جیهانجیهان

میدیای ئێران بڵاویکردەوە، لەسەر رێگای ئەردەبیل-کەوسەر پاسێک وەرگەڕاوە و بەھۆیەوە سێ کەس گیانیان لەدەستداوە و ١٠ کەسی تریش برینداربوون.

ھاوکات سەردار مۆئمنی سەرۆکی پۆلیسی ھاتووچۆی ئێران لە سەردانێکی بۆ کرماشان و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی ئەو پارێزگایە رایگەیاند، ساڵانە زیاتر لە ١٧ ھەزار کەس بە رووداوی ھاتووچۆ لە ئێران گیان لەدەستدەدەن و زیاتر لە ٣٠٠ ھەزار کەسیش بریندار دەبن.

وتیشی، خراپی رێگاوبان و ئامێرەکانی ھاتووچۆ و پابەندنەبوونی شۆفێران بە رێنماییەکان، ھۆکاری سەرەکی رووداوەکانی ھاتووچۆن.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بۆ دەنگدان لەسەر درێژکردنەوەی میکانیزمی گەیاندنی ھاوکارییەکان بۆ سوریا کۆبووەوە و بە کۆی دەنگ بڕیاریدا پڕۆسەی گەیاندنی ھاوکارییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە رێگەی تورکیاوە بۆ ھاووڵاتیانی سوریا بۆ ماوەی شەش مانگی دیکە درێژبکاتەوە.

نوێنەری سوریا لە ئەنجومەنی ئاسایش رایگەیاند، ھەماھەنگی تەواو لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان و ئاژانسە مرۆییەکان دەکەن لەپێناو گەرەنتی پێشکەشکردنی ھاوکارییەکان بە ھەموو سورییەکان، وتیشی، ھەندێک لە وڵاتی رۆژئاوا کارە مرۆییەکانیان بە سیاسی کردووە ئەوەش  نەھامەتییەکانی گەلی سوریای زیاتر کردووە، نوێنەری سوریا داواشی لە وڵاتانی کۆمەکبەخش کرد پابەندی بەڵێنەکانیان بن بۆ پارەدارکردنی پلانی وەڵامدانەوەی مرۆیی لە سوریا.

نوێنەری ھەمیشەیی روسیاش لە ئەنجومەنی ئاسایش دووپاتیکردەوە، سزاکانی رۆژئاوا بۆ سەر سوریا فاکتەری سەرەکی بوون لە تێکچوونی رەوشی مرۆیی لەو وڵاتە.

میکانیزمی گەیاندنی ھاوکارییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سوریا لە ساڵی ٢٠١٤ەوە دەستیپێکردووە و زیاتر لە ٤ ملیۆن و ١٠٠ ھەزار کەس لە باکوری رۆژئاوای سوریا پشت بەو ھاوکارییانە دەبەستن.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

پێگەی "زە ھێڵ"ی ئەمریکی لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە ئاشکرای کرد، جۆ بایدن پلانی خۆکاندیدکردنەوەی بۆ خولی دووەمی سەرۆکایەتیی وڵاتەکەی ھەیە و ئێستا لە ھەرکاتێک نزیکترە بۆ خۆکاندیدکردنەوە و بە نیازە مانگی داھاتوو خۆکاندیدکردنەوەی رابگەیەنێت.

ئەگەری خۆکاندیدکردنەوەی جۆ بایدن بۆ خولی دووەمی سەرۆکایەتیی ئەمریکا، نیگەرانی لای بەشێک لە دیموکراتەکان دروستکردووە، ئەوەش بەھۆی زۆری تەمەنی بایدن، کە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو تەمەنی بووە ٨٠ ساڵ و لە چەندین بۆنەشدا ھەڵەی بەرچاووی کردووە، کە بووەتە جێگەی رەخنە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

عەبدولزەھرە ھنداوی وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق  بە کوردسات نیوزی راگەیاند، لە ساڵی ٢٠٢٢ رێژەی ھەژاری گەیشتووەتە ٢٥٪ی کۆی ژمارەی دانیشتووان، رێژەکە بەراورد بە ساڵانی ٢٠١٩ و ٢٠٢٠ زیادیکردووە، کە لەو ساڵانەدا ٢٠٪ی تێنەپەڕاندووە.

وتیشی لێکەوتەکانی قەیرانی دارایی و ڤایرۆسی کۆرۆنا و راوەستانی چالاکییە ئابوورییەکان و دابەزینی نرخی نەوت و راوەستانی پڕۆژەکان، ھۆکارەکانی بەرزبوونەوەی ئاستی ھەژاریین.

وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق راشیگەیاند، وەزارەتەکەیان زۆر ھەوڵیان داوە کە سەرژمێری ئەنجام بدەن بەڵام رەوشی سیاس  و تەندروستی نەبوونی بوددجە رێگربوون لە ئەنجامدانی بەڵام وەزرەت بەردەوام دەبێت لە ھەوڵەکانی بۆ ئەوەی بتوانن لە ماوەیەکی کورتدا سەرژمێری ئەنجامبدەن.


 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئۆڵف کریسترسۆن سەرۆک وەزیرانی سوید بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند، تورکیا لە مانگی ئایاری رابردووەوە بۆتە رێگر لەبەردەم بەئەندامبوونی سوید و فینلەندا لە ناتۆ ، وتیشی، تورکیا بەردەوام جەختدەکاتەوە لەوەی کە ئەوەی بەڵێنیان دابوو جێبەجێیان کردووە، بەڵام ھەندێک مەرج و داواکاریی تری تورکیا ھەیە قبوڵیان ناکەن و ناتوانن جێبەجێیان بکەن.

تورکیا بۆ بەئەندامبوونی سوید و فینلەندا لە ناتۆ، ژمارەیەک مەرجی بۆ ھەردوو وڵات داناوە، بەتایبەت رادەستکردنی داواکراوان ، لەماوەی رابردووشدا سوید سێ داواکراوی رادەستی ئەو وڵاتە کردۆتەوە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بە پێی میدیاکانی رۆژئاوا، سوپای تورکیا لە ناوچەکانی" ئارتوکلو و نوسەیبین و قۆسەرەی ماردین" کە نزیکن لە سنورەکانی باکوور و ڕۆژھەڵاتی سوریا، ناوەند و بنکەی سەربازی نوێدەکاتەوە، گوندنشینەکانی ناوچەکەش ناڕازین لە دروستکردنی ئەو بنکانە و ئاماژە بۆ ئەوەدەکەن، نابێت ئەو بنکانە لە نزیک گوندەکانیان دروستبکرێت و گوندەکانیان وەک قەڵغان بەکار بھێندرێت.

ھاوکات لە ناوچەکانی"ئارتوکلو و نوسەیبین و قۆسەرە" شوێنە کۆنە سەربازییەکان دەگۆڕێن و دەگوازرێنەوە و شوێنە کۆنەکانیش مین ڕیژ دەکرێن و کامێرای چاودێریشیان تێدا جێگیر دەکرێت.

ھەروەھا لەو ناوچانە خاڵی پشکنینی سەربازی دادەنرێت و دەبێت گوندنشینانی ئەو ناوچانە بەردەوام ناسنامەیان پێبێت لەبەر ئەوەی لێکۆڵینەوە لە ناسنامەکانیان دەکرێت.


بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا ١٥ مین خولی دەنگدان بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆکی نوێ ئەنجامدراو، کیڤن مکارسی سەرکردەی کۆمارییەکان توانی متمانەی زۆرینەی پەرلەمانتاران بەدەستبھێنێت و ببێتە سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران لە شوێنی نانسی بیلوسی سەرکردەی دیموکراتەکان.

ھەرچەندە کۆمارییەکان زۆرینەی ئەنجومەنی نوێنەران پێکدەھێنن و خاوەنی ٢٢٢ ئەندامن، بەڵام بەھۆی ناکۆکی نێو ئەندامانی فراکسیۆنەکان، لە ١٤ خولی دەنگداندا کیڤن مکارسی تەمەن ٥٧ ساڵ نەیتوانی دەنگی پێویست بھێنێت ، ئەوەش جاری یەکەمە لە دوای ساڵی ١٨٥٦ کەلەو ساڵەشدا ١٣٣ خولی دەنگدان بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆک بەڕێوەچوو.


 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئاژانسی ئیرنا لە زاری ئەمیر لاجوردی سەرۆکی کۆمپانیای ژێرخان لە ئێران بڵاویکردووەتەوە، لە ماوەی دوو شەوی رابردوودا زنجیرەیەک ھێرشی ئەلیکترۆنی کراوەتە سەر بانکی ناوەندی ئێران و ژمارەیەکی زۆر دامەزراوەی دارایی و کۆمپانیاکانی تایبەت بە ئینتەرنێت و پەیوەندیکردن.

راشیگەیاندوە، توانیویانە سەرجەم ھێرشە ئەلیکترۆنییەکان پوچەڵ بکەنەوە و رێگەیان نەداوە ئامانجەکەیان بپێکن، بەڵام ئەوەی روویداوە گەورەترین ھێرشی ئەلیکترۆنی بووە کە تائێستا کرابێتە سەر دامەزراوە رەسمی و حکومییەکانی ئێران.


 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

کارین جان بیار وتەبێژی کۆشکی سپی ئەمریکا رایگەیاند، لە چوارچێوەی بەردەوامی ھاوکارییە سەربازیی و مرۆییەکانی وڵاتەکەی بۆ ئۆکراین، لە چەند رۆژی داھاتوودا کاروانێکی تری ھاوکاری سەربازیی بە بەھای زیاتر لە سێ ملیار دۆلار رەوانەی ئۆکراین دەکەن، وتیشی، ھاوکارییە سەربازییەکانی ئەمریکا بۆ سوپای ئۆکراین ژمارەیەکی زۆر تانک و زرێپۆش و تۆپھاوێژ و چەندین جۆری مووشەک لە خۆدەگرێت.

لورا کوپەر جێگری یاریدەدەری وەزیری بەرگری ئەمریشکاش رایگەیاند، لە چوارچێوەی ئەو ھاوکارییە نوێیەدا زیاتر لە چوار ھەزار مووشەکی جوجو لە جۆری زونی دەدەنە ئۆکراین.

ھاوکات جۆن کیربی رێکخەری پەیوەندییەکانی کۆشکی سپیش رایگەیاند، پێشبینی ناکەن لە چەند مانگی داھاتوودا شەڕ لە ئۆکراین کۆتایی بێت، بۆیە بەگرنگی دەزانن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ھاوکاری ئەو وڵاتە بکەن بە تایبەتی لە رووی سەربازییەوە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە رۆژی سێی کانوونی دووەم تا پێنجی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢، لە سنوری شارەکانی ئەزمیر و ئایدن و بالیکسیر و چەنەکاڵێ ٤٣٦ کۆچبەری ناسنامە جیاواز لەلایەن پۆلیسی تورکیاوە دەستگیر کران.

 ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، لەو ژمارە ٢٢٨ کۆچبەریان لەلایەن پۆلیسی دەریاوانی یۆنانەوە دیپۆرتکرابوونەوە و لەلایەن پۆلیسی دەریاوانی تورکیاوە دەستگیر کران.


 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا بڵاویکردەوە، شەش ئەندامی باڵای دەستەی بەڕێوەبردنی کۆمپانیای پێشەسازی فڕۆکەوانی قودسی خستووتە ناو لیستی گەمارۆکانییەوە، کە یەکێکە لە کۆمپانیا سەرەکییەکانی بواری بەرھەمھێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، ھەروەک سزای بەسەر بەڕێوەبەری رێکخراوی پێشەسازی فڕۆکەوانی ئێراندا سەپاندووە کە لە چاودێریکردنی بەرنامەی موشەکیی ئێران رۆڵێکی سەرەکی ھەیە.

پێشتر وتەبێژی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا رایگەیاندبوو، بەھۆی ناردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و ھاوکاریکردنی روسیا لە شەڕی ئۆکراین، واشنتۆن ھەوڵدەدات بە سەپاندی سزای زیاتر سنور بۆ پیشەسازی بەرھەمھێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە ئێران دابنێت.
 

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

نوسینگەی عەلی خامنەیی بڵاویکردەوە، عەمید ئەحمەد رەزا رادان لە شوێنی عەمید حسێن ئەشتەری وەک فەرماندەی نوێی پۆلیسی ئێران دەستنیشانکراوە، ھۆکاری گۆڕانکارییەکەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە عەمید حسێن ئەشتەری ماوەی پۆستەکەی کۆتایی ھاتووە.

ئەحمەد رەزا رادان ساڵی ١٩٦٣ لەدایکبووە و لە ساڵانی ٢٠٠٨ بۆ ٢٠١٤ جێگری فەرماندەی گشتیی پۆلیسی ئێران بووە، لە ساڵی ٢٠١٠ش بە تۆمەتی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ، لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکاوە سزای بەسەردا سەپێندرا.

دیاریکردنی فەرماندەیەکی نوێ بۆ پۆلیسی ئێران، لە کاتێکدایە ئەو وڵاتە لە ناوەڕاستی مانگی ئەیلوولی ساڵی رابردووەوە رووبەڕووی خۆپیشاندانی فراوان بووەتەوە.


بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بە پێی میدیاکانی تورکیا، فەرماندەیی ئاسایشی کەناراوەکانی تورکیا رایگەیاندووە، لە قەزای"دیدیم"ی سەربە پارێزگای ئایدن لە باشوری خۆرئاوای تورکیا، ٤٤ کۆچبەری نایاسایی لە خنکان رزگارکران کە ھەوڵیانداوە بەڕێگەی نایاسایی بەرەو وڵاتانی ئەوروپا بڕۆن.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، رێکاریی یاسایی بەرامبەر بە کۆچبەرەکان گیراوەتەبەر و ڕەوانەی فەرمانگەی کۆچ و کۆچبەرانی پارێزگاکە کراون.

ھەروەھا لە پارێزگای وان لە باکوری کوردستان، پۆلیس تەقەی لە مینی پاسێک کردووە، کە ژمارەیەک کۆچبەری نایاسایی تێدابووە، بەوھۆیەشەوە کۆچبەرێک کوژرا و یەکێکی تریش بە سەختی برینداربوو، کۆچبەرەکانی تریش دەستگیرگراون.

لای خۆیەوە، فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی رایگەیاند، لە ٣ی کانوونی دووەم تا ٥ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢، لە سنوری شارەکانی ئەزمیر و ئایدن و بالیکسیر و چەنەکاڵێ ٤٣٦ کۆچبەری نایاسایی لەلایەن پۆلیسی تورکیاوە دەستگیر کران.


بەردەوامبە لە خوێندنەوە

نەبیلە میسرالی وتەبێژی جۆزێپ بۆریل بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا رایگەیاند، یەکێتیی ئەوروپا بەھۆی لەسێدارەدانی "محەمەد مەھدی کەرەمی و سەیدمحەمەد حسێنی" دووچاری شۆک بووە، دوای ئەوەی بەھۆی خۆپیشاندانە بەردەوامەکانی ئێران دەستگیرکران و سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا جێبەجێکرا.

ھاوکات رۆبێرتا میتسۆلا سەرۆکی پەرلەمانی ئەوروپا رایگەیاند، پێویستە یارمەتییەکان بۆ ئەو ژن و پیاوانەی، لەپێناو ژیان و ئازادی رژاونەتە سەر شەقامەکانی ئێران زیاتر بکرێت.

نزیکەی پێنج مانگە خۆپیشاندان لە دەیان شاری رۆژھەڵاتی کوردستان و ئێران بەردەوامە و بەپێی ئاماری رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، تائێستا سەدان خۆپیشاندەر بە تەقەی ھێزە ئەمنییەکان کوژراون.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

"پەروین بوڵدان" ھاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان"ھەدەپە"لە کۆنگرەی چوارەمی ھەدەپە لە شاری قەرسی تورکیا رایگەیاند، ھەموو کەسێک حەزدەکات بزانێت کاندیدی "ھەدەپە"بۆ سەرۆک کۆماری تورکیا کێیە، لە داھاتوویەکی نزیکدا کاندیدی خۆیان بۆ ڕای گشتی و گەلی تورکیا ئاشکرا دەکەن.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، ھەدەپە بە کاندیدی خۆی بەشداری ھەڵبژاردن دەکات و ھیچ پەیوەندیان بە ڕێککەوتنی میللەت نییە، کە لەسەر ھەڵبژاردنی گشتی تورکیا کراوە.

لای خۆیەوە، "مەراڵ دانش بێشتاش" جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی ھەدەپە رایگەیاند، تاکە کەسێک کە پشتگیری ناکەن بۆ کاندیدبوون، "مەنسور یاڤاش"ە، تا ئێستا دەنگدەرانی"ھەدەپە"ناڕەزایەتییان بەرامبەری ھەیە و پێشوازی لە کاندیدی بوونی ناکەن.

"مەنسور یاڤاش" سەرۆکی شارەوانی ئەنقەرەیە و سەر بە پارتی گەلی کۆماری "جەھەپە"یە و یەکێکە لەو کەسانەی کە چاوەڕواندەکرێت لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان وەک کاندیدی سەرۆک کۆمار دیاری بکەن.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە ١٠ ھەمین ساڵیادی تیرۆرکردنی"ساکینە جانسز و فیدان دۆغان و لەیلا شایلەمەز"کە لە ٩ی کانوونی دووەمی ٢٠١٣ لە پاریس تیرۆرکران، رەوەندی کوردی و رێکخراوەکانی ژنان لە ئەوروپا بەبەشداری ھەزاران کەس لە پاریس خۆپیشاندانێکان ئەنجامدا.

خۆپیشاندەران لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەیان بۆ ئەوەکرد، ساکینە جانسز و ھاورێکانی لەلایەن دەسەڵاتدارانی تورکیاوە تیرۆرکراون، ئاشکرایە کۆمەڵکوژییەکەی ٢٣ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢ش بەردەوامیی کۆمەڵکوژییەکەی ٩ ی کانوونی دووەمی ٢٠١٣ یە.

ھەروەھا لە بەشێکی تری راگەیەنراوەکەدا ھاتووە، بۆ ئەوەی ئەو کۆمەڵکوژیەی پاریس شەرمەزار بکرێت، دەبێت ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە ئاشکرا بکرێن و دۆسیەکە بەکراوەیی بمێنێتەوە، داوا لە حکومەتی فەرەنسا دەکەن بەرپرسیارێتی خۆی جێبەجێ بکات.

ھاوکات لە شارەکانی رەقا و تربەسپی و دێرک لە رۆژئاوای کوردستان کۆمەڵکوژییەکەی پاریس ئیدانەکرا و چالاکی جۆراوجۆر بەڕێوەچوو.

 

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...356357358359360...590