ھێزی دەریایی ئەمریکا سەر بە وەزارەتی بەرگریی ئەو وڵاتە رایگەیاند، رۆژی پێنجشەممە سوپای پاسدارانی ئێران، دەستی بەسەر کەشتییەکی نەوتھەڵگردا گرتووە، کە ئاڵای دوورگەکانی مارشاڵی لەسەرە.
راشیگەیاند، ئەو کەشتییە نەوتھەڵگرە، لەکاتی تێپەڕبوونی لە ئاوە نێودەوڵەتییەکان لە کەنداوی عومان، لەلایەن ھێزەکانی سەربە سوپای پاسدارانەوە دەستیبەسەرداگیراوە.
ھێزی دەریایی ئەمریکا راشیگەیاند، پێویستە لەسەر حکومەتی ئێران دەستبەجێ ئەو کەشتییە ئازادبکات.
لە بەرامبەردا سوپای ئێران رایگەیاند، ئەو کەشتییە خۆی بە کەشتییەکی ئێرانیدا کێشاوە و بەھۆیەوە دوو ئەندامی کەشتییە ئێرانییەکە گیانیان لەدەستداوە و چەند کەسێکی تریش بریندار بوون، ھەربۆیە ئەو کەشتییەیان دەستبەسەرداگرتووە.
ئیبراھیم کاڵن وتەبێژی سەرۆکایەتی تورکیا رایگەیاند، کۆبوونەوەی داھاتووی چوار قۆڵی لە مۆسکۆ دەکەوێتە دوای ھەڵبژاردنەکانی وڵاتەکەی و دۆستەکانیان کار بۆ دیاریکردنی وادەی کۆبوونەوەکە دەکەن.
وتیشی، پێویستە شێوازی کۆبوونەوەی چوارقۆڵی بەبێ مەرجی پێشوەختە بەردەوام بێت.
پێشتریش خلوسی ئاکار وەزیری بەرگری تورکیا رایگەیاندبوو، وڵاتەکەی لە رێگەی بەشداریکردنی لە کۆبوونەوە چوارقۆڵییەکانی تایبەت بە سوریا، ھەوڵی بەدیھێنانی ئاشتی و سەقامگیری دەدات لە کورتترین ماوەدا و کۆبوونەوەکەی رۆژی سێشەمەی رابردووشی بە ئەرێنی ناوبرد.
رێکخراوی یونیسێف، ھۆشدارییەکی لەبارەی رەوشی منداڵانی سودانی بەھۆی شەڕ و پێکدادانەکانی وڵاتەکەیان بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد، ملیۆنان منداڵی کچ و کوڕ پێویستیان بە پاراستن و ھاوکاریی مرۆڤیی بەپەلە ھەیە.
راشیگەیاند، مەترسی رووبەڕووی منداڵان دەبێتەوە، ئەگەر لایەنە شەڕکەرەکانی سودان رێز لە ئاگربەست نەگرن.
بەپێی ئامارەکان لە دەستپێکی شەڕ و پێکدادانەکانی سودان، لە ١٥ی ئەم مانگەوە، نۆ منداڵ کوژراون و زیاتر لە ٥٠ منداڵی تریش برینداربوون، ھەروەھا مەترسی ھەیە منداڵان لەلایەن گروپە چەکدارەکانەوە روبەڕوی پێشێلکاری و توندوتیژیی ببنەوە.
سوپای سودان بە سەرۆکایەتی عەبدولفەتاح بورھان رایگەیاند، رەزامەندن لەسەر درێژکردنەوەی ماوەی ئاگربەست بۆ ماوەی ٧٢ سەعاتی دیکە، ئەوەش لەسەر بنەمای کۆمەکی ھەردوولایەنی سعودیە و ئەمریکا، بۆ ھێورکردنەوەی رەوشەکە.
پێشتر دووجار بۆ ماوەی ٧٢ سەعات ئاگربەست لە سودان لە نێوان سوپا و ھێزەکانی پشتیوانی خێرا لە سودان راگەیەندراوە، بەڵام ھەردوولایەنی شەڕکەر بەردەوامبوون لە شەڕ و روبەڕوبوونەوەکانیان و پابەندی ئاکربەستەکە نەبوون.
رۆژی سێشەممە وەزیرانی بەرگری سوریا و تورکیا و ئێران و روسیا لە مۆسکۆ کۆبوونەوەو گفتوگۆ لەبارەی بەھێزکردنی دۆسییەکانی ئاسایش لە سوریا و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی دیمەشق و ئەنقەرە کرا.
وەزارەتی بەرگری سوریا رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی کشانەوەی ھێزەکانی تورکیا لە خاکی سوریا و جێبەجێکردنی رێککەوتنی تایبەت بە رێگەی نێودەوڵەتی ناسراو بە ( ئێم فۆڕ) کراوە.
روحوڵا سەلەگی، جێگری پارێزگای مازندەران بۆ کاروباری سیاسی و ئەمنی و کۆمەڵایەتی رایگەیاند، عەباسعەلی سلێمانی ئەندامی ئەنجومەنی شارەزایانی رێبەری ئێران لەناو بانکێکی شاری بابولسەر بە دەستدڕێژی گوللە کوژراوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، تەقەکەرەکە دەستگیرکراوە و لێکۆڵینەوە لەگەڵی دەستیپێکردووە، تائێستاش ھۆکار و پاڵنەری رووداوەکە نەزانراوە. بەپێی میدیاکانی ئێرانیش، لە ھێرشەکەدا سێ کەسی تریش برینداربوون.
عەباسعەلی سلێمانی ساڵی ١٩٤٧ لە شاری سێوادکوی مازندەران لەدایکبووە و پێشتر چەند پۆستێکی وەک نوێنەری عەلی خامنەیی رێبەری ئێران لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان و کاشان و پێشنوێژ و وتارخوێنی شارەکانی زاھیدان و بابولسەری وەرگرتووە.
ئەردۆغان، لە راگەیەندراوێکدا کە لە تویتەر بڵاویکردەوە، سوپاسی گەلی تورکیای کرد کە بەھۆی تێکچوونی باری تەندروستییەوە ھەواڵیان پرسیوە و نزایان بۆ کردووە، وتیشی، بەھۆی زۆری کارەکانییەوە رەوشی تەندروستی کەمێک تێکچووە و لەسەر ئامۆژگاری پزیشکەکەی لە ماڵەوە پشووی وەرگرتووە، نیگەرانیشی دەربڕی لەوەی ئەمڕۆ نەیتوانیوە لە ناوچەکانی "کەرکەلالی" و "یۆزگات" و "سێواس" لە بانگەشەی ھەڵبژاردن ئامادەبێت و لە جێی ئەو "فوئاد ئۆکتای" بەشداری دەکات.
ئێوارەی سێشەممە، ئەردۆغان چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنی ھەبوو، بەڵام بەرنامەکە بۆ ماوەی ٩٠ خولەک دواخرا، دواتریش لە ناو بەرنامەکە تەندروستی تێکچوو بەرنامەکە بۆ ماوەی ١٥ خولەک وەستێندرا، دواتر ئەردۆغان بە چاوی پڕ و شڵەژاوییەوە وتی، بەھۆی ماندووییەوە دووچاری ڤایرۆسی گەدە بووە.
ھاوکات "کەمال کلچدار ئۆغلۆ"ی رکابەری بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا، ھیوای سەلامەتی بۆ ئەردۆغان خواست.
ئەردۆغان تەمەنی ٦٩ ساڵە، چەندینجار باس لەوەکراوە کە تەندروستی باش نییە و ناتوانێت کارەکانی بە باشی بەڕێوەببات.

پەروین بوڵدان ھاوسەرۆکی گشتیی پارتی دیموکراتی گەلان"ھەدەپە"، لە میانی بەشداریکردن لە چالاکییەکی بانگەشەی پارتی سەوزی چەپ کە بۆ ژنان لە شاری وان رێکخرابوو، رەخنەی لە سیاسەتی ئابووری لە تورکیا و بەرزبوونەوەی رێژەی ھەڵئاوسان گرت و رایگەیاند، رێژەی ھەڵئاوسان و بەرزبوونەوەی نرخی شتومەک زۆرترین کاریگەرییان کردووەتە سەر ژنان.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، ئێستا ھاوپەیمانی"ئاک پارتی و مەھەیە" ناچنە گۆڕەپانەکان، بەڵام ماڵ بە ماڵ دەگەڕێن بۆ بەدەستھێنانی دەنگی ژنان، بەڵێنیشیدا، لە پەرلەمان ببن بە دەنگ و رەنگی ژنان، چونکە ژن لە پەرلەمان و تەواوی بوارە جیاوازەکانی ژیاندا، رۆڵی خۆیان دەگێڕین و دەیانەوێت وڵات بەڕێوە ببەن.
خولوسی ئاکار وەزیری بەرگریی تورکیا لەبارەی کۆبوونەوەکەوە رایگەیاند، کۆبوونەوەکە لەنێوان وەزیرانی بەرگری و سەرۆکانی دەزگاکانی ھەواڵگریی تورکیا و روسیا و سوریا و ئێران بەڕێوەدەچێت، لەبارەی بەشداریکردنی ئێرانیش وتی، لایەنە پەیوەنیدارەکان بەشداریکردنی ئەو وڵاتەیان بە گونجاو زانی.
ئەوەشی خستەڕو، ئامانجی کۆبوونەوەکە ئەوەیە بە گفتوگۆ کێشەکانی ناوچەکە چارەسەر بکەن و لەگەڵ بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکانیشدا چاوەڕوانی پێشھاتی ئەرێنیی دەکەن.
لای خۆیەوە، مۆسکۆ دەیەوێت کۆبوونەوە چوار قۆڵییەکە برەوی زیاتری پێبدرێت و بگاتە ئاستی کۆبوونەوەی لوتکەی ئەردۆغان و ئەسەد، بەوەش کۆتایی دەھێنێت بە پچڕاندنی پەیوەندییەکانی نێوان سوریا و تورکیا کە ١٢ ساڵە بەردەوامە.
وەزیری دەرەوەی تورکیا لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفیزیۆنیدا لەگەڵ میدیای وڵاتەکەی رایگەیاند، کشانەوەی ھێزەکانیان لە "عێراق و سوریا"، بە واتای راگرتنی پڕۆسە سەربازییەکانیان لە دژی "تیرۆر" و نزیکبوونەوەی "تیرۆر" لە سنوورەکانیان و ھەڕەشەکردن لە ئاسایشی نیشتمانیی تورکیا دێت، بۆیە لەئێستادا ھێزەکانیان لەو دوو وڵاتە ناکشێننەوە.
ھەروەھا چاوشئۆغڵو باسی لە ئەگەری کۆبوونەوەی سەرۆک کۆماری تورکیا و سەرۆکی سوریا کرد و وتی، ئەگەری ئەو کۆبوونەوەیە ھەیە، بەڵام پێویستە سەرەتا نەخشەڕێگەی بۆ دیاری بکرێت، کە مەرجی پێشوەختە رەتبکاتەوە و ھەڵەسەنگاندن بۆ قۆناغی سیاسی و بەرەنگاربوونەوەی "تیرۆر" و سەقامگیریی سوریا بکرێت.
تورکیا لەچەند ساڵی رابردوودا ژمارەیەک لەشکرکێشیی کردووەتە سەر رۆژئاوای کوردستان و بەشێکی خاکی رۆژئاوای کوردستانی داگیر کردووە.
بوڵدان ئاماژەی بەوەکرد، پارتی چەپی سەوز ھەڵگری پرۆژەی ئاشتی دەبێت و ئەوەش وەک مژدەیەک بۆ گەلانی تورکیا رادەگەیەنن.
وتیشی، لە ھەڵبژاردنەکانی ١٤ ی مانگی پێنج دا پارتی دادو گەشەپێدان و پارتی بزووتنەوەی نەتەوەپەرست (مەھەپە) لە دەسەڵات دەردەکرێن.
ئاژانسی ئیرنا لە زاری رەزا فاتمی ئەمین وەزیری پیشەسازی و کانزا و بارزگانی ئێرانەوە بڵاویکردووەتەوە، لە چوارچێوەی رێککەوتنەکەی نێوان ئێران و سعودیە بە مەبەستی ئاساییکردنەوەی سەرجەم پەیوەندییەکانی نێوانیان، وەک ھەنگاوی سەرەتا ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان ھەردوو وڵاتدا دەستیپێکردووە و لەو چوارچێوەیەشدا یەکەم کاروانی شتومەکی ئێرانی گەیشتووەتە سعودیە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە چەند رۆژی داھاتوودا کاروانی شتومەکی سعودیش دەگاتە ئێران و لە ماوەیەکی کەمیشدا ئاستی پەیوەندی و ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی نێوانیان زۆر زیاتر دەکەن.
رۆژی یەکشەممە ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست بەڵگەنامەیەکی نھێنی ھەواڵگری ئەمریکای بڵاوکردەوە کە بە گوێرەی بەڵگەنامەکە، ھەواڵگری سەربازی ئۆکراین پلانی داناوە بۆ ئەنجامدانی ھێرشی نھێنی دژی ھێزەکانی ڕووسیا لە سوریا بە ھاوکاری ھێزەکانی سوریای دیموکرات ھەسەدە.
دوای بڵاوکردنەوەی بەڵگەنامەکەش راستەوخۆ ھەسەدە ناوەڕۆکی بەڵگەنامەکەی رەتکردەوە، فەرھاد شامی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی ھەسەدە لە بەیاننامەییەکی نووسراودا ئاماژەی بەوەکردووە، "ئەم بەڵگەنامەیە ڕاست نییە و پەیوەندییان لەگەڵ ڕووسیا باشە، ڕێککەوتنی ھاوبەش لەنێوانیاندا ھەیە بۆ چارەسەرکردنی زۆرێک لە دۆسیەکان لەسەر خاکی سوریا".
لە شەڕی دژی تیرۆرەوە ھەسەدە لە یەککاتدا پەیوەندی سەربازی و سیاسی لەگەڵ روسیا و ئەمریکاشدا دروستکردووە، ھەروەھا ھەسەدە بە ھاوبەشی ستراتیژی ھاوپەیمانی دژی داعش لە سوریا دادەنرێت.
سەرچاوە رۆژنامەوانییەکان ئەوەیان ئاشکراکرد، عومەر بەشیر سەرۆکی پێشووی سودان کە لە گرتووخانەی کۆپەر زیندانیکراوە لە نەخۆشخانە لەژێر چاودێری پزیشکیدایە.
بڵاوبوونەوەی ھەواڵی نەخۆشکەوتنی عومەر بەشیر لەکاتێکدایە، شەوی رابردوو چەند سەرچاوەیەکی رۆژنامەوانی وابڵاویانکردەوە، کە گوایە عومەر بەشیر و ژمارەیەک دەستگیرکراوی تری گرتووخانەی کۆپەر لە باکووری خەرتوومی پایتەخت، گرتووخانەکەیان شکاندووە و ھەڵاتوون.
عومەر بەشیر تەمەنی ٧٩ ساڵە و لەساڵی ١٩٨٩ تاکو ٢٠١٩، بۆ ماوەی ٣٠ ساڵ سەرۆکی سودان بووە.
بە پێی دوایین پێشھاتەکان، چەند سەعاتێک ماوە بۆ کۆتایھێنان بەو ئاگربەستەی لەنێوان سوپای سودان و ھێزەکانی وەڵامدانەوەی خێرا بە بۆنەی جەژنی رەمەزان راگەیەندرابوو، مەترسی ئەوەشدەکرێت لەگەڵ کۆتاییھاتنی ئاگربەستەکە شەڕ و پێکدادان لە وڵاتەکە دەستپێبکاتەوە و ئاماری قوربانیان روو لە بەرزبوونەوە بکات.
ھاوکات، لەڕێی چوار فڕۆکەی سەربازییەوە، ئوردن ٣٤٣ ھاووڵاتی لە فڕۆکەخانەی پۆرتسودانی نێودەوڵەتییەوە بەرەو فڕۆکەخانەی مارکای سەربازی بۆ "عەمان"ی پایتەختی ئوردن گواستەوە کە لە نێویاندا ھاووڵاتی عێراقی و سوری و ئەڵمانی و فەڵەستینی ھەیە. حکومەتی فەڕەنساش رایگەیاندووە، ھەڵمەتەکانیان بۆ گواستنەوەی ھاووڵاتیان و دیبلۆماتکارانی وڵاتەکەیان لە سودان بەردەوامە و تا ئێستا ٣٨٨ کەسیان گواستووەتەوە.
لای خۆشیەوە، رێکخراوی تەندروستی جیھانی بڵاویکردەوە، لە ١٥ی نیسانەوە کە پێکدادانەکان لە سودان سەریھەڵداوە، ٤٢٠ کەس کوژراون و ٣٧٠٠ کەسیش برینداربوون، وتیشی لەئێستادا ناتوانن پێداویستی تەندروستی زیاتر رەوانەی وڵاتەکە بکەن، لەبەرئەوەی فڕۆکەخانەکان کار ناکەن و رێگەکان مەترسیدارن.
حەمۆ ئیبراھیم رەحمانۆ، کوردێکی نێشتەجێی خەرتوومی پایتەختی سودانە و لەساڵی ٢٠١١ەوە لەو وڵاتە دەژی، لە لێدوانێکدا بە ئاژانسی ھەواڵیی ھاوار نیوزی راگەیاندووە، بەشێک لە چەکدارانی سەر بەھەردوو لایەنی شەڕکەری سودان، مامەڵەی رەگەزپەرستی بەرامبەر کورد و سورییەکان دەکەن.
وتیشی، کوردانی رۆژئاوا و سورییەکانی سودان، گرفتی کارەبا و غاز و نان و ماددەی خۆراکییان ھەیە و لەلایەن خێزانە سودانییەکانەوە ھاوکاریی دەکرێن.
بەپێی چەند ئامارێکی جیاواز، ژمارەیەک ھاووڵاتیی سوریی و کوردی رۆژئاوای کوردستان لە سودان بوونەتە قوربانی و بەشێکیان بە پاڵنەری رەگەزپەرستی کوژراون، ھەربەپێی ئامارەکان، زیاتر لە ٩٠ ھەزار ھاووڵاتی سوری و کوردی دانیشتووی ناوچەکانی کۆبانێ و گرێ سپی لە سودان دەژین.