رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا لە وتارێکدا بۆ فراکسیۆنی پارتی داد و گەشەپێدان لە پەرلەمانی وڵاتەکەی رایگەیاند، پەیامێکی ئاراستەی سەرجەم لێپرسراوانی باڵای سوید کردووە و پێی وتوون لە ئێستا بەدواوە بەھیچ شێوەیەک پێویست ناکات خۆیان ماندوو بکەن و داوا بکەن یان چاوەڕێ بن تورکیا رازی بێت لەسەر داواکاری بە ئەندامبوونیان لە رێکخراوی پەیمانی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ).
وتیشی، دوای ئەوەی دەسەڵاتدارانی سوید ریگەیاندا کەسێک لە وڵاتەکەیان بە ئاشکرا قورئان بسوتێنێت، نابێت چاوەڕێی ھیچ ھەنگاوێکی باش لە تورکیا بەرامبەر وڵاتەکەیان بکەن، بەڵام بۆچوونیان لەسەر بە ئەندامبوونی فینلەندا لە ناتۆ باشە و پێدەچێت داواکارییەکەیان قبوڵ بکەن.
بەپێی زانیاریی میدیاکانی ئێران محەمەد قەبادلو کە بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی خراپەکاری لەسەر زەوی و ھێرشکردنە سەر پۆلیس بە ئۆتۆمبێک کە بە ھۆیەوە کەسێک گیانی لە دەستدا و کەسێکیش بریندار بوو حوکمی لە سێدارەدانی بۆ دەرکرا، سزاکەی راگیرا.
ھۆکاری راگرتنی حوکمەکەشی بۆ لێکۆلینەوە لە بارەی کوشتنی بە ئەنقەستی پۆلیسێکە.
ھاوکات کەسوکاری ئەو گەنجە تەمەن ٢٢ ساڵە داوا لە دەسەلاتداران دەکەن، کە لێخۆشبوونی بۆ دەربکەن لەبەرئەوەی کوڕەکەیان دووچاری نەخۆشی ژیری بوە.
دەسەڵاتدارانی ئێران تا ئیستا چوار حوکمی لە سێدارەدانیان لە سەر خۆپیشاندانەکان جێبەجێ کردوە و حوکمی لە سێدارەدانیش بۆ ١٨ کەسی تر دەرچوە.
بەپێ ئامارێک بەھۆی ھێرشەکانی تورکیاوە لە کانتۆنەکانی عەفرین و شەھبت ١٣ سەربازی سوری برینداربوون و زیاتر لە ٤٠ ناوچەی ھەردوو کانتۆنەکە کراونەتە ئامانج، ھەروەک بەھۆی تەقینەوەی مینێک لە ناوچەیەکی سەر بە عەفرین منداڵێکی تەمەن ١٤ ساڵ گیانی لە دەستدا. و زیانی ماددی زۆریش بەر ھاوڵاتیان کەوتوە.
راگەیاندنی ئەو ئامارە لە کاتێکدایە کە تورکیا ھێرشەکانی بۆسەر رۆژئاوای کوردستان رانەگرتوە.
مارایا زاخارۆفا وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی روسیا رایگەیاند، بەپێی سنوری جوگرافی ئەو وڵاتانە دیاری ناکەن کە چەک و پێداویستی سەربازیی دەدەنە ئۆکراین، بەڵکو دەیانخەنە چوارچێوەی ئەو وڵاتانەی راستەوخۆ لە دژی سوپا و ھێزە چەکدارەکانی روسیا وەستاونەتەوە، کەئەوەش ھێندەی تر کێشە و ئاڵۆزییەکان زیاتر و فراوانتر دەکات.
ئەو لێدوانەی وتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی روسیا دوای ئەوە دێت کە بنیامین ناتانیاھۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە چەند رۆژی رابردوودا رایگەیاند، تائێستا بە چەک و پێداویستی سەربازیی ھاوکارییان پێشکەشی ئۆکراین نەکردووە، بەڵام پێشنیازی لەو جۆرەیان بەدەست گەیشتووە و تاوتوێی دەکەن.
رێکخراوی ھەنگاو بۆ مافی مرۆڤ بڵاویکردەوە، دوو گەنجی خەڵکی شاری جوانڕۆ بە ناوەکانی پارسا کەریمی و کیانووش ئەعزەمی و مێرمنداڵێک بە ناوی ئەرشیا بەرزین لەلایەن دادگای شۆڕشی کۆماری ئیسلامی سزای زیندانیکردن و لێدانی قامچی بەسەریاندا سەپێنروە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردوە، ئەرشیا بەرزین سزای سێ ساڵ زیندانی و لێدانی ٧٤ قامچی بەسەردا سەپێنراوە، ھەروەھا سزای ساڵێک زیندانی و لێدانی ٧٤ قامچی بەسەر پارسا کەریمی و ١٠ مانگ زیندانی و لێدانی ٧٤ قامچی بەسەر کیانووش ئەعزەمی دا سەپێنراوە.
ھاوکات رێکخراوی ھەنگاو بڵاویکردەوە، مانگی رابردوو ١٨ ھاوڵاتی کوردی رۆژھەڵاتی کوردستان لە زیندانەکانی ئێران لەسێدارەدراون، کە ١٢ کەسیان لە زیندانەکانی دەرەوەی رۆژھەڵاتی کوردستان وەک کەرەج وئەراک و بەندەر عەباس لەسێدارەدراون، ھەر بەپێی ئامارەکە ٣٠%ی ئەو زیندانیانەی لە ھەموو ئێراندا لەو مانگەدا لەسێدارەدراون، کورد بوون.
لەو بارەیەوە پارێزەرەکەی جۆ بایدن زانیارییەکانی پشراست کردەوە و رایگەیاند لە ماڵەکەی بایدندا ئێف بی ئای بە بێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە پشکنینی کردوە.
پێشتر چەند بەڵگەنامەیەک، لە ناوەندی بن بایدن بۆ دیپلۆماسیەت و ھاوبەشی نێودەوڵەتی دۆزرانەوە و شەش ھەفتە دوای ئەوەش لە ماڵەکەی بایدندا چەند بەڵگە نامەیەک بینرا.
لە وەڵامی پرسیارێکی رۆژنامەنووساندا لە کۆشکی سپی سەبارەت بەوەی ئەمریکا ئۆکراین بە فڕۆکەی ئێف ١٦ پڕچەک دەکات یاخود نا، بایدن تەنھا بە نەخێر وەڵامی دایەوە.
رەتکردنەوەکەی بایدن بە گورزێک بۆ ئۆکراین دادەنرێت و لە کاتێکدایە کە وڵاتانی رۆژئاوا ڕەزامەندییان دەربڕیوە تانکی پێشکەوتووی "لیۆپارد" بدەنە ئۆکراین.
لای خۆشیەوە، ئەلێکسی بوشکوڤ سیناتۆری ڕوسی رایگەیاندووە، دەبێت ئەمریکا ھەژموونی خۆی لای ھاوپەیمانەکانی بەکاربھێنێت و رێگەنەدات بە رەوانەکردنی فڕۆکەی ئێف ١٦ بۆ ئۆکراین.
ئاژانسی فرانس پرێسی فەڕەنسی بڵاویکردەوە، بەیانیی ئەمڕۆ بەشێکی تری سەقفی مزگەوتەکە ھەڵدراوەتەوە و تەرمی چەند قووربانییەکی تر لەژێر داروپەردووەکەدا دەرھێندراون، بەوەش ژمارەی ئەو کەسانەی بەھۆی تەقینەوەکەوە گیانیان لەدەستدا بۆ ٨٣ کەس بەرزبووەوە، کە زۆرینەیان پۆلیسن.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پیشاوەر رایگەیاند، تەقینەوەکە لە مزگەوتی ناو بنکەیەکی پۆلیسیدا روویداوە، کە لەوکاتەدا نزیکەی ٤٠٠ کەسی تێدا بووە، ژمارەی بریندارەکانیش لە سەروو ١٠٠ کەسەوەیە و بەشێکی زۆریان لە رەوشێکی ناجێگیردان.
ھاوکات شەھباز شەریف سەرۆک وەزیرانی پاکستان، لە نەخۆشخانە سەردانی بریندارەکانی کرد.
دوای پەلامارەکەش گرووپی چەکداریی تاڵیبانی پاکستان، بەرپرسیارێتی خۆی راگەیاند، بەڵام دەسەڵاتدارانی پاکستان ھیچ زانیارییەکیان لەو بارەیەوە بڵاونەکردووەتەوە.
پۆلیسی بەلژیکا بڵاویکردەوە، لە وێستگەی میترۆی شومان لە برۆکسلی پایتەخت کەسێک بە چەقۆ سێ کەسی تری بریندار کردووە، کە یەکێک لە بریندارەکان باری تەندروستیی ناجێگیرە.
بەپێی زانیارییەکان، ھێرشەکە لە نزیک باڵەخانەی یەکێتیی ئەوروپا لە برۆکسل روویداوە و پۆلیس بۆ ئاشکراکردنی پاڵنەری رووداوەکە دەستی بە لێکۆڵینەوە کردووە، ھەروەھا ھێرشبەرەکە دەستگیرکراوە و سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن، ئەو کەسە لە رووی ئەقڵیەوە کەسێکی تەندروست نییە.
لوید ئۆستن وەزیری بەرگری ئەمریکا لەگەڵ لی جۆنگ سوپ وەزیری بەرگری کۆریای باشور لە سیئۆل کۆبوونەوە و مەترسی پڕۆگرامی مووشەکی و ئەتۆمی کۆریای باکوریان تاوتوێ کرد.
ئۆستن رایگەیاند، سیئۆل و واشنتۆن راھێنانی ھاوبەشدەکەن و جەختدەکەنەوە لەسەر مەترسییە ئەتۆمییەکان لە نیمچە دوورگەی کۆریا، ھەروەھا پابەندن بە بەرگریکردن لە ھاوپەیمانەکانیان لە خۆرھەڵاتی ئاسیا و سیستمی نێودەوڵەتی دژی ھەڕەشە سەربازی و ئەتۆمییەکان.
لای خۆشیەوە، وەزیری بەرگری کۆریای باشور وتی، ئامادەن بۆ وەڵامدانەوەی ھەڕەشەکانی کۆریای باکور.
ئۆستن بە سەردانێکی دوو رۆژە لە کۆریای باشورە و ئەوە سێیەمین سەردانێتی بۆ ئەو وڵاتە، لەو کاتەوەی پۆستی وەزیری بەرگری ئەمریکای وەرگرتووە.
وەزارەتی بازرگانی ئەمریکا رایگەیاند، کە لیستی ناوی قەوارە و کەسایەتییە سزادراوەکانی ئێران نوێ کراوەتەوە و ناوی حەوت قەوارە و رێکخراوی بۆ زیاد کراوە، چونکە ھاوکاری سوپای رووسیا و کەرتی پیشەسازی سەربازی ئەو وڵاتەیان کردوە و ئەوەش پێچەوانەی بەرژەوەندییەکانی ئاسایشی نیشتیمانی و سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکایە. ئەوانەی ناویان خراوەتە لیستی رەشەوە کۆمپانیاکانی پیشەسازی فرۆکە و ھێزی ئاسمانی سەر بە سوپای پاسدارانن.
وڵاتانی خۆرئاوا چەندین جار ھۆشدارییان داوە کە تاران فرۆکەی بێفرۆکەوانی بۆ رووسیا دابین کردوە بەڵام ھەردوو وڵات رەتیان کردوەتەوە.
ناسر کەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوی ئێران رایگەیاند، مایەی گاڵتەجاڕییە وڵاتێک باسی مەترسییەکانی چەکی ئەتۆمی بکات کە خۆی لەسەر ئاستی جیھان یەکەم وڵات بووە چەکی ئەتۆمی بەکارھێناوە، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلیش کەسێکی ساختەیە و لەدەرەوەی چاودێریکردنی چەکی ئەتۆمییە و تەنھا خۆی بە بابەتەکاندا ھەڵدەواسێت و پێی خۆشە لەسەر ھەموو پرسێک قسە بکات.
وتیشی، ئێران ئەگەر بیەوێت چەکی ئەتۆمی بەرھەم بھێنێت نە لەھیچ وڵاتێک دەترسێت و نە پرس و راوێژیش بە ھیچ وڵاتێک دەکات، بەڵام ئێران ھەمیشە پشتیوانی لە ئاشتی کردووە و ھەمیشە بەکارھێنانی چەک و رێگەچارەی سەربازیی بۆ کێشەکان رەتکردووەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا توانای وەڵامدانەوەی ھەموو ئەو مەترسییانەی ھەیە کە لەسەری دروست دەبن.
لێدوانەکەی کەنعانی دوای ئەوە دێت کە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایانگەیاند، بەھیچ شێوەیەک رێگە بە ئێران نادەن ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.
لیژنەی نەوت و وزە لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، بەو پێیەی لە پرۆژەیاسای بودجەی ٢٠٢٣دا بەھای بەرمیلێک نەوت بە ٤٥ دۆلار دیاریکراوەو بەپێی پێشبینییەکانیش لەماوەی ئەمساڵدا بەھای بەرمیلێک نەوت دەگاتە ١٠٠ بۆ ١٢٠ دۆلار، داھاتی نەوتی زۆر زیاد دەکات و بودجەی عێراقیش نەک ھەر کورتھێنانی نابێت، بەڵکو زیادەی داھاتی دەبێت.
لیژنەی نەوت و وزە داوایەکی ئاراستەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیران کردوە بۆئەوەی رەزامەندی بدات لەسەر دامەزراندنی سندوقێک بە ناوی سیادە بە مەبەستی کۆکردنەوەی بەشێک لە داھاتی زیادەی نەوت، کە سودێکی زۆری بۆ نەوەکانی داھاتوو و راکێشانی وەبەرھێنەرانی جیھانی دەبێت بۆ عێراق.
وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، پەرلەمانی تورکیا بڕیاری بە ئەندامبوونی سوید و فینلەندا لە ناتۆ پەسەند ناکات ئەگەر مەرجەکانی ئەنقەرە جێبەجێ نەکەن.
مەولود چاوش ئۆغڵو وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، وەزیری دەرەوەی سوید سەردانی تورکیای کردووە و لە پەرلەمان لەگەڵ نوێنەرانی حزب و کوتلە و پێکھاتەکانیش کۆبووەتەوە گفتوگۆیەکی زۆری لەگەڵ کردوون لە بارەی بەئەندامبوونی وڵاتەکەی و فینلەندا لە رێکخراوی باکوری ئەتڵەسی (ناتۆ).
وتیشی، سەرۆکایەتی پەرلەمانی تورکیا و نوێنەرانی لایەنەکانیش بە وەزیری دەرەوەی سویدیان وتووە ئەگەر حکومەتی تورکیاش بڕیاری رەزامەندبوونی بدات لەسەر بەئەندامبوونی ئەو دوو وڵاتە لە ناتۆ، لە پەرلەمان پەسەندی ناکەن تا ئەو کاتەی سوید و فینلەندا سەرجەم مەرجەکانی ئەنقەرە جێبەجێ نەکەن.
روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، شەوی رابردوو فرۆکەیەکی نەناسراو شەش ئوتومبێلی لە دەروبەری شاری البوکەمال لە نێوان سنوری عێراق و سوریا کردووەتە ئامانج، بەھۆی ئەو بۆردوومانەوە ئوتومبێلەکان تێکشکاو چەندین قوربانیشی لێکەوتووەتەوە.
دەشڵێت، ئەو ئوتومبێلانە چەکی ئێرانیان تیدابووە ھەر لەساتی ھاتنە ناوەوەیان لە عێراقەوە بۆ سوریا لەلایەن ئەو فرۆکەیەوە موشەک بارانکراون.
ئۆلاف شۆڵتس راوێژکاری ئەڵمانیا رایگەیاند، تائێستا ھیچ وڵاتێک ھێندەی ئەڵمانیا ھاوکاری ئۆکراینی نەکردووە لە رووی مرۆیی و سەربازیەوە، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە ئەڵمانیا بووبێتە لایەنێکی شەڕ و پێشتریش لەگەڵ جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا رەتیانکردوەتەوە ھێز رەوانەی ئۆکراین بکەن بۆ روبەڕوبوونەوەی روسیا، چونکە نایانەوێت شەڕەکە لەوەی ئێستا ھەیە زیاتر فراوان ببێت و ببێتە شەڕێکی جیھانی.
وتیشی، ھاوکارییەکانی وڵاتانی جیھان بۆ ئۆکراین لەوەوە سەرچاوەی گرتووە کە ھەمووان پێیان وایە روسیا جەنگێگی ناڕەوای دەستپێکردووە، بەڵام بەھیچ شێوەیەک رێگە نادەن ئەو شەڕە بێتە شەڕ و ململانێیەکی بەھێز و درێژخایەن لە نێوان روسیا و رێکخراوی پەیمانی باکوری ئەتڵەسی ناتۆ.