ئەو ھۆشداریەی بانکەکە لە کاتێکدایە، گروپی حەوت سەرقاڵی دانانی ڕێوشوێنێکن بۆ دانانی سنورێک بۆ نرخی نەوتی ڕوسیا و توندکردنەوەی گەمارۆکان لەسەر داھاتی نەوتی ڕوسیا.
بانکی جی پی مۆرگان ھۆشداریداوە، ئەگەر بێتوو گەمارۆکان ببێتە ھۆی کەمکردنەوەی ھەناردەی نەوتی ڕوسیا بەڕێژەی ٣ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا، ئەوا کاریگەریی کارەساتبار لەسەر بازاڕی وزەی جیھان جێدەھێڵێت و چاوەڕواندەکرێت نرخی بەرمیلێک نەوت بگاتە ٣٨٠ دۆلار لە بازاڕی وزەی جیھانیدا.
دەربارەی پلانەکانی ئەوروپا بۆ سنوردارکردنی سنورێک بۆ نرخی نەوتی ڕوسیا، سەرۆک وەزیرانی ڕوسیا ڕایگەیاند، ئەو ھەنگاوە بڕیارێکی سیاسییە و دەبێتە ھۆی دروستکردنی کێشەی گەورە بۆ بازاڕی نەوت و بەرزبوونەوەی نرخەکەی.
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا لە وتارێکدا لە زانکۆی بەرگری نیشتیمانی وڵاتەکەی لە ئیستەنبوڵ رایگەیاند، لە ماوەی شەش ساڵی رابردوودا بە پێی بەرنامەیەکی داڕێژراو چەند ھەنگاوێکی گرنگیان ناوە بە ئاڕاستەی بەھێزکردنی ھەموو بوارەکانی سەربازیی، بودجەیەکی زۆریشان بۆ ئەو مەبەستە تەرخان کرد، بەوەش سوپای تورکیا چەندین پلە لە ڕیزبەندی بەھێزترین سوپاکانی جیھان چووەتە پێشەوە.
وتیشی، بۆ ساڵانی داھاتووش بەرنامەی بەھێز داڕێژراوە بۆ زیاتر بەھێزکردنی سوپا و بواری ئاسمانی و سیستمی بەرگری، بۆئەوەی سوپای تورکیا ببێتە یەکێک لە بە ھێزترین سوپاکان لەسەر ئاستی وڵاتانی جیھان، لە داھاتوویەکی نزیکیشدا دەرەنجامەکەی دەردەکەوێت.
"عەلیرەزا زاکانی" سەرۆکی شارەوانیی تاران رایگەیاند، لە ئێستادا گەورەترین کێشەی خەڵکی تاران شوێنی نیشتەجێبوونە، چونکە ٥١% دانیشتوانی تاران لە خانووی کرێدا دەژین.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردوە، ھەر فەرمانبەرێک ٦٥% ی مووچەکەی بۆ کرێی خانوو تەرخان دەکات، بەو پارەیەش دەتوانێت خانویەکی ٧٥ مەتری بەکرێ بگرێت، ھەر فەرمانبەرێکیش بیەوێت خانوو بکرێت، بۆ ئەوە دەبێت بەشێک لە مووچەکەی پاشەکەوت بکات و دوای ٦٦ ساڵ دەتوانێت خانوو بکڕێت.
وەزارەتی ئابووری ئەڵمانیا رایگەیاند، لەماوەی شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا بە بەھای زیاتر لە ٤ ملیار و ١٤٠ ملیۆن دۆلار چەکی جۆراوجۆری بە وڵاتانی جیھان فرۆشتووە و زۆربەی کڕیارەکانیش وڵاتانی سەر بە یەکێتی ئەوروپان، بە تایبەتیش ھۆڵەندا و وڵاتانی ئەندامی ناتۆ و ئۆکراین، جەختیشیکردوەتەوە، زۆربەی ئەو چەکانەی فرۆشراون تایبەتن بە ھێزە دەریاییەکانی ئەو وڵاتانە.
وەزارەتی ئابووری ئەڵمانیا ئاماژەی بەوەشکردوە، داھاتی شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵی فرۆشتنی چەک، بە راورد بە ھەمان ماوەی ساڵی رابردوو، بە رێژەیەکی زۆر کەمیکردووە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە سەرەتای جەنگی ئۆکراینەوە، ئیمانۆیل ماکرۆن نزیکەی ٢٠ پەیوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن ھاوتا ڕوسییەکەی ئەنجامداوە، بۆ ئەوەی لە نییەتەکانی بگات لە جەنگی ئۆکراین.
ئەوەش خراوەتەڕوو، پوتن لەڕێگەی تەلەفۆنەوە جەنگی ئۆکراین بەڕێوە دەبات، لەیەکێک لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانیدا لە سەرەتای ھێرشەکانەوە، بە ماکرۆنی ڕاگەیاندووە، ئەوان دەزانن زیلینسکی لە حەشارگەیەکی ھاوشێوەی حەشارگەکەی ھیتلەر خۆی حەشارداوە، بۆیە دەتوانن ئۆکراین وێران بکەن یاخود سەرچاوەی سیاسەتی لەناوببەن، کە نازییە نوێیەکان نوێنەرایەتی دەکەن.
لۆفیگارۆ ئاشکرایشیکردووە، لە زۆربەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکاندا پوتن سەرکۆنەی خۆرئاوای کردووە لە ھاوکارییەکانی بۆ حکومەتی کیێڤ، بەشێکی زۆری پەیوەندییەکان لە کاتژمێرێک زیاتریان خایاندووە، بۆیە وەرگێڕانی ئەو ماوە زۆرە لەپەیوەندیی بۆ سەرۆکی فەڕەنسا و تیمەکەی زۆر تاقەتپڕوکێن بووە و ھەندێک جاریش بۆ باشتر حاڵیکردنی ماکرۆن ناچاربوون تەلەفۆنەکە بێدەنگ بکەن.
بەدران چیا کورد جێگری ھاوسەرۆکایەتی ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری خۆرھەڵاتی فورات رایگەیاند، ساڵی ٢٠١٩ لە نێوان حکومەتی دیمەشق و خۆبەڕێوەبەری رۆژئاڤا لێکتێگەیشتنێک ھەبووە بۆ پاراستنی سنورەکان لەگەڵ تورکیا و لە دانوستانەکانی ئەم دواییەش بە نێوەندگیری روسیا، فراوانکردنی لێکتێگەیشتنەکە گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت، بە مەرجێک لە بەرژەوەندی ھەردوولا و پاراستنی سەقامگیری ناوچەکە بێت، بەوتەی ناوبراو، دوای ھەڕەشەکانی تورکیا لە دوو مانگی رابردوودا ئەوە یەکەم کوبونەوە دەبێت کە لە نێوان قامیشلۆ و دیمەشق ئەنجام دەدرێت.
حەسەن محەمەد عەلی سەرۆکی مەکتەبی پەیوەندییەکانی ئەنجومەنی سوریای دیموکرات (مەسەدە)ش رایگەیاند، بەجددی لە ھەڕەشەکانی تورکیا دەڕوانن و لەگەلِ ئەمریکا و ئەوروپا و وڵاتانی عەرەبی لە پەیوەندیدان بۆ رێگریکردن لە ھەر ئوپراسیونێکی تورکیا بۆ سەر رۆژئاڤای کوردستان.
ڕۆیتەرز بڵاویکردووەتەوە، یەکێک لە دیارترین ئەو بازرگانانەی کە تا ئێستا نەکەوتوونەتە ژێر سزاکانی ڕۆژئاوا (ئالان لوشنیکۆڤە) کە خاوەنی گەورەترین کۆمپانیای چەکە لە ڕووسیا.
ئاژانسەکە ئەوەشی ئاشکراکردووە، کۆمپانیای ئەلماز ئانتەیش کە تایبەتمەندە بە مووشەک و سیستەمی دژە فڕۆکە نەکەوتووەتە ژێر سزاکانەوە.
لە سەردانێکیدا بۆ دیمەشق و کۆبوونەوەی لەگەڵ "بەشار ئەسەد"سەرۆکی سوریا، "حسێن ئەمیر عەبدوڵاھیان" وەزیری دەرەوەی ئێران ئاشکرایکرد، وڵاتەکەی دژی ئۆپراسیۆنی سوپای تورکیایە لەناو خاکی سوریا.
وتیشی، ئامانج لەسەردانەکەی بۆ دیمەشق، ھێورکردنەوەی گرژییەکان و باشترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و سوریایە.
مانگێک لەمەوبەر "ڕەجەب تەیب ئەردۆغان" سەرۆککۆماری تورکیا ھەڕەشەی کۆنتڕۆڵکردنی "مەنبەج و تەلڕەفعەت"ی کرد لە ڕۆژئاڤای کوردستان.
لەو بارەیەوە ڕۆژنامەی "حوڕیەت"ی تورکی ئاشکرایکردووە، ئۆپراسیۆنەکەی سوپای تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوای فوڕات بۆ دوای جەژنی قوربان دواخراوە.
وەزارەتی حەج و عومرەی سعودیە ئاشکرای کرد، بە مەبەستی ئەنجامدانی فەریزەی حەج، تا ئێستا ٣٥٨ ھەزار کەس لە وڵاتانەوە گەیشتوونەتە سعودیە، کە ٢٨٩ ھەزار کەسیان بە ڕێگەی ئاسمانیی و ٦٨ ھەزاریان لە ڕێگەی وشکانییەوە گەیشتوونەتە مەدینە.
وەزارەتی حەج و عومرەی سعودیە باسی لەوەشکردووە، زۆرترین ئەو کەسانەی بۆ بەجێھێنانی فەریزەی حەج گەیشتوونە سعودیە، ھاووڵاتی بەنگلادیشی بوون و دوای ئەوانیش پاکستانی و ھیندی بوون.
سەرۆکی ئیندۆنیزیا لە دیدارێکدا لەگەڵ سەرۆکی روسیا لە مۆسکۆ رایگەیاند، نامەیەکی زیلینسکی رادەستی پوتن کردووە و ئامادەیە ببێتە نێوەندگیر لە نێوان ھەردوو وڵاتدا.
جەختیشی کردەوە، ئەو کارەی ھیچ بەرژەوەندییەکی ئیندۆنیزیای تێدا نیە جگە لە راگرتنی شەڕ بە زووترین کات، داواشی لە سەرکردەکانی جیھان کرد گیانی ھەماھەنگی زیندوو بکەنەوە.
لە بەرامبەردا سەرۆکی روسیا، سوپاسی سەرۆکی ئیندۆنیزیای کرد بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆیەکی بەرھەمدار ، جەختیشی کردەوە، رێککەوتنەکانیان دەبێتە مایەی بەھێزکردنی ھاوبەشی نێوان روسیا و ئیندۆنیزیا.
سەرۆکی چین بۆ یەکەمجار لە دوای سەرھەڵدانی پەتای کۆرۆنا، سەردانی دەرەوەی خاکی چینی کردوو بەشداریکرد لە ئاھەنگی یادی ٢٥ ساڵەی وەرگرتنەوەی سەروەری ھۆنگ گۆنگ لە بەریتانیا و لەوتەیەکدا رایگەیاند، ھیچ ھۆکارێک نیە بۆ گۆڕینی سیستمی حکومڕانی لە ھۆنگ کۆنگ و پێویستە بۆ ساڵانێکی زۆر بەردەوام بێت.
رونیشیکردەوە، دیموکراسیەتی راستەقینە لە ھۆنگ کۆنگ لە دوای گەڕانەوەی بۆ ژێر دەسەڵاتی چین دەستیپێکردووە.
لە ڕاگەیەندراوێکدا وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیا بڵاویکردەوە، یاداشتێکی ناڕەزایی توندیان ڕادەستی باڵیۆزی بەریتانیا کردووە، سەبارەت بەو لێدوانە نا بەرپرسانەی سەرکردایەتی بەریتانیا، دەربارەی سەرۆک و گەلی ڕوسیا.
ئاماژەی بەوەشکرد، مۆسکۆ بەھیچ شێوەیەک گوتاری دەستدرێژکارانە بەرامبەر سەرکردایەتی وڵاتەکەی قبوڵ ناکات.
لە لایەکی دیکەوە باڵیۆزخانەی ڕوسیا لە لەندەن، داوای لە بەریتانیا کردووە، ھەنگاو بنێت بۆ ڕاستکردنەوەی ئەو ھەڵە و تێڕوانیە ھەڵەیە، کە بەرامبەر سەرکردایەتی ڕوسیا کردووەیەتی.
ئەوەش لە کاتێکدایە، بۆریس جۆنسۆن سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، لە دیدارێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندبوو، ئەگەر پوتن ژن بوایە بە ھیچ شێوەیەک ھێرشی سەربازیی نەدەکردە سەر ئۆکرانیا، چونکە ھەڵسوکەوتەکانی پوتن بەرامبەر ئۆکرانیا، نموونە و خۆسەپاندنێکی نێرایەتیی دوژمنکارانەیە.
لەئێستاشدا ھێرشەکانی ڕوسیا لە ناوچەکانی باشور و ڕۆژھەڵاتی ئۆکراین چڕتر بووەتەوە و، مۆسکۆ لە ھەوڵی داگیرکردنی پانتایەکی فراوانتری خاکی ئۆکراینە.
لە نوێترین سەرنجدا سەبارەت بەداھاتووی جەنگی ئۆکراین، ھێنری کیسنجەر، وەزیری پێشووتری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، سێ سیناریۆی دیاریکردووە، بۆ کۆتایی ھێنان بە جەنگەکە.
کیسنجەر لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ گۆڤاری (زە سپێکتەیتەر)ی بەریتانی دەڵێت جەنگی ئۆکراینا لەبەردەم سێ سیناریۆدایە، بۆ ئەوەی جەنگەکە کۆتایی بێت.
بە پێی یەکەم سیناریۆ، ئەگەر ڕوسیا ڕاوەستێت لەو سنورەی کە تا ئێستا پێی گەیشتووە لەناو خاکی ئۆکراین، نزیکەی لە ٢٠%ی خاکی ئۆکراین و بەشێکی گەورەی ھەرێمی دۆنباس و ناوچەی پیشەسازیی و کشتوکاڵی وڵاتەکەی داگیر کردووە.
بەشێکی زۆری داگیرکارییەکانیش کەوتوونەتە سەر ناوچەکانی نزیک لە کەناری دەریای ڕەش، بۆیە ئەگەر ڕوسیا بگاتە ئەو بڕوایەی لەسنورەدا جەنگەکە ڕابگرێت، ئەوا بە سەرکەوتن بۆی حساب دەکرێت.
کیسنجەر ئاماژە بەوە دەکات، ڕۆڵی دەوڵەتانی ناتۆ لەم حاڵەتەدا، چیتر ئەرکەکانیان ئەوە نابێت، کە لە ڕابردوودا بەرامبەر بە ڕوسیا پیادەیان کردووە.
سەبارەت بە سیناریۆی دووەمیش، وەزیری پێشووتری دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، ئەم سیناریۆیەیان خۆی دەبینێتەوە لە دەرکردنی ڕوسیا لە تەواوی خاکی ئۆکراین، بە نیمچە دورگەی کریماشەوە.
کیسنجەر پێی وایە، ئەگەر ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی ڕوسیا بەردەوام بێت و کۆمەکە سەربازییەکانی ناتۆش بۆ ئۆکراین بەردەوام بێت، مەترسی ئەوە ھەیە وڵاتانی خۆرئاوا بکەونە ناو جەنگێکی ڕاستەوخۆوە لەگەڵ ڕوسیادا.
سەبارەت بە کۆتا سیناریۆش، گەڕانەوەیە بۆ ڕەوشی بەر لە ٢٤ی شوباتی ڕابردووی بەر لە دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنەکانی ڕوسیا، لەم حاڵەتەشدا جارێکی تر بابەتی پڕچەککردنی ئۆکراین لە لایەن ناتۆوە دێتە پێشەوە و حکومەتی کیێڤ پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەوروپا بەھێزتر دەکات، ئەم ھەنگاوانەش ھەمووی بۆ زەمینەسازییە بۆ بوون بە ئەندام لە ڕێکخراوی ناتۆ .
ئەردۆغان لە کاتی گەڕانەوەی لە مەدرید، سەبارەت بە ئۆپراسیۆنە چاوەڕوانکراوەکەی وڵاتەکەی بۆ سەر باکوری سوریا بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند، کارکردن بۆ ئۆپراسیۆنە سەربازییەکەی باکوری سوریا بەردەوامە و ئەوان لە ئێستادا ئۆپراسیۆنیان لە باکوری عێراق ھەیە و لە عەفرینیش لەکارکردندان ، ئەگەر کەمێک پشوو درێژبن ھەموو شتێک لەناکاودا روودەدات و بە بەھێزترین شێوە ئۆپراسیۆنەکە دەستپێدەکەن.
وتیشی، رێککەوتنی پشتیوانی بە ئەندامبوونی سوید و فینلەندا لە ناتۆ، کۆتایی نیە و بەبێ رەزامەندی پەرلەمان ناچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، وتیشی، پێویستە ھەردوو وڵات پابەندبوونیان بە رێککەوتنەکەوە پیشانبدەن بەتایبەتیش رادەستکردنی ئەو تۆمەتبارانەی تورکیا داوایان دەکات.
ئەگەر ھەردوو وڵات داواکراوەکانیان رادەستنەکەن، لە رێگەی دامەزراوەکانیانەوە چی پێویست بێت دەیکەن.
پوتن لە وتەیەکدا بۆ بەشدارانی نۆیەم کۆڕبەندی ھەرێمەکانی روسیا و بیلاروس رایگەیاند، روسیا و بیلاروس تەنھا پارێزگارییان لە نەریت و دۆستایەتی نێوانیان نەکردوە، بەڵکو توانیویانە بەھێزی بکەن و پەرەی پێبدەن.
وتیشی، ھەر دوو وڵات توانیویانە بگەنە ئاستێکی نمونەیی لە ھاوپەیمانی و ھاوبەشی ستراتیژی و دەوڵەتی فیدراڵی لە نێوان روسیا و بیلاروس نمونەیەکی راستەقینەیە لەسەر تەواوکاری و سودی ھاوبەش و یەکسانی.
وتیشی، ئۆکراین تاکە وڵاتی ھاوبەشی یەکێتی ئەوروپایە لە ڕۆژھەڵاتەوە یاسایەکی دەرکردووە بۆ شکاندنی ھەژموونی کەمینەیەکی ئۆلیگارەکان لەسەر ژیانی سیاسی و ئابوری وڵاتەکەی. داواشیکرد یاساکە بە شێوەیەکی ورد و دروست جێبەجێ بکرێت.