جیهانجیهان

بەسێ ھۆزات، ھاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەرایەتی کۆما چڤاکین کورستان کەجەکە بە کەناڵی مێدیا ھابەری راگەیاندووە، بڕیاریانداوە چالاکییە سەربازییەکانیان تا دوای ھەڵبژاردنەکانی تورکیا ڕابگرن.

رۆژی ١٠ شوباتی ئەمساڵیش کەجەکە داوای لە ھەموو گەریلا و ھێزەکانی کرد بەھۆی بومەلەرزەکەی باکوری کوردستان و تورکیاوە شەڕ و چالاکییەکانیان دژی سوپای تورکیا رابگرن.

بڕیارە رۆژی ١٤ـی ئایاری ئەمساڵ ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمان لە تورکیا بەڕێوەدەچێت، پارتی دیموکراتی گەلان ھەدەپەش کە گەورەترین پارتی کوردییە لەو وڵاتە و دەنگەکانی یەکلاییەکەرەوەن، بڕیاریداوە لە بەرامبەر رەجەب تەیب ئەردۆغاندا، پشتیوانی کاندیدی ئۆپۆزسیۆن بکات.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

تارق بیھان، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی تورکیا لە رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی رایگەیاند، نیگەرانن لەو وتار و زمانە رەقەی بەشێک لە سیاسییەکانی تورکیا بەنیازن بەکاریبھێنن لەکاتی بانگەشە و ئامادەکارییەکاندا بۆ ھەڵبژانەکەی ١٤ی ئایار. 

راشیگەیاند، سیاسییەکانی تورکیا لە وتارەکانیاندا تیشک دەخەنە سەر کۆچبەران و لە دژیان قسە دەکەن، لەکاتێکدا ھەر ھەوڵێک بۆ بەزۆر گەڕانەوەیان، بە پێی یاسا نێودەوڵەتییەکان نایاساییە. 

ئەو لێپرسراوەی رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ئاماژەی بەوەشکرد، ئازادی رادەربڕین لە تورکیا، یەکێکی ترە لە نیگەرانییەکانیان. 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

شەوی دووشەممە بە دەنگی بەڵێی ٦٥ ئەندام بەرامبەر دەنگی نەخێری ٢٨ ئەندام، ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا پڕۆژەیاسای ھەڵوەشاندنەوەی پێدانی مۆڵەتی ئەنجامدانی جەنگی لە عێراق بۆ ساڵانی ١٩٩١ و ٢٠٠٢ پەسەندکرد، ئەو ئەندامانەشی بە نەخێر دەنگیان بە پڕۆژەیاساکەدا، سەرجەمیان لە پارتی کۆمارییەکان بوون.

بەشێک لە ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمریکا دەڵێن، لە ساڵانی رابردوودا ئەنجومەنی پیران لەسەر پرسی ناردنی ھێز بۆ شەڕ، سازشی لە زۆرێک لە دەسەڵاتەکانی کردووە، چونکە بە پێی دەستوور راگەیاندنی جەنگ لە دەسەڵاتی کۆنگرێسە نەک سەرۆکی ئەمریکا.

بۆب مێندێز، سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە ئەنجومەنی پیران، کە سەربە دیموکراتەکانە، پێش دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاساکە رایگەیاند، پەسەندکردنی ئەو پڕۆژەیە پیشانی جیھانی دەدات ئەمریکا داگیرکار نییە و ئێستا وەک ھاوبەشێکی ستراتیژی لەگەڵ عێراق کاردەکەن.



بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی دەرەوەی کەنەدا لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، بەھۆی دەست ھەبوون لە سەرکوتی خۆپیشاندانەکانی چەند مانگی رابردوو و پێشێلکاری ئاشکرای مافی مرۆڤ و بەرھەمھێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و موشەکی بالیستی، ھەشت کەسایەتی و دوو دامەزراوەی ئێرانی خستووەتە لیستی گەمارۆکانییەوە.

ھەریەک لە حەسەن حەسەنزادە فەرماندەی سوپای پاسداران لە تاران و غوڵام حسێن محەمەدی فەرماندەی سوپای پاسداران لە ئەردەبیل و عەباس عەلی محەمەدیان سەرۆکی پۆلیسی تاران لەو کەسانەن کە سزایان بەسەردا سەپێنراوە.
مێلانی جۆلی وەزیری دەرەوەی کەنەدا رایگەیاند، داوا لە ئێران دەکەن کۆتایی بە سەرکوتی دڕندانەی خەڵکی ناڕازی بھێنێت و بەنیەت پاکییەوە وەڵامی داخوازییەکان بداتەوە.

کەنەدا لە ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢وە زنجیرەیەک سزای بەسەر فەرماندە باڵاکان و دامەزراوەکانی ئێراندا سەپاندووە و ئەوەش دەیەمین پاکێجی سزاکانی ئەو وڵاتەیە کە بەسەر لێپرسراوانی ئێراندا دەسەپێنرێت.


بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئاژانسی ھەواڵی ناوەندی کۆریا بڵاویکردەوە، کیم جۆنگ ئون لەکاتی بەسەرکردنەوەی پڕۆگرامی ئەتۆمی و مووشەکی وڵاتەکەی، داوایکردووە بەرھەمھێنانی ماددە ئەتۆمییەکان کە لە دروستکردنی چەکدا بەکاردەھێنرێن، زیادبکرێن.
بەپێی ئەو ئاژانسە، داواکارییەکەی سەرۆکی کۆریای باکور لەپێناو  بەھێزکردنی جبەخانە ئەتۆمییەکەیەتی و پێیوایە کە دەبێت "پیۆنگ یانگ" ئامادەبێت بۆ بەکارھێنانی ئەو چەکە لە ھەر کاتێکدا بێت. 

کیم جۆنگ ئون ئاماژەی بەوەشکردووە، ئامانجیان لەو ھەنگاوە بۆ پاراستنی خۆیان و پاراستنی ئاشتی و سەقامگیری ھەرێمییە. 

لە چەند رۆژی رابردووشدا، کۆریای باکور چەندین تاقیکردنەوەی مووشەکی ئەنجامداوە، وەک وەڵامێک بۆ مانۆڕە سەربازییە گەورەکەی ئەمریکا و کۆریای باشور. 


بەردەوامبە لە خوێندنەوە

میدیاکانی سعودیە بڵاویانکردەوە، پاسێکی گواستنەوەی عومرەکاران لە سنووری پارێزگای عەسیر لە باکوری سعودیە، کۆنترۆڵی خۆی لەدەستداوە و خۆی کێشاوە بە پردێکدا و دواتریش گڕیگرتووە، بەوھۆیەوە ٢٠ عومرەکار گیانیانلەدەستداوە و ٢٩ عومرەکاری دیکەش برینداربوون.

بە پێی میدیاکانی سعودیە، بریندارەکان رەوانەی نەخۆشخانەکانی پارێزگای عەسیر کراون و لێکۆڵینەوەش لە رووداوەکە دەستیپێکردووە، بەڵام ھێشتا ھیچ لایەنێکی رەسمی ناسنامەی قوربانییەکانی ئاشکرانەکردووە و بەروونی نازاندرێت عومرەکارەکان خەڵکی چ وڵاتێکن.



بەردەوامبە لە خوێندنەوە

محەمەد شەوقی، ھاوسەرۆکی دەستەی ئابووری ئیدارەی خۆسەر، لە رۆژئاوای کوردستان رایگەیاند، لەسەر گرانبوونی نرخی خۆراک و پێداویستی ھاووڵاتییان، کۆبوونەوەیان لەگەڵ ژوری بازرگانی و بازرگانانی باکوری سوریا ئەنجام داوە، ژمارەیەک رێکاریش دژی ئەوانە گیراوەتەبەر کە قۆرخکارییان لە بازاردا دروستکردووە.

ئەوەشی خستووتەڕوو، بەشێکی ھۆکاری گرانبوونی نرخی کاڵا و پێداویستی ھاووڵاتیان بۆ پشووی نەورۆز و خراپی کەشوھەوا دەگەڕێتەوە کە بەھۆیەوە جوڵەی بازرگانی لە دەروازە سنورییەکان سست بووە، لە ئەنجامیشدا نرخی خۆراک، سەوزە و میوەی ھاوردەکراو بەرزبووەتەوە.

ھاوسەرۆکی دەستەی ئابوری وتیشی، بەشێکی دیکەی گرانبوونی نرخی کاڵاکان بۆ قۆرخکاری بازار لەلایەن بازرگانان دەگەڕێتەوە، بۆیە ژمارەیەک رێکار گیراونەتەبەر بە مەبەستی زیادکردنی خستنەڕووی پێداویستییەکان و دابەزاندنی نرخەکانیان.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەبارەت بە بڕیاری رووسیا بۆ جێگیرکردنی چەکی ئەتۆمی تاکتیکی لە بێلاڕووسیا، رۆناڵدۆ گۆمەز، سەرۆکی بەشی پەیوەندییە دەرەکییەکان و راگەیاندنی یەکەی زانیاری نوسینگەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە ژنێف  رایگەیاند، زیادبوونی چەکە ئەتۆمییەکان مایەی نیگەرانی زۆرە، ھەروەھا پێویستە وڵاتان ئەو بەرپرسیارێتییە لە ئەستۆ بگرن کە لە چوارچێوەی پەیماننامەی رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی بڕیاری لەسەر دراوە.

لای خۆیەوە، ستیفان دوجاریک وتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، پێویستە ھەموو وڵاتانی ئەندام پابەندبن بە پەیماننامەی رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمیی.

ستیفان دوجاریک سەبارەت بە داواکاری وەزارەتی دەرەوەی ئۆکراین بۆ کۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم ھەفتەیە کۆبوونەوەکە ئەنجام دەدرێت.

رۆژی ٢٥ی ئەم مانگە ڤڵادیمێر پوتن سەرۆکی رووسیا رایگەیاند، چەکی ئەتۆمی تاکتیکی لە بێلاڕووسیا جێگیردەکەن، بەجۆرێک کە بەرپرسیارێتییە نێودەوڵەتییەکان لەبارەی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی پێشێل نەکات.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

حسێن ئەمیر عەبدوڵاھیان، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا ئاماژەی بەوەکرد، بۆ ھەمیشە دەرگای دانوستانی بەرنامەی ئەتۆمی بەکراوەیی نامێننەوە و ھۆشداریی لەوەشدا کە پەرلەمانتارانی ئێران دەتوانن یاسایەک تێبپەڕێنن کە ماوەی دانوستانەکانی بەرنامەی ئەتۆمی بۆ حکومەت سنووردار بکات.

 دانوستانەکانی تایبەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران کە لە ڤییەنای پایتەختی نەمسا بەڕێوەدەچوو و تایبەت بوو بە دووبارە کاراکردنەوەی رێککەوتننامەی ئەتۆمی و گەڕانەوەی ئەمریکا بۆ رێککەوتنەکە، بەھۆی ناکۆکی نێوان تاران و واشنتۆن لە مانگی ئەیلوولی ٢٠٢٢ ھەڵپەسێردرا.


بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئندریەس مانوێل لۆپێز ئۆپرادۆر، سەرۆکی مەکسیک رایگەیاند، لەناوەندی راگرتنی کۆچبەران لە شاری سیوداد خواریس لە باکووری مەکسیک کە دەکەوێتە سەر سنوری ئەمریکا، ژمارەیەک لە کۆچبەران ئاگریان ھەڵداوەتە سەر کومبار و راخەرەکانی بەرەدەم ناوەندەکە و بەھۆیەوە ئاگر کەوتووەتەوە و ٣٩ کۆچبەر گیانیانلەدەستدا و ٢٩ی تریش برینداربوون.

وتیشی، ھۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە خودی کۆچبەران بووە و وەک ناڕەزایی دەربڕین بەرامبەر ئەگەری گەڕاندنەوەیان بۆ وڵاتەکانیان کە زۆرینەیان خەڵکی گواتیمالا بوون ویستویانە ئاگر بکەنەوە، کە دواتر ئاگرەکە لە کۆنترۆڵ دەرچووە و ئەو رووداوەی لێکەوتووەتەوە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

حکومەتەکەی بنیامین ناتانیاھۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، پرۆژەیەکی پێشکەشکردووە بە مەبەستی ھەموارکردنەوەی سیستمی دادوەری لە وڵاتەکەی و بانگەشەی ئەوەش دەکەن کە ئەو پرۆژەیە ھاوسەنگی لەنێوان ھەردوو دەسەڵاتی جێبەجێکردن و دادوەریی بەدیدەھێنێت، بەڵام لەلایەن چەند وەزیرێک و زۆرینەی دانیشتوانی ئیسرائیلەوە رەتکراوەتەوە و خۆپیشاندانی فراوانیش بەڕێوەچوو و رایانگەیاند، ئەو پرۆژەیە بۆ سنوردارکردنی دەسەڵاتی دادوەرییە.

ناتانیاھۆ لەسەر رەتکردنەوەی پرۆژەکە و دژایەتیکردن و داوای راگرتنی،  وەزیری بەرگری ئیسرائیلی لە پۆستەکەی دورخستەوە، سەرۆکی ئەو وڵاتەش داوای لە ناتانیاھۆ کردوە پرۆژەی ھەموارکردنەوەی سیستمی دادوەری رابگرێت.

ئەدریان واتسون، وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکاش رایگەیاند، رەوشی ئێستای ئیسرائیل نیگەرانی کردون و دواش لە حکومەت و دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە دەکەن بە گفتوگۆ ناکۆکییەکان چارەسەر بکەن و گوێ لە داواکارییەکانی خۆپیشاندەرانیش بگرن.


بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی پەرلەمانی بەریتانیا، پڕۆژەیاسایەک تایبەت بە کۆچی نایاسایی تاوتوێدەکرێت، کە ئەگەر دەنگی لەسەر بدرێت، چیتر دادگا ناتوانێت تانە یاخود پێداچوونەوە بکات بە بڕیاری رەوانەکردنی کۆچبەران بۆ رواندا یاخود وڵاتێکی دیکە. 

بە پێی ئەو پڕۆژەیاسایە، ساڵانە پەرلەمانی بەریتانیا ژمارەیەکی دیاریکراو لە وەرگرتنی پەنابەران دیاریدەکات و حکومەتیش رێگەی سەلامەتیان بۆ ھەڵدەبژێرێت. 

بە پێی پڕۆژەکە، ھەر کۆچبەرێک بە نایاسایی بچێتە بەریتانیاوە، رەوانەی وڵاتێک دەکرێت کە بەریتانیا رێککەوتنی لەگەڵ کردووە، یاخود رەوانەی وڵاتی خۆی دەکرێتەوە. 

رێگە بە کۆچبەرانیش نادرێت لە جارێک زیاتر بچنە بەریتانیاوە و ئەگەر دەستبەسەریش بکرێن لانی کەم ٢٨ رۆژ بەند دەکرێن و بە کەفالەتیش ئازاد ناکرێن، دواتر دیپۆرت دەکرێنەوە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

جۆن کێربی، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی سی بی ئێس ڕاشیگەیاند، جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا بەشێوەیەکی بوێرانە وەڵامی ھێرشەکانی سەر دامەزراوە سەربازییەکانی ئەمریکای لە سوریا داوەتەوە و ئەرکی سەربازەکانیشیان لە سوریا و ناوچەکە بەردەوام دەبێت. 

ئاماژەی بەوەشکرد، کەمتر لە ھەزار سەربازی ئەمریکی لە سوریادا ماون و "بایدن" لەسەر ھێشتنەوەیان سورە، بەدووریشی نەزانی رێکاری زیاتر بۆ پاراستنی ھێزەکانیان لە سوریا بگرنەبەر، چونکە پابەندن بە پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ھاووڵاتیانیان. 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

کەشناسی ئێران لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، پێشبینیدەکرێت ئەو شەپۆلە باران بارینەی چەند رۆژێکە رووی لە ناوچەکە کردووە، لە سبەینێوە سەرجەم ناوچەکانی ئێران بگرێتەوە و لە پارێزگاکانی سنە و کرماشان و ورمێ و ١٦ پارێزگای تری وڵاتەکە، ئەگەری باران بارینی بەلێزمە و دروستبوونی لافاو ھەیە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ھەندێک ناوچە خێرایی با زیاد دەبێت و کاریگەری شەپۆلەکەش تا رۆژی ھەینی بەردەوام دەبێت.

کەشناسی ئێران داواشی لە ھاوڵاتیانی وڵاتەکە کردووە، تا ھێوربوونەوەی دۆخەکە، خۆیان لە نزیکبوونەوە لە روبار و بەنداوەکان بپارێزن.


بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی دەرەوەی روسیا لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، لەسەرەتای دەستپێکردنی شەڕی نێوان روسیا و ئۆکراین، وڵاتانی خۆرئاوای ھەڵوێستێکی خەراپ و نەرێنییان ھەبووە و ویستویانە ئۆکراین بکەنە رێگەیەک بۆ دژایەتیکردنی روسیا و بازاڕێکیش بۆ ساغکردنەوەی چەک و کەرەستە سەربازییە لەکارکەوتووەکانیان.

باسی لەوەشکردووە، رۆژ لە دوای رۆژ وڵاتانی خۆرئاوا دژایەتییەکانیان لە بەرامبەر روسیا زیاتر دەکەن و سزای نایاسایی زیاتری بەسەردا دەسەپێنن، روسیاش ھیچ بژاردە و سیناریۆیەک بۆ وەڵامدانەوەی ئەو سزایانەی خۆرئاوا بەدوور نازانێت و بە دڵنیاییشەوە ھەڵوێستی توندی دەبێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

حەسەن مۆئمنی، سەرۆکی پۆلیسی ھاتووچۆی ئێران رایگەیاند، لە پشووەکانی نەورۆزی ئەمساڵ تا ئێستا ٤٧٠ کەس بە رووداوی ھاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە و دوو ھەزار و ٦٠٠ کەسیش برینداربوون، ٦٥%ی روداوەکانیش بەھۆی خێرایی و پاپەندنەبونی شۆفێران بە رێنماییەکانی ھاتووچۆ روویانداوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، بەھۆی بارانبارین و تەڕبوونی رێگاکان، پێشبینیدەکرێت ئاماری قوربانیانی رووداوەکانی ھاتووچۆ لە چەند رۆژی داھاتوودا زیاتر بەرزبێتەوە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...350351352353354...609