دەمیرتاش وەڵامی ئەردۆغان و لایەنگرانی دایەوە کە داوای لەسێدارەدانیان دەکرد
کوردسات نیوز
٣٠ی ئایاری ٢٠٢٣
سەڵاحەدین دەمیرتاش ھاوسەرۆکی پێشووتری ھەدەپە لە تویتەرەوە پەیامێکی ئاڕاستەی ئەردۆغان و لایەنگرانی کردووە و نووسیویەتی، پیرە پاشا لە باڵکۆنی کۆشکە گرانبەھاکەیەوە درێژە بە بوختان و ھەڕەشە و سوکایەتییەکانی دەدات کە سەرخۆش و مەستە بە سەرکەوتنێکی ساختە و درۆینە و گروپێکی ماستاوچیش کە سەرگەرمی چێژ و درۆن لە بەردەمیدا وەستاون پێکەوە ھاواردەکەن و داوای لەسێدارەدان دەکەن.
دەربارەی ھاواری لایەنگرانی ئەردۆغان کە داوای لەسێدارەدانی دەمیرتاش دەکەن دەڵێت، ئەم داوایە لە فەرەنسای کۆندا نەکراوە، بەڵکو لە شاری ئەنقەرە و لە ساڵی ٢٠٢٣ کراوە، بەڵام با ئەوە بزانن کە نەک خۆی، بەڵکو ناتوانن تەنانەت چاکەتەکەشی ھەڵبواسن.
دەمیرتاش لە کۆتایی تویتەکەیدا دەڵێت، ئەو نەوەی فەرماندەی گەورەی کورد سەلاحەدینی ئەیوبییە کە ئازادکەری قودسە و بەڵێندەدات کە رۆژی ھات، دادپەروەرانە مامەڵە لەگەڵ ھەموویان بکات.
لەشەوی ٢٨ی ئایار ئەردۆغان لەبەردەم دەیان ھەزار لایەنگریدا و لە بەردەم کۆشکی سەرۆکایەتی لە ئەنقەرە وتاری سەرکەوتنی پێشکەش کرد و وتی، لە سەردەمی ئەودا ھەرگیز دەمیرتاش ئازاد نابێت و لایەنگرانیشی ھاواریان دەکرد و داوای لەسێدارەدانی دەمیرتاشیان کرد.