ساڵەی دامەزراندنی ناتۆ، بەوەش ژمارەی ئەندامانی ھاوپەیمانییەکە دەبێتە ٣١ وڵات و ھەروەک دەبێتە نۆیەمینجار کە ھاوپەیمانی ناتۆ فراوان دەبێت.
پرسی بەئەندامبوونی فینلەندا لە دوای ھێرشەکانی روسیا بۆ سەر ئۆکراین دەستیپێکرد کە حکومەتی فینلەندا وازی لە بێلایەنی ھێنا و لەگەڵ سوید داواکاری پێشکەشکرد و رەزامەندی وڵاتانی ئەندامی ناتۆی بەدەستھێنا.
ئاژانسی سانای سەر بە حکومەتی سوریا، لە زاری سەرچاوەیەکی سەربازییەوە ئاشکرایکرد، سەعات ٢:١٥ خولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ، ئیسرائیل بە مووشەک چەند پێگەیەکی لە دەوروبەری دیمەشق و ناوچەکانی باشوور بۆردومانکردووە و بەھۆیەوە دوو ھاووڵاتیی مەدەنی گیانیان لەدەستداوە.
راشیگەیاند، ھێرشەکە زیانی ماددیشی لێکەوتووەوە، بەڵام سیستمی بەرگریی ئاسمانیی سوریا وەڵامی ھێرشەکەی داوەتەوە و ژمارەیەک مووشەکی خستووەتە خوارەوە.
تەنھا لە ماوەی ھەفتەیەکدا ئیسرائیل، چوار ھێرشی مووشەکی کردووەتە سەر سوریا، رۆژی دووی ئەم مانگەش بەھۆی ھێرشێکی دیکەی ئیسرائیل بۆ سەر پێگەی گروپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران لە شاری حەمسی سوریا، پێنج چەکدار بریندار بوون.
ئاژانسەکانی ھەواڵ بڵاویانکردەوە، لەنێوان شارەکانی لیدن و لاھای لە رۆژئاوای ھوڵندا، شەمەندەفەرێکی نەفەرھەڵگر بە ٥٠ سەرنشینەوە لە رێڕەوی خۆی لایداوە و بەپێی ئامارە سەرتاییەکان کەسێک گیانی لەدەستداوە و ٣٠ی دیکەش برینداربوون.
ئاماژە بەوەشکراوە، رووداوەکە دوای ئەوە روویداوە کە شەمەندەفەرەکە خۆی کێشاوە بە ئامێرێکەی بەرزکەروەدا و دوای رووداوەکەش سەرجەم ھێڵەکانی گواستنەوەی شەمەندەفەر لە نێوان لیدن و لاھای راگیراون.
دوێنێ ترەمپ گەیشتە نیویۆرک و بڕیارە ئەمڕۆ لە بەردەم دادگای مانھاتن ئامادەبێت، بۆ دادگاییکردنی سەبارەت بە و تۆمەتانەی ئاڕاستەی کراون و دەوترێت، لە ساڵی ٢٠١٦ بڕی ١٣٠ ھەزار دۆلاری داوەتە ژنە ئەکتەرێکی فیلمە پۆڕنەکان.
ترەمپ دەبێتە یەکەمین سەرۆک کە لە مێژووی ئەمریکادا، ئەو تۆمەتەی ئاڕاستە کرابێت و رەتیشیدەکاتەوە ھیچ پێشێلکارییەکی کردبێت.
پارێزەرەکەی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا دەڵێت، بۆ ھەموو سیناریۆیەک ئامادەن، پێشبینیشدەکرێت بە کەفالەتی دارایی ئازادبکرێت و ئێوارەی سێشەممە بگەڕێتەوە فلۆریدا و دواتر وتارێک پێشکەش بکات.
لێپرسراوانی نیویۆرکیش دەڵێن، رێوشوێنی ئەمنی توند گیراوەتەبەر و ھێزی ئەمنی لە حاڵەتی ئامادەباشیدان.
ترەمپ تۆمەتبارە بەوەی ١٣٠ ھەزار دۆلاری داوە بە ئەکتەرێکی فیلمە پۆڕنەکان بۆ ئەوەی لەکاتی بانگەشەی ھەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٦دا زانیاری لەسەر پەیوەندی گوماناویی لەگەڵ "ترەمپ" بڵاونەکاتەوە، دواتر ئەو خەرجییە گەڕێندراوەتەوە کە ئەوەش پێویستی بە ساختەکردن ھەبووە.
مارک دریڤووس، داواکاری گشتیی ئوسترالیا رایگەیاند، دوای وەرگرتنی ئامۆژگاری لە ئاژانسە ھەواڵگرییەکانی وڵاتەکەیان بڕیاریانداوە بە قەدەغەکردنی بەکارھێنانی بەرنامەی تیکتۆک لە ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانی حکومەت و لە نزیکترین کاتدا بڕیارەکە جێبەجێ دەکەن.
ئوسترالیا دوایین وڵاتە لە وڵاتانی ھاوپەیمانیی "پێنج چاو"، کە بەکارھێنانی تیکتۆک لە ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانی حکومەت قەدەغە بکات، کە ئەو ھاوپەیمانێتییە وڵاتانی ئەمریکا و بەریتانیا و کەنەدا و نیوزلەندا و ئوسترالیا لەخۆدەگرێت، پێشتریش ھەریەکە لە فەڕەسا و ھۆڵەندا و کۆمیسیۆنی ئەوروپا ھەمان بڕیاریاندا.
وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا - پنتاگۆن بڵاویکردەوە، دوای ئەوەی گروپەکانی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران، ھێرشەکانیان بۆ سەر ھێزەکانی ئەمریکا لە سوریا چڕکردەوە، بڕیاریاندا وەک رێکارێک کەشتییەکی فڕۆکەھەڵگر لە نزیک ناوچەکە جێگیربکەن، ھەربۆیە کەشتیی فڕۆکەھەڵگری (جۆرج دەبلیو بۆش) لە کەناراوەکانی سوریا لە دەریای سپیی ناوەڕاست جێگیر دەکەن.
مانگی رابردوو بە درۆن ھێرشکرایە سەر بنکەی سەربازیی ھێزەکانی ئەمریکا لە سوریا، ئەمریکاش لە وەڵامی ھێرشەکەدا ژمارەیەک پێگەی گروپەکانی سەر بە ئێرانی لە سوریا بۆردومانکرد و بەھۆیەوە ژمارەیەک چەکدار کوژران.
ماڵپەڕی ئاکسیۆسی، ئەمریکی لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دانوستانەکان بۆ کاراکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی ئێران بڵاویکردووەتەوە، لەچەند ھەفتەی رابردوودا جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا رەشنوسێکی پێشنیازکراوی رادەستی ئیسرائیل و چەند وڵاتێکی ئەوروپی کردووە و بەپێی رەشنوسەکە واشنتۆن دەیەوێت لەبەرامبەر راگرتنی بەشێک لە بەرنامەی ئەتۆمی ئێران، بەشێک لە سزاکانی بۆ سەر ئەو وڵاتە ھەڵپەسێرێت.
سەرچاوەکان ئاشکرایانکردووە، لە ئەنجامی زیادبوونی نیگەرانییەکانی کۆشکی سپی لە پەرەسەندنی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران، ئیدارەی بایدن بڕیارێکی لەو شێوەیەی داوە.
ئەوەش لەکاتێدایە دوای سەرھەڵدانی خۆپیشاندنەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان و ئێران دژی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی و رەوشی وڵاتەکە، لێپرسراوانی ئەمریکا چەندینجار جەختیان لەوەکردووەتەوە کە کاراکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی لە بەرنامەی کارییاندا نییە.