قائیمقامییەتی سلێمانی نرخی راگرتنی ئۆتۆمبێلی لە گەراجەکاندا دیاریکرد و دەشڵێت، "بەکارهێنانی شەقام و شۆستەکان بۆ راگرتنی ئۆتۆمبێل بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە".
قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاندووە، نرخەکانی راگرتنی ئوتۆمبێل لە گەراجەکاندا بۆ ماوەی پێنج سەعات بەم شێوەیە دیاریکراون؛ گەراجی زەوی گڵ 1000 دینار، گەراجی کۆنکرێت و سەرداپۆشراو 1250 دینار، گەراجی داخراو1500 دینار.
بابان ئەحمەد، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی ئاماژەی بەوەشداوە: دوای تێپەڕبوونی پێنج سەعاتەکە ، نرخەکان دەبنە دووهێندە، هەروەها بەکارهێنانی شەقام و شۆستەکان بۆ راگرتنی ئۆتۆمبێل بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە و دانانی کامێرای چاودێریش لە تەواوی گەراجەکاندا کراوەتە مەرجێکی سەرەکی.
سەبارەت بە سزای سەرپێچیکاران، بابان ئەحمەد دەڵێت: هەر خاوەن گەراجێک رێنماییەکان پێشێل بکات و نرخی زیاد لە شۆفێران وەربگرێت، رووبەڕووی سزای دارایی توند دەبێتەوە کە لە 50 هەزار دینارەوە دەستپێدەکات تا پێنج ملیۆن دینار، تەنانەت لەئەگەری بەردەوامی سەرپێچی مۆڵەتی کارکردنی لێ دەسەندرێتەوە.
سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکان دەشڵێت، "ئەم بڕیارە رێنماییەکی نوێ نییە، بەڵکو پێشتر لە ساڵی 2021دا بڕیاری لێدراوە و تەواوی گەراجەکان پێی پابەند کراون، بەڵام بەردەوام چاودێری و بەدواداچوونی بۆ دەکرێت بۆ رێگری لە هەر سەرپێچییەک، هەروەها قائیمقامیەتی سلێمانی داوا لە هاووڵاتییان دەکات لە کاتی بەدیکردنی هەر سەرپێچییەک لە نرخەکان یان رێنماییەکاندا، لە رێگەی ژمارە هێڵی گەرمی (07708677777) پەیوەندی بکەن و سکاڵاکانیان تۆمار بکەن.