تۆڕی ھەواڵی بی بی سی بەریتانیی بڵاویکردەوە، دوای ئەوەی لە سەرەتای مانگی دووی ساڵی رابردوودا بۆریس جۆنسۆن سەرۆک وەزیرانی پێشووتری بەریتانیا سەردانی کیێڤی پایتەختی ئۆکراینی کردووە، پەیوەندییەکی تەلەفونی دوورودرێژی لەگەڵ ڤلادیمیر پوتن سەرۆکی روسیا ئەنجامداوە لەسەر پرسی بە ئەندامبوونی ئۆکراین لە ناتۆ و جۆنسۆن ھۆشداری بە پوتن داوە لە سزای توندی وڵاتانی خۆرئاوا ئەگەر ھێرش بکاتە سەر ئۆکراین.
ئاماژە بەوەشکراوە، لەبەرامبەر ھۆشدارییەکانی جۆنسۆندا پوتنیش ھەڕەشەی کردووە و وتوویەتی، لەگەڵ ئەوەی نایانەوێت کەس ئازار بدەن یان ھێرش بکەنە سەر وڵاتانی دراوسێیان ئەگەر زۆر ناچار نەبن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەتوانن تەنھا لەماوەی دەقەیەکدا و بە یەک مووشەک ئەوەی بیانەوێت دەیکەنە ئامانج.
لێپرسراوانی ئوسترالیا رایانگەیاند، لە ناوەندی دەستبەسەرکردنی "فیلاوود" لە شاری "سیدنی" تەرمی کۆچبەرێکی عێراقی کە تەمەنی ٢٨ ساڵە دۆزراوەتەوە، بەپێی لێکۆڵینەوەکانیش ئەو کۆچبەرە خۆی کوشتووە.
وەزارەتی ناوخۆی ئوسترالیا کە سەرپەرشتی کۆچبەرە دەستبەسەرکراوەکان دەکات رایگەیاند، ئەو کۆچبەرە رەگەزی نێرە و لە ساڵی ٢٠١٤ەوە ھاتووەتە ئوسترالیا و ماوەی پێنج ساڵە دەستبەسەرە، لێکۆڵینەوەش لە رووداوەکە کراوەتەوە.
ھاوکات ھاوپەیمانی کار لەپێناو کۆچبەراندا رایگەیاند، چەندین رووداوی خۆکوشتن لە ناوەندی دەستبەسەرکردنی "فیلاوود" روویانداوە، کە ناوەندێکی زۆر خراپە و کۆچبەران بەھۆیەوە تووشی نەخۆشی دەروونی و ھەوڵی خۆکوشتن دەبنەوە.
مارگوری تایلۆر رین ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا رایگەیاند، لە پێناوی پاراستنی ئازادی و دیموکراتی و ئارامی لە ئۆکراین، خەباتی زۆریانکردووە و قوربانی زۆریشیان داوە، بەڵام سیاسەتی ئەمریکا لە شەڕی ئۆکراین بە ئاراستەیەکی باشدا ھەنگاوی نەناوە و وەڵامەکانی روسیاش سەلماندی کە مۆسکۆ بەھیچ شێوەیەک پێویستی بە دۆلاری ئەمریکی نییە.
وتیشی، بەردەوام بوونی ئەمریکا لەسەر ئەم سیاسەتەی ئێستای لە شەڕی نێوان ئۆکراین و روسیا، دەبێتە ھۆی ئەوەی دۆلار پێگەی خۆی وەک دراوێکی جیھانی لەدەست بدات.
ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە میانەی سەردانەکەی بۆ رۆژھەڵاتی ناوەراست رایگەیاند، پەیوەندی بە محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە کردووە و پەیوەندیەکی زۆر باشیان ھەیە لەگەڵ حکومەتی عێراقدا، چەندین بابەتی گرنگ ھەیە کە پەیوەندیەکانی بەغداد و واشنتۆن پێکەوە دەبەستێتەوە.
سەبارەت بە رێکەوتنی ستراتیژی لە نێوان عێراق و ئەمریکا، بلینکن رایگەیاند ئەو ڕێککەوتنە زۆر گرنگە و تا ئێستا بەردەوامە لە نێوانیانداو، واشنتن بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتی کردنی و فراوانکردنی ئابوری عێراق. ھیواشی خواست ئەو رێکكەوتنەی ھەیە ببێتە مایەی باشترکردنی ژیانی گەلی عێراق.
دەشڵێت، ھاوبەشیان بەردەوامە لەگەڵ عێراق لە تێکشکانی داعش و پاشماوەکانی بۆ ئەوەی جارێکی تر نەتوانن خەڵکی مەدەنی بکوژن. جەختیشیکردەوە زۆر گرنگە عێراق پەیوەنديیەکانی لەگەڵ وڵاتانی تری عەرەبی باشتربکات و زیاتر تێکەڵاوی وڵاتانی عەرەبی بێت.
روانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاندووە، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە دەروبەری شارۆچکەی ئەلبوکەمال لە سوریا کە دەکەوێتە نزیک سنورەکانی عێراق، کاروانێکی ئۆتۆمبێلی سەربازیی گواستنەوەی چەک و تەقەمەنی سەر بە گرووپەکانی لایەنگرانی ئێرانی کردووەتە ئامانج و بەھۆیەوە سێ چەکدار کوژروان کە یەکێک لە کوژراوەکان سەرکردەیەکی گروپەکانی لایەنگری ئێرانە.
ئاماژەی بەوەشکردوە، شەوی رابردووش لەھەمان شوێن فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان شەش ئۆتۆمبێلی کردووەتە ئامانج و بەھۆیەوە ٧ چەکداری گروپەکانی سەر بە ئێران کوژراون.
روانگەی سوری دەڵێت، لەم ھەفتەیەدا لانی کەم دوو کاروانی دیکەی ھاوشێوە لە عێراقەوە چونەتە شاری مەیادین لە سوریا و چەکی پێشکەوتوویان گەیاندووەتە گروپەکانی سەر بە ئێران.
رێکخراوی ھەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، دوو مامۆستای ئاینی خەڵکی شاری جوانڕۆ بە ناوەکانی ئیبراھیم کەریمی نەنەڵە و لوقمان ئەمینی کە ھەردووکیان پێشنوێژی دوو مزگەوتی شاری سنەن، لەسەر رێگەی سنە- مەریوان لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانەوە رفێنراون.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار دوای دەستگیرکردنی ئەو دوو مامۆستا ئاینییە، ھێزە ئەمنییەکان ھەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی مامۆستا ئیبراھیم کەریمی نەنەڵە و ماڵەکەیان پشکنیوە و پێدەچێت ھۆکاری دەستگیرکردنەکەشیان پەیوەندی بە ھەڵوێستەکانیانەوە ھەبێت کە لە وتارەکانیاندا پشتیوانییان بۆ خۆپیشاندەران دەربڕیوە.
رۆژی چوارشەممەی رابردووش سەیفوڵا حوسێنی مامۆستای ئاینی خەڵکی جوانڕۆ لەلایەن دادگایەکی تایبەت بە مامۆستایانی ئاینی لە ھەمەدان بەتۆمەتی چالاکی دژی دەسەڵات و ھاندانی خەڵک بۆ توندوتیژی سزای ١٧ ساڵ زیندانی و ٧٤ قامچی و دووساڵ دوورخستنەوەی بەسەردا سەپێنرا.
بەپێی ئامارێکی ھەنگاو تەنھا لە ماوەی ئەم مانگەدا پێنج مامۆستای ئاینی لە سنە و چوار مامۆستای ئاینی لە پیرانشار لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانەوە رفێنراون.
دوای ئەوەی حکومەتی کەنەدا بڕیاریدا بە گەڕانەوەی خێزانی ئەو داعشە کەنەدییانە لە عێراق و سوریان، ئێزدییە پەنابەرەکانی ئەو وڵاتە داوادەکەن، داعشەکان نەگەڕێنرێنەوە، چونکە ئەوان لەسەر دەستی ئەو تیرۆریستانە کەسوکاریان بوونەتە قوربانی و بە ناچاری وڵاتیان جێھێشتووە و ئاوارەی وڵاتانی ئەوروپا بوون.
یەکێک لەو ژنە ئێزدییانەی نیشتەجێی کەنەدایە بە تۆڕی ھەواڵی سی بی سی راگەیاندووە، بیستنی ئەوە ھەواڵە ئەو ساتەی بیردەخاتەوە کە لەلایەن داعشەکانەوە مامەڵەی کۆیلەی پێوە کراوە، ھەر بۆیە داوادەکەن داعشەکان نەگەڕێنرێتەوە بۆ کەنەدا.
دیمیتری بیسکۆڤ وتەبێژی کۆشکی کرملین لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، قسەکانی بۆریس جۆنسن یان درۆیەکی ھۆشیارانەیە کە پێویستە بەدواداچوونی بۆ بکرێت یاخود درۆیەکی ناھۆشیارانەیە و تێنەگەیشتووە پوتن چی وتووە.
وتیشی، ئاگای لە ناوەڕۆکی پەیوەندییەکەی پوتن و جۆنسن بووە و ھیچ ھەڕەشەیەکی تێدا نەبووە و پوتن لە قسەکاندا لەبارەی مەترسییەکانی سەر روسیا وتوویەتی لە حاڵەتی بە ئەندامبوونی ئۆکراین لە ناتۆ ئەگەری ئەوە ھەیە ناتۆ و ئەمریکا مووشەک لەسەر سنورەکانیان جێگیربکەن ئەوەش واتای ئەوەیە لەچەند خولەکێکدا مووشەک دەگاتە مۆسکۆ.
بۆریس جۆنسن سەرۆک وەزیرانی پێشووتری بەریتانیا لە فیلمێکی بەڵگەنامەیەدا باسی لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی خۆی و پوتن کرد پێش جەنگی ئۆکراین و رایگەیاند، پوتن ھەڕەشەی ھێرشی مووشەکی بۆ سەر بەریتانیا لێکردووە.
درەنگانی شەوی رابردوو دەنگی چەند تەقینەوەیەکی بەھێز لە شاری ئەسفەھان بیسترا و وەزارەتی بەرگری ئێران لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند، چەند درۆنێک ھێرشیان کردووەتە سەر ناوەندێکی بەرھەمھێنانی سەر بە وەزارەتەکە لە شاری ئەسفھان و سێ لەو درۆنانە لەلایەن سیستمی بەرگری ناوەندەکەوە خراونەتە خوارەوە و تێکشکێنراون.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ھێرشکە تەنھا زیانێکی کەمی بە سەقفی یەکێک لە کارگەکانی ناوەندەکە گەیاندووە و زیانی گیانی نەبووە، ھیچ کێشەیەکیشی لە پرۆسەی کارکردنی کۆمەڵگەکە دروست نەکردووە.
پێش راگەیەنراوەکەی وەزارەتی بەرگری ئێران، تەلەفزیۆنی رەسمی وڵاتەکە بڵاویکردەوە، تەقینەوەکە لە ناوەندێکی دروستکردنی چەک و تەقەمەنی سەر بە وەزارەتی بەرگری روویداوە و بەڕێوەبەری کۆنتڕۆڵکردنی قەیرانی ئەسفھانیش رایگەیاند، لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەستیپێکردووە.
وەزارەتی بەرگری ئێران ھیچ ئاماژەیەکی بە سەرچاوەی ھێرشەکە و ژمارەی ئەو درۆنانەی ھێرشەکەیان ئەنجامداوە، نەکردووە.
ڕێکخراوەکە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، بەڵگەی پێویستیان دەستکەوتووە کە رژێمی سوریا لە کاتی شەڕی سوریادا لە رۆژی ٧ی نیسانی ٢٠١٨ لە رێگەی ھێلیکۆپتەرەوە دوو دەبە گازی ژەھراوییان لە ئاسمانی شاری دوما لە دیمەشق خستووەتەخوارەوە و بەھۆیەوە ٤٣ کەس کوژراون و دەیان کەسیی تریش بریندار بوون.
فێرناندۆ ئاریاس، سەرۆکی ڕێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی ڕایگەیاندووە، ئێستا جیھان ڕاستییەکان دەزانێت و ئەرکی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە کە ھەنگاو دژی ئەو کارەی رژێمی سوریا بنێن.
سوریا و روسیا پێشتر ڕایانگەیاندبوو کە ھێرشەکە لەلایەن کارمەندانی فریاگوزاری بە فەرمانی ئەمریکا ئەنجامدراوە، دوای ئاشکرابوونی راستی رووداوەکە، رێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی تەنھا رژێمی سوریای بە ئەنجامدانی ئەو کارەساتە تۆمەتبار کردووە.
کۆمەڵەی مانگی سوری پارێزگای سنە بڵاویکردەوە، شەوی رابردوو لەسەر رێگای سنە-دیواندەرە رووداوێکی ھاتوچۆ لە نێوان بارھەڵگرێک و مینی پاسێک رویداوە و بەھۆیەوە چوار کەس گیانیان لەدەستداوە و سێ کەسی تریش برینداربوون.
ئاماژەی بەوەشکردووە، دوای رووداوەکە دەستبەجێ تیمەکانیان گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و بریندارەکانیان رەوانەی ناوەندە تەندروستییەکانی سنە کردووە بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی.
رێگای سنە-دیواندەرە یەکێکە لە رێگا پڕ مەترسییەکانی پارێزگای سنە کە ساڵانە و بەتایبەتیش لە وەرزی زستاندا زۆرترین رووداوی ھاتووچۆی تێدا روودەدات.
رووداوەکە سەعات ٨:١٥ی شەوی رابردوو بە کاتی ناوخۆ روویداوە، لە کاتێکدا کە جولەکەکان دوای یادکردنەوەی ھۆلۆکۆست لە کەنیسەیەکی قودسی رۆژھەڵات ھاتوونەتە دەرەوە، لەو کاتەدا کەسێک تەقەی لێکردوون.
میدیاکانی ئیسرائیل دەڵێن، ئەو کەسەی ھێرشەکەی ئەنجامداوە فەلەستینییە و پۆلیسیش دەڵێت، لە کاتی رووداوەکە ھێزە ئەمنییەکان تەقەیان لێکردووەتەوە و کوژراوە. گرووپە چەکدارەکانی فەلەستین ستایشی ئەو ھێرشەیان کرد و لە کەرتی رۆژئاوا و کەرتی غەززە ئاھەنگیان گێڕا، بەڵام ھیچیان بەرپرسیارێتی ھێرشەکەیان لە ئەستۆ نەگرت.
دوای رووداوەکەش بنیامین ناتانیاھۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل سەردانی رووداوەکەی کرد و کۆشکی سپیش ڕایگەیاند، جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ بنیامین ناتانیاھۆ قسەی کردووە و پشتیوانی بۆ دەربڕیوون.
ئەو رووداوەش لە دوای ئەوە دێت کە رۆژی پێنجشەممە نۆ کەس لە کەمپی جنینی تایبەت بە ئاوارە فەڵەستینییەکان بە تەقەی ھێزەکانی سوپای ئیسرائیل کوژران و زیاتر لە ٢٠ ھاووڵاتی تریش بریندار بوون.
بەرنامەی خۆراکی جیھانی سەر بە رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، دوای زیاتر لە یەک دەیە لە شەڕی ناوخۆیی سوریا، لەئێستادا نزیکەی سێ ملیۆن کەس لە دانیشتوانی ئەو وڵاتە روبەڕوی قەیرانی برسێتی بوونەتەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، برسێتی لە سوریا گەیشتووەتە لوتکە و پێدەچێت لە داھاتوویەکی نزیکدا ٧٠%ی خەڵکی سوریا توانای دابینکردنی خۆراک و پێداویستی رۆژانەیان نەمێنێت.
باڵیۆزخانەکانی ئەمریکا و ئەڵمانیا و فەرەنسا لە ئەنقەرە ، ھۆشداری دەدەنە ھاووڵاتییەکانیان لە تورکیا لە ھێرشی تۆڵەکردنەوە لەکاردنەوەی رووداوەکانی سوتاندنی قورئانی پیرۆز لە سوید و دانیمارک.
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ئەنقەرە لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردوە، بەھۆی دواین رووداوەکانی سوتاندنی قورئان لە ئەوروپا، حکومەتی ئەمریکا ھۆشداری دەداتە ھاووڵاتیانی وڵاتەکەی کە پێدەچێت کەسانی نەناسراو ئەو شوێنانەی ھاووڵاتیان بیانی رووی تێدەکەن بکەنە ئامانج.
ھەروەھا باڵیۆزخانەکانی فەرەنسا و ئەڵمانیا لە ئەنقەرە، ئامۆژکاری ھاووڵاتییەکانیان کردووە ، لەکاتی مانەوە یاخود گوزەرکردن بە تورکیادا تا ئەوپەڕی رێکارەکانی خۆپارێزی رەچاو بکەن بەتایبەت لەو ناوچە قەرەباڵغانەی بیانییەکان رووی تێدەکەن.
ئاژانسی ھاوار نیوز بڵاویکردەوە، لە گوندەکانی کورزەلێ و عەیندەر لە ناحیەی شێراوای سەر بەعەفرین و گوندی کۆقی لە ئیدلب، گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیا و دانیشتووانی گوندەکانی ئیدلب ٥٢٠ دار زەیتون و سێو و بادەم و گوێزیان بڕییەوە.
بە پێی بەدواداچوونەکان، دوای داگیرکردنی شاری عەفرین لەلایەن تورکیا و گروپە چەکدارەکان لە ساڵی ٢٠١٨، تا ئێستا تورکیا و گروپەکان زیاتر لە ٣٦٧ ھەزار درەختیان بڕیوەتەوە و فرۆشتوویانە، ھەروەھا نزیکەی ١٣ ھەزار و ٥٠٠ درەخت و زیاتر لە ١٢ ھێکتار زەوی کشتوکاڵییان سووتاندووە.
لوید ئۆستن وەزیری بەرگری ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لەسەر فەرمانی جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا، ئۆپراسیۆنێکیان لە باکوری سۆماڵ ئەنجامداوە کە بەھۆیەوە ١٠ تیرۆریستی داعش کوژراون کە لە نێویاندا "بیلال سودانی" سەرکردەی دیاری داعش ھەبووە.
ئۆستن لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژەی بەوەداوە، بیلال سودانی بەرپرس بووە لە فراوانکردنی چالاکییەکانی داعش لە ئەفریقا و رۆڵی گەورەشی ھەبووە لە پارەدارکردنی تیرۆریستان لە سەرانسەری جیھان بە ئەفغانستانەوە.
وەزیری بەرگری ئەمریکا جەختیشیکردەوە لەوەی لەو ئۆپراسیۆنەدا ھیچ ھاووڵاتییەکی مەدەنی نەبووەتە قوربانی و ئاماژەیەکیشە بۆ ئەوەی ئەمریکا پابەندە بە پاراستنی ئەمریکییەکان لە تیرۆریستان لە دەرەوە و ناوەوەی وڵاتەکەی.
کۆشکی سپیش رایگەیاند، ئەمریکا حکومەتی سۆماڵی لە وردەکارییەکانی ئەو ئۆپراسیۆنە ئاگادار کردووەتەوە.