ئاژانسی ئەوروپا بۆ ژینگە لە راپۆرتێکیدا بڵاویکردووەتەوە، یەکێکە لەو ھەڕەشە و قەیرانە مەترسیدارەی لەئێستادا وڵاتانی ئەوروپا بەگشتی روبەڕوی بوونەتەوە پیسبوونی ھەوایە، ھەرچەندە چەندین رێکار و رێوشوێنی پێویستیش گیراونەتەبەر بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی پیسبوونی ھەوا، بەڵام تائێستا نەتوانراوە ئەو قەیرانە مەترسیدارە چارەسەربکرێت و گیانلەدەستدان بەھۆیەوە کەمبکرێتەوە.
ئاشکراشیکردووە، بەپێی ئامار و راپرسییەکان کە لەرێگەی ناوەندە تەندروستییەکانەوە کۆکراونەتەوە، دەرکەوتووە ساڵانە لە وڵاتانی ئەوروپا بەھۆی پیسبوونی ھەواوە زیاتر لە ھەزار و ٢٠٠ منداڵ و مێردمنداڵ گیان لەدەستدەدەن و ٩%ی منداڵ و مێردمنداڵانیش لە کیشوەری ئەوروپا تووشی نەخۆشی رەبۆ دەبن.
ئەو ئاگربەستەی بەھۆی جەژنی رەمەزانەوە لە سودان راگەیەندرا ئەمڕۆ کۆتاییھات و لە دوایین پێشھاتدا، دەنگی چەندین تەقینەوە لە خەرتوم بیستران و دووکەڵ و ئاگر لە ناوچە جیاوازەکان بەرزبوونەوە.
ھاوکات ھەریەک لە ھێزەکانی وەڵامدانەوەی خێرا و سوپای سودان، یەکتر تۆمەتباردەکەن بە بۆردومانکردنی باشوری خەرتوم، ھێزەکانی وەڵامدانەوەی خێرا سوپای سودان تۆمەتبار دەکات بە بۆردومانکردنی شوێنی نیشتەجێبوونی ھاووڵاتیان، سوپای سودانیش ھێزەکانی وەڵامدانەوەی خێرا تۆمەتباردەکات بە بەکارھێنانی ھاووڵاتیان وەک قەڵغانی مرۆیی.
لای خۆشیەوە، رێکخراوی تەندروستی جیھانی بڵاویکردەوە، لە ١٥ی نیسانەوە کە پێکدادانەکان لە سودان سەریھەڵداوە، زیاتر لە ٤٢٠ کەس کوژراون و ٣٧٠٠ کەسیش برینداربوون، وتیشی لەئێستادا ناتوانن پێداویستی تەندروستی زیاتر رەوانەی وڵاتەکە بکەن، لەبەرئەوەی فڕۆکەخانەکان کار ناکەن و رێگەکان مەترسیدارن.
حکومەتی بەریتانیا ئەوەشی راگەیاندووە، کە سزادانەکە چوار سەرکردەی سوپای پاسداران دەگرێتەوە.
لە لایەکی ترەوە جەمیس کلیفرلی وەزیری دەرەوەی بەریتانیا رایگەیاند، بەریتانیا و ھاوبەشەکانی جارێکی تر دووپاتی دەکەنەوە، چاوپۆشی لە ھیچ سەرکوتکارییەک ناکەن.
ھاوکات یەکێتی ئەوروپا ئاشکرای کرد، کە سزای بەسەر ٢٥ کەسایەتی و ھەشت رێکخراوی سوریدا سەپاندووە، بە تۆمەتی قاچاخچێتی کردن بە مادەی ھۆشبەرەوە.
جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، سەرجەم کارمەندان و دیپلۆماتکارەکانیان لە سودان کشاندووەتەوە و کارکردنی باڵیۆزخانەکەیان لە خەرتووم ھەڵپەساردووە، داوایشی لە لایەنەکانی شەڕی سودان کرد، پابەندی خاڵەکانی ناو ئەو ئاگربەستە بن کە رایانگەیاندووە و شەڕ و پێکدادانەکان رابگرن.
ھێزەکانی پشتیوانی خێراش رایانگەیاندووە، کشانەوەی دیپلۆماتکارانی ئەمریکا و خێزانەکانیان لە سودان بە ھاوکاری و ھەماھەنگی ئەوان و لەڕێ شەش فڕۆکەوە ئەنجامدراوە.
ئاژانسی ھەواڵی رۆیتەرز لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادار بڵاویکردووەتەوە، لە ئێستادا باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە سودان داخراوە و جگە لە ئەمریکا، چەند وڵاتێکی دیکەش دەستیان بە کشاندنەوەی دیپلۆماتکار و ھاوڵاتیانیان لە سودان کردووە.
ماریا زاخارۆڤا، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی روسیا بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاندووە، وەک کاردانەوەیەک بۆ دەرکردنی دیپلۆماتکارانی روسیا لە ئەڵمانیا، زیاتر لە ٢٠ دیپلۆماتکاری ئەو وڵاتە لە مۆسکۆ دەردەکەن.
تا ئێستا حکومەتی ئەڵمانیا دەرکردنی دیپلۆماتکارانی روسیای پشتڕاست نەکردووەتەوە، بەڵام ئاژانسی ھەواڵی رۆیتەرز لەزاری سەرچاوەیەکی ئاگادار بڵاویکردووەتەوە، لە چەند ھەفتەی رابردوودا لێپرسراوانی مۆسکۆ و بەرلین، چەندین پەیوەندی تەلەفۆنیان لەسەر ئەو پرسە ئەنجامداوە.
وەزارەتی دەرەوەی روسیاش ئیدانەی دەرکردنی دیپلۆماتکارانی وڵاتەکەی لە ئەڵمانیا کردووە و رایگەیاندووە، حکومەتی ئەڵمانیا ھەوڵی لەناوبردنی سەرجەم پەیوەندییەکانی نێوانیان دەدات.
دوای لەشکەرکێشی روسیا بۆ سەر خاکی ئۆکراین، زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا دیپلۆماتکارانی روسیایان بەھۆی مەترسی چالاکی ھەواڵگری و سیخوڕی لەناوخۆی وڵاتەکانیان، دەرکرد.
ناسر کەنعانی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، لێدوانە ئیستفزازییەکانی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا سەبارەت بە بەرنامەی سەربازیی ئێران، ئامانجی بەبازاڕکردنی چەک و کەرەستی سەربازیی واشنتۆن و ئاژاوە نانەوە لە نێوان وڵاتانی ناوچەکەی لەپشتە.
ئاماژەی بەوەشکرد، بەرنامەی سەربازیی ئێران تەنھا لایەنی بەرگریانەی ھەیە و دژی ھیچ یەک لەو وڵاتانە نییە کە نایانەوێت دەستدرێژی بکەنە سەر خاکی ئێران.
ئەم لێدوانە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دوای ئەوە دێت کە ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە توێتێکدا بڵاویکردەوە، بەرنامەی سەربازیی ئێران لە گەشەسەندنی خێرادایە و ئەوەش ئاسایشی ناوچەکە و جیھان رووبەڕووی مەترسی دەکاتەوە، وتیشی بە مەبەستی رێگەگرتن لەو ئامانجەی ئێران، سزا بەسەر ژمارەیەک کۆمپانیای ئێرانی و چینیدا دەسەپێنن.
ڤیدانت باتیڵ جێگری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ھەرچەندە لایەنە بەشەڕھاتووەکانی سودان ئاگربەستیان راگەیاندووە، بەڵام رەوشی ئەو وڵاتە بە گشتی سەقامگیر نییە، نێردە دیبلۆماسییەکانی ئەمریکا و ھاووڵاتییەکانیشیان کە لە سودانن ئاگادارکردوونەتەوە ھەرچی پێویست بێت بۆ پاراستنی خۆیان بیکەن و چاوەڕوانی ئەوە نەبن لە ئێستادا لەلایەن حکومەتی ئەمریکاوە رزگاربکرێن، چونکە فڕۆکەخانەکانی ئەو وڵاتە داخراون و رێگە وشکانییەکانیش ھیچ گرەنتییەکی سەلامەتییان نییە.
کارین جان پییەر سکرتێری رۆژنامەوانی کۆشکی سپیش رایگەیاند، ھەرچییەک لە توانایاندا بێت بۆ رزگارکردنی ئەمریکییەکان لە سودان دەیکەن، بەڵام لە ئێستادا رزگارکردنیان لەو وڵاتە کارێکی ئاسان نییە.
ئەنتۆنیۆ گوتێرێس لەدوای کۆبوونەوەی یەکێتی ئەفریقا تایبەت بە سوودان کە بەشێوەی ئۆنلاین بەڕێوەچوو، لە باڵەخانەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک رایگەیاند، سەرجەم لایەنەکانی کۆبوونەوەکە ھاوڕابوون لەسەر ئەوەی کە دەبێت دەستبەجێ پێکدادانەکانی سوودان کۆتایی پێبھێندرێت.
راشیگەیاند، خۆی بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و دەستپێکردنی دیالۆگی سیاسی ئامادەیە پشتگیری پێشکەش بکات.
وتیشی، لە قۆناغی یەکەمدا بانگەوازی ئەوە دەکات ئاگربەستێک بۆ ماوی سێ رۆژ بەدرێژایی جەژنی رەمەزان کە پێداویستییەکی سەرەکی رابگەیەندرێت و بەمشێوەیە، ئەو مەدەنییانەی کە لە ناوچەکانی پێکدادانەکان گیریانخواردووە دەتوانن شوێنیان بگۆڕن، چارەسەری پزیشکی وەرگرن و دەتوانن پێداویستییەکانی دیکەیان دابین بکەن.
سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئاماژەی بە گرنگیی دەستبەجێ دەستپێکردنی دیالۆگ بە مەبەستی گواستنەوەیەکی سەرکەوتووانەی دەسەڵات دوای کۆتاییھاتنی پێکدادانەکان کرد و رایگەیاند، دەبێت پێکھێنانی حکوومەتێکی مەدەنی لە ئەولەویاتەکان بێت.
بەپێی ئاژانسی ھەواڵی میزان سەربە دەسەڵاتی دادوەریی ئێران، لەسەر پێشنیازی غولام حوسێن موحسینی ئیژەیی سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران و پەسەندکردنی رێبەری ئێران، پێداچوونەوە بە سزای ھەزار و ٧٦٠ سزادراو کراوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، کە بڕیارەکە بەبۆنەی جەژنی رەمەزانەوە بووە و ئەو سزادراوانە دەگرێتەوە کە لە دادگاکانی شۆڕش و دادگا گشتییەکان و دامەزراوە دادوەرییەکانی ھێزە چەکدارەکان سزادراون. بەڵام زانیاری بڵاونەکراوەتەوە کە چەند لە سزادراوەکان لێبوردنی گشتی دەیانگرێتەوە و چەندیان سزاکانیان سووککراوە.
بەپێی دەستووری ئێران، عەلی خامنەیی دەسەڵاتی لێبوردنی سزادراوەکانی ھەیە، خامنەیی ھەموو ساڵێک لەسەر داواکاریی دەسەڵاتی دادوەری لە ساڵیادی شۆڕشی ئیسلامی و جەژنەکان و رۆژە ئایینییەکانی دیکە بڕیاری لێبوردن بۆ سزادراوەکان دەردەکات.
لە مانگی شوباتدا دوای پەسەندکردنی لەلایەن خامنەییەوە لە ٤٤ھەمین ساڵیادی شۆڕشی ئیسلامیی ئێراندا، دەیان ھەزار دەستبەسەرکراو و سزادراو بەو کەسانەی کە لە خۆپیشاندانەکانی دوای مەرگی ژینا ئەمینیشەوە دەستگیرکرابوون، لێبوردن و سووککردنی سزایان بۆ دەرچووبوو.
سەڵاحەدین دەمیرتاش ھاوسەرۆکی پێشووتری ھەدەپە، کە نزیکەی حەوت ساڵە لە گرتوخانەی ئەدیرنە زیندانیکراوە، لە رێگەی پارێزەرەکانییەوە وەڵامی چەند پرسیارێکی دەنگی ئەمەریکای داوەتەوە و رایگەیاندووە، ھەوڵی ئەوە دەدەن پەکەکە لە تورکیا چەک دابنێت و بە دڵنیاییەوە سەرکەوتوو دەبن.
دەشڵێت، مەحاڵ نییە پەکەکە چەک دابنێت، بەڵام پێویستی بە چارەسەری سیاسی ھەیە.
ھاوکات دەمیرتاش، داوای پشتیوانی بۆ کلیچدارئۆغڵو دەکات و دەیەوێت ئەو پشتگیرییە لە دڵەوەبیت، وتیشی، خواستی ئەو ئەوەیە کە ھەدەپە پاڵپشتییەکی پڕ بەدڵ و ئامادەییان ھەبێت بۆ کلیچدارئۆغڵو.
دەمیرتاش باسی لەوەشکردووە، کە لەچەند ڕۆژی داھاتوودا ڕوون دەبێتەوە کە ئایا ھەدەپە بە ئاشکرا پاڵپشتی کەمال کلیچدارئۆغڵو دەکات یان نا.
سەبارەت بە دۆسیەی داخستنی ھەدەپە، دەمیرتاش ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، بڕیارەکەی دادگا پێش ڕۆژی ھەڵبژاردن دەستێوەردانێکی سیاسی دەبێت، وتی، ئەگەر دادگای دەستووری لە دۆسیەی داخستنی ھەدەپەدا پێش ھەڵبژاردن بڕیارێک بدات، ئەوە بە ڕوونی دەستوەردانێکی سیاسی دەبێت.
ڤێدانت پاتێل جێگری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا سەبارەت بە ھەوڵەکان بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ دیمەشق رایگەیاند، واشنتۆن پێیوایە کە سوریا شایەنی گەڕانەوە نییە بۆ ناو وڵاتانی کۆمکاری عەرەبی لەم کاتەدا، ئەمریکاش ئامادە نییە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵیدا، تا ئەوکاتەی پێشکەوتنی بەرچاو بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی ئەو وڵاتە، نەیەتە ئاراوە.
لە ھەفتەی رابردوودا، وەزیرانی دەرەوەی شەش وڵاتی ئەندام لە ئەنجومەنی ھاریکاری کەنداو، لەگەڵ وڵاتانی میسر و عێراق و ئوردن، لە شاری "جەدە"ی سعودیە کۆبوونەوە، بۆ تاوتوێکردنی گەڕانەوەی سوریا بۆ ناو کۆمکاری عەرەبی، کە لەساڵی ٢٠١١ەوە ئەندامیکی لەو کۆمکارە ھەڵپەسێردراوە.
رۆژنامەی واشنتۆن پۆست و کەناڵی سی ئێن ئێن بڵاویانکردووەتەوە، جۆ بایدن، ھەفتەی داھاتوو ناوی خۆی تۆمار دەکات بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی وڵاتەکەی کە ھاوکاتە لەگەڵ ھەمان وادەی ساڵی ٢٠١٩ کە ناوی خۆی بۆ کێبڕکێکان لەبەرامبەر دۆناڵد ترامپ.
بایدن بە تەمەنترین سەرۆکی ئەمریکایە لە مێژووی ئەو وڵاتەدا، کە کێبڕکێیەکی توندی لەگەڵ ترامپدا کرد و ھەڵبژاردنەکەی ٢٠٢٠ی بردەوە، ھەفتەی رابردووش سەردانەکەی بۆ ئیرلەندا کۆتایی پێھێناو ھەر لەوێ مەبەستی خۆی بۆ کاندیدکردنەوەی راگەیاند.
لە بەرامبەردا دۆناڵد ترامپ، پێشتر و لە میانەی چاوپێکەتنێکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند بوو بەھیچ شێوەیەک پاشەکشێ ناکات لە کێبڕکێکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا.
رۆژنامەی زەی ھێڵی ئەمریکی بڵاویکردەوە، ١٩ ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا لە نامەیەکی ھاوبەشدا کە بۆ جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکایان ناردووە، تێدا داوایانکردووە کۆتایی بە ھاوکارییەکانی ئەمریکا بھێندرێت بۆ ئۆکراین.
ئەو ئەندامانەی کۆنگرێس ئاماژەیان بەوەشکردووە، پێویستە ئەو ھاوکاریانەی کە بڕیارە لە داھاتوودا پێشکەشی ئۆکراین بکرێت دەبێت بە رێگایەکی دیبلۆماسی روونبێت و ئامانجیش لێی کۆتایی ھێنانبێت بە شەڕ لەو وڵاتەدا.
ئەو ئەندامانەی کۆنگرێس دەشڵێن، لەئێستادا وڵاتەکەیان پێویستی بەوە ھەیە زیاتر سەرنج بخاتە سەر توانا سەربازی و ئابورییەکانی تایبەت بە خۆیان لە ناوخۆ نەک چەک و ھاوکاری گەورە رەوانەی دەرەوە بکەن بە ئامانجی شەڕ.
لەسەرەتایی سەرھەڵدانی شەر لە ئۆکراین تائێستا ئەمریکا بە بری ٣٦.١ ملیار دۆلاری ھاوکاری داوەتە ئۆکراین.
ژمارەیەک ئەندامی کۆنگرێس داوادەکەن بایدن کۆتایی بە ھاوکارییەکانی ئەمریکا بۆ ئۆکراین بھێنێت
ئاژانسی ھەواڵی "واس"ی سعودی بڵاویکردەوە، فەیسەڵ بن فەرحان وەزیری دەرەوەی سعودیە و حسێن ئەمیر عەبدوڵاھیان وەزیری دەرەوەی ئێران، پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامدا و بەبۆنەی جەژنی رەمەزانەوە پیرۆزباییان ئاڕاستەی یەکتر کرد.
ھاوکات لە پەیوەندییەکەدا چەندین بابەتی دیکە باسکران کە بەژەوەندی ھەردوو وڵاتی تێدایە، لەگەڵ ھەنگاوەکانی داھاتووو سەبارەت بە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان.
لە مانگی ئاداری رابردوودا، ئێران و سعودیە بەنێوەندگیری چین، رێککەوتن لەسەر دەستپێکردنەوەی پەیوەندییە دیبلۆماسییەکانیان و کردنەوەی باڵیۆزخانە و نوێنەرایەتییەکانیان لە تاران و ریاز.
چین گانگ وەزیری دەرەوەی چین، لە کۆڕبەندی دیبلۆماسی لە شەنگەھای رایگەیاند، چەندین لێدوانی سەیر لەبارەی پرسی تایوانەوە دەبیستن، بەڵام چین رووبەڕووی سیستمی نێودەوڵەتی دەبێتەوە کە تاکلایەنە دەیانەوێت رەوشی گەرووی تایوان بە زۆرەملێ بگۆڕن، ھۆشداریشیدا لەوەی ئەو ھەنگاوە بێمانایە و لێکەوتەی مەترسیداری دەبێت.
چین، تایوان بە بەشێک لە خۆی دادەنێت و یەکێتی ئەوروپا و ئەمریکا و کۆمەڵەی وڵاتانی حەوتیش پشتیوانی سەربەخۆبوونی دەکەن.
سوپای چینیش، بۆ ماوەی سێ رۆژ مانۆڕێکی سەربازی لە دەوروبەری گەرووی تایوان ئەنجامدا، وەک وەڵامێک بۆ کۆبوونەوەی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا و سەرۆکی تایوان لە واشنتۆن.
بەرەربەیانی ئەمڕۆ، لەسەر داوای ئەنتۆنیۆ گوتێرێس سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، ھێزەکانی پشتیوانی خێرا ئاگربەستێکیان بۆ ماوەی سێ رۆژ راگەیاند، بەڵام دوای کەمتر لە دوو سەعات ئەو ئاگربەستە شکێنراو سوپای سودان ھێرشەکانی لە چەند ناوچەک دەستپێکردەوە و تیایدا فڕۆکە و چەکی قورسیش بەکارھێندراوە، لەئێستاشدا شەڕی کۆڵان بە کۆڵان لەنێوان ھەردوولا بەردەوامە.
ھاوکات عەبدولفەتاح بورھان سەرۆکی ئەنجومەنی سەروەری سودان، پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئەم قۆناغە پڕ نەھامەتیە تێدەپەڕێنن و کاردەکەن بۆ گواستنەوەی حوکمی سەربازی بۆ حوکمی مەدەنی.
لەلایەکی ترەوە، رێکخراوی تەندروستی جیھانیش رایگەیاند، لەسەرەتایی شەڕ و پێکدانەکانەوە لە سودان تائێستا ٤١٣ کەس کوژراون و سێ ھەزار و ٥٥١ کەسیش برینداربوون، ھەروەھا وەزارەتی تەندروستی سودانیش ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە، لە کۆی ١٣٣ نەخۆشانە، تەنیا ٢٥ نەخۆشخانە خزمەتگوزاری تێدایە.