لە کاتێکدا بڕیارە سبەینێ لەگەڵ سێ وڵاتی ئەوروپی دەست بە دانوستان بکات، ئێران جارێکی دیکە مەرجەکانی خۆی بۆ هەر گفتوگۆیەکی ئەگەری لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دووپاتکردەوە، کە تیایدا باس لە متمانە و کردەی سەربازی و مافی ئێران دەکات.
کازم غەریب ئابادی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران، کە بەمەبەستی ئەنجامدانی چەند دیدارێک لە لە نیویۆرکە لە نەتەوە یەکگرتووەکان، رایگەیاند، پێش هەر دانوستانێک، پێویستە ئەمریکا متمانەی تاران بەدەستبهێنێتەوە، گفتوگۆکان بۆ ئامانجی شاراوە وەک ئەگەری کردەوەی سەربازی بەکارنەهێنێتەوە، هەروەها دان بە مافەکانی ئێراندا بنێت لە چوارچێوەی پەیماننامەی قەدەغەکردنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی، کە مافی پیتاندنی یۆرانیۆمیش لەخۆدەگرێت.
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە کە بڕیارە سبەینێ غەریب ئابادی لەسەر ئاستی جێگرانی وەزیرانی دەرەوە، لە ئەستەنبوڵ لەگەڵ نوێنەرانی بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا کۆببێتەوە.
رێککەوتن لەسەر ئەم دانوستانانە دوای ئەوە هات کە نزیکەی 10 رۆژ لەمەوبەر، ژان نوئێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا هۆشداری دا کە ئەگەر تا کۆتایی مانگی ئاب هیچ پێشکەوتنێکی بەرچاو لە رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێراندا بەدی نەکرێت، ئەوا فەرەنسا، بەریتانیا و ئەڵمانیا "میکانیزمی پەلەپیتکە" (Snapback Mechanism) کارا دەکەنەوە.
کاراکردنەوەی ئەم میکانیزمە رێگە بە سەپاندنەوەی گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان دەدات بۆ سەر کەرتی چەک، بانک و کەلوپەلی ئەتۆمی ئێران، کە 10 ساڵ لەمەوبەر هەڵگیرابوون. وەزارەتی دەرەوەی ئێران جەختدەکاتەوە کە میکانیزمی پەلەپیتکە "هیچ بنەمایەکی یاسایی و ئەخلاقی نییە"، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا رەزامەندی لەسەر ئەنجامدانی گفتوگۆکان لە ئەستەنبوڵ داوە.
هەڵوێستی بەرپرسانی دیکەی ئێران
لەلایەکی دیکەوە، عەباس عیراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە رۆژانی رابردوودا رایگەیاندبوو کە تاران لە مافی پیتاندنی یۆرانیۆم و بەرنامە مووشەکییەکەی پاشەکشە ناکات.
عیراقچی ئامادەیی وڵاتەکەشی بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی هاوشێوەی رێککەوتنی ئەتۆمی (بەرجام) لەگەڵ ئەمریکا نیشانداوە، بەڵام جەختی لەوە کردووەتەوە کە "بارودۆخی دانوستانی راستەوخۆ لە ئێستادا لەبار نییە". بە وتەی ئەو، ئێران ئامادەیە لە بەرامبەر هەڵگرتنی گەمارۆکانی رۆژئاوا، گەرەنتی بداتە ئەمریکا سەبارەت بە ئاشتیانە مانەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی.
ئەم هەڵوێستانە دوای ئەوە دێت کە پەرلەمانی ئێران، دوای ئاگربەستی شەڕی 12 رۆژەی نێوان ئێران و ئیسرائیل، یاسایەکی بۆ سنوردارکردنی هاریکارییەکانی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی پەسەند کرد. لەم چوارچێوەیەشدا، غەریب ئابادی رایگەیاندووە کە ئێران رازی بووە تەنها وەفدێکی تەکنیکی ئاژانس لە ماوەی دوو بۆ سێ هەفتەی داهاتوودا سەردانی تاران بکەن، بەڵام ئەو وەفدە سەردانی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران ناکات.