ماڵپەڕی ئاکسیۆسی، ئەمریکی لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دانوستانەکان بۆ کاراکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی ئێران بڵاویکردووەتەوە، لەچەند ھەفتەی رابردوودا جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا رەشنوسێکی پێشنیازکراوی رادەستی ئیسرائیل و چەند وڵاتێکی ئەوروپی کردووە و بەپێی رەشنوسەکە واشنتۆن دەیەوێت لەبەرامبەر راگرتنی بەشێک لە بەرنامەی ئەتۆمی ئێران، بەشێک لە سزاکانی بۆ سەر ئەو وڵاتە ھەڵپەسێرێت.

سەرچاوەکان ئاشکرایانکردووە، لە ئەنجامی زیادبوونی نیگەرانییەکانی کۆشکی سپی لە پەرەسەندنی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران، ئیدارەی بایدن بڕیارێکی لەو شێوەیەی داوە.

ئەوەش لەکاتێدایە دوای سەرھەڵدانی خۆپیشاندنەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان و ئێران دژی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی و رەوشی وڵاتەکە، لێپرسراوانی ئەمریکا چەندینجار جەختیان لەوەکردووەتەوە کە کاراکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی لە بەرنامەی کارییاندا نییە.