شێخ مەشعەل ئەحمەد سەباح شازادەی جێنشینی کوەیت ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی وڵاتەکەی ڕاگەیاند و دوپاتیکردەوە پابەندی دەستور دەبن و گۆرانکاری تێدا ناکەن، داواشی کرد ھەڵبژاردنێکی گشتی ئەنجام بدرێت.
شازادەی جێنشینی کوەیت باسی لەوەش کرد کە لە ھەموو لایەکەوە مەترسی لەسەر کوەیت ھەیە و پێویستە ھەمووان لە دەوری میری وڵاتەکە کۆببەوە و ھاوڵاتیان بە باشی نوێنەرەکانیان ھەڵبژێرن
وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا بڵاویکردەوە، لاڤرۆڤ بە سەردانێکی دوو ڕۆژە گەیشتووەتە تاران و لەگەڵ "ڕەئیسی" ئاستەنگەکانی بەردەم ڕێککەوتنی ئەتۆمییان تاوتوێ کردووە.
ھەر لەو کۆبوونەوەیەدا "لاڤرۆڤ" ڕایگەیاندووە، ڕووسیا خۆی ڕاھێناوە لەگەڵ سیاسەتە دوژمنکارییەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوا و ھەموو ئەو وڵاتانەی بە دەست سیاسەتە تاک لایەنەکانی ئەمریکاوە دەناڵێنن دەبێت کار بکەن لەسەر زیاترکردنی پەیوەندییە ئابورییەکانیان.
وتیشی "ڤلادمیر پوتن" سەرۆکی ڕووسیا پابەندە بە ئەنجامدانی کۆبوونەوە لە داھاتوویەکی نزیکدا لەگەڵ ھاوتا ئێرانییەکەی.
ھاوکات "ئیبراھیم ڕەئیسی" ڕایگەیاند، کارەکانی ئەمریکا و ناتۆ ھۆکاری جەنگی ئۆکراینن و جەختی کردەوە لە گرنگی ھەماھەنگی زیاتر بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی سزا ئابورییەکانی ئەمریکا.
حکومەتی ئەفغانستان داوا لە وڵاتانی جیھان دەکات ھاوکاری بکەن و تا ئێستاش ھەریەک لە قەتەر و ئێران ھاوکارییان گەیاندووەتەوە کابوڵ. بە پێی ڕاگەیەندراوی دەستەی ڕوپێوی جیۆلۆجی ئەمریکیش گوڕی بومەلەرزەکە ٦.١ بووە.
ئاژانسی بلومبێرگ لە راپۆرتێکدا بڵاویکردۆتەوە، ھندستان و چین لە کڕیارانی سەرەکی نەوتی عێراقن، لە دوای جەنگی ئۆکراینیشەوە رویان لە کڕینی نەوتی روسیا کردووە، بەوەش عێراق یەکێکە لە زەرەمەندترین وڵاتان لە ھەناردەکردنی نەوتی روسیا بۆ وڵاتانی ئاسیا.
بەپێی داتاکانی لێپرسراوانی چین، لە مانگی ئایاری رابردودا ھاوردەی چین لە نەوتی روسیا بەڕێژەی ٥٥٪ زیادیکردووە و نزیکەی ٨.٤٢ ملیۆن تۆن نەوتی لە روسیا کڕیوە.
میتحات سانجار، ھاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان "ھەدەپە"، لە زیندانی ئەدیرنە سەردانی سەڵاحەدین دەمیرتاش، ھاوسەرۆکی پێشووتری پارتەکەی کرد و دواتریش ڕایگەیاند، ھەڵوێستی دەمیرتاش و ھەدەپە دەربارەی ڕووداوە سیاسییەکانی تورکیا ھەمان شتە و وەک ئەوەی دەوترێت ھیچ دابڕانێک ڕووینەداوە.
لەبارەی دەنگۆی کۆتایھێنان بە گۆشەگیرکردنی عەبدوڵا ئۆجەلان و سەردانیکردنی، سانجار وتی، لەگەڵ ھەر نزیکبوونەوەیەکی ھەڵبژاردن ئاکپارتی بەم ھەنگاوانە ھەوڵی نزیکبوونەوە لە ھەدەپە دەدات و پێیان وایە ھەڵوێستی ھەدەپە بەم ھەنگاوانە دەگۆڕێت، ئاماژەی بەوەش کرد، گۆشەگیرکردنی ئۆجەلان یاسایی نییە و لە ڕووی سیاسیشەوە ھەڵەیە.
ئەمڕۆ پەرلەمانی ئەوروپا لە برۆکسل، بە ٥٢٩ دەنگی بەڵێ بەرامبەر بە ٤٥ دەنگی نەخێر و ١٤ دەنگی بێلایەن، بەڵام بڕیارەکە پێویسیتی بە دەنگی سەرکردەکانی ئەوروپا هەیە، بۆیە پەرلەمانی ئەوروپا داوای لە سەرکردەکانی وڵاتانی ئەوروپا کرد بۆ پێدانی ئاستی کاندیدی بە ئۆکراین و مۆڵدۆڤا بۆ بە ئەندامبوون لە یەکێتی ئەوروپادا بە بێ دواکەوتن.
بڕیارە ڕۆژانی پێنج شەممە و ھەنی سەرکردەکانی ئەوروپا کۆببنەوە و بڕیاری کۆتای لەو بارەیەوە بدەن.
پەرلەمانی ئەوروپا ڕاشیگەیاند، پێویستە وڵاتانی ئەوروپا ھەمان کار لەگەڵ جۆرجیاشدا بکەن، بەڵام ھەر کاتێک جۆرجیا ئەو مەرجانەی جێبەجێ کرد کە یەکێتیەکە بۆی دیاری کردووە.
پلەی کاندیدی بۆ بە ئەندامبوون لە یەکێتی ئەوروپادا کۆتا هەنگاوی بە ئەندامبوونە و هەندێک وڵات، وەک ئەلبانیا پێنج ساڵ چاوەڕێبوون بۆ ئەوەی یەکێتیی ئەوروپا وەک ئەندام قبوڵیان بکات، یاخود هەندێک وڵات لە ئاستەکە دەهێنرێنە خوارەوە وە تورکیا.
جۆرجیا یەکێکە لەو وڵاتانەی کە ڕوسیا بەشێک لە خاکەکی داگیر کردوە. لە ساڵی ٢٠٠٨دا، ڕوسیا ھەرێمی ئەبکازیا و ئۆسێتیای لە باکوری جۆریجیا داگیر کرد و ئێستا جۆرجیا پێی وایە بە ئەندامبوونی لە یەکێتی ئەوروپادا دەتوانێت لە بەرامبەر ڕوسیادا ئاسایشی خۆی بپارێزێت.
پەرلەمانی ئەوروپا ڕوونیکردەوە، ئۆکراینی و مۆڵدۆڤی و جۆرجییەکان شایستەی ئەوەن بە ئازادی و لە وڵاتێکی دیموکراسی و خۆشدا بژین.
ئەم بڕیارەی پەرلەمانی ئەوروپا جیھان لە جەنگی جیھانی سێەم نزیکتر دەکاتەوە، چونکە بە ئەندامبوونی ئەم وڵاتانە ڕوسیا لە باشور و ڕۆژاواوە ئابڵۆقە دەدرێت ئەمەش لە کاتێکدا ھەردوو وڵاتانی سوید و فینلاند خوازیاری بە ئەندامبوونن لە ناتۆدا و لەبەر ھەمان ھۆکار ڕوسیا ھێرشی کردە سەر ئۆکراین.
دوای کۆتایی ھاتنی راوێژی پەرلەمانی و بەدەستھێنانی متمانەی ٥٤ پەرلەمانتار لە کۆی ١٢٨ پەرلەمانتار، میشال عون سەرۆک کۆماری لوبنان نەجیب میقاتی بۆ پێکھێنانی حکومەتی ژمارە ٧٨ لە مێژووی وڵاتەکەدا راسپارد.
میقاتی لە وتەیەکدا لە کۆشکی سەرۆکایەتی داوایکرد، ھەماھەنگی لەگەڵ پەرلەمانی وڵاتەکەی بکرێت بۆ پەسەندکردنی رێککەوتن لەگەڵ سندوقی نێودەوڵەتی دراو، جەختیشی کردەوە، بەبێ رێککەوتن لەگەڵ سندوقی نێودەوڵەتی دراو دەربازکردنی لوبنان لە قەیرانەکان ئەستەمە.
میقاتی دووپاتیشیکردەوە، لوبنان بەسەر قەیرانەکاندا سەردەکەوێت و رێگەنادەن ھەرەسبھێنێت.
لە ١٥ی ئایاری رابردوو ھەڵبژاردنی پەرلەمانی لە لوبنان ئەنجامدرا و لە ١٣ی ئایار نەبییە بەڕی، بۆ جاری حەوتەم بە سەرۆکی پەرلەمان ھەڵبژێردرایەوە.
دەستەی روپێوی جیۆلۆجی ئەمریکا رایگەیاند، چەقی بومەلەرزەکە لەدووری ٤٤ کیلۆمەتر لە شاری خوست لە باشوری خۆرھەڵاتی ئەفغانستان و بە قوڵایی ٥١ کیلۆمەتر روویداوە.
ئاژانسی کارەساتەکانی ئەفغانستانیش ئاماژەی بەوەکردووە، بە پێی ئامارە سەرەتاییەکان تا ئێستا لانی کەم ٢٨٠ کەس لە خۆرھەڵاتی وڵات گیانیان لەدەستداوە .
ھەروەھا ناوەندی چاودێری بومەلەرزەی ئەوروپی ئاشکرایکرد، ١١٩ ملیۆن کەس بە درێژایی ٥٠٠ کیلۆمەتر لە ناوچەکانی نێوان ئەفغانستان و پاکستان و ھندستان ھەستیان بە بومەلەزرەکە کردووە و لە کابوڵ و ئیسلام ئابادیش خەڵک ھەستی بە بومەلەرزەکە کردووە.
گۆتێرێس لە پەیامێکدا بۆ کۆبوونەوەی وڵاتانی ئەندام لە پەیماننامەی نەتەوەیەکگرتوەکان بۆ قەدەغەکردنی چەکی ئەتۆمی کەلە ڤییەنای پایتەختی نەمسا دەستیپێکردووە، ئاماژەی بەوەکردوە، چەکی ئەتۆمی بۆتە رێگر لەبەردەم چارەسەرکردنی کێشەکان بە رێگەی دانوستان و دیالۆگ و داوایکرد کۆتایی بەو چەکە بھێنرێت بەر لەوەی جیھان لەناو ببات.
وتیشی، لەسایەی بوونی ١٣ ھەزار چەکی ئەتۆمی لە جیھاندا ، سەرھەڵدانی جەنگی ئەتۆمی بۆتە یەکێک لە ئەگەرە بەھێزەکان بە تایبەت کە پشێوییە سیاسییەکان و نەمانی متمانە باڵی بەسەر جیھاندا کێشاوەو ناکرێت رێگە بدرێت چەکی ئەتۆمی ژیانی سەر گۆی زەوی رووبەرووی مەترسی بکاتەوە.
لیژنەی لێکۆڵینەوەی بێلاروس لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردۆتەوە، بەڵگە و زانیارییان داوەتە وەفدێکی عێراقی لە مینیسک سەبارەت بە کوشتنی ژمارەیەک پەنابەر لەلایەن سەربازانی پۆڵەنداوە کە لە نێویاندا پەنابەرانی عێراقیی ھەن، ئاماژە بۆ ئەوەشکراوە کە ئەو زانیارانەیان لە سەربازێکی پۆڵەندی وەرگرتوە و بەپێی زانیاریەکان، دوای کوشتنیان ئەو پەنابەرانە بە نھێنی لەسەر سنورەکانی بێلاروس و پۆڵەندا بەخاکسپێردراون، جگە لەوەش لیژنە بێلاروسیەکە زانیاریی داوەتە وەفدە عێراقییەکە لەسەر ئەو تاوانانەی لەلایەن سەربازانی پۆڵەنداوە بەرامبەر ١٣٥ پەنابەری عێراق ئەنجامدراون کە بەھۆی توندوتیژیەوە برینداربوون.
لە بەرامبەر ئەو زانیاریانەشدا ئەحمەد سەحاف وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردۆتەوە، بەوردی لێکۆڵینەوە لەسەر ئەو پرسە دەکەن، لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانیش داوای لە حکومەت کردووە داوا بکات لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی لەوبارەیەوە بکرێت.
میدڤیدیڤ رایگەیاند، لە ئێستادا ھیچ پەیوەندییەک لە نێوان مۆسکۆ و واشنتۆن نییە و ھەوڵدان بۆ توانەوەی بەستەڵەکی نێوانیان لە زەرەری روسیا دەبێت.
ئەو لێپرسراوە روسییە ئاماژەی بەوەشدا، ئێستا کاتێکی گونجاو نییە بۆ قسەکردن سەبارەت بە درێژکردنەوەی پەیماننامەی چەکی ئەتۆمی ستارت ٣، کە بەھۆی ئەو پەیماننامەیەوە پەویەندییەکانی ئەو دوو وڵاتە لە ماوەی رابردوودا دەستی پێکردبۆوە.
لە مانگی نیسانی رابردووش، وەزارەتی دەرەوەی روسیا دانوستانی لەگەڵ واشنتۆن ھەڵپەسارد و رایگەیاند دوای کۆتاییھاتنی جەنگی ئۆکراین دەکرێت دانوستانەکان دەستپێبکەنەوە.
نوسینگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکور و خۆرھەڵاتی سوریا رایگەیاند، وەفدێکی بەلژیکا سەردانی قامیشلۆیان کردووە و ٦ ژن و ١٦ منداڵی داعشیان رادەست کراوەتەوە کە خێزانی بە رەگەز بەلژیکی بوون و بە فڕۆکەیەکی وەزارەتی بەرگری ئەو وڵاتە رەوانە کراون.
"ھوبیر کورمان" نێردەی سەرەکی بەلژیکا لە سوریاش رایگەیاند، حکومەتی وڵاتەکەی ئاگاداری رۆڵی ھێزەکانی سوریای دیموکراتن لە روبەڕوبوونەوەی تیرۆریستانی داعش لە سوریا و ئەو جەنگە بۆ پاراستنی ئەمنییەتی تەواوی جیھانە و لە بری جیھان جەنگاون.
چاودێرانیش پێشبینی دەکەن لە دوای ھەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان ، لە مانگی تشرینی یەکەمدا ھەڵبژاردن بەرێوەبچێت و جارێکی تر چانسی بنیامین ناتانیاھۆ سەرۆک وەزیرانی پێشووی ئیسرائیل بۆ وەرگرتنەوەی دەسەڵات زیاد دەبێتەوە .
"ڤلادمیر پوتن" سەرۆکی روسیا ستایشی پێشڕەوی سوپای وڵاتەکەی دەکات و راشیگەیاند کۆتایی ئەمساڵ مووشەکێکی کیشوەربڕ دەچێتە خزمەتی سەربازییەوە.
"پوتن" لە وتەیەکیدا رایگەیاند، ھێزەکانی روسیا لە ئۆپراسیۆنەکەیان لە ھەرێمی "دۆنباس" لە ئۆکراین زۆر بە باشی پێشڕەوی دەکەن و وتیشی بە نوێترین جۆری چەک و کەلوپەلی سەربازی بەرەو پێشیان دەبەن و توانای جەنگییان بەھێز دەکەن. "پوتن" راشیگەیاند، کۆتایی ئەمساڵ مووشەکی "سارمات" دەچێتە خزمەتی سەربازییەوە، کە مووشەکێکی کیشوەر بڕە و بە سەرکەوتویی تاقییان کردووەتەوە.
پێشتریش لێپرسراوانی سەربازی روسیا رایانگەیاندبوو، مووشەکی "سارمات" نوێترین جۆری مووشەکی بالیستییە و کڵاوەی ئەتۆمی ھەیە و خێراییەکەی لە خێرایی مووشەکی "ئەڤانگارد" زیاترە.
ئیبراھیم کاڵن، وتەبێژی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا ڕایگەیاند، داواکارییەکانی وڵاتەکەی بۆ وەرگرتنی فنلەندا و سوید لە ڕێکخراوی ناتۆ ڕوونن و ئەگەر ئەم وڵاتانە دەیانەوێت ڕەزامەندی تورکیا بەدەستبھێنن، پێویستە کۆتایی بە چالاکییەکانی پەکەکە و ھەموو ئەو ڕێکخراوانە بھێنن کە مەترسین بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانیی تورکیا و لەم بارەیەشەوە چاوەڕوانی ھەنگاوی کردەیین.
کاڵن ئاماژەی بەوەش کرد، لەگەڵ ھاوتا سویدییەکانیان کۆبوونەتەوە و پێیان وتوون بەم نزیکانە ھەنگاو بۆ ڕازیکردنی تورکیا دەنێن و وەک یەکەم ھەنگاوی کردەییش لە مانگی تەموزیشەوە یاسای نوێی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.